تاریخ: ۱۳۹۷/۲/۲۶
بەیانییەی لێژنەی داوەری یەکەمین فێستیڤاڵی چیرۆکەڵەی تەنزی کوردی
 به پێی هه‌واڵی هاژه، پەیامی لێژنه‌ی داوەرانی یه‌که‌مین فێستیواڵی کورتیله‌چیرۆکی ته‌نزی کوردی هاژه به نوێنه‌رایه‌تی له لایه‌ن به‌ڕێز "بەختیار پەنجەیی" ئاراسته کرا.
ده‌قی په‌یامه‌که به‌م شێوه‌یه:
 
لێژنەی داوەرانی "لێژنەی داوەری یەکەمین فێستیڤاڵی چیرۆکەڵەی تەنزی کوردی هاژه" سپاس و پێزانینی خۆی پێشکێشی گشت نووسەران و بەڕێزانێک دەکا کە بە پیری ئەم فێستیڤاڵەوە  هاتن و ئاسەوارە بەنرخەکانیان بۆ ناردین. هەر وەها ماندوونەبینی هاوڕێیانی "پێگەی هەواڵیی هاژە" دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕووداوە بە پێز و شوێن دانەرە. ئێمە وەک لێژنەی داوەری هەوڵمان‌ دا بەو پەڕی هەستیاری وەک خوێنەرێکی بێ‌لایەن و تینووی خوێندنەوە ئەم چیرۆکانە بخوێنینەوە و هەڵیان سەنگێنین. هەوڵمان دا ڕا و بۆچونمان سەبارەت بەم ئاسەوارانە لە سەر بنەمای زانست و بە پێوانەی ئاکادمیک دامەزرێنین. هەر بەو پێیە لێژنەی داوەری فێستیڤاڵ سرنجی هەموو بەشداربووان و لایەنگرانی ئەدەبی کوردی بەتایبەت نووسەرانی دوو پانتایی گرینگی "چیرۆک" و "تەنز" بەرەو ئەم تێبینانەی ژێرەوە ڕادەکێشێ.
1. بەداخەوە "نەریت" و "سونەت" لە نێو ئێمەی کورد _ بەو مانا و تاریفەی ئێستای خۆی _ بە پێی تاک دەنگ بوون، دەسەڵاتی هەمەلایەنەی شێعر و زۆر هۆکاری تر، ڕێگەی بەستووە لە پەرەگرتنی بەشێکی بەرچاو لەو مێدیۆمانەی کە لەسەر بنەمای فرە دەنگی و دیالۆگ دامەزراون. هەر دوو مێدیۆمی "چیرۆک" و "تەنز" _ کە چەمکی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵەن _ هەر کام بە شێوازیک تووشی ئەم خەسارە بوون و هەن. هەر ئەو خەسارەی کە بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەو چیرۆکانەی گەیشتبوونە ئەم فێستیڤاڵەش تووشی ببون. کوردەواری پێویستی بە دووبارە ناسین، دووبارە خوێندنەوە و دووبارە ئەندیشە کردنێکی خەسار ناسانەیە سەبارەت بە مانا و مەفهومی "نەریت و سونەت" لە ناو خۆی دا و پێداچوونەوەی زانستی "نەریت و سونەت" ئەرکە لە سەر شانی زانایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە.
2. تەنز لە ڕوانگەی بیرۆکەی سونەتی کورد، لە چوارچێوەی بەر تەسکی گاڵتە و گەپ دا قەتیس ماوەتەوە و ئەرکی سەرەکی "ڕەخنەی کۆمەڵایەتی" زۆر بە لاوازی پێوە دیارە. بەشێکی بەرچاوی ئاسەوارەکانی ئەم فێستیڤاڵەش هەر ئاوان. پێداچوونەوە بە سەر مەفهوومی سونەت دوا بە دوای خۆی فێرمان دەکا کە لە هەوەڵ هەنگاو دا بە دۆزینەوەی ئەو پێتانسێلە لە بەر چاو نەگیراوانەی خۆمان _ بە تایبەت لە ناو ئەدەبی زارەکی دا _ بەرەو دوهەم هەنگاو واتا خوڵقاندنی شێوازی نوێی دەربڕین و نواندن، ڕێگە بپێوین هەتا بەو ئاکامە بگەین کە تەنز بە ئامانجی سەرەکی خۆی داناوە، واتا ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بۆ ساز دانی زانییاری گشتی بۆ گۆڕانکاری یان لانی کەم چاکسازی کۆمەڵایەتی. ئەوە هەمان ڕێبازێکە کە تەنزی ڕۆژاوایی لە "ساتیر"ەکانی یونانی مێژینەمەندوە هەتا دەستپێکی تەنزی مۆدێرن لە لایان ڕابلە و سێروانتیس و هەتا کو تەنزی پۆست مۆدێڕنی ئێستا، بڕیوێتی.
