تاریخ: ۱۳۹۶/۱۰/۱۳
ڕیزبەندییەکانی خەڵک و کاردانەوە نابەجێیەکان

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤەکاری سیاسی

 

ناڕەزایەتییەکان خەڵک لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و وێڕای درووشمە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵگری زۆر خاڵی جێی سەرنجە کە گرینگە دەوڵەت، پارڵەمان و بەشەکانی دیکە حکوومەت گرینگایەتی زێدەتری پێ بدەن. لە ڕاستیدا، دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بە شپرزی و ناڕێکییە بەربڵاوەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکان، دۆخی بژێوی ژیان، تاڵانکاری لە بانک و بنکە ئابوورییەکان، گەندەڵی لە دەزگاکانی ڕێوەبەرایەتی، بێکاری و ... قورساییەکی زۆری لە سەر هەموو خەڵک داسەپاندووە. ناڕەزایەتییەکانی لەم جۆرە خاوەن سەرچاوە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانن کە بەرپرسان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئاست بە ئەوان کەمترخەم بوونە.

کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا ڕاشکاوانە ڕیزبەندییە ئابووری، چاندی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەربڕیوە کە کاریگەرییەکانی ئەو لە کورت خایەن و مامناوەندی لە سەر ژیان خەڵک بەباشی خۆی دەرخستووە. هەر بۆیە، "بنەما" سیاسەتە نێوخۆیییەکانە کە ڕەهەندەکانی دیکە دیاری دەکات کە هەڵگری زۆر خاڵی لاوازە. هەر وەها، وێڕای دیتنی ناڕەزایەتی و داواکارییە بەیانکراوەکان ئەم حەقیقەتە ڕوون دەبێتەوە کە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان ئاسەوارێکی نەرێنی و ناڕێکی لە سەر ژیان و بژێوی خەڵک داناوە. ئەم بابەتە، لە ڕوانگەی هاووڵاتییان و کۆمەڵگا ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هاوکات، بێدەنگی کۆڕە ڕووناکبیرەکان، لایەنی کۆنەپارێز و چاکسازیخوازی ـ اصولگرا و اصلاح طلب ـ ڕێگە لە بەردەم دەست تێوەردان و توندوتیژی دەکاتەوە و ئەم پرسە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دیکە لە بارودۆخێک جێگە دەدات کە ئاوڕدانەوە و چارەسەرکردنی داواکارییەکانی خەڵک ڕووبەڕووی کێشە و بەربەست دەکاتەوە.

" بەندی ٢٧ " یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەوە دەکات کە: "کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان، بەبێ هەڵگرتنی چەک، بە مەرجی ئەوەی کە تێکدەری بنەماکانی ئیسلام نەبێ، ئازادە".  داواکارییە بەردەستەکان وێڕای سەرنجدان بە تاقەتی ئابووریی و کێشەکانی بژێوی ژیانی خەڵک لە تەنیشت نەبوونی دەرفەتی کار، بێکاری بەربڵاو، دزی لە بنکەکان و لێڵی لە وەڵامدانەوە و کاردانەوە نابەجێیەکان لەمەڕ پرسە کۆمەڵایەتی، چاندی و ئابوورییەکان؛ ڕەوانە کە پێداویستە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بەدوور لە توندوتیژی کاریان بۆ بکرێ. لە لایەکی دیکەوە، دابینکردنی دۆخی گونجاوی ئابووریی و بژێوی ژیان، بەرنگاربوونەوەی بەهێزتری دەزگای داد لە دژی گەندەڵکارانی ئابووریی و گەندەڵی بەربڵاو، نەهێشتنی دەستکورتی و دەست نیشان کردنە گەڵاڵە و بوودجە گونجاوەکان بۆ دەربازبوون لە دۆخی پاش گەمارۆکان و هەر وەها، پێداگری زۆرتر لە سەر کردەوەیی کردنی "یاسای بنچینەیی" نەک "بەیاننامەی مافەکانی هاووڵاتیبوون" بەشێک لە داواکارییە سەرەکییەکانن کە ڕای گشتی کۆمەڵگای خوازیاری کردەوەیی کردنی ئەوانن.

جیاواز لە ئەوانە، بەندی چوارەم " ئابووریی و کاروبارە ماڵییەکان" ـ خاڵی ٤٣ ـ یاسای بنچینەیی وڵات دیاری کردووە کە: "بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووری کۆمەڵگا و نەهێشتنی هەژاری و نەداری و دەستەبەرکردنی پێداویستییە مرۆڤییەکان بەدرێژایی گەشەسەندن دەبێ پێداویستییە سەرەکی و گشتییەکانی وێڕای پێداگری لە سەر بەرزکردنەوەی بەرهەمەکانی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و پیشەسازیی ڕوو بدات". هاوکات لە گەڵ ئەمە، بەشی کشتوکاڵ و پیشەسازیی بە شێوازێکی بەربڵاو تووشی قەیران هاتوونەوە و لە بنەڕەتەوە، کشتوکاڵ کە گرینگە بزوێنەری گەشە و پێشڤەچوونی ئێران ببێ بەڵام لە ئاکامی کۆچبەری خەڵک لە گوندەکان بە هۆی پشت گوێ خستنی دەوڵەتەکان؛ ڕووی لە داڕمان کردووە. بەدڵنیایی، ئەمڕۆکە تەنیا بەشی خزمەتگووزاری هەتا ڕادەیەک ڕووی لە گەشەیە کە ئەم بابەتە بە سەرنجدان لە گەڵ داخرانی بەشێکی زۆر لە کارگە و کۆمپانیاکان کێشەکان قووڵتر دەبنەوە.

لەم ڕوانگەوە، لە ئاکامی نەبوونی سیاسەتە ڕوونەکانی دەوڵەت و کاردانەوەی نابەجێ ئەو سەبارەت بە پشتیوانی نەکردن لە چینەکانی خوارەوە لە تەنیشت ژیانی پڕووکێنەری جووتیاران، کرێکارانی بێکاری بەشی پیشەسازیی، هەڵسوکەوتی ناحەز لە ئاست بە دەستفرۆشان کە تەنیا سەرچاوەی داهاتی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکە، قاچاق لە دەروازە فەرمییەکانی و... کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر ڕای گشتی داناوە کە لە ئێستادا پەیهاتەکانی دەرکەوتووە. هەر بۆیە، چاوەڕوانی ئەمە دەکرێ کە لە ڕێگەی دانانی سیاسەت ڕاستەقینەکان لە پێناو چاککردنەوەی ژیانی خەڵک ئەم دۆخە شپرزە چارەسەر ببێ و بە داخوازییەکانی خەڵک لە بەستێنە جیاوازەکان سەرنجێکی زێدەتر بۆ جێبەجێ کردنیان بدرێ.