تاریخ: ۱۳۹۷/۱/۲۶
هەژار؛ ئەزموونێکی دەوڵەمەندی زمانی و ئاراستە جوداکان
یوونس رەزایی


مامۆستا هەژار موکریانی وەک زۆر شاعیر و نووسەری پڕ بەرهەمی دیکە، بە هۆی بەربڵاوی کار و شوێن
دانەری‌یەک کە لەسەر نەوەی دوای خۆی بوویەتی؛ دەکرێ لە دەلاقەی جۆراوجۆرەوە لە بەرهەمەکانی وردبینەوە. هەر بۆیە تا ئێستا حەولی جوداواز بە مەبەستی ناهاوشێوەوە بۆ تاوتوێکردن، هەڵسەنگاندن و نرخاندنی بەرهەمی ئەو شاعیر و نووسەرە ناودارە دراوە. چەند نموونە لەو حەولە بەرچاوانە لە رووی جودابوونی ئاراستە و مەبەستەوە دەتوانین ئاوا بخەینە بەر باس: حەولێک هەیە بە شوێن کێشانەوەی سیمایەکەوەیە کە لە شیعردا ناکارامە و لە زماندا بە بنیات‌نەری نەریتێکی نالەباری زمانی دەزانێ و هۆکاری هەر دوو گوتەکەش نە وردبینانە و بە پێی قسە لەسەر دەقە جوداکانی ئەو شاعیرەیە و نە لە نێوان بەرهەمەکانی‌دا جوداوازی و پلەبەندی‌یەک دەخاتە روو.

حەولێک لە ئارادایە شیعری هەژار بە گشتی وەلا بنێ و بە داکۆکی لە سەر کار و بەرهەمی، وەک وەرگێڕێک، سەروبنی ژیانی ئەدەبی ئەو وێک بێننەوە.

حەولێک لەوپەڕی ئەو دوو ئەزموونەی پێشوودا دەبیندرێ کە هەژار وەک یەکێک لە کۆڵەکە مەزنەکانی ئەدەبی کوردی لە هەموو بوارێکەوە بناسێنێ و سنوورێک لە نێوان شیعر و پەخشانی دانانێ و لە لایەکی دیکەوە هەر لە یەک رۆچنەشەوە سەراپای ئەزموونە شیعرییەکانی ئەو شاعیرە دەبینێ و دابەشکاری‌یەکی بۆ ئەزموونی شیعری هەژار نییە.

لە پەنا ئەوانە دیارە کاری دیکە و حەولی دیش بۆ باس و خواس لە سەر کاری هەژار هەبووە و ئێستاش هەیە. کۆی ئەو کارانە و رەنگە زۆر بۆچوونی رێ‌تێچوو و نامومکینی دیکەش لە سەر بەرهەمی ئەو بێتە بەرباس و هەر هەمووشیان لە بارێکەوە ئاسایی بنوێنن؛ ئەویش کەسایەتی و قەڵەمی هەژارە. هەر دووی ئەو پاژانە نە باسکردنیان بە ساکاری دەلوێ و نە دەتوانین بە بەستنەوەیان لە جەغزێکی تایبەت و بەرتەسک‌دا، بە ئامانجێکی راست لە بواری ساغ کردنەوەی سیمای ئەدەبی کوردی رۆژهەڵات بگەین.

هەژار وەک کەسایەتی لە چەند بزووتنەوەی دیاری سیاسی‌دا رۆڵی هەبووە و خاوەن قسە و بڕیاڕی تایبەت بە خۆی بووە؛ جا چ رەخنەگرانی، ئاراستەی سیاسی ئەویان بە دڵ بێ و چ پێی قایل نەبن، ئەو رۆڵە ناتوانن بخەنە پشت گوێ. ئاساییشە کەسێک کە بەو شێوە بەرینە دەکەوێتە گۆڕەپانی چالاکی سیاسی لە پێناو ویست و ئامانجی بزووتنەوەیەک دا، بێگومان بیر و رێبازی ئەو بزووتنەوەیە له بەرهەمی ئەدەبی ئەودا و بە تایبەت لە دەقی شیعری‌دا؛ کە ئاوێتەی هەست و ئەزموون کردنەوەی زمانیی رووداوەکانی دەوروبەر و جیهانە، کاریگەرییان لە سەری دەبێ. ئەو دیاردەیە بە دوو چەشن شیعری هەژاری خستووەتە ژێر نسێی خۆیەوە:

ئەلف: رێبازێکی سەرەکی و گوتاری کەڵە کە بە گوتاری نەتەوەیی دەناسرێ، بۆ زۆر یەک لە بیرمەند و نووسەرانی سەدەی نۆزدە و بیست لە دونیادا، بناخەیەکی بیریی پێک هێنا، کە ئاکامەکەی تیۆری‌یە ناسیۆنالیستی‌یەکان لە ئاستی بیری سیاسی و هەروەها چەشنێک بە خۆداچوونەوەی نەتەوەیی لە بەرانبەر نەیاران، دژبەران و بەدخوازان...ی گەلانی بن دەست بوو.

لە روانگە جوداکانی کە بۆ ناسیۆنالیسم خراونەتە روو، ناسراوترینی کە بۆ باسی ئەو نووسینەی بەردەست دەست دەدا، روانگەی پێناسەی ناسیۆنالیسیم بە پێی فەرهەنگە. بیرهێنانەوەی نەتەوە لە واتای زمان و فەرهەنگدا، زیاتر لە بەرهەمی بیرمەندانی وەک "هیردێر"،"نۆوالیس"،"شلایر ماخێر" و "فیشتە"وە سەری هەڵدا. ئەوانە پێیان وابوو هەر نەتەوەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەو تایبەتمەندی‌یەش پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ زمانی هاوبەشی ئەو نەتەوەیە هەیە. چون زمانیش هەڵگری نەریت و هەست و نوماد و پێوەندیی سۆزدارانە و ئوستوورە و ...ەیە، کەواتە هاوبەش بوون لە زمانی خۆماڵی‌دا، هاوبەش بوونە لە کولتووردا. وەکی شڵایر ماخێر دەڵێ: هەر زمانێک بەرانبەرە لەگەڵ شێوە بیرێکی تایبەت و ئەوەی بە زمانێک بیری لێدەکرێتەوە قەت وانییە هەر ئەو ئەزموونە بە زمانێکی دیکە دووپات بکرێتەوە و ...(فولادوند: ١٣٧٧) ئەو شیوە بۆچوونە لە نێو زۆربەی شاعیر و نووسەرانی گەلانی بن دەست دا وەبرەو کەوت و زۆر دەق بەو ئاراستە فکرییەوە خوڵقان. ئەو بەشە لە ئەدەب دەق گەلێکی لێ بە دی دێ، کە جودا لە ویستی حیزب و لایەنێکی تایبەت، بیرێکی بەرین‌تر دەبێتە هەوێنی بەرهەمی ئەدەبی، جا ئەو بیرە ئەگەر لە ئاستێکی ئاسایی‌دا خۆ بنوێنێ و سنوور نەبەزێنێ، لە پێناو هاوسەنگ کردنەوەی ناهاوسەنگییەکانی کۆمەڵگای ناوچەیی و جیهانی بە نیسبەت کێشەی بەرباسی شاعیرە، ئەوەش دەقی بەرز و ئینسانی و جوانی لێدەکەوێتەوە کە حەولی هەڵكێشانی بیر و زمانی نەتەوەی بن دەست تا ئاستی نەتەوە و گەلانی تر دەدا و بە هیچ جۆرێک ناکەوێتە داوی راسیسم و نەتەوە پەرستییەوە. زۆر دەقی لەو چەشنە لە ئەدەبی گەلانی جیهان‌دا هەن. لە لایەکی دیکەوە زۆر دەقی واش هەن کە بە گوتەی "گایاتری ئیسپیواک" نووسەرەکانیان کەوتوونە داوی "رەگەز پەرستی بەرئاوەژوو"(١٣٨٨) و شایانی پاساو نین.