3. تەنز نووس _ بە تایبەتی تەنز نووسێک کە لە مێدیۆمی چیرۆک کەڵک وەردەگرێ و بە تایبەتی‌تر کاتێک کورتە چیرۆک یان کورتیلە چیرۆک بە کار دێنێ _ لە وانەیە ئاکادێمیسییەنی زانستی کۆمەڵناسی نەبێ بەڵام نیگای قووڵی دەبێ ناخی کۆمەڵگاکەی ببینێ و قەڵەمی تیژی _ وەک چەقۆی پزیشکێکی جەڕڕاح _ ڕۆ بچێتە ناو هەراوترین بەشەکانی کۆمەڵگا.
زانییاری کۆمەڵایەتی کەمترین ڕادەی پێویستە بۆ نووسەری بواری تەنز. هەڵبەت تەنز نووسێک کە خۆی بەشێک لە سووژەی خۆی _ کە هەمان کۆمەڵگایە _ بزانێ و ئاگادارانە یان بە نائاگا بە پێی بایەخ و ئەرزیشەکانی سووژەی خۆی بجووڵێتەوە یان لە ناخی خۆی دا و شاردراوەیی پێیان هەڵبڵێ، تەنانەت ئەگەر عەللامەی بواری کۆمەڵناسیش بێ ئاکامی نووسینەکەی نابێتە ڕەخنە و بێ‌شک نووسراوەکەی هەر ناوێک بە خۆیەوە دەگرێ بێجگە لە "تەنز".
4. تەنز وەک شکڵ و بیچمێکی جوانی ناسانە و بەدیهاتێک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ دونیای بەرفرەاوانی هزر و ئەندیشە، لە ناو گشت ژانڕ و مێدیۆمەکان‌دا، لە وانەیە نیزیکترین و سەر ڕاست‌ترین مەودای لە گەڵ ئەندیشە هەبێ. پەروەردە کردنی ئەندیشەی نوێ و ڕەخنە گرتن لە بیری کۆن _ کە قورسترین ئەرکی سەرشانی تەنزە _ بە بێ زانییاری فەلسەفی ناگونجێ.
5. لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵ وێڕای پێداگرتن زەروورەتی بە ئەزموون کردنی داستان _ زیاتر لە هەر کاتێک و زۆرتر لە هەر ژانڕ و مێدیۆمێکی تر _ و هەر وەها پێداویستی کۆمەڵگای نوێی ئێمە بە چیرۆک بۆ ساز دانی کۆمەڵگایەکی فرە دەنگ و دیالۆگ تەوەر، پێی وایە بە بێ سرنج دان بە لایەنی زانستی، بە بێ خوێندنەوەی بێ‌کۆتایی چیرۆک و تیێۆری داستان، بە بێ زانییاری سەبارەت بە گشت زانستە بەتایبەت ئینسانییەکان کە ڕەنگدانەوەی دیار و بەرچاویان هەیە لە جیهانی چیرۆک دا و بە بێ تەیار کردنی مەودایەک بۆ ئەزموون کردنی نوێ و سەربەخۆ، ئەم پێداویستیەمان ناگاتە ئەنجام.
لێژنەی داوەرانی یەکەمین فێستیڤاڵی چیرۆکەڵەی تەنزی کوردی هاژە
مەنسوور حامیدی _ ڕەئوف موحەممەدپوور _ کامڕان موحەممەد ڕەحیمی _ جەلیل ڕەحیمی _ بەختیار پەنجەیی