تاریخ: ۱۳۹۵/۶/۱۸
پێشانگای شێوه‌کاریی شاعیرێکی کوردی بۆکان له‌ دانمارک

 به پێی هه‌واڵی هاژه، یه‌که‌مین پێشانگای شێوه‌کاری شاعیرێکی کورد له‌ دانمارک  له‌ رۆژی چوارشەممه 17ی خەرمانان به‌رامبه‌ر به حەوتی سێپتامبری 2016 به‌ڕێوه‌ چوو.

ئه‌و پێشانگا هونه‌رییه‌ که‌ له‌ تابلۆ سوریال و مودێڕنه‌کانی شێوه‌کاری پێکهاتبوون یەکەمین پێشانگای شێوەکاری تایبەتی "ئەرسەلان چەڵەبی" لە وڵاتی دانماڕک لە کافە گالێری " mellem rummet"  کۆپنهاگه.

شایانی ئاماژه‌یه‌ تاقمیکی زۆر له‌ هونه‌ر دۆستان و هونه‌رمه‌ندانی کورد و دانمارکی و هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه‌ی دانمارکیش له‌ ڕێ‌وڕه‌سمی کرانه‌وه‌ی پێشانگاکه‌دا به‌شدار بوون. له‌ مه‌راسیمی کرانه‌وه‌ی پێشانگا دا چه‌ند کاری تایبه‌تی هونه‌ریش وه‌ک پارچه‌ مووسیقا پێشکه‌شی ئاماده‌بووان کرا. جیا لە هونەردۆستان و هونەرمەندانی کورد و دانماڕک کۆمەڵیک هونەرمەند لە وڵاتانی فەڕانسە و ئیتالیا و ئامریکای لاتین کە دانیشتووی دانمارک بوون لە کرانەوەی پێشانگاکە بەشدار بوون . ئەو پێشانگایە تا پێنج رۆژی تر واتە 11ی سێپتامبر بەردەوام دەبێ.

ئه‌رسەلان چەڵه‌بی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی بۆکانی پێشتر سێ کۆمه‌ڵه شێعری کوردی لێی بڵاو بۆته‌وە و ئێستا له وڵاتی دانمارک دەژی و خەریکی کار و باری هونه‌رییه.