لەو ئاستەدا ئەگەر چاوێک بە دەقە شیعری‌یەکانی هەژاردا بخشێنین، بەشێکی شیعرەکانی خاوەن ئەو تایبەتمەندییەن. ئەگەرچی هەموو ئەو دەقانەی هەژار بەو بارەدا خوڵقاندوونی زیاتر دەق گەلێکی هاوسەنگی خوازن نەک هێرش‌کار و وێران‌کەر. بۆ نموونە ئاماژە بە زۆر شیعری وەک:

"نامرادێک"(هەژار:١٣) کە لەو شیعرەدا تەنیا واتای "سەربەستی" گەورەترین کێشەی زەینی شاعیرە و داوای لەبەردەنگیشی "راگەیاندنی هەواڵێ سەربەستی"یە نەک هیچی تر. واتە نیشان‌دانی دۆخێکی نالەبار و ئاواتەخوازیی بۆ هاوسەنگ بوونەوە و خۆ دیتنەوە لە دۆخی گەلانی سەربەست.

ب: بەشێکی دی لەو چەشنە دەقەی کە بیرێکی سیاسی و بزووتنەوەیەک کاریگەرییان لەسەری دەبێ، ئەو دەقانەن کە نەک بیری سیاسی کەسی داهێنەر، بەڵکوو ویستی سیاسی لایەنێکی تایبەت و بەرژەوەندی ئەو لایه‌نە دەبێتە هانە و هەوێنی دەقی شیعری.

لە بارودۆخێکی ئاوادا هەموو ئەو خەسارانەی دەتوانێ کێشەکانی لایەنێک له گەڵ نەیارانی بەسەری بێنێ، لە دەقی شیعری‌دا رەنگ دەدەنەوە. بۆیە دەقی شیعری تا ئاستی بەیانییەی سیاسی و هەڵوێستی حیزبی دادەبەزێ و جاری واشە دەیکاتە گۆڕەپانێک بۆ وەدەرنانی لایەنی رەقیب لە بواری بیر و کردەوەی سیاسی.

هەر وەک دەزانین هیچ کایەیەکی سیاسی لە نێوان لایەنەکان تاهەتایی نییە، کایەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی دەکرێن. کە بەرژەوەندی دابین بوو کایە کۆتایی پێدێ، واتە کایە و شەڕی سیاسی زەمانمەندە و لەگەڵ تێپەڕینی کات کۆتایی پێدێ. ئەو دەقانەش کە لە ئاکامی کایەیەکی وادا بەرهەم دێن، بێ گومان کاتیان بە سەردەچێ و وەک کەرەسەی هونەری نا، بەڵکوو وەک دەقی سیاسی و هەڵوێستی حیزبیش بایەخی خۆیان بە زەمان دەدۆڕێنن.

هەر لە دیوانی هەژار دا بەشێکی زۆر دەقی وا دەبینین کە لە ئێستادا ئەو دۆخەیان بەسەرهاتووە و خۆیان بە دەست تێپەڕینی کاتەوە داوە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە زۆر دەقی وەک: کوێخای بەکرە جۆ(هەژار:172) چەند دەمەتەقە بە ناوی "دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر (هەژار:184-185-196-197) و زۆر بەرهەمی دیکەش کە نیشاندەری هەڵوێستی سیاسی حیزبێک بۆ رێبەرانی حیزبی رەقیبە، بکەین.

بەڵام بابەتی جیگای سەرنج ئەوەیە نە ئەوانە هەموو شیعرەکانی هەژارن و نە خودی هەژار وەک دەقی شیعری بۆ ئەو بەرهەمانەی روانیوە. ئەو خۆی بە چەشنێکی دیکە باسی ئەو دەقە شێعرییانەی دەکا کە لە پێناو سۆڤیەتخوازی و بیری کۆمۆنیزم نووسیویەتی و دواتر ئاوای پاساو بۆ دێنێتەوە.

