یوونس ره‌زایی
زمان به واتا گشتییه‌که‌ی بریتییه له هه‌ر چه‌شنه قهراروبڕێیهک که په‌یامێک ده‌باته ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه، ئه‌وه‌ش له نیشانه‌کانی وه‌ک ده‌نگ و ره‌نگ و تابڵۆ و وێنه‌وه بگره تا دوایی ده‌گرێته‌وه. له واتای زانستیی زمانناسیدا بریتییه له کۆمه‌ڵه یاسایه‌کی ده‌نگی، واتایی و رێزمانی که به یارمه‌تی کۆمه‌ڵه واژه‌یه‌ک ده‌توانێ کۆمه‌ڵێکی له‌بڕان نه‌هاتووی رسته‌ی پێ ساز کرێ. ئه‌و رستانه‌ش که له رێگای سیسته‌می دوانی مرۆڤه‌وه به‌رهه‌م دێن ده‌بنه هۆی پێوه‌ندی نێوان تاکه‌کان.(کلباسی: 1386) هه‌ر زمانێک خاوه‌ن رێساکانی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، ئه‌و رێسایانه‌ی که له‌واندا بۆ وێنه دیاری کراوه "کار" و "به‌رکار" و "بکه‌ر" له کوێی رسته‌دا جێ ده‌گرن. "ناو" و "ئاوه‌ڵناو" چۆن که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گێرێ؟ شوێنی "ورده واژه" کوێیه و "ئامرازی پێوه‌ندی" چۆن ده‌کار ده‌کرێ و زۆر شتی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته که به گشتی رێزمانی پێ ده‌گوترێ.(هه‌مان)
له هه‌نگاوی سه‌ره‌تادا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکرێ که پاژی یه‌که‌می باس‌کراو له هه‌موو زمانه‌کاندا هاوبه‌شه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که یاسا و رێسای زمانه‌کان له خۆ ده‌گرێ و له چوارچێوه‌ی زمان‌ناسی زانستیدا باسی لێده‌کرێ، له زمانێکه‌وه بۆ زمانێکی دیکه خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی و دیاره له‌و نێوه‌دا زمانی کوردیش له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بێ به‌ش نییه. واته زمانی کوردی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ وێنه له گه‌ڵ زمانی فارسی نزیکایه‌تی هه‌یه و له باری رێزمانیشهوه ره‌نگه هاوبه‌شێتییان هه‌بێ، له لایه‌کیشه‌وه له‌گه‌ڵ زمانی عه‌ڕه‌بی له ئاستی خواستنه‌وه‌ی وشه و کارێگه‌رێتی له بواری وشه‌وه، زمانی کوردی و ئه‌و ده‌قانه‌ی پێشتر به‌رهه‌م هاتوون و هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی ئه‌و نووسین و به‌رهه‌مه رادیۆیی و ته‌له‌ڤیزیۆنیانه‌ی ئه‌وڕۆی باشووری کوردستان، که‌وتوونه ژیر کارتێکه‌ری ئه‌و زمانه‌وه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ش زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه. دیاره هه‌ر به حوکمی ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی و خاوه‌ن شوناس بوونه‌ش، ده‌بێ یاسا و رێسای تایبه‌تی هه‌بێ و ئه‌و یاسا و رێسایانه له لایه‌ن نووسهرانییهوه ره‌چاو بکرێن. بۆیه‌ش ئاخێوه‌ران ناڵێم؛ چون پێم وایه به‌شێکی زۆری ئاخێوه‌ران به شێوه‌ی سروشتی یاساکان ده‌پارێزن و ئه‌وه‌نده‌ش که تووشی شێوانی زمانی دێن، به‌شێکی هه‌ره‌زۆری له ئاکامی که‌ڵک وه‌رگرتنی هه‌ڵه و ناڕاستی رێسا زمانییه‌کانه له لایه‌ن راگه‌یه‌نه‌کانه‌وه.
ئه‌وه‌ی به ده‌یان جار و له ده‌یان کاناڵه‌وه ئه‌و بابه‌ته خراوه‌ته به‌رباس که شێوه‌ی رسته‌سازی له هه‌واڵ و راپۆرت و به‌رنامه ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌کانی باشووری کوردستان، به‌شێکی زۆری پێڕه‌وی رێساکانی رسته‌سازی زمانی عه‌ڕه‌بییه، یه‌ک له‌و نموونانه‌یه. ئه‌و نموونانه‌ی که به‌شی زۆریان ئێستاکه به پانه‌وه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ و هه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه له لایه‌ن نووسه‌رانیشه‌وه دووپات ده‌کرێته‌وه. چون جاری وایه به هۆی دووپات بوونه‌وه‌ی زۆر و جاری واشه به هۆی تێنه‌گه‌یشتن له واتای دروستی وشه و رسته‌سازی نامۆ و ناڕاسته، که ته‌نانه‌ت له رێسای زمانه سه‌ره‌کییه‌که‌ش لاده‌ده‌ین. نموونه‌یه‌ک وه‌ک ده‌نکێک له خهڵوار دێنمه‌وه. وشه‌ی "نبرد" وشه‌یه‌کی فارسییه و ئه‌و واتایانه‌ی له فه‌رهه‌نگه جوداکاندا بۆ لێدراوه‌ته‌وه :
فه‌رهه‌نگی دێهخودا: نبرد [ ن َ ب َ ] (اِ) کارزار. (فرهنگ اسدی). جنگ. جدال. قتال. (غیاث اللغات). به معنی کوشش و جنگ و جدال و رزم و کارزار ...
فه‌رهه‌نگی موعین: (نَ بَ) [ په .] (اِ.) 1 - جنگ ، کارزار 2 - مسابقه .
