تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۷
ئیبراهیمی یوونسی و خەونێکی گەورە بۆ گۆڕانی کەلتووریی
عادڵ قادری

(بە بۆنەی ساڵڕۆژی مەرگی یوونسییەوە)

ئیبراهیمی یوونسی یەکێک لەو قەڵەمانەیە کە بە دوو هۆی گشتی قسەکردن لەسەر ئیش و کارەکان و کەسایەتی ئاسان نییە. یەکەم ئەوەی کە ئەو هەم لە بواری وەرگێڕان و هەم لە بواری نووسین دا بارستایی و حەجمێکی زۆر تا ئاستی سەرووی هەشتا بەرگ کتێبی چاپکراوی هەیە کە لە بوارگەلی جوراوجۆری ئەدەبی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، سیاسی و هونەری دان. دووهەم ئەوەی کە وەرگێڕان و نووسینەکانی یوونسی هەم بۆ کاتی خۆی و تارادەیەکی زۆریش ئێستا تازە و داهێنەرانە بوون، ئەو زۆر بە مەبەست و ئامانج دار کتێبی بۆ وەرگێڕان هەڵدەبژارد و لە ئەدەب و زمانی فارسی دا یوونسی بە باوکی رۆحی بەرەیەکی گەورە لە نووسەران و وەرگێڕانی پاش خۆی دەزانرێت و بەرەی ئێستەش بێگانە نین لەگەڵ خەم و رەنج و ئازار و نیگا و گێڕانەوەکانی. دەتوانم بڵێم زۆرینەی کارەکانی ئەم کەسایەتییە درەوشاوە رەنگدانەوە و وانوێنەری جیهان ژین(جهان زیست)ێک بوون کە لەگەڵ زۆر پرس و کێشەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیی و کەلتووریی دەستەویەخەبوو. یوونسی کە لە ساڵی 1305ی هەتاوی لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێ بنەماڵەی باوکی خان(سلێمان خانی کوڕی یوونسی خان حاکمی بانە) و ئاغەوات بوون و بنەماڵەی دایکیشی رایەت و خەڵکی ئاسایی، پێم وایە هەر ئەم دوو سەر بوونەی لەدایک بوونی دەبێتە هەوێنێک بۆ تێڕامان لە پێکهاتی چینایەتیانەی کۆمەڵگا و رەخنەکردنی سیستەمی خانخانێتی لە بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی.

 ئەو لە "زستانی بێ بەهار"1 (بیرەوەرییەکانی لە منداڵییەوە تا پاش زیندان) دا دەڵێت:

بنەماڵەی باوکم سەرجەم ئەتڵەسی پۆش و زەنگین بوون جگە لە من و دوو مامم. من لە پازدە ساڵان بەولاوە بەهەڵکەوت نەبێ ئیتر سەردانی ماڵی باوکمم نەکرد و هەر جاریش کە رۆشتووم سووکایەتیم پێکراوە بۆیە دایە گەورەم نەیدەهێڵا ئیتر بڕۆم.

ئەو دایەگەورەیەی کە پاش مەرگی دایکی ئیبراهیم لە تەمەنی دووساڵان، ئیبراهیم دەباتە لای خۆی و لەگەڵ باواگەورەی کە بنەماڵەیەکی هەژار و دەست نەڕۆشتوو بەڵام فەرێح و شاتەبیعەت بوون، گەورەی دەکات.