"ئەگەر بە ستالینم هەڵدەگوت، لام وابوو کوردستان ئازاد دەکا، ئەگەر بە گژ هێندێک شیوعی عێڕاقی دادەچووم، پێم وابوو زیانیان بۆ کورد و کوردستان هەیە و ..."( هەژار: نۆزدە) واتە ئەو دەقانە پاش نەمانی "ستالین" و ئاشکرابوونی دیکتاتۆر و سەرکوتگەر بوونی و زۆر رووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی دی، هەم لە جیهان و هەم لە کوردستان، وەک چۆن ئەو بیر و روانینە سیاسییە باوی نەماوە و مەگەر بۆ کەسێک کە باسیکی کۆمەڵ‌ناسانە لەسەر ئەدەبیات دەکا، دەنا زۆر کەم باسیان دەکرێ. کەچی شیعرەکانی وەک "بەرەو موکریان"،(هەژار:١٥١-١١٤) "فرمێسکی هەژارێک"،(هەژار:59) "بەزمی بەهار" ،(هەژار:199) "دووبەیتییەکانی"، بەردەوام بە هۆی بەرز بوونی باری ئەدەبی‌یان و بێ‌سنور بونیان لە باری واتایی‌یەوە تا ئێستاش دووپات دەبنەوە، چون ژان و ئەوینی ئینسان دەردەخەن و ئەو ژان و دەردانە پاش تێپەڕبوون لە پارزۆنگی زەینی شاعیرانەی هەژارەوە، بوونەتە بەرهەمەێکی زمانی و هەر خوێنەرێک بەشی خۆی جوانی لێ هەڵدەکڕێنێ. تەنانەت زۆر شیعری سیاسی وەک چیرۆکە شیعری "رۆژێکم هەیە"(هەژار:77-84) کە لە دوو تابڵۆ و چاردە بەش پێکهاتووە و بەسەرهاتێکی مێژوویی کورد دەگێڕێتەوە، بێبەری لە جوانکاری‌یە ئەدەبی‌یەکان نییە و تەنانەت لە فۆڕمی گێڕانەوەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە.

بەڵام رادەی ئەو بەرهەمە شێعری‌یانە لە "بۆ کوردستان"‌دا، لەبەراوەرد لەگەڵ باقی شیعرەکانی کەمترن. هەژار بۆخۆشی جوداوازی نێوان ئەو بەشە لە بەرهەمە شیعرییەکانی لەگەڵ دەقی وەک "بەره‌و موکریان" و "دووبەیتی‌"یەکانی خۆی بەباشی زانیوە، بەڵام رەخنەگرانی هەژار کە دەقی ئەو دەخوێننەوە یان هەموو بەرهەمەکانی بە بێ‌خەسار وەردەگرن و بەو شێوەیە زوڵم لە دەقە بەهێز و ئەدەبی‌یەکانی دەکەن، یان بەر لەهەموو شتێک، ئاماژە بۆ ئەو دەقانە دەکەن کە کێشەیان لەسەرە. دواتر هەر بە پێی ئاکامێک کە لەو باسەوە دەستیان دەکەوێ، بڕیارێک بە سەر هەموو بەرهەمی شیعری هەژاردا دەردەکەن.

چەند نموونە خوێندنەوەش بۆ کاری هەژار کراوە کە دیسان بۆ روون بوونەوەی باس لە سەر بەرهەمی ئەو شاعیرە پێویستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە بەرهەم و نووسینی ئەو بە بەربەست بۆ نوێ بوونەوەی بیری ئەدەبی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن. ئەگەرچی هەژار خۆی قەت ئەو بابەتەی نەخستووەتە روو کە نوێخواز بووە یان دژی نوێ‌خوازی، بەڵام من پێم وایە بە پێی ئەو وتوێژە ناسراوەی کە تێیدا لە باسی "شێرکۆ بێکەس" و عەبدوڵلا پەشێو"دا وڵام دەداتەوە من ئەگەر خەڵاتم دابا، لە جیاتی شیرکۆ خەڵاتم بە پەشێوم دەبەخشی،(کیهانفرهنگی:١٣٦٧) دیارە ئاستی تێگەیشتنی ئەو لە نوێبونەوەی دەق تا ئەو رادەیەیە کە پێوەندییەکی لەگەڵ سامانی ئەدەبی پێشوو هێشتبێتەوە. بۆ وێنە لە نمونەی باس کراودا دەتوانین ئەو پێوەندییە لە بوونی کێش و سەروا لە بەرهەمی پەشێودا ببینینەوە، کە توانیوێتی تا رادەیەک زەوقی ئەدەبی هەژار بورووژێنێ، بەڵام جودا لەو باسەش بەرهەمی هەژار یەکێک لەبەرهەمە شیعرییەکانی سەر بە ئەدەبی کلاسیکی کوردی‌یە. واتە باس لە شیعری هەژار نە پێداگری لەسەر نەریتخوازی و بەربەرەکانی نوێ‌خوازییە و نە شی‌کردنەوەی بەرهەمێکی لەباری فۆڕمی‌یەوە جوداواز لەگەڵ رابردوو، بەڵکوو خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیرێکە لە شاعیرانی "قوتابخانەی موکریان" و ئاوڕدانەوەیە لە یەکێک دوایین شاعیرانی وەفادار بە شیعری کلاسیکی کوردی، بەهەموو خەسار و توانایییەکانی کە لە ناخی دا هەیە.

