تاریخ: ۱۳۹۵/۵/۹
دەوڵەت – نەتەوە مەرجی سەرەکی دامەزراندنی دیمۆکراسی نییە!
ئەرسەلان بۆرنا ـ چالاکی سیاسی

 

سووریا بە جۆرێک هەتا ساڵی ١٩٨٥ بە شێوازی فێدراڵی بەڕێوە دەچوو بەڵام لە ئاکامی دامەزراندنی لەسەر بنەوانەکانی سەرچەشنێکی دەستکرد، زەخت و گوشار لەسەر گەلانی ناوسنووری هەردەم لە ئارادا بووە. دوابەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی نەتەوەپەرەستە عەرەبەکان لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٦٠ وەرچەرخانێکی گەورە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە هاتە ئاراوە. بەهێزبوونی "پارتی بەعس" بوو هۆی ئەوەی کە دەوڵەت ڕێگە لەبەردەم سڕینەوەی ڕەگەزیی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی گەلانی سووریا خۆش بکات. "کەمەری عەرەبی" بە درێژایی ٢٨٠کم و پانتایی ١٥کم هۆکاری ئاوارەیی سەدان هەزار کورد، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنی ژیانی ئەوان بوو. بەگشتی، زێدەتر لە ٤٥لەسەدای کوردان لە مافی هاووڵاتی – بوونیان بێبەش کران.

بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی گەلانی سووریا دەرفەتێکی زێڕینی لە گۆڕانکارییەکان لەبەردەم کوردانی ئەم وڵاتە ڕەخساند. ساڵی٢٠١٢ نەتەوەی کورد سێ کانتۆنی لەژێرناوی "خۆسەری دیمۆکراتیک" دامەزراند کە بنەماکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای لەسەر سەرچەشنێکی نوێ سەربەخۆیی پێک دەهێنا. ئەمڕۆکە بنەوانەکانی دیمۆکراسییەکی ڕاستەوخۆ لە فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" بەناو دەکرێ کە بناغەی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکیان بە دوور لە پاکتاوی نەتەوەیی و ئایینی، چەقبەستوویی هێز یا هەڵاواردانی ڕەگەزی دامەزراندووە.

پێش لە ئەوەی کە بارودۆخی ڕامیاری فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا تاوتوێ بکەین پێداویستە ئاوڕدانەوەیەکمان لەسەر ئابووری ئەو ببێ. ناوچە کوردنشینەکان لە ڕووی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت، ئاو و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان یەکجار دەوڵەمەندن. وێڕای سەرنجدان بە پانتایی ئەو کە نزیک بە ٢٤هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشەیە بەڵام زێدەتر لە ٥٠لەسەدای سەرچاوە نەوتییەکان، ٤٥لەسەدای بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بەگشتی ٥٠ لەسەدای تەواوی بوودجەی سووریا پێک دەهێنێت. داهاتی ساڵانەی کانتۆنەکان بەتایبەت پاش سەقامگرتوویی ڕێژەیی ئابووری و ڕامیاری کە لەم ناوچەیە دەستەبەر کراوە زێدەتر لە ٨/١٠ میلیارد دۆلار خەملێندراوە.

بەپێی ژمێرکۆ بڵاوکراوەکان، ساڵانە زێدەتر لە ٤/١ میلیۆن تۆن گەنم -٣٧لەسەدای گەنمی ئەم وڵاتە و بەپێی دۆلار ٣٧٢ میلیۆن دۆلار - ، ٧٥٠ میلیۆن دۆلار لە زێتۆن، ٢٣٠ میلیۆن دۆلار لە پەمە و هەروەها، بەپێی بایەخی ئەمڕۆکەیی نەوت لە بازارە جیهانییەکاندا ٥/٩ میلیارد دۆلار لە فرۆشتنی نەوت بەرهەم و دەستەبەر دەکات. کۆی داهاتەکانی ئەم سێ کانتۆنە زۆرتر لە نیوەی تەواوی بوودجەی سووریا لە ساڵی ٢٠١٥دا بووە. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ژیانبەخشەکانی ئاو وەک ڕووباری فڕات کە نەک تەنیا بۆ سووریا بەڵکوو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرینگە، لەم هەرێمە تێپەڕ دەبێ. بەگشتی، زۆرتر لە ٨ ڕووباری پڕ ئاو و نزیک بە ١٠ بەنداوی گەورە لەم هەرێمە بوونیان هەیە.

