تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۶
«لار ڕوانین» له به‎یتی سه‎یده‎وان
«لار ڕوانین» له به‎یتی سه‎یده‎وان
کاوان محه‌مه‌دپوور
 

به‎ر له‎وه‎ی بێمه‎سه‎ر باسی شانۆی (چریکه‎ی چیای هاڵۆز) به هێنانه‎وه‎ی نموونه‎یه‎ک ئه‎و تێۆریه‎ی که ئه‎م شانۆیه‎ی پێ ئه‎خوێنمه‎وه باس ئه‎که‎م. ده‎بێت زۆر جار بۆتان پێش هاتبێت کاتێک سه‎یری تابلۆیه‎ک یان ده‎قێک به ده‎ست خه‎تی هاڵۆز و شێواو ده‎که‎ن سه‎رو چاو چه‎پ و ڕاست ئه‎که‎ن و خۆتان لار ئه‎که‎نه‌وه  بۆ ئه‎و‎ه‎ی له ده‎ست خه‎ت یان تابلۆیه‎که تێبگه‎ن. ئه‎م شێوه‎ ڕوانینه له‎لایه‎ن لاکان - به گێرانه‎وه‎‎ی ژیژەک- هه‎مان «لار ڕوانین»(looking awry) بۆ تێگه‎یشتن له مانایه‎کی جیاوازه. دیاره هه‎رکات به شێوه‎یه‎کی رووبه‎روو چاو له تابلۆیه‌ک که‎ین مانایه‌کی جیاواز له شێوازی پێشوو یانی لار چاوکردن وه‎رئه‎گرین. ژیژەک ئه‎م شێوه روانینه‎ی بۆ هه‎ڵسه‎نگاندن و ده‎رچوون له مانا سه‎پاندراوه‎کان به‎کار دێنێت. به واتایه‎ک لار ڕوانین جۆرینێک له ڕوانینه که بۆ ئێمه مانای تازه به‎دی دێنێت و ده‎بێته هۆی ده‎رکه‎وتنی  ئه‎و مانایانه که تا کوو هێستا نه‎مان بینیوه. ئەم گریمانە دەرفەت بە بەردەنگ ئەدات بە شێوازێکی‌تر دەق بخوێنێتەوە و لە ڕوانگێکی ترەوە مانایەکی جیاواز لە دەق بخوولقێنێ.