پێم وابێ یەکەمین هەوێن بۆ تێڕامان و دابڕان لە پێکهاتێکی چینایەتی کۆمەڵگا لەم دووفاقی و دووسەربوونەی دەست پێ دەکات؛ لەسەرێکەوە بنەماڵەیەکی لەخۆبایی و زەنگین و ئاغاوات(باوک) و لەسرێکیترەوە بنەماڵەیەکی هەژار و کرێکار و رۆح ئەفزا و خۆش مرخ(بنەماڵەی دایکی). ساڵی 1320 ی کۆچی(1941ز) کە ئێران لەلایەن هێزەکانی موتەفیق و هاوپەیمان(فەرانسە، بەریتانیا، رووسیا و...) جەنگی جیهانی داگیر دەکرێت، ئەرتەشی ئێران لە بانگهێشتێکی گشتی دا داوا لە هەموو بنەماڵە عەشایرییەکان دەکات منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانەکانی نزام و زانکۆی ئەفسەری، ئیبراهیم ساڵی 1322 ی کۆچی(1943 ز) دێتە قوتابخانەی دواناوەندی تاران و لە 1324 ی کۆچی دیپلۆم وەردەگرێت و دەچێتە زانکۆی ئەفسەری و لە 1327 زانکۆ تەواو دەکات لە گوردانی چواری رەزایە دەست بەکار دەبێت. یوونسی لە کۆتاییەکانی ساڵی 1328ی کۆچی لەگەڵ خاتوو رۆزا گوڵپاشی دەبێت بەهاوسەر و سێ کچ و کورێک ئاکامی ئەم هاوسەرگیرییەیە.

ژیانی یوونسی لەم ئاڕاستە سرووشتی و ڕیک و هەموارە نامێنێتەوە و لە رەزایە قاچێکی لەدەست دەدات. لایەنی داپۆشراوی ژیانی یوونسی پاش کۆدەتای 28ی گەلاوێژی ساڵی 1332(1943ز) بەسەر دەوڵەتی موسەدیق دا دەردەکەوێت و بووە هۆی ئەوەی کە هەشت ساڵی تەمەنی لە زیندانی رژێمی پاڵەوی بێت و هەر لەوێش دا زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی فێر دەبێت و کتێبە ناودارەکەی چارلز دیکێنز(خەونە گەورەکان) بە راوێژ لەگەڵ سیاوەش کەسرایی کە سەردانی براکەی دەکرد لە زیندان، هەر لەوێ وەردەگێڕێت. یوونسی پاش ئەم کۆدەتایە هاوکاری و هاودەستی لەگەڵ رێکخراوی سەربازیی حیزبی توودە ئاشکرا دەبێت و لەگەڵ بەشێکی زۆر لە هاودەستانی و لە دوو گرووپ دا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، ئەو سەر بە گرووپی دووهەم بوو و بەوتەی دادگا بەهۆی لەدەست دانی پێی چەپی بۆ خزمەتی وڵات و لەناو ئەرتەش بەری بەخشیش و عەفوی شا کەوتووە و بڕیاری لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی دەگۆڕێت، ئەمە لەکاتێک دایە کۆلۆنێل موبەشیری و سیامەک کە هاوگرووپ و دەستەی بوون لەسێدارە دەدرێن. زۆربەی هاوبەندەکانی کەسانی خوێندەوار و زمانزان بوون و زیندان دەبێت بە زانکۆیەکی راستەقینە بۆی.

زیندان و ژیان و خەبات و ئازار و رەنج و هیوا و ئەزموون یوونسی کرد بە ترۆپکێکی مەزن کە بەرهەمی زۆرێک لە نووسەرانی دونیا لەوانە ڤیکتۆر هۆگۆ، چارلز دیکێنز، تۆماس هاردی، شیکسپییەر، هۆوارد فاوۆست، داستایۆفسکی، بێرتراند راسێل، جۆرج ئەلیووت، ماکسیم گوورکی و چیخۆف و...لەرێگەی ئەوەوە بەکۆمەڵگەی ئێرانی و زمانی فارسی ناسران. پانتایی کاری یوونسی لەبوارگەلی جۆراوجۆر و لەرێگەی وەرگێڕان و نووسین بێ وێنەیە، زۆرتر لە هەشتا بەرهەمی گرینگ و ناوازە لە وەرگێڕان و نووسین لە کارنامەی دا هەیە و خشتەی ئەو بەرهەمانە و هەڵبژاردنی وەسواسانە و بژاردەکارانەی یوونسی وامان پێدەڵێت کە ئەو پلانێکی گەورەی کەلتووری درێژ خایەنی لە زەین دا بووە و ویستوویەتی ئەم پلانە هەم بۆ ئێران بەگشتی و بۆ کوردانیش بەتایبەتی بەسەرئەنجام بگەیەنێت.

