بە پێی هەواڵی هاژە، روژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٩٧ بە بەشداری تاقمێک لە هۆگرانی وێژە و هونەر لە ئامفی تئاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد، لە چوار بەرهەمی ئەدەبیی ڕەحیم ئاسیابان (غریبان) ڕوونوێنی کرا.
بە پێی ئەم هەواڵە، ئەم چواربەرهەمە بریتیبوون لە: ئۆخەی دڵەکەم، هیوای بێهیوا، دێوقڕان و میرخانسالار کە هەر چوار لەم بەرهەمانە وەک ڕۆمان لە چاپ دراون.
لەم ڕێوڕەسمەدا هەر یێک لە: بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی و دکتور ئەحمەد ئەحمەدیان لەسەر ئەرکی زمان و نووسەری کورد چەند گوتە و شاعیران: موحیب مەهابادی و ڕۆیا ئاسیابان پارچە شێعرێکیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
غەریبان لە ساڵەکانی پێشتر ئەفسانەی هۆلیاشای کورد، ڕاز و نیاز کوردی، کورتە بەسەرهاتەکانی بلیمەتی جیهانی، هۆپ، خولخولە و ماخۆلان، دیوانی غەریبان، دەروازەی شاری نووسین، گوڵ و بولبول و پیرێژن، هیوا سەربازی کوردستان، بۆچی وا زوو پیر بووی لە چاپ دابوو و هەروەها دوو بەرهەمی زەمانی ڕابردووی من و ڕەمە چاوشین ئامادەی چاپن.
پێویست بە ئاماژەیە کە ڕەحیم ئاسیابان(غەریبان) لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە ئاوایی کولیجەی سەر بە شاری مەهابادە.