تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۵
ڕێ‌وڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک له پیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو

به پێی هه‌واڵیی هاژه، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەدیبان، نووسەران، پسپۆرانی بوارەکانی زمان، فەلسەفە، دروونناسی، پەروەردە و کۆمەڵناسی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ڕێوڕەسمێک لە کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکە دا کە ۳ کاتژمێری خایاند، دوای بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن پێشکەشکاری کۆڕ، بەڕێز ئەنوەر ئاریامەنێش، پەیامی فەرمی کافە کتێب لەلایەن بەڕێز تاهیر حوسێنی خوێندرایەوە.

لە درێژەی بەرنامەکە‌دا و لە بڕگە جیاوازەکاندا بەڕێزان؛ کەماڵ حەسۆ، مامۆستا عومەر ئیمام، حامید ئەمین عەشایری، قەرەنی ئەحمەدئاقایی، دکتۆر کاوە خضری، محەممەد ساوجبڵاغی، خدر محەممەدی و هەیدەر ئەحمەدی، وتارەکانیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. هەرکام لە وتاربێژان، لە گۆشەنیگای تایبەتەوە و بەشێوەی زانستیانە گرینگی زمانی دایک، ڕێگاکانی پاراستنی زمانی کوردی، هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەم زمان و ئەدەبیاتی کوردییان هێنا بەرباس و لێکۆڵینەوەی ورد.

هەروەها ئەندازیار یوسف شوجاعی چیرۆکنووس و ئەدیبی کوردی کورمانج، وتەکانی خۆی سەبارەت بە گرینگیی دانوستاندنی ئەدەبی لەنێوان زاراوە کوردییەکان (بە تایبەت کورمانجی سەروو و کورمانجی ناوەڕاست)، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

شایانی باسە لە دوو توێی ئەم ڕێ‌وڕەسمەدا، وێڕای ئاماژە کران بە ڕۆڵی چالاکان و ناوەندە مەدەنییەکان لە زیندوو ڕاگرتن و بووژاندنەوەی زمانی دایک، گرینگیی و زەروورەتی پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک، لە ڕەهەندە جۆراوجۆرکانی زمانناسی، یاسایی، مافی مرۆڤ، کۆمەڵناسی، دەرونناسی، پەروەردە و هتد... ئاوڕی لێ درایەوە و شڕۆڤە کرا.

لە کۆتایی ڕێ‌وڕەسمەکەدا، بۆ بەرزنرخاندنی ڕۆڵی مامۆستایانی زمانی کوردی لە شاری پیرانشار کە لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا، لە بەڕێوەبردنی خولە فێرکارییەکانی زمانی کوردیدا، بەردەوام بوونە، خەڵاتی ڕێز لێنانی کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار) پێشکەش کرا بە مامۆستایانی بەڕێز: خدر محەممەدی، حامید ڕەسووڵی و هەیدەر ئەحمەدی.

هەروەها بە پێشکەش کردنی خەڵات، ڕێز لە دوو دەیە خەبات و تێکۆشانی بنکەی ئەدەبی ڕووناک لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی گیرا.