فه‌رهه‌نگی عه‌مید: ناورد؛ جنگ؛ رزم؛ کارزار؛ پیکار
له هه‌موو ئه‌و واتایانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که "نبرد" به واتای شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوون و له‌یه‌ک دانی دوو یان چه‌ند که‌س، شه‌ڕ و پێکدادانی مابه‌ین دوو سپا و تا دوایی هاتووه و له هیچ کوێ واتای "ئازا"ی نییه. واته "نبرد"، "ناو"ه نه‌ک "ئاوه‌ڵناو". که‌چی تاقمێک له نووسه‌رانی باشوور و ته‌نانه‌ت چه‌ند نووسه‌ری به‌ناوبانگیشیان، به هۆی نه‌زانینی واتاکه‌ی، له هه‌موو ده‌قه‌کانیاندا، به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه و له شوێنی هه‌ڵه‌دا له‌و وشه‌یه، که‌ڵک وه‌رده‌گرن و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پێکهاته‌ی رێزمانی رسته و پێکهاته‌ی واتاییشی هه‌ڵه ده‌رچێ. ئه‌گه‌رچی راده‌ی ئه‌و وشانه‌ی به واتای ناڕاست و له پێگه‌یه‌کی جودا له پێگه‌ی رێزمانی خۆیان که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیرێ و بوونه‌ته وشه‌ی باوی ناو زمانی نووسین و راگه‌یاندن یه‌کجار زۆرن، به‌ڵام وه‌ک نموونه وشه‌ی "نبرد" له چه‌ند ده‌ق دا ئاوای که‌ڵک لێ وه‌رگیراوه، که هه‌م واتاکه‌ی ناڕاسته و هه‌م به هۆی نه‌زانینی واتای وشه‌که‌وه پێگه‌ی رێزمانییهکهشی گۆڕدراوه. "مامه ریشه ئه‌و پیاو نه‌به‌رد و زیرەکە له سه‌ره‌تاوه بڕوای به مافی گه‌ل هه‌بوو" ، "شێخ مه‌حموود ئه‌و رێبه‌ره نه‌به‌رد و بە توانایە له لایه‌ن داگیرکارانه‌وه دوور خرایه‌وه" ... له هه‌ر دووی ئه‌و نموونانه‌دا مه‌به‌ستی نووسه‌ران ئازایه‌تی مامه ریشه و شێخ مه‌حموود بووه. واته مه‌به‌ستیان؛ مامه ریشه و شێخ مه‌حموود ئه‌و پیاوه ره‌شید و نه‌ترسانه بووه. ئه‌وانه و سه‌دان نموونه‌ی هه‌ڵه و ههڵهتێگهیشنی وا، کارێکیان کردووه نووسه‌ران و شاعیرانی گه‌وره‌ی وه‌ک "دکتۆر عه‌بدوڵلا په‌شێو" و "دکتۆر فه‌رهاد شاکه‌لی" و زۆر که‌سی دی، له باشووری کوردستان دان به‌وه دابنێن که زمان و نووسینی کوردی له‌وێ رێیه‌کی پڕ مه‌ترسی و هه‌ڵه ده‌بڕێ و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن "ئه‌و ره‌وته زمانی کوردی به‌ره‌و مل شکان ده‌با".
هه‌رچی ئێمه بۆ پاراستنی یاسا و رێساکانی زمانی زکماکیمان زیاتر حه‌ول بده‌ین، بێ گومان زمانێکی پاک و ره‌سه‌نتر ده‌گاته ده‌ست به‌ره‌ی داهاتوو. جودا له‌وه‌ش تێگه‌یشتن له مابه‌ین تاکه‌کان و نهسلهکانیش ساناتر ده‌بێ. ئه‌وه‌ی ئێستاکه له مابه‌ین نه‌سلی نوێ‌دا و ته‌نانه‌ت له نێو نووسه‌ره‌کاندا به سه‌ر سێ پیتی "ک" و "چ" و "گ" هاتووه جێگای سه‌رسوڕمان و له‌هه‌مان کاتدا لێوردبوونه‌وه‌یه. له شێعری تاقمێک له شاعیرانی نوێکاردا واتای له‌و باباته ده‌خوێنییه‌وه "خۆشه‌ویستم! له چۆی دونیا بتبینمه‌وه"، له دوان و ئاخافتنی ئاساییشدا ئه‌و رستانه ده‌بیسترێ "خه‌ڵکی چۆی"،"له چۆ بووی؟"،" بۆ نه‌گه‌ڕایه‌وه جیانه‌که‌م" ئه‌وه چه‌ند نموونه‌یه که گێڕانه‌وه‌یان ره‌نگه زیاتر ته‌نز ئاسا بنوێنێ و بزه بخاته سه‌ر لێوی خوێنه‌ر و بیسه‌ر، به‌ڵام وردبوونه‌وه‌یه‌ک ره‌نگه گرێ بخاته نێوچاوانمانه‌وه، هه‌یاران! چۆنه خه‌ریکه کارکردی پیتێک له زۆر وشه‌دا به ده‌ستی خۆمان ده‌گۆڕێن. ئه‌وه به‌شێکی ئاکامی گوێ نه‌داته میراتی زمانی و پابه‌ند نه‌بوون به زمانی زکماکییه و زۆر نموونه و هه‌ڵبه‌ت زۆر هۆکاری دیکه له کاردان که باس کردنیان ده‌رفه‌تێکی هه‌راو ده‌خوازێ.