هەر وەک وتم ژمارەی وەرگێڕان و نووسینەکانی یوونسی زۆر زۆرتن لەوەی کە بتوانم ئاماژەیان پێبدەم بەڵام ئاماژە بە چەندین کاری مێژوویی و ئەدەبی و کۆمەڵناسانەی کە پەیوەستن بە کوردەوە دەکەم و رانان و خوێندنەوەیەکی کورت بۆ یەکێک لە رۆمانەکانی واتە "بەخێر هاتی...!"2دەخەمە روو.

لەبواری مێژوو و کۆمەڵناسی کۆمەڵگا و شۆڕشە کوردییەکانەوە یوونسی چەندین بەرهەمی وەرگێڕاوە کە ئێستا وەکوو سەرچاوەیەکی گرینگ و باوەڕپێکراو دادەنرێت، لەوانە:

بۆ ئەم ریسواییە چ بەخشینێک؟ ن: جاناتان ریندیل

 پێوەندییەکانی ئێران و تورکیا و پرسی کورد؛ ن، رۆبێرت ئومن

 شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران؛ ن، رۆبێرت ئۆلسوون

 گەشتێک لە باکووری کوردستان؛ ن، شێرین لیزەر

 کوردەکان؛ن، کەماڵ نازدار

 کوردەکان و کوردستان؛ ن، دیریک کینان

 کوردەکان، تورکەکان، عەرەبەکان؛ ن، سیسیل جەی ئیدمۆندز

 کۆمەڵناسی خەڵکی کورد(ئاغا، شێخ، دەوڵەت)؛ن، مارتین ڤان برۆیین سەن

 بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد؛ن، کریس کووچرا

 هێلانەی هەڵۆ؛ن. کونیستانت هوون...

لەنووسینەکانیشی : رۆمانگەلی دۆعایەک بۆ ئارمەن، بەخێر هاتی...، گۆڕستانی غەریبان، دادە شیرین، دایکم هەمدیس گریا، مردووەکان و...جێگەی ئاماژە پێدانن.

یوونسی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران سێ مانگ دەبێت بە پارێزگاری کوردستان، ئەگەرچی لەو سێ مانگەش جێگەدەستی لە هێورکردنەوەی کێشەکانی کوردستان دیار بوو.

یوونسی بەم بارستایی و پانتاییە لە کار و چالاکی لە هەموو ئێران دا بێ وێنە و دانسقەیە و ئەمە خودی نووسەران و وەرگێڕان فارسی لەوانە رەزا سەید حوسەینی خەشایار دەیهیمی، مەهدی غەبرایی و.زۆر کەسیتر دانی پێدا دەنێن، بە ئیرادە و تێکۆشان و ماندوونەناسیی یوونسی...بەڵام جگە لە چەند رێوڕەسمێکی بچووک و رێزگرتنێکی ئاسایی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسەوار و شانازییە کەلتوورییەکان لە ساڵی 1380 و هەروەها رێزلێنانێکی سادە لە فیستیڤاڵی چیرۆکنووسی عەزرا لەساڵی 1382 کارێکی وای بۆ نەکرا...شەوێکی تایبەتیش لە لایەن گۆڤاری بوخاراوە کە عەلی دیهباشی بەڕێوەی دەبات.

یوونسی چەند ساڵێک پێش مردنی تووشی نەخۆشی ئالزایمەر ببوو بەرادەیەک کە ئیدی ناوی چارلز دیکێنزی نەدەناسییەوە و دەیوت ناوی ئاشنایە بەر گوێم...یوونسی لە 19 رێبەندانی ساڵی 1390 لەئامێزی فریشتەی مەرگ دەخزێت و بە وەسیەتی خۆی لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕستانی سلێمان بەگ دەینێژن.

 خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەی رۆمانی "بەخێرهاتی...!"