به‎یتی سه‎یدەو‌ان یه‎کێک له به‎یته هه‎ر گرینگه‎کانی مێژووی کورده که له‎م ساڵانه شانۆ نووسان ئاوڕ و سه‎رنجی زیاتریان پێداوه. چیرۆکی سه‎یده‎وان شیوه‎ن و ڕۆ ڕۆی باوکی، واته عه‎بدولعه‎زیزخانی داسنییه که له چیای مه‎غڵووب ژیان ئه‎کات. ئەم شیوەن و گریانە نواندنی خەم و پەژارەی عه‎بدولعه‎زیز بۆ سەیدەوانی کوریەتی کە بە هەڵە بەدەستی خۆی ئەکوژرێت.چیرۆک بەم شێوەیە کە عه‎بدولعه‎زیز بۆ کورە‎گه‎وره‎که‎ی -مه‎لکه‎وان- ژن ئه‎خوازێت. له رۆژانی پێش زه‎ماوه‎ند به هۆی خه‌ونێکی بینەراو ده‎ورووبه‎ریه‎کانی داواه له عه‎بدولعه‎زیزده‎که‎ن که رۆژی زه‎ماوه‎ند وەدواخاژ، ئه‎گینا تووشی کاره‎سات و نه‎هامه‎تی ئه‎بێته‎وه. به‎ڵام عه‎بدولعه‎زیز به‎گوێ که‎س ناکات و له رۆژی دیاری کراو زه‎ماوه‎نده‎که به‎رێوه ده‎بات، به‎ڵام چاره‎نووس وایه که له رۆژی زه‎ماوه‎ند مه‎لکه‎وان به هۆی کاره‎ساتێک ئه‎مرێت. عه‎بدولعه‎زیز بێ ئه‎وه‎ی میوانه‎کان له مه‎رگی مه‎لکه‎وان ئاگادار کاته‌وه و شایی و زه‎ماوه‎ند تێک چێت، کوره نێوان جییه‎که‎ی – نێچیروان- ئه‎کاته زاوا. نێچیروانیش له شه‎وی زاوایه‎تی گیان ئه‎دات. دیسانه‎که عه‎بدولعه‎زیز بێ ئه‎وه‎ی که‎س له‎م کاره‎ساته ئاگادار بێت دوواین کوری ده‎کاته زاوه. به‎ڵام له‎ کاتی ڕاو سه‎یده‎وانی له‎گه‎ل بزنه نێریه‎ک لێ تێک ئه‎چێت و گووله‎یه‎کی له ته‎ختی سنگی ئه‎دات. ئه‎وکات که ده‎چێته سه‎ر مه‎یته‎که‎ی ئه‎زانێت سه‎یده‌وانی کوریه‎تی. هه‎ر له داوێنی چیای مه‎غڵووب دا ئه‎نیشێت و ده‎ست به شین و ڕۆ ڕۆ ئه‎کات. ئه‎مه یه‎کێک له ڕه‎وایه‎ته‎کاتی به‎یتی سه‎یده‎وانه. هه‎ڵبه‎ت گێرانه‎وه‎ی تریشمان هه‎یه که ئه‎ڵێت عه‎بدولعه‎زیز له یه‎ک رۆژ دا سێ بووک بۆ هه‎ر سێ کوره‎کانی  ئه‎خوازێت،  وه‎ هه‎ر سێ کوره‎کانی به یه‎ک رۆژ ئه‎مرن - سه‎یده‎وان به‎ده‎ستی خۆی به هه‎ڵه ئه‎کووژرێت-. شانۆی (چریکه‎ی چیای هاڵۆز) وه‎رگیراو له گێرانه‎وه‎ی یه‎که‎مه، به‎ڵام به ڕوانگێکی «لار»، واته ئه‎و ڕوانگه‎ی که به وته‎ی لاکان و ژیژەک شێوه شاردراوه‎کانی ده‎ق بۆ ئێمه ده‎رده‎خات. ژیژەک له ڕسته‎یه‎ک دا له زاری لاکان ئه‎ڵێت: «من بروام وایه ده‎بێت ده‎ق قدیلکه (خرتێنک)ده‎ین ئه‎نجا مانا شاردراوه‎کان یان باشتره بڵین مانایه‎کی جیاواز له ده‎ق وه‎ده‎ر ئه‎که‎وێت».

ده‎رهێنه‎ری (چریکه‎ی چیای هاڵۆز)به هێنانه‎کایه‎ی ئه‎و کاراکتێرانه که له به‎یته‎که‎دا ونن، و ئێمه کاتێک گوێ بیسی به‎یت ده‎بین هێچ ئاسه‎وار و زانستێک مان  سەبارەت بەم کاراکتێرانە پێنادات، له ویستی ئه‎مه‎دایه شێوازێکی نوێ به ڕاگرتنی کاکلی سه‎ره‎کی به‎یته‎که( ململانه‎ی قاره‎مان له‎گه‎ل چاره‎نووس) نیشان دات.

1.