زمانی زکماکی به‌و زمانه ده‌گوترێ که منداڵ پاش ئه‌وه‌ی له دایک ده‌بێ، له شوێنی هاتنه سه‌ر دونیای ده‌یبیستێ. ورده ورده فێری ده‌بێ و پێی ده‌دوێ. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له دونیادا نابینینه‌وه که لانیکه‌م نه‌یانتوانیبێ له ناو چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌کانی خۆیاندا به زمانی زکماکی خۆیان بدوێن. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی بۆ سڕینه‌وه‌ی شوناسی که‌مه نه‌ته‌وه‌کانی ناو چوارچێوه‌ی جوغڕافیای سیاسی خۆشیان حه‌ولیان داوه، له ئاکامدا ئه‌گه‌رچی توانیویانه به‌شێک له‌و خه‌ڵکه له زمانی دایکیی خۆیان داببڕن و ببنه هۆی ئه‌وه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و هێژمۆن وه‌ربگرن، به‌ڵام له ئاکام دا ئه‌و پڕۆژه‌یه سه‌ری نه‌گرتووه و به‌شێکی زۆر له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له فێرگه‌ی بنه‌ماڵه‌دا زمان فێر بوون و یاسا و رێساکانیان به شێوه‌ی ئاسایی و نایاسایی پاراستووه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه و زمانانه راسته که بۆ خۆشیان که‌ڵکه‌ڵه‌ی پاراستنی زمانی خۆیان هه‌بووبێ و له به‌ربه‌ره‌کانی شوناس و ناسنامه‌دا، خۆیان به ده‌سته‌وه نه‌دابێ. ئه‌گینا زۆر زمان هه‌ن که تێداچوون. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه ئاخێوه‌رانی ویستی پاراستن و خۆشه‌ویستی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنیان له ناخ و له پلان دا نه‌بووه و بێ شه‌ڕ و کێشه سڕاونه‌ته‌وه و جگه له ئاسه‌وارێک له کتێبه‌کاندا هیچیان لێ نه‌ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی زه‌بر و زه‌نگی تایبه‌تیان بۆ گۆڕین و رووشاندنی زمان له‌سه‌ر بووه، ئه‌گه‌ر خۆیان ئه‌و دیارده شوناس سازه‌یان به گرینگ زانیبێ و ده‌ستیان له داوێنی به‌رنه‌دابێ، له‌و ململانێیه دا روو سوور ده‌رکه‌وتوون و شکستیان به نه‌یار هێناوه.
نموونه‌ی نه زۆر دووری دۆخی زمانی کوردی له وڵاتی تورکیایه، که پاش قه‌ده‌غه کردن و سه‌رکوت کرانی ئاخێوه‌رانی و حه‌ول بۆ سڕینه‌وه‌ی هاوکاتی زمان و شوناسیان، له ئاکامدا ئه‌و حه‌وله له‌گه‌ڵ شکست به‌ره‌وڕوو بوو. ئێستا ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌رده‌مێک نه‌یانده‌وێرا له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌کانیان به زمانی زکماکی خۆیان بدوێن، به پانه‌وه له سه‌ر ده‌یان کانالی ته‌له‌ڤیزیۆنی و رادیۆیی، سه‌دان و هه‌زارن ماڵپه‌ڕ، گۆڤار و رۆژنامه هه‌ر به‌و زمانه ده‌نووسن و حه‌ولی به هێز کردن و خه‌مڵاندنی ده‌ده‌ن. که‌واته وه‌ک چۆن شوناس به‌شێکی هه‌ره گرینگی که‌سایه‌تی هه‌ر مرۆڤێک پێک دێنێ، زمان له پێکهاتن و گوورانی شوناس و ماکه شوناس سازه‌کاندا رۆڵی کارای هه‌یه. چون ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌و ماکانه بریتی بن له ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌یی، مێژوو، ئه‌فسانه و ئوستووره‌کان، ئه‌وا هه‌موو ئه‌وانه له رێی زمانه‌وه ده‌ڕسکێن و باڵا ده‌که‌ن و له به‌ستێنی زماندا ده‌رده‌که‌ون و خۆ‌یا ده‌بن. به کورتی ده‌توانین بڵێین یه‌کێک له کۆڵه‌که به هێزه‌کانی شوناس ساز بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک زمانه.
وه‌ک چۆن زمان ده‌توانێ نیشانده‌ری شوناسی تاکه‌کان و شێوه‌ی که‌ڵک لێوه‌رگرتنیشی ده‌رخه‌ری که‌سایه‌تی ئه‌وان بێ، به هه‌مان شێوه، ده‌توانێ له ناساندن و ده‌رخستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییشدا رۆڵ بگێڕێ. هه‌ر بۆیه هه‌رچی ئه‌و زمانه ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن یاسا و رێسا بێ، ده‌قی داهێنه‌رانه‌ی زیاتری پێ به‌رهه‌م دێ و بێ گومان زمانێک که خاوه‌ن ده‌قی ناسراوی زۆر بێ، که‌سایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و جێگای سهرنجتری ده‌بێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و واتایه وه‌ک "پڕێستیژی زمان" باسی کراوه و له ئاکامدا باسی ئه‌وه کراوه که هه‌موو زمانه‌کان وه‌ک یه‌کن و هیچ زمانێک که‌سایه‌تی و پڕێستیژی له زمانه‌کانی دیکه سه‌رتر نییه، به‌ڵام نکۆڵییان له‌وه‌ش نه‌کردووه که کۆمه‌ڵیک هۆکاری فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ناسرانی زیاتری زمانه‌که ده‌توانن له سازبوونی ئه‌و پڕێستیژهی زمانێکدا رۆڵ بگێڕن.(صدر: 1394) ئه‌و کۆمه‌ڵه هۆکاره ده‌توانێ ئه‌و دهقانهشی له‌گه‌ڵ بێ که به‌و زمانه ده‌نووسرێن و ده‌ناسرێن، ئه‌و گۆرانی و دیالۆگی فیلمانه‌ش بگرێته‌وه که ده‌بنه وێردی سه‌ر زاری خه‌ڵکی به‌شێکی زۆر له کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌ند زمانی یان له کۆمه‌ڵگای جیهانیدا، جا ئه‌وانه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و میراتی مێژووی و ورده فاکتۆڕی دیکه‌شی له‌گه‌ڵ بێ، ئه‌وه ده‌رکه‌وتنی ئه‌و زمانه گه‌شتر و پله‌ی له ریزبه‌ندی زمانه‌کاندا سه‌رتر ده‌نوێنێ.
