تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۱۱
ڕێ‌وڕەسمی "بێڵندانە" لە مەهاباد بەڕێوەچوو

بە پێی هەواڵی پێگەی هەواڵیی هاژە، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەممەی ٩٦، ڕێ‌وڕەسمی "بێڵندانە" بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە لایەنگرانی فەرهەنگ و کولتوری کوردەواری، لە ئاوایی سەهۆڵانی سەر بە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.

بەرپرسی لێژنەی یارییە خۆماڵی و ناوچەییەکانی مەهاباد لە وت‌ووێژ لەگەڵ هەواڵنێری هاژە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێ‌وڕەسمە گوتی: لەم ڕێ‌وڕەسمەدا بە فەرمانی پیری ژیر( بەساڵاچووترین پیاوی دێ) ئاگر دەکرێتەوە. لە ناو ئاگرەکەدا ئەستۆندەگێک چەقیوە و لە دەور و بەری ئاورەکەدا چوار دار چەقێندراون کە هەرکامەیان گۆشت ( بە نیشانەی زاو و زێ)، دانەوێڵە (بە نیشانەی وەرزێری)، ئاو (بە نیشانەی تەڕەساڵی) و مازوو (بە نیشانەی بەر و بووی شاخی) پێ هەڵواسراوە. ئەستۆندەگەکە دوای سووتان بۆ لای هەر کام لەم دارانەدا بەلادابێ، ساڵی داهاتوو فراوانی یەکیک لەمانە دەبێ.

یوونس ڕەسووڵی هەروەها گووتی: بۆ چوارەمین ساڵە ڕێ‌وڕەسمی "بێڵندانە" لە ناوچە جیاجیاکانی مەهاباد بەڕێوە دەچێ و تەواوی حەولمان ئەوەیە کە بتوانین ئەم ڕێ‌وڕەسمە کۆنە کوردەوارییە بە بەرەی نوێ بناسێنین و بەم چەشنە زیندووی ڕاگرین.

لە کۆتایی‌دا بە ناوی لێژنەی یارییە خۆماڵی و ناوچەییەکان ڕێز لە بەشداربووانی ڕێ‌وڕەسمەکە گیرا.

وێنە:عادڵ کەریمی