تاریخ: ۱۳۹۷/۲/۲۰
ئەوروپیەکان، لەگەڵ ئەمریکا یا ئێران !؟
ڕزگار بەهاری
دوناڵد تڕامپ کشانەوەی خۆی لە ڕێکەوتنی ۱+۵ (برجام) ڕاگەیاند کە گەورەترین دەست‌کەوتی دەوڵەتی ئێستای ئێران بوو. کشانەوەی ئەمریکا وەک گەورەترین ھێزی ئەو ڕێکەوتنە بە چەند ھۆکارێک دەتوانێت مەترسی بخاتە سەر تا ئەو رادەی کە بە تەواوی ھەڵوەشێتەوە، ئەوەش پێوەندی بە پەیمانە ستراتیژیەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا ھەیە چونکە جگە لە پەیمانی ئەمنی و سەربازی وەک پەیمانی ناتۆ، لەبواری ئابووریش‌دا ھاوپەیمانی ستراتیژی بەھێزی یەکترن‌و پێوەندیەکی چڕ و پتەویان لەگەڵ یەکدا ھەیە. تڕامپ لە قسەکانی‌دا ئاماژەی کرد کە ھەر وڵاتێک پێوەندی ئابووری لەگەڵ ئێران ببەستێت گەمارۆکان دەیگرێتەوە ھەروەھا جان‌بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنیەتی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا وتی ھیچ گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئێران نەبەسترێت‌و وڵاتانی دیکەش ۹۰بۆ۱۸۰ ڕۆژ مۆڵەتیان ھەیە گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران ھەڵوەشێننەوە. دوابەدوای ئەم ڕاگەیاندنانە، سەرۆک‌کۆمار حەسەن ڕۆحانی و چەند بەرپرسی باڵای ئێران مانەوەیان لە «برجام» ڕاگەیاند؛ ئیسحاق جەھانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک‌کۆمار وتی ئامادەین بۆ ھەر ھەلوومەرجێکی دوایین‌و پێشتریش عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتبووی لەناوچوونی برجام لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نابێت.
سەرۆک‌کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ڕێکەوتنەکە بەردەوام دەبین لە بەرجام بەو شێوە کە پەیامی ئاراستەی وڵاتانی بەتایبەت بەشداربووی ئەوروپا کرد کە ئەوانیش وەک ڕابردوو بەردەوام بن لەو ڕێکەوتنە. یەکەم کاریگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ۱+۵ بەرزتر بوونەوەی نرخی دۆلار دەبێت لە ئێران‌و پێش‌بینی دەکرێت لە چەند مانگی داھاتووشدا گوشارە ئابووریەکان زیاتر بێت؛ وەک لە قسەکانی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا و جان‌بۆڵتۆن ڕوونە ئەو وڵاتە ھەوڵ ئەدات ئەوروپا ناچار بکات بگەڕێنەوە بۆ پێش ڕێکەوتنی ساڵی ۲۰۱۵ کە گەمارۆی قورسی ئابووریان خستبۆوە سەر وڵاتی ئێران، بەو پێیە ڕێژەی ھەناردەکردنی بەرھەمەکانی نەوتی ئێران‌ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات کە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ئێرانەو ھاوکات ھاوردەکان بۆناو ئێران دادەبەزێت.
سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ‌ لە وتەکانی‌دا وڵاتانی بەتایبەت ئەوروپای ھاندا ھاوتەریبی ئەو وڵاتە لە ڕێکەوتنەکە پاشگەز وەبن‌و وتی لەو پێوەندیەدا قسە لەگەڵ ڕووسیا و چین دەکەین، پاشان سەرۆک‌کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی داوای لەو وڵاتانە کرد لە ڕێکەوتنەکە بەردەوام بن‌و ھەروەھا ھەوڵی‌دا حسابی ئەمریکا لەگەڵ ئەوان جیاواز ھەژمار بکات. لە بەرانبەردا بەرپرسانی یەکیەتی ئەوروپای بەشدار لە ۱+۵ پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێکەوتن ئاماژەیان کرد کە دەرچوون لە ڕێکەوتن باش نابێت. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا ئامادە دەبن چاوپۆشی لە بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان بکەن لەگەڵ ئەمریکا لە بەرانبەر مانەوەیان لە ڕێکەوتنەکە؟! چونکە ئەمریکا ھەڕەشەی گەمارۆ خستنە سەر ئەو وڵاتانەش دەکات کە گرێبەستی ئابووریان لەگەڵ ئێران‌دا ھەبێ لێ ڕووسیا و چین زیاتر لە وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا جەخت لە بەردەوام‌بوونیان دەکەنەوە بەڵام دەبێت چاوەڕێ جووڵەی دوایینی ئەوروپیەکان بین کە پێوەندی دەبێت بە بڕیاری ئێران لە چەند ھەفتەی داھاتوودا چونکە ئەو وڵاتانە بەپێچەوانەی ڕووسیا و چین پێوەندی نزیکتریان لەگەڵ ئەمریکادا ھەیە.
پاش بڕیارەکەی تڕامپ، وڵاتانی دراوسێ ناچار دەبن ببنە بەشێک لە جێبەجێکاری گەمارۆکان؛ ڕێژەی بازرگانی سنوورە فەرمیەکان کەم دەبێتەوە بۆیە باشترین بژاردە لە بەردەم ئێران، ژیاندنەوەی سنوورە نافەرمیەکان‌و بازاڕچەکان دەبێت. ھاوشێوەی ساڵانی پێش ڕێکەوتنی بەرجام کە گەمارۆ لەسەر ئێران ھەبوو، سنوورە نافەرمیەکان ئاوەڵاتر بوون بۆ کە‌م‌کردنەوەی گوشاری گەمارۆکان بۆیە پێش‌بینی دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە سەرلەنوێ سنوورە نافەرمیەکان بۆ بازرگانی ئاوەڵا ببێت.