له دونیای ئێستای نووسینی کوردی‌دا دوو حه‌ول ده‌بیندرێن که هاو کات هه‌م جێگای دڵخۆشی و هه‌م مایه‌ی دڵه‌ڕاوکێن. نووسینی به لێشاو به زمانی کوردی له لایه‌ن هه‌موو چین و توێژه‌کانه‌وه، جیگای دڵخۆشییه. چون ئه‌گه‌ر به یارمه‌تی راگه‌یه‌نه گشتییه‌کان و لێشاوی رۆژنامه و حه‌فته‌نامه و گۆڤاره‌کان نه‌با، خوێندنه‌وه‌ی کتێبی کوردی هه‌ر تاک و ته‌را ده‌بوو و له نه‌بوونی سیسته‌می په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، په‌ره‌گرتنی ئه‌ده‌ب و زمان و ده‌قی کوردی، تووشی که‌ند و کۆسپ ده‌هات و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ی ده‌هاته رێ، به‌ڵام به ره‌خسانی ئه‌و هه‌له له‌و خه‌مه خهلسیوین و هێمن گوته‌نی "ئه‌و زمانه شیرنه‌ی ئێمه‌ش په‌ره‌ی ده‌گرێته‌وه ... نادڕێ چیتر کتێب و ده‌فته‌ری ئه‌شعاری کورد".(هێمن:2708) که لێره‌دا "ده‌فته‌ری ئه‌شعار" به پێی رێسای "باسی پاژێک و خواستی گشتێک" هێـمایه بۆ هه‌موو زمان و که‌له‌پووری نووسراوی کوردی، که له ئێستا و له دونیای به جیهانی کراودا، دهڕوازهکانی نووسین و خوێندنه‌وه به‌و زمانه نهتهوهیییه به رووی قوتابی، مامۆستا، نووسه‌ر و خوێنه‌رانیدا کراوه‌یه و ئێمه‌ش وه‌ک هه‌موو گه‌لانی دی له ده‌رفه‌ته‌کانی جیهانی بوون که‌ڵک وه‌رده‌گرین. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ له‌به‌ر خهسارهکانیشیدا خۆ رابگرین و بۆ که‌متر کردنه‌وه‌یان حه‌ول بده‌ین.
ئه‌وه‌نده‌ی نووسینی کوردی به‌ستێنی به‌ربڵاوتر ده‌بێ، به هه‌مان راده هه‌ست به‌وه ده‌کرێ پلان بۆ نووسینی راست و بێگرێ، چ له بواری رێزمان و چ له باری رێنووسه‌وه که‌متر وه‌به‌ر چاو دێ. ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له ئێستای نووسینی کوردی‌دا، هه‌ر که‌س به سه‌لیقه‌ی خۆی له رێنووسێک که‌ڵک وه‌ربگرێ و له باری رێزمانیشهوه به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی زیاتر له ژێر کاریگه‌ری کام راگه‌یه‌نه دایه، له کام بوار دا چالاکه و سه‌رچاوه‌ی زانیاری زمانییه‌که‌ی کامه‌یه، به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره نووسینی لار ده‌کاته‌وه. ئه‌وه له حاڵێک دایه له ئاستی رێزماندا، رێسای پته‌و و زۆر جار نه‌گۆڕ هه‌یه. له نێو گه‌لانی دونیادا، رێنووس و رێزمانی تایبه‌ت له سه‌ره‌کیترین کاره‌کان له بواری فێرکاری زمان دان و پێم وا نییه هه‌ر که‌سێک بتوانێ به بێ ره‌چاو کردنی کۆمه‌ڵه یاسایه‌کی رێزمانی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک قهڕا و بڕێی رێنووسی، چۆنی پێ باش بێ وا بنووسێ و ئه‌گه‌ر واش بکا نووسینه‌که‌ی ناپوخت و کێشه‌دار ده‌رده‌که‌وێ. هه‌ڵبه‌ت کێشه‌ی رێنووس گشتیتره و ئه‌و گرفته ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، به گشتی له نێو فارسه‌کانیشدا که زمانه‌که‌یان زۆر زیاتر له زمانی کوردی کاری پێکراوه و بیری لێ کراوه‌ته، بنه‌بڕ نه‌بووه، به‌ڵام تا راده‌یه‌کی زۆر که‌م کراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش له نووسینێک دا ده‌رده‌که‌وێ که له لایه‌ن نووسه‌ر و ویراستارێکی به ناوبانگی فارسه‌وه نووسراوه. "من تا ئێستا هه‌ڵه‌چنی زۆر بنکه و ناوه‌ند بووم. ئه‌گه‌ر به قامک بیان بژێرم ده‌توانم ناوه‌نده‌کانی بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ک "ئه‌میر که‌بیر" و "مه‌دره‌سه" و "سابرین" و "بنکه‌ی نووسین و پلان داڕێژی کتێبه ده‌رسییه‌کان" و "وه‌زاره‌تی ئێڕشاد" و ... ناو بێنم. تا ئێستا له هیچ کوێ ویراستاریم نه‌کردووه که رێنووسه‌که‌ی له‌گه‌ڵ رێنووسی لانیکه‌م بنکه‌یه‌کی دیکه یه‌ک بگرێته‌وه. له راستیدا هه‌ر شوێنیک له هه‌وای خۆی لێده‌دا. (طهوری: 1383) ئه‌و کێشه‌یه کاتێک سه‌رنج راکێشتر ده‌بێ که ده‌گاته ئه‌و گۆڤار و کتێب و بڵاڤۆکانه‌ی بۆ منداڵ و مێرمنداڵ بڵاو ده‌بنه‌وه. به‌ڵام به گشتی ئه‌و نووسه‌ره پێی وایه له رێنووسدا یاسایه‌کی هه‌مه‌گیر له ئێران‌دا ڕه‌چاو ناکرێ، ئه‌گه‌رچی به هۆی زۆریی چاپی کتێب و رۆژنامه و نووسینی زانستی و ... وه، ورده ورده خه‌ریکه لێک نزیک بوونه‌وه‌یه‌ک له سه‌ر رێنووس به‌دی دێ، ئه‌وه‌ش باشییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئاخێوه‌ر، نووسه‌ر، منداڵ و مێرمنداڵ، له به‌کاربردنی زمان و نووسین به زمانێک یارمه‌تی ده‌دا و له سه‌رلێشێواوی ده‌ربازیان ده‌کا. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین به پێی ئه‌و گوته‌یه ره‌نگه کێشه‌ی رێنووسی کوردیش جارێ به ته‌وای بنه‌بڕ نه‌بێ، به‌ڵام لانیکه‌م ده‌بێ لێک نزیک بوونه‌وه‌یه‌ک به ره‌چاو کردنی هه‌ندێک قه‌رار و بڕێی گشتی به‌دی بێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ئاوڕ له راگه‌یه‌نه فارسییه‌کان بده‌ینه‌وه که زمانیان له ئێمه نزیکه، هه‌موو راگه‌یه‌نه‌ی بینراو و بیسراو و نووسراو، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین به تێکڕایی به چه‌شنێک ده‌نووسن و ده‌دوێن، ده‌توانین بڵێین له ده‌قه ره‌سمی و هه‌واڵ و بابه‌ته جیددییه‌کان دا –نه‌ک گوته‌ی رۆژانه‌ی بۆ وێنه ئه‌کته‌رێکی سینه‌ما که به زاراوه‌ی تایبه‌تی فڵان شار و ناوچه ده‌دوێ و شیرینی کاره‌که‌شی هه‌ر له‌وه دایه- زۆر وه‌ک یه‌ک ده‌نووسن و ده‌دوێن.