له شانۆی (چریکه‎ی چیای هاڵۆز) دوو ژن ئه‎بینین، یه‎که‎میان هاوسه‎ری عه‎بدولعه‎زیز و دووهه‎م بووکی عه‎بدولعه‎زیز. ئه‎م دوو ژنه هیچ ناوێکیان نیه، بووک ته‎نانه‎ت هیچ دیاڵۆگێکیشی نییه. ئه‎مه له یه‎کم هه‎نگاو پیاوسالاری بنه‎ماله‎ی عه‎بدولعه‎زیزمان بۆ ده‎رده‎خات. ئه‎گه‎ر به ڕوانگه‎ی لاکانی (ڕوانێنی لار) چاوی که‎ین، هاوسه‎ری عه‎بدولعه‎زیز ئه‎م که‎سه‎ی که له چاره‎نووس ئاگاداره. ئه‎زانێت چی به‎سر مناڵه‎کانی دێت. به‎ڵام عه‎بدولعه‎زیز ئه‎و ژنه‎ی پێ شێته و له چه‎ن جێگا به چاوی که‎سێک که نه‎خۆشه به‎ره‎نگاری ده‎بێته‎و. هیچ کات بۆ کارو باره‎کانی پرسی پێناکات. لێره‎دا ململانه‎ی عه‎قڵانییه‎ت و هه‎ست ئه‎بینین. عه‎قڵانییه‎‎تێک که هێمایه‎که‎ی له پیاوێکی جه‎نگاور به‎دی دێت و هه‎ستێک که له هێمای ژنێکی ڕاماو خۆ ئه‎نوێنێت. ئه‎وه‎ی که ژن به هه‎سته‎کانی ئاگاداری زۆر چاره‎نووس و به‎سه‎رهات هه‎یه له ئوستوره‎ و ئه‎فسانه‎کان نموونه‎ی زۆرمان هه‎یه. بۆ نموونه له شه‎ری ترۆوا، پێنێڵۆپه خێزانی یوولیسیس، هه‎ست ئه‎کات شووه‎که‎ی پاش سالانێکی زۆر له شه‎ر ئه‎گه‎رێته‎وه. یان له به‎یتی خه‎ج و سیامه‎ند خه‎ونی خه‎ج هه‎واڵی کاره‎ساتێکی دڵته‎زێنی بۆ سیامه‎ند پێیه.هاوسه‎ری عه‎بدولعه‎زیزجگه له چه‎ن جێ ئه‎ویش به کورتی هیچ قسه‎یه‎ک ناکات، شێوازی دیاڵۆگ و مۆنۆلۆگی ئه‎م ژنه و شێوازی ده‎م و چاو و ده‎ست ته‎کان دانی به‎رده‎نگ به‎و ئه‎نجامه ده‎گه‎یه‎نێ که ئه‎م ژنه شتێک ئه‎زانێت به‎ڵام ناتوانێت عه‎بدولعه‎زیز قایل کات که ده‎ست بکێشێته‎وه. یه‎که‎م به‎و هۆیه‎ی که عه‎بدولعه‎زیز به‎ر هه‎ڵستی گشت هه‎سته‎کانی ژنه‎که‎ی بۆته‎وه و دووهه‎م هیچ کاره‎ساتێک به زمانی ئاسایی ناگێردرێته‎وه. واته به وته‎‌ی جۆرجۆ ئاگامبێن، «زمان له گێرانه‎وه‎ی گشتی کاره‎سات تووشی که‎م و کۆری ده‎بێته‎وه». بێ ده‎نگی خۆی هه‎ڵگری مانایه‎کی ده‎روونیه. لاکان ئه‎ڵێت: هه‎ر چه‎مکێکی پۆشراو، هه‎ڵگری خوێندنه‎وه و ته‎فسیری درێژخایان و فره‎یه. واته هه‎ر چه‎مکێک که داپۆشرابێت ئێمه بۆ ته‎فسیر و خوێندنه‎وه‎ی زۆر هان ئه‎دات. پرسیار له‎وه‎ی که ئه‎بێت چی له پشت ئه‎م پۆشراویه هه‎بێت خۆی هه‎ڵگری وه‎ڵامی زۆره. ده‎رهێنه‎ر زۆر به جێ ئه‎م کاراکتێره‎ی به کایه گرتوه. هه‎ر کات بمان هه‎وێت له‎سه‎ر چه‎مکێک لۆژیک و عه‎قڵانییه‎ت له‎کار که‎ین ئیتر ده‎ستی ته‎فسیر و مانا ورده‎کان ئه‎به‎ستین. هه‎ر بۆیه بێ ده‎نگی ئه‎توانێت زۆرترین مانا به به‎رده‎نگ بدات. کاراکتێری هاوسه‎ری عه‎بدولعه‎زیز ته‎نیا به گریان و تێک نانی چاو و برۆ و ده‎ستی، خه‎ریکه به‎رده‎نگ ئاگاداری کاره‎سات ده‎کاته‎وه. کاره‎ساتێک که له چاره‎نووسی بنه‎ماله‎ی دایه. هه‎ر لێره‎ش‌دا ژن نێگایه‎کی لاری به زه‎ماوه‎ندی کورکه‎ی هه‎یه. واته ئه‎م ژنه خۆی له ڕوانینی عه‎قڵانی و لۆژیکی پیاو ده‎پارێزێت. ئه‎گه‎ر بمان هه‎وێت به زمانی ژیژەک بدوێم، ڕوانگه‎ی هاوسه‎ری عه‎بدولعه‎زیز، ڕوانگێکی رووبه‎روو نییه. ناوچاو گرژ کردن و دور و به‎رز ڕوانین و لار بوونه‎وه بۆ دیتنه‎وه‎ی مانا پۆشراوه‎کانی خه‎ونی عه‎بدولعه‎زیز و ئه‎و تاپۆیه‎ی که له هێمای منالێک‎دا خۆ ئه‎نوێنێت-ه. لێره‎دا ژن ئه‎و چه‎مکه‎یه که - ئاگامه‎ندی-  له جیهانی مێتافیزیک هه‎یه. هه‎ر بۆیه‎ش ناتوانێت وه‎کوو مرۆڤێکی ئاسی بدوێت و ئاکاره‎کانی وه‎کوو ژنێکی شێت و سه‎رلێشێواو ئه‎نوێنێت.