"بەخێرهاتیی...!" رۆمانێکە لەخۆگری بەسەرهاتی خانێکە لە ژێر ناوی رۆسەم خان کە بە هۆی باوەڕی بە رەسەنایەتی و خوێن پیرۆزیی و رەگەزپاکیی خۆیەوە قەت "بڕیار"ی شوو کردنی کچەکەی لە گەڵ "بۆرە پیاو"ێک بە ناوی خەسرەو کە خەڵکی بانەیە،نادات. رۆستەم بەگ(خان) خەڵکی باکووری کوردوستان و خەسرەو لاوێکی عاشق و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردوستانە. رۆستەم بەگ دوای رووخان و نسکۆی شۆڕشی ئارارات لە باکووری کوردوستان بە رێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، لە دەست هێزەکانی تورک هەڵدێت و روو دەکاتە رۆژهەڵاتی کوردوستان. ئەوەی شایانی باسە چوونکوو لەوسەروبەندە دا هەر هەمان سیستەمی فیۆداڵی و خانخانێتی لە رۆژهەڵاتی کوردوستانیش زاڵە، لە بەر دەروازەی هەر شارێک خانێک بە سووروسات و دەسوپێوەندی شکۆمەندانەی خانایەتیانەی خۆیەوە راوەستاوە بۆ داوەت کردن و رێزلێنان لە هاوخوێن و هاورەگەوزی خۆی کە "خان" بێت. رۆسەم خان وەکوو بوونەوەرێکی هەستەوەر زۆرتر بەهەست و نیگاوە رووبەرووی دونیا دەبێتەوە و شیکاری و لێکدانەوەیەکی وای لەدەرەوەی ئەم حاڵەتە بۆ ژیان و دەورووبەر و کێشەکانی پێ نییە، هۆگری بە سرووشت و مۆسیقای فولکلۆری کوردی بە تایبەت حەیران و لاوژە وقەتار هەیە3 و تەنانەت سترانبێژێک بە ناوی پیرۆتی لە گەڵدایە و جارناجارێک کە لە ئەوقبوون و روانین لە کێو و ترۆپکی چیاکان وەکوو هێمای جەنگ  و حەماسەت تێر دەبێت بە پیرۆت دەڵێ: "ئادەی بخوێنە". 4

ئەمە لایەنێکی کەسایەتی مرۆڤی ناو کۆمەڵگای ئەو دەمی کوردییە، کۆمەڵگایەک کە دووشەق بووە لە نێوان باڵادەستی چینێک بەناوی خان و بەگزادە و...و ئیسلامێکی سەیر و سەمەرەی خۆماڵیی. کە لەدرێژەدا ئاماژە بە لایەنی دووهەم و تێکەڵکاریی و دیالیکتیکی سەیری ئەم دوو شەق و جەمسەرە دەکەم. لایەنی خانانێتی و بەرزەجێی خان وادەکات سەمبوول و سیماکانی سەر بەم جەمسەرە بەرگەی گۆڕان و رووداوە تازەکانی کۆمەڵگا نەگرن و تووشی جۆرێک لە دژوازیی و پێکدادان ببێتەوە، لە رۆمانەکە دا بە فۆرمی ململانێی نێوان باوک و کچ، نەریت و عەشق، ئاغا و رایەت، عاشقی بەرزەجێ و عاشقی خوارەجێ هاتووە...ئەم پێکدادان و بەریەک کەوتنە چارەنووسێکی تراژیک بۆ هەردوولا درووست دەکات واتە لایەنی خان(باوک-رۆسەم خان) و لایەنی رایەت(عاشق- خەسرەو) و هەر کام بەشیوەیەک رووبەڕووی تراژیدیا و مەرگ و ئاخرشەڕی دەبنەوە...کچی خان(نەرگس) لە نێوان ئەم دوو جەمسەری پێکدادانە دا سووتەمەنییەکی جوان و پیرۆزە..!.

