تاریخ: ۱۳۹۵/۶/۲۵
هێژمۆنی سەرمایەداری و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)


ساڵێکی دیکە بە سەر ڕووداوی دڵتەزێنی هێرشی تیرۆریستی ١١ ڕەزبەر ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر شاری نیویۆرک تێپەڕی. سەرەڕای تەواوی لێکدانەوەکانی کە تاقمی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی ناوەندی تۆمەتبار بە پێکهێنانی ئەم کردەوەیە دەکرد بەڵام لە ئێستادا وێڕای سەرنجدان بە ئاڵۆزی و شڵەژاوییەک کە ناوچەی لەخۆ گرتووە پێداویست دەکات ناوەرۆکی ڕژێمی سەرمایەداری بە هۆی بەشداری کردنی لەم وڵاتانەدا ڕاڤە و تاوتوێ بکەین. هەروەها، گرینگە ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە لەسەر ناوی دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێڕن و چاندە هەرێمییەکان کە لە ئارا دایە، شیکردنەوەیەکی لۆژیکی و گونجاوی بۆ پێک بهێنین.

تایبەتی بوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چ لە ڕووی هەڵکەوتنی پیگەی ستراتیژیکی ژیۆپۆلیتیکی و چ لە ئاکامی هەبوونی بارستایەکی بەرچاو لە سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و گاز بە بەردەوامی سەرنجی وڵاتانی زلهێزی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. دەرکەوتن و سەرهەڵدانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوابەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی وەکوو وڵاتێکی دەستڕۆیشتووی جیهانی لە ڕووی ڕامیاری، ئابووری و چەکداری؛ بەشداری و مانەوەی ئەم وڵاتەی لەم ناوچەدا بەوێنەی بەشێک لە ڕامیاری دەرەکی خۆی، قورساییەکی زۆرتر و دەورگێڕانێکی زێدەتری لەسەر شانی داناوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە دەیەی ١٩٩٠دا، توندڕەوییەک کە لەناو جیهانی ئیسلامی لە لایەن تاقمە جیهادییەکان بەڕێوە دەچوو، وەک پێکهاتەیەکی بەهێز، مەترسیدار و دوژمنێکی نوێ لەئاست بە ئەزموونی لیبراڵ دیمۆکراسی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردووە. لەم ڕوویەوە، ئەم پرسە هەتا ئەمڕۆکەش وەک دەمامکێکی هزری بۆ دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی هەرێمی یا داگیرکەری چەکداری بە مەبەستی هاوردەکردنی دیمۆکراسی و شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم کەڵکی لێ وەرگیراوە.

ئامانج لە دەست تێوەردانەکان دەتوانین دامەزراندن و سەردەست کردنی هێژمۆنی سەرمایەداری لەسەر چاندی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خوێندنەوەی بۆ بکەین. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە وڵاتانی ئێران، عێراق، ئەفغانستان، سووریا و وڵاتانی باکووری ئەفریقا بەشێکن لەم ڕامیارییە و وێدەچێ ستراتیژییەتی بەردەست – یا داڕشتنەوەی سنوورەکانی ئەم ناوچەیە لە گۆڕی پێوەرە ڕۆژئاوایییەکان و تەکووزی نوێ نێونەتەوەیی – لەمپەڕێک لەئاست بە هێزی نوێ سەرهەڵداوی وڵاتی چین قسەی لەسەر بکرێ. بەجۆرێک کە بۆ جێبەجێ بوونی ئەم پیلانە، وڵاتی ئەفغانستان ئامانجی سەرەتایی و لە مەتەرێزی پێشەوە جێگەی دەگرت.

