تاریخ: ۱۳۹۷/۱/۲۵
"حیماسەی شەڕەف" ـ لاپەڕەیەک لە مێژوویی مەهاباد
موحیب مەهابادی

بە هەر گەڕەک و گۆشەی شاری سەربەرزی مەهاباد دا تێپەر دەبی شاهیدی حیماسە و چیرۆکێکی قارەمانانە و شانازییەکی مێژوویی، بۆ نموونە له بەرانبەری دادگای قەدیمی شار له کۆڵانی وێنەتان دا کە هەڵدەکشی بۆ لای سەرێ یانی کە دەتهەوێ بچیەوە سەر کۆڵانی قادری، تووشی زەوییەکی خاڵی و چەن لەتکە دیواری قەدیمی دەبی کە سەردەمێک ماڵی دووبرای بە شەڕەف و کوردی ڕاستەقینە و بە نامووس بوون بەناوی "حەمەگوڕێ و مەلا وسوو" کە هەردوو هونەرمەند، دەنگ خۆش و ژەنیار بوون، ئەوکات سەرای حاکیمی شاری کە ناوی تەقی خانی ڕەشیدولمولک بووە هەر لەو گەڕەکە له لای ئیدارەی دوخانیاتی هێستا بووە و هەموو ڕۆژی بە لای ماڵی ئەو دووبرایه دا هاتووچووی کردووە و خێزانی مەلا وسوو کە خاتوونێکی بە ناوبانگ بووە بۆ جوانی و نەجیبی، گۆیا ڕۆژێک لەبەر دەرگا دەبێ و چاوی حاکیمی شار بەو خانمە دەکەوێ و بە دیدارێکی تەقی خان تەماحی تێدەکا و لێرە ڕا ڕووداوی ئەسڵی دەس پێدەکا و حاکیم کە دەگاتەوە سەرای خۆی زوو کەس دەنێرێ کە بە خێزانی مەلا وسوو ڕابگەیێنن کە سپێنێ بەیانی دەیهەوێ میوانیان بێ و ئەو خاتوونەش کە له نییەتی حاکیمی شار حاڵییه بە مەلا وسووی مێردی و حەمەگڕۆی هێوەرێ ڕادەگەیێنێ و سپێنێ کە حاکیم دێ و لەگەڵ دو نیگهبانی میوان دەبێ لێیان، ئەو دووبرایه کە دەبینن بەڕاستی بە جۆڕێکی ناحەز چاو له نامووسیان دەکا، هەڵدەستن و زۆر بە چاکی له حاکیم و وان دەدەن و شل و کوتیان دەکەن و بە وەزعێکی شڕ و دڕ دیاننێرنەوە بۆ سەرای حکوومەتی، بەڵام بەداخەوە دوایە حاکیم بە چەن چەکدار دیسان هێرش دەبەنەوە سەر ئەو ماڵە و حەمەگڕوێ و مەلا وسوو زۆر پیاوانە بەرگری دەکەن و لەو ئاگربارانە دا خێزانی مەلا وسوو تیری وێ دەکەوێ و شەهید دەبێ و له دوایی دا کە هێزی حاکیمی غەددار دەبینن دەرەقەتی وان نایەن، بە نامەردی ماڵیان ئاور تێبەردەدەن و له ئاخر دا هەر دوو برای بە نامووس شەهید دەکەن و حیماسەیەکی دیکەی شەڕەفی کوردەواری له مێژووی کوردستاندا له نزیک شەڕی یەکەمی جیهانی له شاری سەربەرزی مەهاباد تۆمار دەبێ و ئەو ساڵه پڕ له شانازییە له نێو پیرەکانی سابڵاغی دا بە ساڵی"حەمە گڕوێ و مەلا وسوو" مەشهووره، کە دەبێتە ساڵی ۱۹۱۷ی زایینی و ۱۲۹۶ی هەتاوی و لەو وێنانەی گرتوومن له جێگای شەهید بوون و ماڵی ئەو دوو قارەمانە دەبینن کە چەن بە جوانی لاله شین بووە و دڵێی له خوێنی وانە هێستا ڕەنگیان گرتووە ئەو گوڵە ئاڵانە، ڕووحی بەرزیان شاد و یادیان پیرۆز، شەهید نەمرن.