تاریخ: ۱۳۹۴/۱۰/۱۸
بەفرانبارێکی شێعراوی لە سەقز
سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 17ی بەفرانبار ئێوارە کۆڕێک بۆ پەردەلادان لە سەر کتێب و شێعر خوێندنەوە بە بەشداری شاعیران لە شاری سەقز بەڕێوە چوو.خەڵکی شاری سەقز و میوانانی شارەکانی دیکە پێشوازییەکی گەرم و گوڕ و فراوانیان لەم ئێوارە کۆڕە کرد کە بە میوانداری ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبی پەیڤ و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی گوتار بەڕێوە چوو.
 
 
  
 
لەم ڕێوڕەسمە ڕازاوەدا لە دوو بەرهەمی شێعر و بەرهەمێکی ڕۆمان پەردەلادرا، کە بریتی بوون لە:
 
 1. خۆرێک ئەدەمە بن دەستم: 
کۆ شێعری شاعیری بە توانای سەقزی یوونس حسەینی و بەرهەمی دووهەمی شێعری
 
2.ئانتراکت :کۆ شێعری شاعیری لاوی سەقزی میلاد ئەمانۆڵاهی و یەکەم بەرهەمی شێعری
 
3.کەتنگە: ڕۆمانی عەلی حسەینی وەک یەکەمین ئەزموونی ئەدەبی گێڕانەوەی نووسەر.
 
دواتردانیشتنێک بە بەشداری مامۆستایان سەعید نەجاڕی(ئاسۆ)، حسەین شێربەگی، ئەحمەد شەبانی و سمایل عەزەمی لە سەر ئەم سێ بەرهەمە سازکرا هەر کامیان خوێندنەوەو سەرنجی خۆیان پێشکەش بە ئاماده‌بوانی کۆڕەکە کرد.
 
پاشان لەگەڵ پشوودانێکی کورت میوانان وەک پشتگیری لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بە کڕینی کتێبەکان،واژۆ کردنیان لە لایە نووسەرانەوە، بەشداری خۆیان بۆ تەواو کردنی پڕۆسەی کتێب لە بەرهەم‌هێنان تا خوێندنەوە، ڕاگەیاند.
 
دواتر بەشی دووهەمی بەرنامەکە بە خوێندنەوەی شێعری شاعیران درێژەی پێدرا. لەم بەشەدا شاعیرانی بە توانا و خامە ڕەنگینی شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، دیواندرە، بۆکان، كرماشان، مەهاباد و بیجار بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەشی بینەران کرد و کۆڕەکەیان ڕازاوە تر کرد.
 
لە کۆتاییشدا شاعیرانی بەشداربووی ئێوارە شێعرەکە لە لایەن سێ نووسەری بەرهەمەکەوە خەڵات کران.
سپاسی فراوان بۆ بەشداری گەرم و بێ وێنەی خەڵکی سەقز و شارەکانی کوردستان
 
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی پەیڤ
ناوەندی گوتار