شارەکانی ئەم ناوچەیە لەئاکامی شەڕی ناوخۆیی سووریا بە درێژایی ئەم چەند ساڵە کەمترین خەساریان بەرکەوتووە. سەرمایەگوزارییەکان لە پێشەڕۆژدا دەتوانێ بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی فێدراسیۆنی ڕوژئاوا – باکووری سووریا بە کار بێ. خاڵە بەهێزە ئابوورییەکان ڕێگە خۆشکەر بوونە لەبەردەم ئەوەی کە وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی بۆ دەستڕۆیشتوویی خۆیان هەوڵ بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوان بدەن. ئەگەرچی لەم نێوانەدا وڵاتانی وەک تورکیا هەوڵی تێکدان و لەناوبردنی ئاسایش و هێمنایەتی ئەو بۆ پێشگرتن لە دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆ و دیمۆکراتیکی کوردی دەدەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەدرێژایی چەند سەدە و دوابەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی دیمۆکراتیک و مۆدێڕن دراوە. بەڵام ئەمڕۆکە دەبێ ئەم خاڵە باش فام بکەین کە بوونی دەوڵەت – نەتەوە مەرجی سەرەکی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دیمۆکراسی نییە. بەجۆرێک کە فرەچەشنی چاندی، ڕامیاری و نەتەوەیی گەلانی ئەم هەرێمە، ئەم ڕژێمەی تووشی قەیرانی جۆراوجۆر و کارەسات کردووە. ئەم سەرچەشنە لە دەسەڵاتداری زۆر بە ڕوونی نیشانی داوە هێزی وەڵامدانەوە و چارەسەری پرسەکانی نییە. هەربۆیە، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە ژێر دەمامکی بیرۆکەی لیبراڵ دیمۆکراسی تەنیا پەرەی بە ململانێ و ئاڵۆزییەکان داوە و دەست تێوەردانە چەکدارییەکان بە مەبەستی هاوردەکردنی دیمۆکراسی و سەقامگرتوویی ڕێکخراوە سڤیل و دیمۆکراتیکەکان کێشەکانی قووڵتر کردووە.

سەرچەشنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگی "پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک" لە چوارچێوەی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا خوازیاری وەدی هێنانی دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینە بە دوور لە دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەیە. کوردان لە سووریا دەیانهەوێ پێکهێنەری کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک کە تەواوی جیاوازییەکان بەبێ هیچ هەڵاواردنێک پەسەند دەکات، ببن. ئەمڕۆکە هیچ لایەنێک کوردان لە هەڵگرتنی هەنگاوی یەکەم بەرەو دیمۆکراسی، دامەزراندنی ڕێکخراوە سڤیلەکان و سەقامگرتوویی ئەوان یارمەتی بکات. هەربۆیە، دەستکەوتەکان تەنیا بە هەوڵ و تێکۆشانی شەڕڤانان و خەڵک بۆ تێکدانی کەشی چەقبەستوو و نادیمۆکراتیک لە ڕێگەی گۆڕانی ڕادیکاڵ بۆ داهاتوویەکی ڕوون وەدی هاتووە.

لەڕاستیدا، نەتەوەی کورد و گەلانی ناوسنووری جوگرافیایی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لە دوو بەرەدا خەریکی شەڕ و بەرخودانن. یەکەم؛ لە ئاست بە بیری کۆنی جیهادییە توندڕەوە ئیسلامییەکان و وڵاتانی نەیاری کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و دووهەم؛ خەبات لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی باشتر و پێشکەوتووتردا. ئەمڕۆکە یەکێک لە گرینگترین بناغەکانی ئەم تێکۆشانە باشترکردن و بەهێزبوونی پێگەی ژنان بە هەژمار دێ. بەجۆرێک کە پێکهاتەی ئیداری کانتۆنەکان بەپێی یاسای پەسەندکراو ٤٠لەسەدا بۆ ژنان، ٤٠لەسەدا بۆ پیاوان و ٢٠لەسەدای دیکە بۆ ئەو لایەنە دەبێ کە دەنگی پێداویست بۆ نوێنەری خۆیان وەدەست بهێنن.

فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا سەرەڕای تەواوی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەڕەشەی چەکداری و پەراوێزخستنی ڕامیاری؛ هێزی ئەوەی بووە لە ژێر ئاڵای "نەتەوەی دیمۆکراتیک" کۆمەڵگایەکی کراوە و فرەچەشن پێک بهێنێ. بەرهەمی خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی هەبوو بە یەکێک لە بزۆزترین، پێشکەوتووترین و دیمۆکراتیکترین سەرچەشنەکانی سەربەستی، بەیەکەوە ژیانی گەلان و یەکسانی ڕەگەزی گۆڕدراوە. هەربۆیە، ئەوان ئاڵاهەڵگری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ بە بەشداری ژنان، لایەنە ڕامیاری و ڕێکخراوە سڤیلەکانن.