تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۲۲
هه‌ولێر ۸۵۳ دەستگیرکراوەی شەڕی داعشی ڕاده‌ستی به‌غدا کرد
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هاژە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەستیکردووە بە ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی شەڕی داعش، بە حکومەتی ناوەندی عێراق.
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا ئاماری ئەو گیراوانەی ئاشکراکرد و ئاماژەى بەوە کرد تائێستا ٨٥٣ کەس ڕادەستی بەغدا کراون.
دیندار زێباری دەڵێت: گیراوەکان بە بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر و بە چەند قۆناغێک ڕادەستی بەغدا کراون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتی ڕادەستکردنیان بکات.
بەپێی ئامارەکان، ٢٧٧ بەندکراو بەپێی ماددەى سێیەمی تیرۆر ڕەوانەى دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا کراون، ئەویش بە چەند قۆناغێک بووە و لە هەر قۆناغێکدا ٥٠ تا ٥٥ بەندکراو بوون.
هەروەها ٥٧٦ بەندکراو لە ڕێگاى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە پێنج قۆناغ ڕەوانەى دادگاى لێکۆڵینەوەى ڕەسافەی بەغدا کراون، کە لە هەر قۆناغێکدا ١٠٠ تا ١٢٠ بەندکراو ڕەوانەکراون.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشدا، ٣٢٨ بەندکراوى تر لەلایەن دادگاوە بڕیارى لەسەردراوە کە ڕەوانە بکرێن بۆ دادگاى لێکۆڵینەوەى ڕەسافەی بەغدا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتیشی: بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە ماوەی ٢٠١٤-٢٠١٦ دوو هەزار و ٦٥٢ کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی هه‌رێمی کوردستان دەستگیرکراون.
لەو ژمارەیەش هەزار و ١٠٠ کەسیان تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغبووەتەوە بە بەڵگەوە و سزادراون و حوکمەکەشیان بریتیبووە لە زیندانی لە نێوان سێ ساڵ تا زیندانی هەتاهەتایی هەروەها  ٨٧٠ کەسیشیان بێتاوان دەرچوون و ئازادکران و ٦٨٢ شیان تا ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.
سەبارەت بەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەستگیرکراون دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو، لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا ٧٠٩ ئەندامی داعش یان گومانلێکراو دەستگیرکراون یان خۆیان ڕادەستکردووە کە لەو ژمارەیەش ٢٧٩ یان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە یان بە بڕیاری دادگای تاوانەکان ئازادکراون، هەروەها  ٢٧ بەندکراو لەلایەن دادگاوە حوکمدراون بە زیندانیکردن بە سزای جۆراوجۆر.
دیندار زێباری دەشڵێت: ١٥٦ بەندکراو ئێستا لە دادگای تاوانەکانن و چاوەڕوانی بڕیاری دادگان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان لە داهاتوودا و ٢٤٧ بەندکراویش ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدا ماون لە دادگای لێکۆڵینەوە لە داهاتوودا چارەنووسیان یەکلایی دەکرێتەوە.
قادر ڕەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند: ڕادەستکردنەوەی دیلەکانی داعش، یەکێکە لە مەرجەکانی بەغدا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تووشی ئەو شکستە هات.
سەرچاوە: مێهر