 دوای ئەوەی کە بنەماڵەی رۆسەم خان لە شاری بانە دا نیشتەجێ دەبن، رۆسەم خان بەو هەموو سۆزەی عەشق و حەماسەتەوە(کە لە خۆشەویستی بۆ مەقام وبەیتە کوردییەکاندا روونە) و تەنانەت خۆشی لە رێگەی عەشقەوە لەگەڵ دایە خانم واتە دایکی نەرگس ژیانی پێکەوە ناوە، بەڵام کاتێک نەرگس و خەسرەو شەیدا و عاشقی یەکدی دەبن لە گەڵ بەرگریی و پەرچدانەوەیەکی لەڕادەبەدەری رۆسەم خان بەرەوڕوو دەبنەوە و تەنانەت بۆ خەسرەو پیلان رێژی دەکرێت، خەسرەوێک کە رۆشتۆتە پێشوازی بنەماڵەی ئاوارە و ئاوارتەی خان و لەسەر سنوور بە ناو چەندەها کەندەڵان و وشکەچۆم و کوێرەڕێ، هێناویانیە ناو بانە. لەو پیلانە دا خەسرەو گیان دەردەبات بەڵام کوڕە دراوسێیەکیان پێوە دەبێت و دوای ماوەیەک کە قسە و قسەڵۆکی زۆر دەخرێتە دووی نەرگس و خەسرە و رۆسەم خان و هەروەها بە هۆی زەختێک کە سیستەمی فیۆداڵی "باوکسالارانە"ی بنەماڵەی رۆسەم خان واتە باوکی نەرگس دەیخەنە سەر نەرگس، کچە خۆی دەرمانخوارد دەکات و تیا دەچێت. پاش ئەم رووداوە بەرەبەرە رۆسەم و دایە خان بەرەو هەڵوەشان و داڕزانێکی دەروونی و رۆحیی دەڕۆن و رۆسەم بە تەواوی شێت دەبێت و هەموو سامان و بوونی مادیی و مەعنەوی خۆیان لە کیس دەدەن و هێرشگەلی جۆراوجۆر دەکرێتە سەریان و... و روو دەکەنە شوێنێک لای پارێزگای کرمان.

تا ئەم وێستگەیە لە رۆمانەکەدا بوونەوەر و بکەر یان راستتر وایە(کراو- بەرکار)ی ناو سیستەمی ئاماژەپێدراو دوو تایبەتمەندی نێگەتیڤ و چارەنووس کوژ و رەش وەردەگرێت؛ شێتییەک کە سەر لە وڕێنە و تێکچوونی یادەوەری(ونکردنی زەمان) دەدات و غوربەتێک کە ئەمان تێیدا بۆ خەڵکی کرمان "ئەویدی"ن، بەڵام ئەمان خۆیان نازانن شوناسیان چییە و ون بووگن تا بیر لەوانی دی بکەنەوە! تاکوو دواجار کوڕە گەنجێکی بانەیی کە لە دەزگای "دادوەری" کرمان دا ئیش دەکات بە سەریاندەکاتەوە و کچەکەی نەرگس(بەرهەمی عەشقی ژێرەوانکێ و سێبەریانەی نەرگس و خەسرەو) کە ئێستە سمتی پڕە و مەمکی قۆرت و دەنگی ناسک! خوازبێنی دەکات و دەبێتە دەرگایەکی تۆزێک رێزمەندانەتر لە پێشوو بۆ دەرچوونی رۆسەم بێ "خان" ومان واتە رۆسەم خان! لە بەرزەخ و درێژەدان و رۆشتن بەرەو نادیار یان دۆزەخی ژیان!

