تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۷
کورد، تورکیا؛ ڕەقە، جرابلۆس بەرهەمی سەرچەشنێکی داسەپێنەری ڕۆژئاوایی!!
ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)

قەیرانەکانی سەرهەڵداو لە سەرچەشنی لیبراڵ دیمۆکراسی هیچ کات بەم ڕادەیە خۆیان دەرنەخستووە. ئاڵۆزی و شڵەژاوییەکانی دەرکەوتوو لە هێژمۆنی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وڵاتانی وەک عێراق، ئەفغانستان و سووریا بە ئاستێک گەیشتووە کە ناکارامەیی ئەو لە چارەسەری پرسەکان بە باشی هەست پێ دەکرێ. بەگشتی، زۆرتر لایەنی چەکداری ئەو وەبەرچاو یا لێکدانەوەی بۆ کراوە بەڵام گۆڕانکاری یا داڕووخانەکان تەنیا داپچڕان و بەرەنگاربوونەوەی دوو چاندی جیاوازی لێکەوتۆتەوە. بابەتێک کە زۆر ڕاشکاوانە لە پێناسەی چاندی ڕۆژئاوایی وەکوو چاندێکی نامۆ لەم ناوچەیە هەڵسوکەوت و نزیکایەتی لەگەڵ کراوە.

گەلانی ئەم هەرێمە بەدرێژایی سەدەیەک و دوابەدوای هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوە لە ڕووی چاندی، کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ڕووبەڕووی سڕینەوە و ڕەشکوژی دەوڵەتی هاتوونەوە. ئێمە لە زۆربەی وڵاتان شێوازێکی تەکووزمەند لە پاکتاوی ڕەگەزی و نەتەوەیی بۆ مەبەستە دیاری کراوە ڕامیارییەکان یا داسەپاندنی زمان، چاند و بیرۆکەیەکی تایبەت بەدی دەکەین. بەدڵنیایی هەر چەشنە گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەپێی ڕامیاری قازانج – سوودی زۆرتر کاریگەری نەرێنی دادەنێ و لە لایەکی دیکەوە، بەواتای دەستڕۆیشتوویی و زاڵبوون لەسەر یەکێک لە ستراتیژیکترین ناوچە ژیۆپۆلتیکییەکانی جیهان بە هەژمار دێ.

داڕشتنەوەی سەرلەنوێ ئەم ناوچەیە لە گۆڕی تەکووزی نوێ نێونەتەوەیی و سەردەمیانە؛ گەڵاڵەیەکی درێژخایەنە کە زلهێزەکان کاری بۆ دەکەن. دوا هێرش و داگیرکەری بەرەی ڕۆژئاوایی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا بۆ جێگیرکردنی لیبراڵ دیمۆکراسی و هەروەها، تێکدانی تەواوی پێگەکانی دژی ڕژێمی سەرمایەداری لە هەمبەر ئەو دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین. بابەتێک کە پاش دەست تێوەردانی چەکداری لە ئەفغانستان، عێراق، لیبیا و لەم دواییە لە سووریا کەوتە بەرچاوان ئەوەیە کە، ئەم هەرێمە لەئاست بە هێژمۆنی سەرمایەداری و دەستدرێژییەک کە پێک دێ بەرخۆدان و ڕێگری لەهەر توواندنەوەیەک دەگرێ.

ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیمۆکراسییەکی ڕادیکاڵ کە نوێنەرایەتی هەموو گەلان و کەمینە ئایینییەکان بکات، پێداویستی هەیە. وێدەچێ سەرچەشنێک کە دیمۆکراسی، سەربەستی و پێوەرە دیمۆکراتیکەکان لەم ناوچەیە بارمتە دەکات تەنیا ئیرادەی کۆمەڵگا و جڤاتە مرۆڤییەکانن نەک دەست تێوەردان یا هاوردەکردنی بە زۆرەملێ. لەڕاستیدا، شەڕخوازی وڵاتانی هۆگر و پشتیوانیکەری تیرۆریزم دەتوانێ دەرفەتی سەقامگیربوونی دیمۆکراسی یا دامەزراندنی ڕێکخراوە دیمۆکراتیکەکان لەناو ببات و ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکان درێژە بە سەرکوت و چەوساندنەوەی خۆیان بدەن.