رێنووس لێک نزیک و رێزمان خاوه‌ن یاسا و رێسای تایبه‌تی خۆیه‌تی که لادان له‌و چوارچێوه و یاسایانه به واتای نه‌زانینی زمان دێته ئه‌ژمار. هیچ نووسه‌رێک بۆی نییه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که خۆی ده‌خوازێ و به‌ده‌ر له یاسا زمانییه‌کان بنووسێ. مه‌گه‌ر له ده‌قێکی داهێنه‌رانه‌ی وه‌ک شێعردا، به ئاگادارییه‌وه له یاسا زمانی و رێزمانییه‌کان، وه‌ک شێوه‌یه‌ک له تێپه‌ڕین له رێساکان و ناسیاری سڕینه‌وه، له‌و لادانه زمانییانه که‌ڵک وه‌ربگرێ. به‌ڵام کێشه‌ی نووسینی ئێمه له‌و راده‌یه‌دا نییه. نووسینی کوردی به گشتی و له ئاستی هه‌موو راگه‌یه‌نه‌کاندا خاوه‌ن پلان نییه. ئه‌وه‌ش زۆر هۆی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ... هه‌یه. نه‌بوونی سیسته‌می فێرکاری زانستی و پشت پێبه‌ستراو، نه‌بوونی ئه‌و بڵاڤۆک و نامیلکانه‌ی له‌و باره‌وه هاتوونه ده‌رێ؛ که هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌شیان شێوازه‌که‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ک جوداوازی هه‌یه. ئه‌و که‌شه سه‌رلێشێواوی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری نووسه‌ر و خوێنه‌ری کوردی به دوا دا دێ. له‌و وارهش دا نه‌بوونی مه‌رجه‌عێکی زانستی گرفتی سه‌ره‌کییه.
جودا له بواری نووسینی ئه‌ده‌بی که هه‌ڵبه‌ت کێشه‌ی که‌ڵه‌ی دیکه‌ی به دواوه‌یه و ته‌نیا وه‌ک ئاماژه ده‌توانم خواستنه‌وه‌ی به لێشاوی وشه‌ی زمانی فارسی له نووسینی کوردی‌دا به نموونه بێنمه‌وه، ئه‌ویش له ژێر ناوی نا بۆ په‌تی نووسین. ئه‌و دیارده‌یه له درێژ ماوه‌دا کاریگه‌ری نه‌رێنی زۆری له‌سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی ئێمه ده‌بێ. بێ شک ئه‌وه‌ش ده‌زانم ئه‌گه‌ر زمان سیسته‌می ته‌عبیر بێ، ئه‌وا جاری وایه بۆ ده‌ربڕینی واتایه‌ک، بۆی هه‌یه واژه و ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له زمانی نه‌ته‌وه‌یی دا نه‌دۆزرێته‌وه و چار نییه که یا ده‌بێ وشه ساز بکه‌ی یان وشه له زمانی تر بخوازییهوه. ئه‌وه واته کراوه بوونی زمان و له زاوزی دا بوونی ئه‌و زمانه. له هه‌ر دوو بوار دا ده‌بێ زۆر به وردی له‌بابه‌ته‌که بڕوانین. یان ده‌بێ سازکردنی وشه‌که سه‌نگ و سووک بکرێ و وشه‌یه‌ک ساز بکرێ جودا له‌وه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و واتایه بێ مه‌به‌ستمانه، له رووی زمانیشه‌وه گرفتی نه‌بێ. یان وشه‌یه‌کی بیانی که‌وی که‌ین که هاوتا و هاوواتای له زمانی خۆمان دا ده‌ست نه‌که‌وێ. راسته له زاوزێ دا بوونی زمان، به واتای توانایی به‌رهه‌مهێنانی شێوه‌ی نوێی وشه به پێی رێساکانی ناو زمانی دایکییه و ئه‌وه‌ش له تایبه‌تمه‌ندییه گرینگه‌کانی زمانه"(امیر ارجمندی: 1392) به‌ڵام نه ئه‌و ده‌رفه‌ته وا هه‌یه هه‌موو که‌س بتوانێ بیقۆزێته‌وه و نه وشه خواستنهوهش به واتای ئاوه‌ڵا بوونی ده‌ڕوازه‌ی زمانه به رووی هه‌موو وشه و ته‌عبیرێکی غه‌یره کوردی‌دا. کاتێک به ئانقه‌ست، یان به هۆی ئاشنا نه‌بوون به پێکهاته و پانتایی زمانی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر بۆ وشه و واژه‌یه‌ک چه‌ندین هاوتا و هاو واتای کوردی هه‌بێ و وشه‌ی فارسی زه‌ق بکرێته، ته‌نیا نیشانده‌ری ئاشنا نه‌بوونی نووسه‌ره‌که‌یه به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی. له شوێنی خۆی دا پێویسته به جودا هۆکاره‌کانی ئه‌و گوته‌یه بخرێته روو که بۆچی کاتێک وشه‌یه‌ک چه‌ندین هاوتا و هاوواتای له زمانی کوردی دا هه‌یه، که‌سانێک هاوسه‌نگه فارسییه‌که‌ی به چه‌شنی بێژکردنی له هه‌مان زمان دا به‌کاردێنن.
