ئامادەکردنی: دکتور ئەمیر عەبدوڵڵاهی
میدیا زەندی کچی عەزیز زەندی بە ڕەچەلەک خەڵکی شاری مەراغه بوو. هۆگرایهتی باوکی میدیا به کولتووری کورد بوو به هۆی ئەوەی که میدیای کچی ببێتە یەکێک لە بێژەرانی ڕادیۆی کوردی تاران. حەسەن زیرەک پاش گەڕانەوەی لە باشووری کوردستان بە هۆی نزیک بوون لە باوکی میدیا لە ڕادیۆ کوردی تاران دادەمەزرێت و لەگەڵ ئەو ژیانی هاوسەری پێک دەهێنێت. میدیا هەمیشه باسی دوو زیرەک دەکات؛ زیرەکێک وەک هاوسەری، کە لەم بوارەدا گلەیی زۆری لێ بووە، بەڵام وەک زیرەکی هونەرمەند هەمیشە بە ڕێزەوە باسی هونەرەکەی دەکات و خۆشی لەو ڕێگایەدا زۆر هەوڵی بۆ زیرەک داوە. پاش مەرگی زیرەک میدیا لە بواری داکیۆمێنت و کتێبی "چریکەی کوردستان"، فیلم و بڵاو کردنەوەی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ کوردی تاران هەوڵی یەکجار زۆری داوە.
ئەم وتووێژە شانزدە ساڵ لەمەوبەر لە ڕادیۆ کوردی تاران لەگەڵ میدیا زەندی کراوە و هەر بە دووی ئەوەشدا بە هۆی ساز کردنی کۆڕی ڕێز گرتن لە حەسەن زیرەک کە مانگی خەزەڵوەری 1380 هەتاوی لە زانکۆ تاران بەڕێوە چوو، میدیا زەندی بە دڵێکی گەرم و دڵخۆشانەوە ئێمەی خوێندکاری وەرگرت و گوێ بیستی پرسیارەکانمان بوو؛ هەرچەند ئێستا میدیا زەندی نەماوە و بە داخ و غوربەتێکی زۆر لە ساڵی 1387 هەتاوی لە تاران کۆچی دوایی کرد.
ئهوەش دەقی وتووێژهکه:
· ژیانی مامۆستا حەسەن زیرەک لە چ باروودۆخێک دابووە؟
بە داخەوە حەسەن لە ژیانی ئاسایی و هونەرمهندییەتی خۆی تووشی زۆر کەند و کۆسپ و ناڕاحەتیی هاتووە. کاتێک هاتە ڕادیۆ کوردی تاران و توانی چەند بەرهەمێک تۆمار بکات ژیانی کەمێک باشتر بوو، بەڵام کاتێک له ڕادیۆ بێ مێهری پێکرا، ئیدی حەسەن تۆرا و ئەوێی بەجێهێشت و ڕووی لە کوردستانی باشوور کرد و پاش دوو ساڵ بەرەو کوێستان گەڕاوە و لە قاوەخانەی کاکی لە بۆکان گیرسایەوە.
· میدیاخان ئێوە و مامۆستا حەسەن زیرەک چلۆن پێکەوە ئاشنا بوون؟
من 13 ساڵان بووم و لە قوتابخانە دەرسم دەخوێند، ڕۆژێک کە هاتمەوە ماڵێ، دیتم پیاوێک لە ژوورێ لەگەڵ بابم دانیشتووە، ئیدی سڵاوم کرد و هاتمە دەرێ، بۆ سبەینەکەی کە هاتمەوە ماڵێ دیتم حەسەن لەگەڵ دوو خانمان کە هەر دووکیان وا دیار بوو خێزانی بوون لە وێ دانیشتبوون و منیش سڵاوم کرد و لەگەڵ وان دانیشتم، هەر لەو دەمەدا حەسەن گۆرانی "وەرە قوربانی" گووت، کە گۆرانییەکەی گووت من لەوێ ڕۆیشتم. [بە پێکەنینەوە دەڵێ...] حەسەن جا دواتر کە بۆی گێڕامەوە گووتی: "من ئەگەر گۆرانیم دەکووت هەر چی کچ و ژن بوو گوێیان بۆ گۆرانی من هەڵدەخست، بەڵام تۆ وا دیار بوو گۆرانییەکەت پێ خۆش نەبوو، بۆیە لەوێ ڕۆیشتی، جا بۆیە ئەو دەم کە ڕۆیشتی گوتم شەربێ بتهێنم" لە ئاکامدا ساڵی 1337 ژیانی هاوبەشیم لە گەڵ پێکهێنا.
· کەمێک لە سەر کەسایەتی بابتان عەزیز زەندی بۆمان بدوێن؟
بابم یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی "ژی کاف" بوو ئەو بینایەی ئیدارەی شارەداری لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد ماڵی ئێمە بوو و ئەو هەوەڵ کەس بوو کە ئەو دەم لە ساڵی 1926 بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کتێبی ئینجیلی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە. دواتر بابم بە پێیان لە مەهاباد ڕا بە دەستی بەتاڵ چوو بۆ ئاڵمانێ دوکتوڕای وەرگرت و پاش 10 ساڵان بۆ وڵات گەڕاویەوە، بەڵام لە لایان ڕژیمی شا حوکمی تەبعیدی بۆ دەردەچێ و لە تاران نیشتەجێ دەبێ. حهسەن و بابم دۆستایەتێکی لە مێژینە و قوڵیان هەبوو.
· هونەری گۆرانی مامۆستا حەسەن زیرەک لە نێو گەلی کورددا چلۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لەخۆڕا ناڵێن: "کورد زیندوو کوژی مردووپەرەستە"، حەسەن ئەگەر مرد، خەڵک قەدریان زانی. حەسەن سەرەڕای ئەوەی کە خوێندەواری نەبوو، کاتێک کە لە پشت میکڕۆفۆن ڕادەوەستا، شێعر و ئاهەنگ و گۆرانی بۆخۆی دەهۆنییەوە، هەر دەتگووت خودا بە چەشنێکی ئاسایی ئەو شتەی لە ناخی وجودی ئەو هاویشتووە. ئەگەر دەگووترێ بە زمانی سەعدی فارسەکان قسە دەکەن، منیش بە تێڕادیوی دەڵێم کوردی بە زمان حەسەن قسان دەکات.
· ئەو هونەرمەندانەی هاوکاری بەشی موسیقایی مامۆستا حەسەن زیرەکیان دەکرد، چ کەسانێک بوون؟
لە تاران ئۆرکێسترای تایبەتی تاران بوو دواتر ئۆرکێسترای ناسری زەرئابادی بوو، حسێن یاحەقی و موشیر هومایونی شەهردار بوون. لە کرماشانیش بۆخۆی تیپێکی موسیقایی پێکهێنابوو و موجتەبا میرزادە و ڕێزدار عەبدولسەمەدی لەوێ لەگەڵی بوون، بەڵام وێڵۆنی میرزادەی کەسێکی زۆر تایبەت بوو و بە حەق میرزادە پەرویز یاحەقی کوردان بوو.
· ئایا مامۆستا حەسەن زیرەک پێش ئەوەی ڕوو لە کوردستانی باشوور بکات، لێرە بەرهەمی تۆمار کردبوون؟
بەڵێ، ئەو کات کە لە ڕادیۆ بوو، نزیکەی هەزار نەوارمان لێگرت، شوکروڵڵای بابان کە بەرپرسی ڕادیۆ بوو گووتبووی: "بە ڕادەی پێویست نەوارمان لە حەسەن هەیە، ئیتر نیازمان پێی نییە"، هەر بۆیەش حەسەن لە ئیدارەی ڕۆیی.
هەر ئەو دەم مامۆستا عەلی مەردان، حەسەن جەزراویی و عارفی برای هاتن بۆ ماڵی ئێمە و بڕیار وابوو لە گەڵ وان ڕوو لە گەرمێن بکەین و لە ڕادیۆ کوردی عێراق کارێ بکەین، دەوڵەت کە زانی ئەوان میوانی ئێمەن، هات دڵخۆشی حەسەنی داوە و عوزر خواهی کرد. بەڵام ئێمە چۆن وڵاتی خۆمان پێخۆش بوو، بۆ وێ نەچووین.
· تا ئهو جێیهی ئاگادارن ڕا و بۆچوونی مامۆستا له سەر باشووری کوردستان و هەڵسوکهوتی ئهوان لەگەڵ بەڕێزیان چۆن بووه؟
حەسەن زۆر باسی شاری سلێمانی دەکرد و خەڵکی سلێمانی بە میوانگر و لایەنگری هونەری ناو دەبرد. لە ڕاستیدا ئەگەر چوومە سلێمانی بۆخۆم ئەوەم بۆ دەرکەوت، چون لە پێش هۆدەی فەرهەنگ و هونەری ئەوێ پەیکەرەیان لێ دروست کردبوو و هەر وەها بەڕێزێکی دەرهێنەر ژیاننامەی حهسەنی بە فیلم دەرهێناوە کە ئەوەش بۆخۆی جێگای پێزانینە.
· مامۆستا باری داڕشتنی ئاهەنگی گۆرانییەکانی چلۆن بووە؟
حەسەن زۆربەی شێعر و ئاهەنگی گۆرانییەکانی بۆخۆی دایدەنا، بۆ نموونە گۆرانی"غونچە گوڵەکەم ئارەزوو"، ئەو کات کە ئارەزووی لە سەر لاقی ڕادەژاند، ئەو گۆرانییەی بۆ دەگووت و یا دەدیت شتێکی دێتە بەرچاو یا هەواڵێکی دەبیست یا ئیلهامێکی وەردەگرت، هەر بە چەشنێکی سروشتی ئەو شتە لە نێو زەینی دەکەوت و گۆرانی بۆ دادەڕشت.