واتە باس لە شیعری هەژار وەک باس لە شیعری باقی شاعیرانی کلاسیک، هەم تا رادەیەک ناسیاوی لەگەڵ کۆی ئەو زانستە ئەدەبییە دەوێ کە شیعری کلاسیکی پێ دەخوێندێتەوە و هەم هەر لەو چوارچێوەیەش دا، هەژار بەشێک لە توانایییەکانی چەند قالبی وەک "مەسنەوی"،"قەتعە" و "دووبەیتی" تاقی کردەوە کە بەر لەو یا کەم تاقی کراوەنەتەوە یا بۆ دەربڕینی ئەو ناوەرۆکە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە. باس لەو لایەنانه‌ی شیعری هەژار لە پەنای رەخنە له بەرهەمە مەبەست‌دارە سیاسی‌یەکانی لە بواری شیعردا، سیمای راستەقینەی شیعری ئەومان بۆ دەردەخا، نەک پێداگری لە سەر یەکێک لە لایەنەکان و لە بیر بردنەوەی توانایی و خەساری لایەنەکانی دیکەی شیعری ئەو شاعیرەی ژیانی لە پێناو زمانی کوردی دا، بە بادادا...

نموونەی ناسراوی وەرگێڕانی شیعر لە زمانێکی بیانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕانی "چوارینەکانی خەییام"ە. ئەو بەرهەمە تا ئەو رادەیە بەهێز و چێژ بوو کە زۆر دەمەقاڵە و باس و خواسی ساز کرد و تەنانەت زۆر کەس بە بەرهەمی خودی هەژاریان زانیوە و پێیان وایە بە پێی ویستی خۆی کەشی هەندێک لە چوارینەکانی گۆڕیوە و راڤەی کردوون و راڤەی خۆی وەرگێڕاوەتە سەر قالبی چوارینە. تاقمێکیش پێیان شاکار و کاری بێ وێنە بووە و دەستی هەژاریان لە باسکی خەییام بە بێ هێزتر نەزانیوە. ئەو بۆچوونانە و زۆر بۆچوونی دی لەسەر بەرهەمەکانی نیشان‌دەری ئەوەیە که‌ ئەو بە وەرگێڕانی چەند چوارینە توانی بۆ ماوەی چوار دەیە بەردەنگ و خوێنەری کورد بە خۆی و شیعری خەییامەوە سەرقاڵ کا و قەت واش نەبووە رابردنی زەمان لە چێژی قەڵەمی هەژاری کەم کردبێتەوە. واتە هەژار هونەرمەندانە و مامۆستایانە دەستی کردووە بە وەرگێڕان و نەهاتووە مل لەبەر ملی دەقێکی ئەدەبی بنێ و یەک بین تا تەوای نەکا دەستی لێ نەکێشێتەوە، بەڵکوو بە پشوو درێژی و بە پێی زەوقی خۆی وەریگێڕاون.

