تاریخ: ۱۳۹۵/۶/۲۲
هەرێمی رۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا رێککەوتن‌

بە ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی هاژە،هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر روبەڕوبونەوەی داعش و هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی رێکەوتن.

لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، رێککەوتنێکی هەشت خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێمی رۆژئاوا و رەوتی غەدی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا ئیمزا کرا کە بەندەکانی خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی سیستەمی سیاسی سوریا و ئازادی ژن و پەسەندکردنی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا له سوریا.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەلایەن ئاڵدار خەلیل، وەک نوێنەری رۆژئاوا و ئەحمەد جەربا، سەرۆکی رەوتی غەدی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئیمزا کراوە، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستەمی سیاسی بۆ ئایندەی سوریا پێکدەهێنرێت و هەردولا جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئازادی ژن و قوربانیدانەکانی دەکەنەوە لە پێناو گەیشتن بە سوریایەکی ئازاد و دیموکراتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە سود لە ئەزمونی بەرخۆدان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا وەردەگرن و دان دەنێت بە خۆبەڕێوەبەری هەرێمی رۆژئاوا، کە پێکهاتوە لە هەرسێ کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی و عەفرین و پابەندی بڕیارەکانی دەبن. بەپێی رێککەوتنەکە هەردو لایەن پەیوەندی و هەماهەنگی سەربازی دەکەن لە پێناو پاراستنی ناوچەکانیان و روبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش لە سوریا.