وەک لەم گێڕانەوەیە دا تا رادەیەک ورد و روونم کردەوە نەریتە کولتووریەکانی کورد وەکوو باوکسالاری و خانخانێتی کە دەسەڵاتێکی شکۆمەند و پیرۆز و فیۆداڵیانەی لێ شین بۆتەوە، لە گەڵ میتافیزیکی ئیسلامی - عەرەبی دا بە شەڕ دێت و بە هۆی نەهاتنە ئارای سەنتێز و بەرئەنجامێکی روون و واقیعی، چۆڵەوانییەک لە داروپەردووی رووخاو لە بەر دەممانە کە عەشقی نەرگس و خودی نەرگس دەکوژن چوونکوو خوێنی نەرگسیان بەلاوە پیرۆزە و لەم سەریشەوە ئیسلامیان قبووڵ نەکردووە و نوێژ ناکەن چوونکوو رەسەنایەتیان نابێ لەکیس بدەن! بۆیە وەکوو دەرکەوتەیەکی هێمایینی ئەم کردەوەیە تەرم و رۆحی نەرگس لە بانە جێ دێڵن و لەو ماڵەی کە بەکرێ گرتبوویان، لەنهۆمی سەرەوەدا دەینێژن و سەردان و پاسەوانییەکەی دەدەنە دەست ژنەقەرەجێک و دواتر ژنە چ گێڕانەوەگەل و چ دیرۆکگەل و چ ئوستوورەگەلێکی سەیر و دەسکرد و ساختە لە گڵکۆی نەرگس ناهۆنێتەوە، لە گڵکۆی عاشقێکەوە دەبێتە نەزەرگە و قسنە کۆنێک کە فریشتەکان و خزری زیندوو بەسەری دەکەنەوە و ژنە قەرەجیش لەم پێشانگا ئەفسووناوییەی کە رێکی خستووە پارە و دەسکەوت و حەوجەگەلێکی زۆر بەری دەکەوێت!

ئەم بوونەوەرە کە ناوی خان بێت وەک ئەوەی کە یونسی لە رۆمانی "بە خێرهاتی...!" دا باسی دەکات، تایبەتمەندییەکی خۆبینانە و لەخۆدەرچووانەی دانسقەی تێدا بوو و زۆرتریش بۆ ئەومەبەستە بوو کە لە ئەوانی دی جیا و هەڵبژاردە و تایبەت بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەرچی لە دوای هاتنی ئایینی ئیسلامیش هەر پێکهات و دەسەڵاتیان ئامادە بوو لانیکەم وەکوو ئەو رۆڵ ودەورەی خۆیان بۆخویان دایاندەناو پێشیان پەسەند بوو و هەر بە ئاراستەی ئەو جیاکاری و "جیابکەریی"ەدا نوێژیشیان نەدەکرد ئەوەش لە حاڵێکدا کە کەلتووریشی بەزۆری! ئایینیی و ئیسلامی بووە! ئەو لە زمانی یەکێک لە کەسایەتییەکانی رۆمانەکەوە دەڵێت: "بەنی ئایەمێک کە گەرد و وردیلەیەکی بێ نرخ و بایەخ زیاتر نییە، خۆی بە تەوەر و خولێنگەی گەردوون و کائینات دادەنێت، ومن بۆیە لە نوێژکردن خۆشم دێ چوونکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم گەردیلە چرووک و هیچە بو چرکەساتێکیش بووە لە ترۆپک و بەرزاییە کانی لە "خۆ" بایی بوون و لووتبەرزیی بێتە خوارەوە و بڕێک لە گەڵ راستیی و حەقیقەتی بوونی خۆی ئاشنا بێت. و تەنانەت ئەگەریش ئەو هەستی دابەزین و لەخۆ دەربازبوونەش داینەگرێت، هەر ترس و دڵەڕاوکیێەک دەکەوێتە گیانییەوە پەیوەست بەم پرسیارەی کە داخۆ منیش ئەوەندە گەردیلەیی و سووچ و چرووک بم کە "ئەوانی"دی؟" 5

ئەم رۆمانە وانوێنەر و وەگێڕی چەندین بەریەک کەوتن و دژوازیی و قوربانیی و سووتانی عەشق و رەنجی مرۆڤ و مەرگی جوانی و زەختی سیاسییە کە رووبەڕووی کورد لە دوو پارچەی باکوور و رۆژهەڵات بۆتەوە و بەشێوازێکی ریالیستی و واقیعخوازانە گێڕدراوەتەوە.

18/2/2018

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

1- زمستان بی بهار، ابراهیم یونسی، تهران، انتشارات نگاه

2- خوش امدی،ابراهیم یونسی ، رمان، توکلی، تهران، 1381

3- بەیت و کۆڵەکەی سەرەکی مۆسیقای کوردیی کە وەگێڕیی عەشق و هیجران و جەنگ وحەماسەتە

4- خوش امدی،ابراهیم یونسی ل148

5-بڕگەی پێشوو ل318