تاریخ: ۱۳۹۷/۴/۱۹
حاجی سولێمانی ھورمزیاری گیانێکی هەمیشە سەوز
ئەرەستوو مەلاڕەحیمی
 
حاجی "سولێمانی هورمزیاری" لەو کەسایەتییە بە توانا و هۆشمەندانەیە کە زیاد لە نیو سەدەیە لە بواری هونەری (بەرگری و کوشتی)دا لە درەوشانەوە دایە، لە ماوەی 52 ساڵی خزمەت کردنی، پتر لە 35 ساڵە وەک ڕاهێنەر خزمەت بە شار و لاوانی وڵات دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە چەندین جار تووشی زەحمەتی و کێشە هاتووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و چەندین (نازناو)ی لەسەر ئاستی شار و پارێزگا بەدەست هێناوە. ئەم کەسایەتییە نمونەیە لە ساڵی 1328ی هەتاوی لە شاری مهاباد چاوی بە ژیان هەڵهێنا بۆ پێشڕەوی و ڕاهێنەرایەتی کردنی چەندین لاوی ئاست بەرز، کە جگە لە سەرکەوتنیان لە هونەری (بەرگری و کوشتی)دا توانیویانە ببن بە دکتۆر و ئەندازیاری جێی شانازی.
لە سەرەتای تەمەنیەوە هۆگری یاری کوشتی دەبێت و لە ژێر ڕێنمایی چەند مامۆستایەکی شارەزا پەروەردە دەبێت، لەوانە (سەیدۆ شۆهدایی، عەباس خاکی، عەلی کەریمی، ئەزغەر نەژاد، مامە عەلی مۆخۆدی).
لە ئێستادا ئەم ڕاهێنەرە پایەبەرزە هەرچەند لە تەمەنێکی باڵا دایە، بەڵام توانیویەتی لەم تەمەنەشدا سەرکەوتوانە چەندین نازناو بەدەست بهێنێت.
بەهۆی شارەزایی و ئەزمونەکانیەوە ماوەی 20 ساڵ دادوەر و بەرپرسی کوشتی بووە لە مهاباد، لەنێوان ساڵانی 1382-1394 کێبەرکێیه‌کانی پێشکسوەتان له پارێزگا بەشدار بووە و لە تەواوی بەشداری کردنەکانی ئەم 12 ساڵە پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، سەرباری ئەوەی چەندین جار لەسەر ئاستی ئێران بۆ پاڵەوانیەتی پێشکسوەتان پلەی بەرچاوی بەدەست هێناوە، بێگومان دەستکەوتەکانی ماموستا زۆرن و لە تەواوی تەمەنە جیاوازەکانیدا چەندین نازناوی بۆخۆی تۆمار کردووە.
ئەم گیانە هەمیشە سەوزە لە ساڵی 1352 ژیانی هاوبەشی پێکدەهێنێت و خاوەنی دوو کچ و کوڕێکی دڵسۆزە.
وەک لە کۆنەوە لە ناو کورددا دەگوترێ (لە شێر بێچوە شێر دەبێ)، سۆرانی تاقانە کوڕەکەی مامۆستا سولێمان وەک یاریزانێکی لەشجوانی توانیویەتی دەسکەوتی بەرچاوی بۆ مهاباد و پارێزگا ببێت.
مامۆستا سولێمان دەکرێ بە شانازی نەتەوەیەک دابنرێ و بە نمونەیی بۆی بڕوانین، وەکوو بنەماڵەی کوشتی بە تایبەت و بنەماڵەی وەرزشوانی ئەم شارە بە گشتی، داواکارین لە بەرپرسان کە ئەگەرکوو بگونجێ، بە سازکردنی پەیکەرێک یان بەناودێر کردنی شەقامێک، ڕێز لە خزمەتی ئەم مامۆستا پایەبەرزە بگیرێ و ئەمەگناسیمان بە شار و بە خەمخۆران نیشان دابێت.