لە لایەکی دیکەوە "پیرە هەڵۆ"ی هەژار ئەگەرچی پێکهاتەی چیرۆکەکەی لە ئەدەبی گەلان وەرگیراوە، بەڵام لە داڕشتنەوەی دووبارەی لە زمان و خەیاڵی هەژاردا، هەم تێم و فەزای شیعرەکە ئاڵ‌وگۆڕی بەسەرداهاتووە و هەم لایەنی ئەدەبییەتی ئەو دەقە بە پێی ئەو پێناسەی فۆڕمالیستەکان بۆ ئەدەبییەتی دەخەنە روو، لە ئاستێکی بەرزدایە. هەژار لە وەرگێرانی شیعر دا بە هۆی ئەوەی خۆشی ئەو کاتانەی ویستوویەتی هەستی خۆی لە رێی شیعرەوە بۆ بابەتە گرینگ و هەست بزوێنەکانی وەک جوانی و خۆشەویستی دەرببڕێ، دەستێکی باڵا و هەستێکی بەهێزی بووە، سەرکەوتووانە لە هەرێمی شیعر دا دەرکەوتووە. ئەو ئاماژانەی بە بەهێزیی پەخشانی هەژار لە بەرانبەر شیعری دا دەکرێ، زیاتر لەسەر ئەو کۆمەڵە دەقە سوورن کە دەربڕی بیر و ئیدئۆلۆژی‌یەکی سیاسی تایبەتن و لەوێ دا مامۆستا هەژار تەنیا ویستوویەتی وەک راگەیەنەیەک لە قالبی شیعر کەڵک وەربگرێ و بەو چەکەوە بەربەرەکانی نەیارانی نەتەوە و ناهاوبیرانی سیاسی خۆی بکا. بەڵام هەر ئەو تایبەتمەندی‌یە بۆ زۆر دەقی وەک "بەرەو موکریان" کە خۆی هەم لە تەکنیک و هەم لە واتاپەروەی دا بەرهەمێکی سەربەخۆیە، راست دەرناچێ. چون لە بەره‌و موکریان دا هەم جوانکاری‌یە ئەدەبی‌یەکان و هەم هەست و دەربڕینی سۆزدارانە لەو پەڕی خۆی دایە و کاریگەری‌یەکی بەقەوەت لەسەر بەردەنگ دادەنێین. هەر ئەو کاریگەری‌یە لە شیعر گەلی وەک  "لەسەر چۆمی راین"یش کە گەڕانەوەیەکە لە غوربەتەوە بۆ نیشتمان و شیعرێکە پر لە  "نۆستالێژیای شوێن" بە باشی دەردەکەوێ.  شیعری وەک "بەزمی بەهار"یش ئەگەرچی روانینێکی تەواو جودایە لە شیعردا بۆ بەهار بەڵام زمان و هەستی شاعیرانە تێیدا زۆر بەرزە. (هەژار:١٩٩)ئەوانە ئەگەر تەنیا لایەنێکی کاری هەژارن، لایەنی دیکەی درەوشاوە لە کار و بەرهەمی هەژار دا وەرگێڕانەکانین کە بە مەبەست ئاوڕێکیان لێ دەدینەوە.