لەم دەقەدا، تەنیا دەست تێوەردان یا داگیرکردنی ڕواڵەتی ئەفغانستان لە ماوەیەکی کورت و درێژەپێدانی ئەو شەڕە هەتا ئەمڕۆکە جێی باسوخواسە نییە. بەڵکوو هێرش کردنە سەر عێراق بەوێنەی بەشێکی دانەبڕاوە لە ناوەندی شارستانییەتی مێزۆپتامیا، هەستیارییەکی زۆری لە سەرە و دەبێ نرخاندنێکی لۆژیکی و باشی بۆ بکرێ. عێراق سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت – نەتەوەیەکی نوێ سەرهەڵداوەیە بەڵام لە ڕووی سنووری جوگرافیایی ساکار و ئاسایی نییە. ئەم وڵاتە لە ئاستی ناوچەییدا چەند نەتەوەی ڕەسەن و چەندین کەمینەی نەتەوەیی و ئایینی بنەچەدار و زاڵ لەسەر کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێ کە هەرچەشنە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی پێداویستی بە تێبینییەکی ورد و هەموولایەنە لە ڕووی چاندی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

چاندی کۆن و ڕەسەنی گەلانی مێزۆپتامیا خۆی لەسەر بنەماکانی چاندێکی گوندێتی و هاوبەش پێناسە کردووە کە لە ئاکامدا، تێکەڵاوبوون یا تووانەوە لە چاندی نامۆی ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی نوواندنەوە هزری یا ڕامیارییەکان کارێکی ساکار نییە. ئەگەرچی وڵاتی ئەمەریکا لە ڕووی چەکداری سەرکەوتنی وەدەست هێنا بەڵام لە بواری ڕامیاری یا سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی لیبراڵی بێدەرەتانی خۆی نیشان داوە. لەڕاستیدا، ئەم شتەی جیهانی ڕۆژئاوایی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە بیانووی هاوردەکردنی دیمۆکراسی و سەقامگرتوویی پێوەرە دیمۆکراتیکەکان چاوەڕوانیان دەکرد نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو بگرە لە ئەفغانستانیش کردەوەیی و وەدی نەهاتووە. لەم بارودۆخە ئاوارتەدا، گرینگە یا ڕژێمێکی دیکتاتۆری یا دیمۆکراسییەکی ڕادیکاڵ لەغاوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ کە بەگشتی، هیچ کام ڕوویان نەداوە.

وێدەچێ ئەمڕۆکە ئەمەریکا لەم ناوچەیەدا شوێنکەوتووی گۆڕانکاری و پێدانی پێناسەیەکی نوێ بۆ دەوڵەت – نەتەوەکان بێ. بەگشتی، هیچ هێزێک بوونی نییە کە لەهەمبەر ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ئەو وڵاتە خوازیاری بەربەرەکانی یا بەرەنگاربوونەوە لەئاست بە دەست تێوەردانی ئەوان هەڵبژێرێ. لەم ڕوویەوە، ئێمە مێزە دەکەین کە ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکانی هەرێمی هاوتەریب و لەگۆڕی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان هەڵسوکەوت دەکەن و بناغەی پەیوەندایەتی خۆیان لەسەر بنەوانی قازانج – سەرمایە دامەزراندووە. ڕەنگە لە ئەگەری هەر شەڕ و پێکدادانێک تەنیا وڵاتێک کە بتوانێ لەئاست بەم داگیرکەرییە شەڕ بکات وڵاتی ئێران بێ. کەوایە، هەر جۆرە هێرشێک دەتوانێ پەرە بە ئاڵۆزی، کێشەکان قووڵتر و هەروەها، دیاردەی جۆراوجۆر و ناڕێک لەگەڵ خۆی بهێنێ. ئەم نزیکایەتییە بۆ مێژووی کۆنی ئەو وڵاتە چ لە ڕووی دیرۆکی و چ لە ڕووی دەسەڵاتداریدا دەگەڕێتەوە.

بەگشتی، سەرمایەداری و پێکهاتەی ڕژێمی دەوڵەت – نەتەوە بە هۆی ڕەنگاوڕەنگی ناوچە، خۆیان سەرچاوەی سەرەکی دیاردە و کارەساتەکانن کە لە ئێستادا هاتوونە ئاراوە. جیا لە تورکیا کە بەوێنەی گلادیۆیەک لە ژێر سێبەری سەرچەشنی ئیسلامی ئەمەریکایی خۆی پێناسە دەکات، دەوڵەتانی دیکە لە ژێر ئەو هێژمۆنییەدا – کە مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە – تووشی ئاڵۆزی هاتوونە.