تاریخ: ۱۳۹۷/۱/۳۰
ئاکادیمیای زمانی کوردی لە هەولێر ڕێزی لە سەلاح پایانیانی دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان گرت

بە پێی هەواڵیی پێگەیی هەواڵیی هاژە، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ٤ی ٢٠١٨ (٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧) ئاکادیمیای زمانی کوردی لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕێزی لە نیزیکەی چارەگە سەدەیەک هەوڵ و ماندوبوونی فەرهەنگنووس، سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان گرت.

سەرەتای کۆڕەکە بە وتاری دکتور نەجات عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای زمانی کوردی دەستی پێ کرد کە تێیدا باسی لە گرینگیی ڕێزگرتن لە کەسایەتییە فەرهەنگییەکان کرد و گوتی: سەرباری ئەوەی کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باروودۆخیکی قەیراناوی و نالەباری ئابووریدا تێدەپەڕێت و ئاکادیمیای زمانی کوردیش لەو شتە بێ‌بەریی نەبووە، بەڵام دیسان ئاکادیمیا ئەرکی خۆی لە پێناو ڕێزگرتن لە تێکۆشەرانی زمان و فەرهەنگی کوردیدا بەجێ دێنێت و ئەمڕۆ  ڕێز لە کەسایەتییەک دەگرێت کە بە تەنیا کاری ئاکادیمیایەکی گەورەی زمانی جێبەجێ کردووە، ئەویش سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریانە.

دکتور نەجات عەبدوڵڵا لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە گرینگیی ئەو فەرهەنگی زارەکییە کرد و گوتی: پێویستە کەلەپوور و فەرهەنگی زارەکیی هەموو ناوچەکانی کوردستان بەو شێوەیە تۆمار بکرێن و بە شێوەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان چاپ بکرێن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببنە بنەمای فەرهەنگێکی گەورەی نەتەوەیی.

جێگری سەرۆکی ئاکادیمیای زمانی کوردی لە وتەکانیدا ڕەخنەی لە نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی: پێویستە حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی فەرهەنگیی دیاری بۆ خزمەت بە فەرهەنگی کوردی هەبێت.

دواتر دکتور نەجات عەبدوڵڵا داوای لە سەلاح پایانیانی کرد بۆ ئەوەی باسێک لەمەڕ کارەکەیەوە پێشکەش بکات.

سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە وتەکانیدا وێڕای ئەوەی سپاسی ئەو ڕێزگرتنەی لە لایەن ئاکادیمیاوە کرد، سەرەتا باسی لە پێویستیی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی فەرهەنگی زارەکی کرد و گوتی: دانانی ئەو جۆرە فەرهەنگە زۆر گرینگە بۆ ساغکردنەوەی مێژووی زمانی کوردی لە غیاب و نەبوونی ئەدەبیاتی نووسراوی زمانی کوردیدا کە تەمەنێکی کورتی هەیە.

 

پایانیانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مێتۆدی کارەکەی خۆی کرد کە بە شێوەیەکی مەیدانی کاری کردووە، واتە بە پێچەوانەی ئەو فەرهەنگانەی دیکە کە تێکەڵاوێکن لە تەرجەمە و کاری کتێبخانەیی، کارەکەی ئەو بەتەواوەتی مەیدانی بووە.

نووسەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان گوتی: ناونانی فەرهەنگەکە بە ناوی موکریانەوە بە هیچ شێوەیەک بە واتای ناوچەگەری نییە، بەڵکو بە هۆی ئەوەیە کە ئەو سنوورە جوغرافیاییەی بۆ ئەوەیە کە ئەو کاری تێدا کردووە.

سەلاح پایانیانی وێڕای ئاماژە بە ئاستگەکانی کارەکەی و ڕژدبوونی خۆی لەسەر بەئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژە بەربڵاوە، باسی ئەوەی کرد کە پێش ئەو ئەحمەد شاملوو، شاعیر و فەرهەنگنووسی فارس کارێکی هاوشێوەی بە ناوی ''کتاب کوچە'' لە زمانی فارسیدا کردووە و ئەویش هەوڵی داوە ئەزموون و هاوبەشی و مێتۆدەکانی کاری زمانی فارسی لە بەرژوەندیی زمانی کوردی بەکار بێنێت و دواتر کۆی کارەکانی خۆی لە یەکەم کتێبی چاپکراوییەوە بە ئامادەبوان ناساند و لەسەر نێوەرۆک و شێوازی بەرهەم هێنانی بە چڕی قسەی کرد.

دواتر دکتور ڕێبوار سێوەیلی لە وتارەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە ڕاستە ناوی فەرهەنگەکە بە ناوی سنوورێکی جۆغرافیاییەوە دێتە بەرچاو، بەڵام جۆغرافیایەکی واتایی و مەعنەویی زیاتر لەخۆی دەگرێت، ئەو وشە و زاراوانەی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا هاتوون، بە لای خەڵکی دەشتی هەولێریشەوە ئاشنان.

 

سیوەیلی لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: ئەو فەرهەنگە بەشێکی گرینگە لە جێگیرکردنی شوناسی نەتەوەیی، لە کاتێکدا کە ئێستا بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شوناسی زمانی کوردی لە مەترسیدایە و شەپۆلێکی دژەزمانی هەڕەشە لە زمانی کوردی دەکات.

دکتور سیوەیلی، سەلاح پایانیانی بە میراتگر و نەوەی ئەحمەدی خانی تاکو عەبدولڕەحمانی زەبیحی لەقەڵەم دا و گوتی: ئەو فەرهەنگە زمان و شوناسی زمانیی کوردی لە مەترسیی لەنێوچوون دەپارێزێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا سێوەیلی ڕایگەیاند: یەکەم جار کە ئەو فەرهەنگەم بە دیاری لە لایەن سەلاح پایانیانییەوە بەدەست گەیشت، خەبەرم بۆ ناردەوە، کە نیوەی تەمەنم ڕۆیوە، بەڵام هیوادارم نیوەکەی دیکەی بێتە سەر تەمەنی تۆ، ئێستاش لەسەر قسەی خۆم سوورم و لێی پەشیمان نیم.

دکتور ناسح توێژەری بواری زمان و فەرهەنگنووسی یەکێکی‌تر لە ئامادەبووان بوو کە وتارێکی لەبارەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانەوە ئاڕاستە کرد.