دیارده‌یه‌کی دیکه‌ش که زۆری باس کراوه نووسینی ده‌قی کوردییه له هه‌ر ناوچه‌یه‌کی کوردستان به زاراوه و بن زاروهی هه‌مان ناوچه. ئه‌وه که‌شێکی ساز کردووه که باس کردن له زمانێکی ستاندارد بۆ نووسین ببێته خه‌مێکی گه‌وره و زۆر که‌س وه‌ک مه‌ترسی له سه‌ر زاراوه‌ی خۆیان به‌راوه‌ردی ده‌که‌ن. یه‌ک لا کردنه‌وه‌ی ئه‌و باسه له زۆر لایه‌نه‌وه ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ی له‌به‌ره. که‌سانێک له ده‌لاقه‌ی مافی مرۆڤه‌وه تێی ده‌ڕوانن و هێنانه کایه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یان پێ باسی سه‌ره. که‌سانێکیش پاساوی ناوچه‌گه‌ری دێننه‌وه. زۆر که‌سیش به هۆی ئه‌وه‌ی تاوانبار نه‌بن به‌وه‌ی مافی زاراوه و بن زاراوه‌کانی دیکه پێشێل ده‌که‌ن هه‌ر توخنی ئه‌و باسه ناکه‌ون. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی که‌ڵه‌که بوونی گرفته‌کان و به‌داخه‌وه تا به‌ره به‌ره ئه‌و گرفتانه نه‌خرێنه روو و رێگایان بۆ نهدیترێتهوه دۆخی نووسینی کوردی هه‌ر دێ و ئاڵۆزتر ده‌بێ. پرسیارێک که لێره‌دا ده‌کرێ بێته پێش ئه‌وه‌یه؛ ئایا له هه‌موو دونیا و ته‌نانه‌ت له دێموکڕاتترین سیسته‌مه‌کانی سیاسی و فێرکاری دا، ده‌کرێ له نێو ئاخێوه‌رانی زمانێک دا هه‌ر که‌س به زاراوه‌ی خۆی ده‌قی داهێنه‌رانه نا! به‌ڵکوو ده‌قی زانستی و ره‌خنه‌یی و پسپۆڕانه بخاته روو. بۆ وێنه ئایا خه‌ڵکی هه‌موو ئه‌یاله‌ته‌کانی ئامریکا به یه‌ک زاراوه‌ی هاوبه‌شی ئینگلیزی ده‌دوێن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر وڵام نایه، ئایا هه‌ر ئه‌یاله‌تێک له زاراوه‌ی خۆی بۆ نووسین و فێرکاری فه‌رمی و زانستی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ؟
ئینسایکلۆپیدیای "ویکی‌پدیا" له ژێر نێرتکی "کو‌لتوور و هونه‌ری ئامریکا"دا چه‌ند دێڕێکی له کتێبی "فه‌رهه‌نگی زمان و کولتووری ئینگلیزی "" Dictionary of English Language and Culture راگوێستووه که بۆ ئه‌و بابه‌ته سه‌رنج راکێشه: "له ئامریکا، له ناوچه جوداکانی ئه‌و وڵاته، خه‌ڵک به زاراوه‌ی جۆراوجۆر ده‌دوێن. هه‌ر ناوچه‌یه‌ک زاراوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بریتانیا به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ ئامریکا ره‌نگاوڕه‌نگی زاراوه‌کانی زیاتره و خه‌ڵکی بریتانیا به پێچه‌وانه‌ی ئامریکایییه‌کان ده‌توانن باشتر جوداوازی زاراوه‌کان ده‌ست نیشان بکه‌ن. خه‌ڵکی ئامریکا ده‌توانن زاراوه‌ی که‌سێکی نیۆیۆرکی له‌گه‌ڵ که‌سێکی باشووری ئامریکا لێک هه‌ڵاوێرن، به‌ڵام له زاراوه‌ی که‌سێکه‌وه ناتوانن شوێنی نیشته‌جێ بوونه‌که‌شی ده‌ست نیشان بکه‌ن. له ئامریکا زاراوه‌ی ستانداردی رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن زاراوه‌ی "رۆژئاوای-ناوه‌ڕاستی" ئه‌و وڵاته‌یه."(ویکی‌پدیا)
ئه‌ی له ئێران‌دا ئایا فارسه‌کانی ئێران هه‌موویان یه‌ک زاراوه‌یان هه‌یه؟ ئه‌ی بۆ هه‌موویان زمانێکی فه‌رمی له نووسین دا به‌کار دێنن؟ هه‌ر له کۆنترین ده‌قه‌کانیانه‌وه که بریتی بن له به‌رهه‌می که‌سانی وه‌ک "ئه‌سه‌دی تووسی"،"فیرده‌وسی"، "عه‌تتار"،"به‌یهه‌قی" و سه‌دان و هه‌زاران شاعیر و نووسه‌ری دیکه تا ده‌قی نووسه‌رانی ئێستایان. ئه‌گه‌رچی به پێی به‌ره‌وپێش چوونی زه‌مان که‌م تا کورتێک جوداوازی له له‌حنی هه‌ندێکیان دا ده‌بیندرێ و ئه‌وه‌ش بۆ زمانێک که مێژووی نووسینی هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه ئاسایییه و ته‌نانه‌ت ره‌نگه له زۆر بواردا به هۆی کرانه‌وه‌ی ئه‌و زمانه به رووی زانستی نوێ و بواری بیرکردنه‌وه‌ی نوێ، هه‌ست به هاتنه ئارای زمانێکی زۆر نوێتر بکرێ، به‌ڵام به گشتی زاراوه هه‌مان زاراوه‌ی ستاندارد و یاساکان که‌م و زۆر هه‌مان یاسا زمانییه‌کانن. ئه‌و گۆڕانه له ئاستی ساز بوون و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی زمانێک به واژه و ده‌سته‌واژه و وشه‌ی سه‌رده‌می نوێ، ویستی هه‌موو نووسه‌ر و چالاکێکه که زمان که‌ره‌سه‌ی کارێتی، دیاره له‌و بواره‌شدا