تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۲
سەرکەوتنی قوتابیانی فێرگری مۆسیقای "ئاوای کوهەن"ی شاری بۆکان له دەیەمین خولی فستیڤاڵی مۆسیقای جەواندا
بە ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵی هاژە، لە وڵاتی ئێران مۆسیقا هەموو ساڵێک لەم سەر و بەندەدا مرۆڤه هەستیارەکان لێک کۆوە دەکا و چەند رۆژێک به گۆرانی کوتن و ژەندنی ئامێرە جۆراوجۆرەکان بەرەوپیری ژیان دەچن. ئەوان به تەنیا شانیان داوەته بەر قورسایی ئەرکێک کە لە راستیدا زۆر لایەن دەگرێتەوە بەڵام ڕۆحی جیهان تەوەریی ئەو هونەرمەندانه هەموو کوڵ و کۆیەک دادەمرکێنی و زەردی دەبەخشێ بەو کەسانەی کە جگه لە تەگەرەسازی هیچ هونەرێکی دیکەیان نییه.
فستیڤاڵی مۆسیقای جەوان ئەمساڵیش بۆ ماوەی ١٥ رۆژ لە تالاری روودەکی شاری تاران به بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە ژەنیاران و گۆرانیبیژانی لاو لە هەموو نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوو.به خۆشحاڵییه دیسانەوە قوتابیانی فێرگەی مۆسیقای ئاوای کوهەنی شاری بۆکان توانیان لەو بۆنه گرینگەدا ئاڵای هونەری کوردی بەرز راگرن.
لە خولی دەیەمی ئەو فستیڤاڵەدا قوتابیانی فێرگەی مۆسیقای ئاوای کوهەن توانیان لە بەشەکانی مۆسیقای کوردی و فۆلکلۆردا پلەکانی یەکەم تا سێهەم دەستەبەر بکەن و سەرکەوتنێکی زێڕینی دیکه بخەنه سەر خەرمانی دەسکەوتە هونەرییەکانی شاری هونەرپەروەری بۆکان.