 

2.

له به‎رهه‎مبه‎ر عه‎بدولعه‎زیز جگه له هاوسه‎ره‎که‎ی پیاوێکیش وه‎ستاوه. ئه‎ویش کوره خۆشه‎ویسته‎که‎ی واته سه‎یده‌و‎انه. سه‎یده‎وان هه‎ر به هۆی پیاو بوونی ئیجازه‌ی قسەی پێیه، و به زمانێکی عه‎قڵانی ئه‎دوێت. به‎ڵام عه‎قڵانییه‎تی سه‎یده‎وان له‎گه‎ل باوکی جیاوازی هه‎یه. عه‎بدولعه‎زیز له که‎نار به‎رهه‎ڵست بوونه‎وه له مانا و واتای چاره‎نووس-  که پێی وایه ئه‎م قسانه هه‎موو خه‎یاڵ و قسه‎ی ناعه‎قڵانین ، خۆی له داوی چه‎مکێکی دژه عه‎قڵانی (هه‎ڵبه‎ت له به‎رامبه‎ر عه‎قڵانییه‎تی سه‎یده‎وان) که‎ووتوه. یه‎که‎میان به‎ره‎نگاری کردن له‎گه‎ل چیای مه‎غڵووبه. ئه‎وه‎ی که خۆی به‎ره‎نگاری چیایه‎ک ئه‎کاته‎وه چه‎مکێکی نائاسایه و دژه عه‎قڵانی ئه‎بێندرێت-- ئه‎توانین چیا وه‎کوو هێمای شه‎ری قوورس له به‎رامبه‎ر عه‎بدولعه‎زیز ببینین- . سه‌یده‎وان ئه‎م ڕوانگه‎ی باوکی وه‎کوو مانایه‎یکی بێ بنه‎ما ئه‎بینێت و به‎رده‎وام ئه‎م ئاکاره‎ی باوکی به شێوازێکی نائاسایی ئه‎زانێت. لێره‎دا ده‎ق ده‎رفه‎تی ئه‎وه‎مان پێ ئه‎دات که باوک وه‎کوو عه‎قڵێکی کلاسیک و کور وه‎کوو عه‎قڵێکی مۆدێرن ببینین.عه‎قڵیه‎تی کلاسیک له لۆژیکی نه‎ریتی که‎ڵک وه‎رئه‎گرێت و تێکه‎ڵاوێک له دوو جیهانی فیزیک و مێتافیزیکه، به‎ڵام عه‎‎قڵی مۆدێرن به‎ته‎وای به‎رهه‎ڵستی جیهانی مێتافیزیکی ئه‎بێته‎وه. ( سه‎یده‎وان مامۆستای قوتابخانه‎یه و دژی شه‎ر و توند و تێژیه و شه‎ری باوکی چ له رابردوو چ ئێستا به کارێکی نا په‎سه‎ند ئه‎بینێت). دووهه‎مین جیاوازی عه‎قڵانییه‌تی عه‎بولعه‎زیز و سه‎یده‎وان له به‎رێوه‎بردن یا نه‎بردنی زه‎ماوه‎نده‎ خۆ ئه‎نوێنێت. عه‎بدولعه‎زیزده‎لێت: «کات بۆ خه‎م خواردن زۆره به‎ڵام بۆ شادی که‎م». بۆ ئه‎م پیاوه جه‎نگاوه‎ره چۆنیه‎تی ژیان مه‎به‎سته نه چه‎نده ژیان کردنی. عه‎بولعه‎زیز نایهه‎وێت خه‎م بخوات، هه‌ر بۆیه هه‎ر چی هه‎یه‎تی فیدای شادی ئه‎کات. به‎ڵام ئه‎م شادییه ته‎نیا له ڕوانگه‎ی خۆی مانا ده‎بێته‎و نه ڕوانگه‎ی که‎سانی تری بنه‎ماڵه. سه‎یده‎وان گه‎نجێکه که پابه‎ندی جیهانی واقیعه. ئه‎م جیهانه واقیعه پێی ئه‎ڵێت خه‎م هه‎یه وه برا و بنه‎ماڵه خۆشه‎ویسته، ئه‎گه‎ر وابێت ناتوانێت خه‎می مه‎رگی براکانی بشارێته‎وه. به واتایه‎ک سه‎یده‎وان ئه‎م عه‎قڵه‎یه که ده‎یهه‎وێت هیچ پۆشێنێک به‎سه‎ر واقیع نه‎مێنێت. 