روانگه‌ی جودا هه‌ن. دکتۆر "عه‌لیمحه‌مه‌د حه‌قشناس" پێی وایه "کۆمه‌ڵگا حه‌ماسی"یه‌کان زیاتر له سه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی پێداگرن و "کۆمه‌ڵگا تڕاژیک"ه‌کان زێده‌تر خوازیاری گۆڕانکارین. ئه‌و گۆڕانه‌شی له باسی ده‌قی "شانامه‌دا" دا هێناوه‌ته به‌رباس: "ئەگەر وەک نموونە وڵاتی ئێران لە گەڵ وڵاتی ئینگلیس هەڵبەسەنگێنین؛ بۆمان دەردەکەوێ کە ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگای یەکەمدا زۆر کەمترە لە کۆمەڵگای دووهەم؛ بۆ وێنە لە بواری زماندا هەروەک دەزانین لە ئێران، بەدرێژایی ئەو هەزار ساڵەی سەردەمی ئێمەی لە گەڵ زەمانی "فیردەوسی" لێک دوور خستووه‌تەوە، زمان ئەوەندەی ئاڵوگۆڕ بەسەردا نەهاتووە کە وای لێبێ ئیتر ئێمە نەتوانین شیعری فیردەوسی و بەرهەمی هاو زەمانەکانی ئەو بخوێنینەوە و تێیبگەین. بەڵام ئەو بابەتە لە ئینگلیس وا نییە. لەوێ زمانی ئینگلیسی تەنیا لە ماوەی سێسەد و پەنجا ساڵ دوای "شکسپێر" ئەوەندەی ئاڵوگۆڕ بە سەردا هاتووه کە ئیتر ئەمڕۆکە هیچ ئینگلیسی زان و ئینگلیسی زمانێک ناتوانێ بە بێ یارمەتی مامۆستا و دەرس و کتێب، شیعرەکانی ئەو شاعیرە نەتەوهیییەی ئەوێ بخوێنێتەوە و راستەوخۆ تێی بگا.(حه‌قشناس: 1381) ئه‌وه راست و حاشا هه‌ڵنه‌گره که زمان ده‌بێ به‌رده‌وام له زاوزێ دابێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و زمانه ناکرێ یاسامه‌ند و خاوه‌ن پلان نه‌بێ. ئه‌وه‌ی "حه‌قشناس" باسی ده‌کا له راستیدا قۆناغی دوای ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می خه‌مه‌کانی راست نووسین و بێ کێشه نووسینه. واته ئێمه چ له نووسین دا باسی نوێترین مێتۆده‌کانی ره‌خنه بکه‌ین و چ باسی وه‌رزێڕی و سروشت، هیچ رێیه‌کی دیکه جگه له دروست نووسین به مه‌به‌ستمان ناگه‌یه‌نێ. جودا له دروست نووسین بابه‌تی نووسینی ده‌قی زانستی و رهخنهییی و فه‌رمی به زاراوه جوداکانیش کێشه‌که ئاڵۆزتر ده‌کا.
یه‌ک لایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه کارێکی یه‌کجار دژواره چون به داخه‌وه تا ئێستا جودا له چه‌ند حه‌ولێکی زانستی بۆ دۆزینه‌وه‌ی وڵام و ریگا چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و پرسه، حه‌وله‌کانی دیکه زیاتر بۆ به لاڕێ دا بردنی ئه‌و باسه بوون و ته‌نانه‌ت تا ئه‌و راده‌یه چووه‌ته پێش که که‌سانێک ئه‌و باسه بخه‌نه روو؛ زاراوه‌ی هه‌ورامی هه‌ر زاروه نییه، به‌ڵكوو زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه. زمانی سه‌ربه‌خۆ واته شوناسێکی تایبه‌ت و ئه‌وه‌ش یانی شۆرانه‌وه له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی کۆمه‌ڵێک له ئاخێوه‌رانی زاراوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی کوردی. بێ شک هه‌ر که‌س و تاقمێک سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی چۆن پلان بۆ داهاتووی زمانیی خۆی داده‌نێ به‌ڵام ئه‌و پلانه له ده‌ره‌وه‌ی رێگا زانستییه‌کان تووشی زێده‌ڕۆیی و لادانمان ده‌کا. ئه‌و کێشه‌یه‌ش ئه‌وڕۆ ورده ورده دێته ناو چینێکی دیکه‌وه که بناخه‌کانی فێربوونی زمانیان تازه داده‌ڕێژرێ. چینی منداڵ و مێرمنداڵ که به خۆشییه‌وه ورده روده له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن بنکه و ناوه‌ند و رێکخراوه ناحکوومییه‌کانه‌وه وه‌به‌ر به‌ر خوێندن و فێر بوونی زمان ده‌ندرێن. بۆ فێر بوونیش به داخه‌وه دیسان پلانێکی گشتی لانیکه‌م بۆ داڕشتنی کتێبێکی هاوبه‌ش نییه که هه‌موو منداڵان و مێرمنداڵانی کورد له کورت ماوه‌دا که‌ڵکی لێ وه‌ر بگرن و هه‌ر که‌س به سه‌لیقه‌ی خۆی کتێبی فێرکاری زمانی کوردی که خۆی دایڕشتووه و رێنووسی بۆ دیاری کردووه و وشه‌ی بۆ هه‌ڵبژرادووه و ... ده‌کاته سه‌رچاوه. بۆ ئه‌و بابه‌ته گشتییانه هزر و تێفکرینێکی زانستی و گشتیی پێکهاتوو له تێفکرنی زۆربه‌ی خاوه‌ن ڕایانی ئه‌و بواره و ساغ بوونه‌وه‌یان له سه‌ر کتێبێکی هاوبه‌ش، به‌شێکی زۆر له کێشه‌کان لانیکه‌م تا دامه‌زرانی فه‌رهه‌نگستانێکی زمانی کوردی چاره‌سه‌ر ده‌کا.
