تاریخ: ۱۳۹۷/۲/۹
ئاوڕێکی شیکارانەی کۆمەڵێک ڕەخنەگر لە ڕۆمانی گابۆڕ
دەقی زیندوو و داهێنەرانە بە دوای خۆیدا دەقی رەخنەیی دەخوڵقێنێ.
بە پێی هەواڵی هەاڵدەریی هاژە بەرهەمی جیددی و نووسەری جیددی رەخنەگری جیددیش هان دەدەن بۆ نووسین و ئەمەش وا دەکات داهێنانی ئەدەبی تەنیا لە کتێبێکدا قەتیس نەبێتەوە و ببێتە پڕۆسەیەکی بەردوام کە کاریگەریی لەسەر ئەدەبیات و نووسەرانی دەوروبەریشی دەبێت.
رۆمانی گابۆڕی سەید قادر هیدایەتی یەکێک لەو بەرهەمە جیدییانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتووەتە چاپی سێهەم و بەم پێیەش دیارە توانیویەتی سنووری خوێنەری بژاردە دەرباز بکا و شۆڕ بێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و لە نێو خەڵکی ئاساییشدا خوێنەر بۆ خۆی بدۆزێتەوە. جیا لەوەش رەنگە لەو دەگمەن بەرهەمانە بێت کە لەم چەند ساڵەدا زۆرترین قسەی لەسەر کراوە و زۆرترین وتاریشی لەسەر نووسراوە و ئەمەش سەلمێنەری رادەی کاریگەریی ئەم ڕۆمانە لەسەر توێژی جیددی خوێنەرانی ئەدەبیات و رەخنەگرانە.
"سێبەری زیندووی نووسین" کۆمەڵە وتارێکی رەخنەگرانە و شیکارانە لەسەر رۆمانی گابۆڕە کە لە لایەن هەردوو چاپەمەنیی خانی و گوتاری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم کتێبە لە 170 لاپەڕەدا کۆمەڵە وتارێکی دوکتور هاشم ئەحمەدزادە، دوکتور بەختیار سەجادی، رەزا عەلیپوور، عەلی غەڵامعەلی، لەیلا ساڵحی، سیاوەش کەریمزادە و کاوان محەمەدپووری لە خۆ گرتووە و بڕیارە لە پێشانگای کتێبی تاران بۆ یەکەمجار بخرێتە بەر چاوی خوێنەرانی کورد و هۆگرانی رۆمانی کوردی.