هەژار لە وەرگێڕانی هەموو ئەو دەقانەی کردوونییە کوردی، مەبەستی تایبەت و بەرنامەیەکی وردی بووە. واتە ئەگەر کەسانی بەتوانا لە وەرگێڕان دا؛ بۆ وێنە کەسیکی وەک "موحەمەد قازی" لە  "بیرەوەری‌یەکانی وەرگیڕێک"دا دەڵێ بە پێشنیاری کەسانی دی و زۆر جار ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و ... دەستی داوەتە وەرگێڕانی دەقەکان، هەژار رێک بە پێچەوانە، رێیەکی دیکەی گرتووەتە بەر. هەڵبەت ئەوە بە واتای ئەوە نییە کاری قازی لە باری ئاستی ئەدەبی و زمانی‌یەوە کەم نرخ بن، بەڵکوو هەمووان دەزانین و وەکی لە کتێبی "گەرووی وەرگێڕان"ەوە دەردەکەوێ، قازی لە بواری وەرگێڕان دا بلیمەتێکی کەم وێنە بووە و ئەوی دەستیی داوەتێ رووحی وەبەر هێناوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە هەژار بۆ مەبەستێکی زۆر مەزن‌تر لە خستنە گەڕی کاری ناشر و بەردەنگی ئەدەبی و ... دەستی داوەتە کاری وەرگێڕان؛ ئەو مەبەست و نیازە گەورەیەش ئەوینی شوناس و بەهێز کردنی شوناسی نەتەوەیی، لە رێگای بەهێز کردنی چەند فاکتەری کاریگەری شوناس سازەوەیە. بۆ وێنە وەرگیڕانی هەژار لە بواری مێژوو دا و یەک لەوان "مێژووی ئەردەڵان" و  "شەڕەفنامە"ی شەڕەف‌خانی بەدلیسی و هەموو ئەو کارانەی لە بواری مێژوودان، هەم زمانی کوردی لە ئاستێکەوە بەرەو ئاستێکی دیکە برد و هەم بەشێک لە مێژووی کوردی بە زمانی نەتەوەیی پێ گێڕاوە. نووسینی فەرهەنگی کوردیش واتە  "هەنبانە بۆرینە" حەولێک بوو بۆ بووژاندنەوە و کۆکردنەوەی خەرمانی وشەی کوردی. وەکی خۆی لە پێشەکی هەنبانە بۆرینە دا دەڵێ: ئەم کتێبەی ئەو لەو بوارەدا لە کارە سەرەتایی‌یەکانە و بێ‌گۆمان کەم‌وکووڕی دەبێ و پێویستە کەسانی دیش قۆڵی لێ هەڵماڵن و سواڵەی تر وەسەر یەک نین و خەرمانی زمانی کوردی پێ دەوڵه‌مەندتر کەن. هەموو ئەو حەولانە هەستیار بوونی هەژار بە نیسبەت زمان و مێژوو و ئەفسانە و کەلەپووری کوردی دەردەخەن، ئەوانەش هەموویان لە فاکتەرە گرینگە شوناس سازەکانن و هەژار ئاگایانە و زانایانە حەولی بۆ داوە و تێشی دا سەرکەتووە بووە. ئەو بەش بە حاڵی خۆی ریزێکی دیکەی وە سەر شوورەی گێڕانەوەی مێژووی کورد نا. گوڵێکی دیکەی خستە سەر خەرمانی وەرگێڕانی شیعر، زمانی کوردی بردە هەرێمە پیرۆزەکان و دەقی ئاسمانی پێ وەرگێڕا و هەموو راوێژ و چیرۆک و زاراوە ئایینی‌یەکانی پێ ناساند و ئەوەی دەرخست کە دەکرێ بەو زمانەش سنوورەکانی دیکەی گێڕانەوە و نووسین تاقی بکرێتەوە.

بێ‌شک ئەو نووسینە تەنیا بیر هێنانەوەیەکی قەڵەمیکی کەڵەگەت لە مێژووی کورددایە و ئاوڕێکی خێرایە لە بەرهەمه‌کانی و دوان و شیکاری هەر کام لەو بابەت و بەرهەمانە دەرفەتی هەراوی دەوێ...

