تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۷
"زمانی زگماکی؛ ئاڵای شەکاوەی شوناسی نەتەوەیی و بەیداخی بەرزی خۆیی و سەربەرزی"
دکتور ئەحمەد ئەحمەدیان ـ زمانناس و وێژەر و تۆێژەر


"زمان"، خانوولەی ژیان و مان و ڕایەڵەی بێ هەودای پێوەندیی بوون و گەردوونە. زمان، پێناسەی ناسکردن و  ئامرازی  هەڵاوارتەیی کەسێتی  مروڤە لە بوونەوەرانی تر. زمان، ماکە و هیم و  بنچینەی داڕێژەری پێکهاتەی هەست و نەست و خوست و هەڵوێست و بیر و هزر و ئاوەز و تێڕامان و تێفکرین و بیرکردن و بیرکردنەوەیە.زمان، کۆڵەکە و ژێرکۆڵەکەی ڕاگری کۆشکی شکۆداری بیریاریی و هزروانی وئاوەزمەندییە. "زمانی زگماکی"، ئەستوندەکی تاوڵی جوانیناسی و خۆش-وێژی و خۆش-خوانی و هۆزانوانی لەهەواری هەراوی هەرێمی نەتەوە و گەلە و  دیرەگی ڕاگیرکەر و خۆڕاگری خێوەتی بوون و هەبوونی شوناسی خۆیی و خۆماڵی و نەتەوەییە لە هەمبەر گەردەلوول وباهۆزی بەهێز و سەرما وسۆڵەی تووش و سەخڵەتی کڕێوە و شەختەی نەمان و فەوتانی میرات و کەلەپووری پیرۆز و دێرینی باو باپیرانمان .زمانی زگماکی  داڵدە و داشدارمانە لەمەترسی و  قەیرانی داڕمانی کۆشک و قەڵای بەرزەڕۆیوی پێناسە و ناسنامەی نەتەوەییمان .زمانی زگماکی پێشەوا و پێشەنگمانە بۆ بەرخۆدانی کەلتووری و شۆڕشی تەس دانەوەی  قەیرانی خۆلێ ونبوون و  ئاڵی بوون وئالینەبوون .   زمانی زگماکی  هانا و  هاریکار و بریکار و یارمەتیدەرمانە بۆ  بەرگری لە  چەمکی پیرۆز و دڵئەنگێو و بیر-خەمڵێن و دڵپشکوێن و خەمڕەوێن و تارمایی-تارێن و هەناو-هەژێن و ناخ-حەسێنێکی وا کە گەلی کورد بە درێژایی لاپەڕەکانی  مێژووی شوناسخوازانە و گۆڕانخوازانەی ، وەک ڕێباز و ڕێچکەیەکی پیرۆز، سەرجەم تایبەتمەندییە هەناوەکی و لاوەکییەکانی نەریت و نەرینی خۆی ، لەم چەمکە و لە بارستایی وپانتایی  ئەم ڕێبازە پیرۆزەی وا هەڵگری ئەم چەمکە بەپێزەیە،  بەدی کردووە و لە ئاوێنەی باڵانوێنی ئاو-وێنەیدا وێنای کردووە، واتە چەمک وڕێبازی بەپێز و پیرۆز وفرەدەلالەتی "کوردایەتی" . زمانی زگماکی هۆکاری شایی بەخۆیی و بەخۆخوڕینی  تاق و تاقمی هۆزان وگەلان و هێما و هیم و هەوێنی شوناسی نەتەوەییە. زمانی زگماکی خەڵاتی تاقانە و بێ میناک و بێ هاونشین و بێ جێگرەوەی خوای تاک و پاک و بێ میناکە کە بەباڵای تەرزوبەرزی  تاک و کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بڕیوە تا وەک ئاڵای هەمیشە شەکاوەی شوناسی نەتەوەیی و بەیداخی بەرزی خۆیی و سەربەرزی ، لە هەرێمی دان پێهێنانی ئاشکرا وکردەیی بە کەسێتی و پێناسەی نەتەوەیی، هەردەم لە گەڕ و گەڕیان دابێ.
خوای کارساز و کاربەجێ، زمانی کردووەتە هێما و هیم و هەوێنی سەربەخۆیی شوناس و کەسێتی گەلان کە بە بێ مسۆگەربوونی سەربەخۆیی حوکمات و دەسەڵاتداری ڕامیاری و سەرزەوینی ـش _وەک مافیکی ڕەوا و یاسایی_ ، ئەم چەشنە سەربەخۆییە خواکرد و سروشتییە ، نەتەنیا داڵدە و بەرگریکەرە لە سەربەخۆیی  ڕامیاری و سەرزەوینی و جێی ئەم کەلەبەر و بۆشاییە تاڕێژەیەکی شیاو  پڕ دەکاتەوە ، بەڵکوو ڕووپەڕی بەراوەژووەکەشی ڕێک و ڕاستە و: زۆریەک لە گەلانی خودان دیرۆک و ژیاری دێرین  ،کە بەدرێژایی مێژووی ژیار و شارستانییەت  لە سەرزەوین  و  بوون و هەن ،هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی خاوەن حوکمات و دەسەڵاتداری ڕامیاری و کیانی سەربەخۆ بوون ، بەڵام بە هۆی لە کیس چوون و لەناوچوونی  ماکە و هێما و   هەوێنی هەرە سەرەکی و هەناوەکیی سەربەخۆیی سرووشتیی و خواکردی شوناس و پێناسەی نەتەوەییان، واتە زمانی زگماکی و لە ئاکامی ڕاگیرنەکردن و مشوورنەخواردن و پەیجۆری نەکردنی پێویست و پەیوەست بە شەکانەوەی ئەم ئاڵا پیرۆزە لە لووتکە ودوندی هەرەبەرزی ژیان و مان و ژیاری خۆیان دا ، "خوا سەرۆکی لێ کردنە بنۆک ، ژیانی لێ کردنە تنۆک" و سووک و چووک و  مەهتووک وپووک و بابردەڵە و پووچەڵە و بوودەڵەی کردوون.