خاڵی جێی سەرنج لەم نێوانەدا ئەوەیە کە کورد لە عێراق و سووریا زۆر بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەوە و لە سووریا خوازیاری وڵاتێکی ئازاد و دیمۆکراتیک بۆ گەلانی ئەم وڵاتەنە. فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لەسەر ناوی "نەتەوەی دیمۆکراتیک" سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی ئابووری گەمارۆ یا لە ڕووی ڕامیاری هەوڵی پەراوێزخستن و لە ڕووی چەکداری بە بەردەوامی هێرشیان بۆ سەر کراوە بەڵام نیشانیان داوە ‌هێزێکی باوەڕ پێ کراو و دیمۆکراسیخواز لە گۆڕەپانی کردەوەیی دانە. فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین و دیمۆکراتیکترین هەرێمەکان؛ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەلانی هەرێمی داناوە.

گرێدراو بەم پرسە، تێکشکانەکانی تێرۆریستانی داعش و بەرەی نووسرە لە هەمبەر "هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک" و نیشاندانی داماوی خۆیان؛ لە ئێستادا نۆرەی وڵاتانی دڵسۆزی ئەوان گەیشتووە. بەدڵنیایی بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر جرابلۆس تەنیا لەسەر داخوازی ئەم وڵاتە پێک نەهاتووە بەڵکوو سازان و ڕێککەوتنێکی شاراوە و بەرژەوەندیخوازانەی هەرێمی و جیهانی لە پشتی بووە. بنەمای ئەم پەیوەندییە بۆ پاش دامەزراندنی تورکیای مۆدێڕن وەک گلادیۆیەکی هاوپەیمان لە "ناتۆ"دا دەگەڕێتەوە بەڵام ئەمڕۆکە دەیانهەوێ لەژێر ناوی هێژمۆنی ئیسلامی سووننە لەئاست بە دەسەڵاتی شیعی – و دابەش کردنی تەواوی پرسەکان لەم چوارچێوەیە بۆ دوژمنییەکی بەردەوام – پێناسە و لێکدانەوەی بۆ بکەن. کەواتە، وڵاتانی هەرێمی وەک ئێران گرینگە نەکەونە ناو گەمەیەک کە لە ڕووی مێژوویی گریدراوییەکی پتەوی لەگەڵ گەلانی ناوچە و لە سەرەوەی ئەوان کورد و پارس بوونی هەیە.

تورکیا بە ورووژاندنی هیندێک بابەتی لاوەکی توانی هەتا ڕادەیەک بێدەنگی وڵاتانی بەشداربووی قەیرانی سووریا لەهەمبەر دەست تێوەردانی لە جرابلۆس دەستەبەر بکات. دواتر ڕوون بووە کە ئامانجی سەرەکی تورکیا جیا لە داگیرکەری و ئاڵۆزترکردنی کێشەکان هیچ دەستکەوتێکی دیکە و ئەوتۆی نییە. جیاواز لەم پرسە دەوڵەتی ئێران گرینگە پەیوەندییەکی بەهێز لە ڕووی ڕامیاری و ئابووری لەگەڵ کوردان لە چوارچێوەی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا دامەزرێنێ بەتایبەت کە لە ڕووی مێژوویی وێکچووییەکی بەرچاوی چاندی لەئارا دایە.

دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر خاکی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا دەتوانێ کێشەکان قووڵتر و پەرە بە ناکۆکییەکان بدات. ئامانجی سەرەکی تورکیا لە بژاردەی چەکداری بە شێوازێک هاندانی کوردانە بۆ دۆخێکی بەرگریکارانە و چاوپۆشی لە ئازادکردنەوەی شارەکانی "باب" و ڕەقە"یە. کەواتە، دەربازبوونی کورد بۆ شاری "ڕەقە" بەواتای تێکشکانی یەکجارەکی تورکیایە لەم وڵاتە و سنووردارکردنی ئەوە لە گۆڕەپانی ڕامیاری و ئابووری جیهانی عەرەبدا. کورد دەبێ بە بەشداری و پشتیوانی هێزەکانی ناو "هەسەدە" چالاکییەکانیان بۆ گرتنەوەی ڕەقە چڕتر بکەنەوە چونکوو دەرهێنانی پایتەختی خەلافەتی داعش، یەکلاییکەرەوەی داهاتووی کورد و سەقامگرتوویی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریایە.