تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۵
شەڕی نگریسی میدیای کوردی

ڕزگار به‌هاری

 

وەزعێکی نالەبار باڵی بەسەر کوردستان‌و خەڵکەکەی کێشاوە. کەرکووک، عەفرین، شنگال، چاڵە نەوتەکان‌و کۆبانی لە ھەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا، ڕوێکی ناخۆشتری ھەیە کە زۆر کەسی بەخۆیەوە گرفتار کردووە. کورد لە دوو جەبھە لە شەڕدایە، جەبھەیەکیان شەڕ لەگەڵ حەشدی شەعبی‌، داعش‌، تورک و گرووپە تیرۆریستیەکان، جەبھەیەکیش لە شەڕێکی میدیایی قورس‌و نگریس لە دژی یەک. ھەرچەندە ئەم شەڕانە باسمان کردن لێرە دوورن و ئەم سنوورانە ناگرێتەوە بەڵام ڕۆڵی گرنگی ڕای گشتی (افکار عمومی) دەبێتە ھۆی ئەوە کە تەنانەت فکرێک بڕووخێت.

ئەم شەڕانە بەگشتیی دوو پێڕ دەیگێڕن: 1- پێڕێک لە کەسانێک کە لایەنێک بە حەق دەزانن‌و نائاگا بە ئاکامەکانی ئەو شەڕە میدیاییە خزمەت بە ئەجیندایەک دەکەن. 2- پێڕێک لە کەسانی ئاگادار و شارەزا کە دەزانن چۆن گەمە بە ھەست‌و عاتفە‌و سۆزی خەڵک بکەن ئاگری ئاژاوە خۆش دەکەن. پێڕی یەکەم چاویان لە دەمی میدیاکانی سەر بەو حزبەیانە‌و قسەکانی ئەوان دووپات دەکەنەوە بەڵام پێڕی دووھەم لەلایان حزبێک‌و فکرێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی زیاتر لە دەوری خۆیان پاڵپشتی ماددی‌و مەعنەوی دەکرێن؛ مەبەست ئەو جۆرە حزبانەیە کە میدیای زۆر و بەھێز و دروشمی بریقەدار و قسەی دڵخۆشکەریان زیاترە تا کردار.

بەشێک لە تەوەرەکانی شەڕی میدیایی، بابەتی جیا کردنەوەی خیانەتە لەگەڵ ھەڵە، ھەروەھا جیاکردنەوەی تاکتیک لەگەڵ ستراتیژی. جیاکردنەوەی ھەڵەو خیانەت بۆ کەسانێک کە ئاگاداری مێژوو نەبن‌و خوێندنەوەیان بۆ ڕووداوەکان نەبێت ئاسان نابێت بۆیە زۆر کات بەبێ ئەوەی بزانن، پاڵپشتی خیانەتی لایەنێک ئەکەن. ھەروەھا لە تاکتیک‌دا، ڕەنگە ھەندێک دەستکەوت لە‌دەست بچێت بەڵام لە پڕۆسەی ستراتیژی‌دا کە گرنگترە لە تاکتیک، کۆی بەرھەمی چەندین ساڵ ڕوون دەبێتەوە کە ئەگەر تاکی کورد ئەو بابەتانە لێک جیا بکاتەوە ئەوکات دەتوانێت لایەنی ڕاست‌و لایەنی ناڕاستی ئەم شەڕە میدیاییە بناسێت‌و باش و خراب جیا بکاتەوە.

 دەبینین چەندین لایەن لەڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک تلگرام‌و ھەروەھا کەسانی سەر بەخۆیان بەشێوەی چڕ سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕاست‌و ناڕاستن بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی لە سەرەوە باسمان کردن بۆ کۆمەڵگە ڕوون نەبێتەوە؛ چونکە ئەگەر ڕوون ببێتەوەو دەستیان ڕوو ببێت، ئەوکات لەلایان کۆمەڵگەوە سزا دەدرێن‌و لایەنگریان کەم دەبێتەوە. شێواندنی ھەواڵەکان‌و ون‌کردنی مێژوو، کارێکی حەیاتی‌و گرنگە بۆ ھەندیک لایەن چونکە ئەوکات ڕوون دەبێتەوە کە ناڕاست بوون‌و پاشان ئاستیان لە بەرانبەر لایەنێک یا لایەنەکان دێتە خوار و لاواز دەبن.

وەک باسمان کرد جووڵاندنی ھەست‌و‌ سۆز و عاتفەی تاکی کورد یەکێکە لەو ڕێیانە کە کەسانی سەر بە حزبەکان بەکاری دەھێنن، وەک ئەوەی ھەوڵ بدەن گاڵتە بە شعوری تاک بکەن‌و سەرنجی خەک بەو ئاراستە دەبەن کە دەیانھەوێت. پاساو بۆ ھەر خیانەتێک دەھێننەوە یا تاکتیک‌و ھەڵەی لایەنێک وەک خیانەت ناوزەد دەکەن‌و لە بەرانبەریشدا خیانەت‌و ستراتیژی خۆیان وەک ھەڵە‌و دەستکەوت ناو دەبەن. ئەو ھەواڵانەی بەرانبەریان ناشیرین دەکات بە تەواوی بڵاو دەکەنەوە و ئەو ھەواڵانەی‌کە لە بەرژەوەندی خۆیان نیە باسی ناکەن یا تەنھا بەشێکی باس دەکەن کە ئەو شێوە کار کردنە دوورە لە پڕەنسیڤە ئەخلاقی‌و ڕۆژنامەوانیەکان.

پێویستە تاکی کورد سەرەتا نەکەوێتە داوی ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە‌و خۆی بپارێزێت لە ھەر شەڕە حزبیەک، ھەروەھا ئەگەر لە دوورەوە و لە سەرەوە بڕوانێتە ھەر پرسێک‌و خۆی نەخزێنێتە ناو ئەو شەڕە نگریسە، ئەوکات میدیا و کەسانێک کە ھەواڵ چەواشە دەکەن ناتوانن ئەو جۆرە کە دەیانھەوێت کایە بە ھەست‌‌و عاتفە‌و سۆزی بکەن، یا بە ھەر ئاراستەیەک کە بیانھەوێت بەدوای خۆیان‌دا ڕایکێشن‌و بیبەنن.