تاریخ: ۱۳۹۴/۱۰/۱۵
عێراق نادیە موراد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێر دەکات

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی سێشەممە 15ی به‌فرانباری 1394 بە فەرمی کاندیدکردنی نادیە موراد، کچێکی کوردی ئێزدی کە لە دەستی داعش رزگاری بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، راگەیاند.

 

به پێی هه‌واڵی هاژه و به گێڕانه‌وه‌ له میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری بەربژێرکردنی نادیە مورادی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە " نادیە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دانیشتنێکدا لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، باسی لە ناڵەی ژنانی ئێزدی کردووە کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون  و مرۆڤ بەهۆیانەوە شەرمەزار دەبێت. ئەو هەروەها داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە 3400 کچ و ژنی ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگار بکەن".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقدا هاتووە " نادیە رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە ناساندنی نەهامەتییەکانی ژنانی عێراق بە گشتی  و ژنانی ئێزدی بەتایبەتی، لەو ناوچانەی کەتوونەتە دەستی داعش بە هەموو جیهاندا"، هەروەها باسی لەوەش کردووە " نادیە بەهۆی چاونەترسییەکەیەوە ئازایەتی نواندووە لە نیشاندانی نەهامەتییەکانی ئێزدییەکانەوە".

لە کۆتاییشدا وەزارەتەکە دەڵێ " ئێمە شانازی بە کاندیدکردنی ئەو کچە عێراقییەوە دەکەین بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و، داوا لە رای گشتی و هەموو رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتی بکەن، لەبەرئەوەی ئەو شایەنییەتی ببێتە سیمبولی تێکۆشانی ژن لە دژی ئەو هێزە تاریکانەی دەیانەوێت کەسایەتیی ژن لەکەدار بکەن".

ئەو کچە کوردە ئێزدیە کە توانیویەتی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن داعشەوە خۆی رزگار بکات، لەپێناو پەردە لادان لەسەر تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی بە وڵاتاندا دەگەڕێت و دەیەوێت وڵاتان دان بەوەدابنێن کە داعش تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدی بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی کردووە. ئەو، هەروەها لەبەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا لەسەر ئەم بابەتە بە گریانەوە قسەی کردووە.