بە بەراوەرد لەگەڵ سەردەمی هەژار و دۆخی ئێستا دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا ئێمە لە دۆخی وەرگێڕانی کوردی دا دەیبینین، زۆر ئاماژەی مەترسی‌داری تێدایە. وەرگێڕەکانی کورد کەم‌تریان بەر لە هەموو شتێک بە سەر زمانی کوردی دا زاڵن و کەلێن و کولێنی زمان دەناسن و دەزانن و شارەزای قووڵایی زمانی کوردین. بەڵکوو بە پێی دەقەکانی خۆیان زانیاری‌یان ئاستێکی رواڵەتی و تەنکی هەیە و ئەو زانیاری‌یە ئەدەبی و زمانی‌یەی ئەوان لە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی لە زمان و ئەدەب تێناپەڕێ. تاقمێکێش جودا لەوە، زمانی دووهەمیش نازانن و تەنیا ئاگاداری‌یەکی ناپوختیان لێی هەیە و بۆ وەرگێڕان پەنا بۆ فەرهەنگە فارسی و کوردی‌یەکان دەبەن. لێرەش دا تووشی کێشە دەبن، چون یەکەم مانایەک کە فەرهەنگ گرتوویەتی دەکەنە واتای وشەیەکی که لە دەقەکەیان دا بۆی دەگەڕێن و زۆر جار ئەو واتایە فڕی بەسەر واتای ئەو دەقەوە نییە کە وەرگێڕدراوە. ئەگەر نموونەیەک بێنمەوە دەتوانم ئاماژە بە واتای  "پروانە" بکەم لە شیعرێکی  "سوهراب سپێهری" دا کە وەرگێڕێکی بەڕێز لە گۆڤاری  "رامان" دا بە  "گوێ رەشی" وەرگێڕاوە. ئەو وەرگیڕە بێ ئەوەی شیعری سوهرابی ناسیبێ و زمانی فارسی زانیبێ و ... دەستی داوەتە فەرهەنگی دێهخودا و ژێر نێرتکی  "پروانە"ی خوێندوەتەوە: (رەزایی:١٩٩٩)

پروانه . [پ َرْ ن َ / ن ِ ] (اِ) حیوانی گوشت‌خوار شبیه به یوز که در شمال آفریقا زید و گویند که پیشاپیش شیر رود و آواز کند تا جانوران آواز او شنیده خود را بر کنار کشند و شیر را با او الفتی عظیم است و پس مانده صید شیر خورد. فرانق . فرانک . فرانه . سیاه گوش . برید. قره قولاخ

دواتر هەر گوێی نەداوەتە ئەو واتایانەی دیکەی بۆ  "پەروانە" هاتوون و فەرهەنگەکه گرتوونی. کەچی هەر راست  "سوهراب" مەبەستی ئەوان بووە و په‌روانە لەو مانایە دا تەنانەت بۆ خودی فارسەکانیش نامۆیە.

لە دۆخێکی ئاوەها دا؛ بیر لەو دەقانە دەکەمەوە سەردەمێک ئێمە مانان گوێمان داونەتێ و خوێندوومانەتەوە. لە وەرگێڕانی شیعر و چیرۆک و ...دا. ئەو دەقانە کەم بوون. دەست نەدەکەوتن و ... بەڵام چێژ بەخش بوون و تا ئێستاش نموونەی بەرزی وەرگێڕانن و بوونەتە بەشێک لە راوێژی ئەدەبی کوردی. وەکی کوتم وەرگێڕانەکانی هەژار و شیعری هێمن و شیرکۆ و رەفیق و  زۆر کەسی دیکەش لەو کۆمەڵە دەقەن.

ئاوڕ دانەوە لەو دەقانە زانیاریمان لەسەر شێوەکانی کار بە زمانی کوردی و ئەو ئیمکانەی بۆ ئەو زمانە نەبوون و بەدیهاتوون زیادتر دەکا، زمانی نووسین دەکاتە خاوەن پاڵپشت و زۆر شتی دیکەش کە بە جودا دەبێ بە هێنانەوەی نموونەی دەق باسیان لەسەر بکرێ. لەسەر ئەو بنەمایە بەرەی نوێ بناخەی بینای دیکە دادەنێن و فۆڕم و زمانی دەربڕینی دیکە تاقی دەکەنەوە. ناسینێک لە پێناو بە‌هێز کردنی زمان و بیر و داهێنانی نوێ...دا.

 سەرچاوە:

-          هەژار(1392) بۆ کوردستان، سنە: پەخشانگەی هەژار

-          فولادوند، عزت الله، (1377) خرد در سیاست، تهران: طرح نو

-          کیهان فرهنگی(1367)مصاحبه استاد عبدالرحمان شرفکندی(هه‌ژار) با کیهان فرهنگی، مرداد ، شماره 53

-          رەزایی،یوونس(١٩٩٩) لە پرسەی وشە شەهیدەکان دا، گۆڤاری رامان ژمارەی