لە دەربیجە و دەلاقە و کڵاوڕۆژنەی زمانی زگماکی ڕایە کە تاک و کۆی کۆمەڵ ،  دێنە ناو دەشتی کاکی بە کاکیی پێوەندی کۆمەڵایەتی لە گشتگیرترین و بەربڵاوترین مانا و واتا و دەلالەتی خۆی دا ، واتە  گۆڕەپانی هەرە هەراو و فرەبوار و فرەڕەهەند و فرەتوێژ وفرەتوێکڵی:  تێئۆلۆژی و  ئێتیک و فەلسەفە و ئایستەتیک وماریفەت و شەریعەت و جوانیناسی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و جڤاکناسی و سروشتناسی و ئەوپەڕ-سروشتناسی و کەلتوور و زانست و  تەنانەت:"زمانناسی"!
  هەمیسان هەر لەم  ڕۆچنە و کڵاوڕۆژنەی ڕایە کە تاک و کۆی کۆمەڵ ، دێنە ناو گۆڕەپانی باس ولێدوان و ئاخاوتن و وتووێژ و دیالۆگ و مۆنۆلۆگ لە بابەت 
 بایەخ وبەها مۆڕاڵییە بەرزەڕۆیوە تڕانسێندنتاڵەکان دا و، دێنەناو هەرێمی هەراوی هەدان و گومان و پرس و پرسیاری کەڵە کەڵە و ، کەڵکەڵە و داڵغەی بوون ناسانە و ئەنتۆلۆژیکی و گەردوون ناسانە و دونیابینییانە و ،لەئاکامیش دا هەر بەم کەرەستە زمانییەیە کە سەرجەم ناوئاخن و ناوەڕۆکی دەقە بەپێزە ژیریاری و بیریاری و هزروانی و پیتۆڵوانی و فەلسەفییەکان بەرهەم دێنن.
ئینجا مرۆڤ تێکڕای ئەم پرس و پرسیار و هەست و خوست و هەڵوێستانەی خۆی ، لە توێکڵ و بیچم و دەنگ و ڕەنگ و فۆڕم و ڕواڵەت و قاپێلکێکی زمان-وێنەدا، بە وێنەی  پیت و دەنگ  و وشە و زاراوە ی لێکدراو و داڕێژڕا و ڕستە و کۆ-ڕستە و کۆ-بەند و دەقی ڕازاوە و درەوشاوە ،چ لە وارگە و ئاستی توانستی زمانی (=Linguistic Competence)و چ لە وارگە و ئاستی کردەی زمانی(=Iinguistic Performance) دا ،دەردەبڕێ و ئاراستەی دەکا و بەرهەمی دێنێ و ڕۆی دەنێ و دەیخوڵقێنێ و دەی ئافرێنێ و دەخەمڵێنێ.
جیا لە تێکڕای ئەم بوار و ئاقارانە ، هەمیسان گەرای گڕووی داهێنان و خوڵقان و ئافراندنی جوانیناسانەی وێژەیی و هونەری  ـیش هەر بە ئاو و گڵ و بە ماکە و توخم و تۆوی زمان وە گەڕ و گەڕان و گەڕیان دەکەوێ؛.....ئای چ پیرۆزە ئەو گەرای گڕووی گۆرین و ،چ بەپێزە ئەو گەڕیانی گڕە و ، چ بە هێزە ئەم گەڕ و گەڕانی گڕاگرە و ، چ بەلەزە ئەو پشکۆی بەشکۆی ئاگری ئاورگی "زمانی زگماکی"....!
هەر لەم بار و بوارەدا ،"ڤیتگنشتاین"، گەورە فەیلەسووفی سەدەی بیستەم وهزروان و بیرمەندی ناوداری بواری فەلسەفەی زمان و داهێنەری بیردۆزی گەمەی زمانی ، وتەیەکی پڕواتا و فرەدەلالەت و فرە توێ وفرە توێکڵ و بێ میناک و درەوشاوە و هەرماوی هەیە و ، ئاوا ئێژێ:
"سنوور و پەرژین و پەرێزی زمانی  من،  ڕێک ڕێک و بێ ئەملاولا، سنوور و پەرژین و پەرێزی جیهان و ژیان و دونیابینی منە"...
هەر بەرز و شەکاوە بێت ئاڵا و بەیداخی زمانی زگماکی ؛هەوێن و هێمای شوناسی تاقمی و تاکی.