ئه‌و بابه‌ته‌ش بۆیه بۆ منداڵ و مێرمنداڵ گرینگ و جێگای سهرنجتره، چون وه‌کی خاوه‌نڕایانی ئه‌و بواره ده‌ڵێن منداڵ له بواری فێر بوون و به تایبه‌ت فێر بوونی زماندا، به توندی ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری که‌سانێک که به "ئه‌وانی دیکه‌ی گرینگ" یان "دیترانی گرینگ" ناویان ده‌بردرێ. له باسی "دیترانی گرینگ"دا، قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه جودا له‌وه‌ی منداڵ و مێرمنداڵ خه‌ریکه فێری زمان ده‌بێ، چون که‌سایه‌تی مامۆستا و فێرکاری پێ که‌سایه‌تییه‌کی بێ وێنه‌یه و ته‌نانه‌ت له باری ده‌روونییه‌وه پێی وایه زانست له بیر و هزری مامۆستاکه‌ی ئه‌و به‌ده‌ر نییه، حه‌ول ده‌دا له پڕۆسه‌ی فێر بوون دا، لاسایی بکاته‌وه. چون یه‌که‌م لاسایییهکانی منداڵ له‌و "دیترانی گرینگ"ه‌وه ده‌ست پێده‌کا،-که سه‌ره‌تا دایک و باب و دواتر مامۆستایه. یه‌کێک له بواره‌کانی لاساییش زمانه و به کورتی کاتێک سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌ستی ئه‌و "دیتره گرینگ"ه سه‌رچاوه‌یه‌کی که‌متر خاوه‌ن کێشه بێ، ئه‌و منداڵ و میرمنداڵهی زمانی لێ فێر ده‌بێ، باشتر زمان فێر ده‌بێ و له داهاتوودا باشتری به کار دێنێ. کاتێکیش سه‌رچاوه و دیتره گرینگه‌که له باری زانستییه‌وه کێشه‌یان زۆر بێ، له داهاتوودا ئه‌و کێشانه له لایه‌ن منداڵێک که له سه‌ره‌تاوه به خراپ لاسایی کردووه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌ڵانه دووپات ده‌بنه‌وه و به‌رهه‌م دێنه‌وه.
ئه‌و یادداشته به‌وه کۆتایی پێ‌دێنم؛ حه‌ول بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک یاسا و رێسای زانستی و ره‌چاو کردنی له لایه‌ن هه‌موو نووسه‌ران و شاعیران و راگه‌یه‌نه‌کانه‌وه، یارمه‌تییه‌کی یه‌کجار زۆری پێشکه‌وتنی زمان و لێکنزیکبوونه‌وه به مه‌به‌ستی پێکهێنانی زمانێکی ستاندارد ده‌دا. به‌ڵام ئه‌و حه‌وله، ده‌خوازێ بێ ده‌مارگرژی ناوچه‌یی و گرتنه‌به‌ری ریگای نازانستی و ته‌نیا له خزمه‌ت پێکهێنانی زمانێکی وه‌ک هه‌و، له نووسینی بابه‌ته زانستی و رهخنهیییهکاندا وه‌گه‌ڕ بکه‌وێ.
په‌راوێز:
- امیرارجمندی، نازنین و دیگران (1392) زایایی فرایند ترکیب در زبان فارسی، زبان شناخت، شماره اول بهار و تابستان ص‌ص 1-14، تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی
- امیر قاسمی، مین‌و (1383) جهاني شدن و زبان مادري، ماهنامه‌ی ديلماج اجتماعي، سياسي، فرهنگي، اقتصادي به زبان فارسي، تركي شماره 1
- حه‌قشناس، عه‌لیمحه‌مه‌د(1381) مرۆڤی حه‌ماسی و مرۆڤی تڕاژیک، وه‌رگێڕانی: یوونس ره‌زایی، ورمێ: گۆڤاری سروه ژماره 193
- طهوری، مهدی (1383) بلبشویی به نام رسم الخط، کتاب ماه کودک و نوجوان، شماره 83
- صدر، نیوشا (1394) منطق نهفته در جذابيت يك زبان، روزنامهی ایران شماره 5947
- کلباسی، دکتر ایران(1386) مصاحبه با دکتر ایران کلباسی، وبلاگ زبان‌شناسی همگانی(linguist)
- ویکی پدیا، ژێر نێرتکی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئامریکا به گێڕانه‌وه له‌و سه‌رچاوه‌یه( Michael Mayor/Stephen: Bullon/Michael Murphy. «A». در Dictionary of English Language and Culture. Della Summers. ویرایش Third Impression. La Italy/Tipografica: Pearson Education Limited، 2008. 7-6)
- هێمن (2708) دیوانی هێمن موکریانی (سه‌رجه‌می شێعره‌کانی مامۆستا هێمن)، نووسیار: وریا حه‌بیب، سوله‌یمانێ: په‌خشانگای ئازادی
- فرهنگ دهخدا : بڕواننه ژێر نێرتکی: "نبرد"
- فرهنگ معین: بڕواننه ژێر نێرتکی: "نبرد"
- فرهنگ عمید: بڕواننه ژێر نێرتکی: "نبرد"
- ورده واژه: له لایه‌ن ره‌حمه‌تی کاک ئه‌حمه‌د قازییه‌وه بۆ حرف اضافه پێشنیار کراوه.
- ئامرازی پێوه‌ندی: حرف ربط
- "دیترانی گرینگ" زاراوه‌یه‌که بۆ ئه‌و که‌سانه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ له سه‌ر پێکهاتن و خۆگرتنی بیر و ئاراسته فیکری و ته‌نانه‌ت زانستییه‌کانی که‌سانی دیکه کاریگه‌رییان هه‌یه. ئه‌و کاریگه‌رییه له سه‌رده‌می منداڵی‌دا زیاتر خۆ ده‌نوێنێ، چون منداڵ حه‌ول ده‌دا "دیتری گرینگ" رازی بکا.
- باسی پاژێک و خواستی گشتێک: ذکر جزء ارادهی کل، یه‌کێک له چه‌شنه‌کانی مه‌جازه له ئه‌ده‌بیاتدا و له‌و چه‌شنه‌دا که له سه‌ر پێوه‌ندی پاژه‌کی دامه‌زراوه، له بابه‌تێکی گشتی، پاژێکی ده‌خرێته روو، به‌ڵام مه‌به‌ستی وێژه‌ر یان نووسه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌که‌یه
سەرچاوە: گۆڤاری مەهاباد، ژمارە ی ١٨٤