تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۲
فەوتانی زمانی دایکیی، فەوتانی میللەتێکە
میلاد ئەمانوڵڵایی / رۆژنامەوان


نۆزدە ساڵ پێش ئێستا بایەخی زمانی دایکیی رۆژێکی جیهانی بەخۆیەوە دیت. هێشتا لێرە زمانی دایکیی لە پەراوێزدا ماوەتەوە.
بایەخی زمانی دایکی بۆ مرۆڤ و فرەرەنگی زمانیی، کارێکی کرد لە دواییەکانی سەدەی بیستەوە هەموو ساڵێک بیست و یەکی ئاڤریل واتا دوو(سێ)ـی رەشەمە بەم بۆنەوە تەرخان بکرێت. ساڵانێک پێش ئەم باسە لە ئەسڵی ١٥ی یاسای سەرەکیی کۆماری ئیسالامیی ئێران دا دان بە بایەخی زمانی دایکیی و مافی خوێندن بەزمانی دایکیی لەتەنیشت زمانی فارسی دا نراوە. هەنووکە ئێمە دەبینین لەم باسەدا هاوکات لەگەڵ چالاکی مافخوازانەی چالاکوانان و دیکەی بیرمەندەکان کەمترین هەوڵی بەرپرسان لەمەڕ ئەم خوازە دا هاتووەتە ئاراوە . بۆ نموونە ئەوەیشی بۆ ئێمەی کورد وەک تاکێکی ئێرانی کرابێت بە هۆی نەبوونی رووانین و چارەسەری بناغەییەوە لە بریار و پیلانێکی کاتی تێنەپەڕاوە.
وڵاتی ئێران بە هۆی هەبوونی تیرە و زمانە جۆراوجۆر و جیاوازەکانەوە لە ناوخۆدا خاوەنی دەوڵەمەندییەکی تایبەت لەباری جوغڕافیای زمانیی و کەلتوورییەوەیە. ئەم دەوڵەمەندییە پەرە ناسێنێت مەگەر بە بنیان نانی فێرکاریی بنچینەیی هەر یەکە لەم تیرەگەلە. ئایاکوو تەنێ بەرفراوان کردنی فارسی وەک زمان ئەتوانێت پارێزەری ئەم هەمووە کەلتوور و زمان و نەریتە جوانانە بێت، کە سەردەمانێکە ناو و ناوبانگیان سنوورەکانی بەزاندووە و دنیایێکی هۆگری خۆی کردووە؟
لەم دواییانەدا لە بواری فێرکاریی، هەندێک هەوڵ بۆ پاراستنی زمانی کوردی وەکا زمانی دایکیی لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە کە رەنگە پێشتریش و بە پێی هەل و مەرجەکان ناوە ناوە هەوڵیان بۆ ئەدرا بەڵام هەنووکە بە نەمانی بڕێک بەربەست و رەوابوونی هەندێک ماف ، هاتوونە بەر بەرایی چاوی کۆمەڵگا، لەوانە ئەتوانین بە وتنەوەی وانەی کوردی وەک وانەی سەربەخۆ یان وەک بەشێک لەوانەی ئەدەبیات لە قوتابخانەکان و فێرگەکان، دامەزراندی فێرگە تایبەتییەکانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی و بە خۆشحاڵییەوە دامەزراندنی رشتەی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگای کوردستان ئاماژە بکەین. لەم نێوانەدا هەندێک رەخنە دیسان دێتەوە سەر بەرپرسایەتیی بەرپرسان. وتنەوەی وانەی تایبەتیی کوردی لە قوتابخانەکان دا پێویستیی بە بوونی کتێبێکی تایبەتە کە ئێستاش نەهاتووەتە ریزی کتێبە فەرمییەکان و لە شارێکی وەک سەقزدا کتێبی جۆراوجۆر لە لایەن مامۆستاکانەوە دابین و پێشنیار کراوە. کتێبی (وانەی کوردی) لە نووسینی دەستەیەکی نووسەران پێک هاتوو لە ماسۆستاکانی زمان و وێژەی فارسی لەقوتابخانەکان، بەرچاوترینی ناو ئەم لیستەیە کە هەر لە سالی ٩٧-٩٦ی پەروەردەیی دا  ئەم کتێبە وەک کاڵایێ کە قوتابیەکان لە کتیبفرۆشیان دەکری سێ جار بەوادەی حەوتە و مانگ لە کتیبفرۆشییەکان بڕا و هەندێک قوتابیی ئاڵۆز کرد. ئەم باسە ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پاڵپشتییەکی فەرمیی لەمەڕ بە ئەنجام گەیاندی یاسایێکی فەرمی بۆ مافێکی رەوا. هەر لەم رەوتەدا و بەچەشنێکی تر ئەتوانین بروانینە سەر ئەم باسە لە زانستگای کوردستان وەک شوێنێکی فەرمی بۆ خوێندنی باڵا. بە تیڕامانێک لە کتێبەکان وەک سەرچاوەی خوێندی باڵا لە رشتەی زمان و وێژەی کوردیی زانستگای کوردستان بۆشایی و کەلێنی زۆر بەرچاو لەگەڵ ئەسڵی واتای رشتەکەدا ئەبیندرێت کە شرۆڤەیان وەک کولیەتی کتێب و وانەکان و هەروەتر پێکهاتەی زانستیی و تیۆری کتێبەکان بە وردی لێرەدا وەک یادداشتێک ناگونجێت.
مرۆڤ سەرەتا و زێتر، بە زمانی دایکی ئەدوێ، بە زمانی دایکی پی ئەکەنێ، ئەگری و هەروەتر دیکەی هەستەکانی ، هەر نەبێت بۆ خۆی، دەر ئەبڕێت. کەواتە مرۆڤ وەک تاکێک لە کۆمەڵگا بەزمانی دایکییەوە بوونی هەیە و بۆ درێژە پێدانی خۆی، وەک ژیانی کەسایەتییەکی تاک، ئەبێت هەوڵ بدرێت زمانی دایکیی بۆ بپارێزرێت. لاواز بوونەوە و فەوتانی هەر زمانێک واتای فەوتانی تیرەیەک لە کۆمەڵگا و پتر، میللەتێکە.