3.

ئه‎میر خان تاراده‌یه‌ک عه‎بدولعه‎زیزه، به‎ڵام به شێوه‎یه‎کی تر. ئه‎میر خان ته‎نیا سێ نه‎فه‎ر له‎و سوپایه‎ی ڕێبه‎ری ده‎کردن ئه‎مرن. که سێهه‎میان به ده‎ستی خۆی به هه‎ڵه ئه‎ی کووژێت. کاره‎ساتی ئه‎میرخان به لایه‎کی‎تره‎وه ئه‎بێته چاره‎نووسی عه‎بدولعه‎زیز. ئه‎میر خان له میدانی شه‎ر له‎پاش ئه‎وه‎ی چاوێکی کوێر ئه‎بێت جه‎نگاوری خۆی ناناسێته‎وه و به گووله‎یه‎ک ئه‎ی کووژێت. به‎ڵام عه‎بدولعه‎زیز له‎پاش کووشتنی سه‎یده‎وان که سێهه‎م کور و دوواهه‎مین هومێدیه‎تی چاوی خۆی کوێر ئه‎کات. ئه‎میر خان چاوی کوێر بوو بۆیه جه‎نگاوه‎ره‎که‎ی خۆی به هه‎ڵه کووشت، به‎ڵام عه‎بدولعه‎زیز چاوی چاکی نه‎دی بۆیه سه‎یده‎وانی کووشت. له گه‎ڵیک ئوستوره هه‎مانه که مرۆڤ بۆ ئه‎وه‎ی تاوانی گوناهێکی بداته‎وه چاو، ده‎ست یا دڵی خۆی له ناو ئه‎بات. - ئۆدیپیوس له پاش کوشتنی باوک و هاوسه‎ری له‎گه‎ل دایکی چاوی خۆی کوێر ئه‎کات-. ژیژەک ئه‎ڵیت ئه‎م ئاکاره‎ی مرۆڤ بۆ رزگاری له ئازاری ده‎روونییه. به شێوازێک که‎فاره‌ی گوناه ئه‎داته‎وه.

له سه‎ڕئه‎نجام چریکه‎‎ی چیای هاڵۆز مانایه‎کی نوێ له به‎یتی سه‎یده‎وانمان پێ نیشان ئه‎دات که تاکوو هێستا بۆ زۆربه‎مان نادیار بووه. دیالۆگی پرمانا و هه‎ڵسووکه‎تی به‎جێ کاراکتێره‎کان ده‎رفه‎تی په‎رده‎لادان له سه‎ر مانای نوێ بۆ به‎رده‎نگ ساز ده‎کات که له ئاکام ئه‎و به‎ستێنه‎ی که ئیمکانی به‎دی هێنانی به‎یتی سه‎یده‎وانی لێ که‎وتوته‌ۆه نمایش ئه‎دات.