· یهکهم گۆرانی مامۆستا حەسەن زیرەک چ بووە و بۆخۆیان چ گۆرانییەکی خۆیانیان پێخۆش بووە؟
هەوەڵ گۆرانی "ئامینە و ئامینم تۆی دنیا و دینم" بووە، ئەما گۆرانییەکەی دی "ئامینێ سیڕەی دێ لە پۆتینێ" ئەوە هەمان ئاهەنگە کە دڵکەش دەڵێت: (سحر کە از کوە بلند جام طلایی می زند) خوێندوویەتی و حەسەن گۆرانی "خاڵە ڕێبواری" لە هەموو گۆرانییەکانی پێ خۆشتر بوو.
· مامۆستا حەسەن زیرەک یهکهم گۆرانی کە لە ڕادیۆ تاران گووتی چ بوو و به گشتی چەند گۆرانی هەیە؟
سەرەتای پووشپەڕی 1337 کە بۆ یهکهم جار بەرنامەی کوردی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ڕادیۆ ئێران دامهزرا، حەسەن لەوێ گۆرانی "قاسپە قاسپی کەو دێ، کەو دەخوێنێ لە ئیزگەی ڕادیۆ تاران" گووت. حەسەن نزیکەی هەزار گۆرانی بێ دووپاتە هەیە و هیچ گۆرانییەکیش نەماوە کە لەوی بڵاو نەبووبێتەوە.
· هۆی مەرگی ناوادەی مامۆستا حەسەن زیرەک چ بوو؟
حەسەن نەخۆشی شێرپەنجەی جەرگی (سرطان کبد) هەبوو و هەر بەو هۆیەشەوە لە 4ی پووشپەڕ لە تەمەنی 51 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی بۆکان کۆچی دوایی کرد. ئەو کات ئارەزوو 9 و ساکاریش 7 ساڵانە بوون.
· خۆشترین بیرەوەرییەک کە لە مامۆستا حەسەن زیرەک هەتانە چییە؟
لە سەردەمی ڕژیمی پەهلەوی بەرنامەیەک لە مەنزەرییە ساز کرا کە 72 پێ پلیکانی هەبوو، لە سەر هەر پێ پلیکانی هەر گەل و نەتەوەیەک بە جل و بەرگی تایبەتی خۆی لەوێ ڕاوەستا بوو، کاتێک حەسەن هات دەست بە گۆرانی بکات، من لە پشت میکڕۆفۆن داوام لە حەسەن کرد کە دەست پێبکات، کە دەستی پێکرد، بۆ ڕەشت بە ڕەشتی، بۆ تورک بە تورکی، بۆ عەڕهب بە عەڕەبی، بۆ فارس بە فارسی گۆرانی دەخوێند و تەواوەتی مەنزەرییە وە شۆق و زۆق کەوتبوون و ئەوە خۆشترین بیرەوەری منە کە قەتم لە بیر ناچێ.
· ئایا بۆخۆتان گۆرانیتان لەگەڵ گووتووە؟
بەڵێ، تاقمێک لە گۆرانییەکان وەک "باران بارانە" و "نیزام نیزام" کە لە ڕادیۆ تۆمار کراون و دەنگی خانمێک دێت، من لەگەڵم گووتووە.
هەر وەها لە ڕادیۆ کە (شبهای زایندرود) کە ئیرەج لە چیرۆکی شەوی تاران دەیخوێندەوە. منیش ئەوم بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و لە جیاتی (زایندرود)، "سیروان"مان دانا، لە جیاتی ئیرەج حەسەن دەیخوێندەوە منیش بەشێکی ترم دهخوێند و هەر شەش بەشەمان پێکهوە تۆمار و بڵاوکردەوە.
· بۆخۆتان چ گۆرانییهکی مامۆستا حەسەن زیرەکتان پێخۆشە؟
من لە نێو گۆرانییەکانی، گۆرانی "جوانی لای بانەم" زۆر پێخۆش بوو، چون لەوێدا دەڵێ: "هەر جوانێ بە دەست پیرێ زەلیلە" منیش [بە پێکەنینەوە دەڵێ...] وەڵڵاهی بە دەستێوە زەلیل بووم.
· ئایا کچەکان ئەو دەنگ خۆشییەی بابیان هەیە و گۆرانیان گووتووە؟
بەڵێ، ئارەزوو بە تەواوی مەعنا لە دەنگی بابی بەهرەدارە و حەتا لە کرماشان لەگەڵ کاک ناسر ڕەزازی گۆرانییان گووتووە، بەڵام من لە سوێنگەی ئەو هەڵسووکەوەتە ناشیاوەی کە خەڵک و دەوڵەت لەگەڵ حەسەنیان کرد، پێم خۆش نەبوو ئەو درێژەی پێبدا و زۆرتر پێم خۆش بوو دەرسەکەی بخوێنێت.
· ڕادیۆ کوردی لە ئاست هونەرەکەی مامۆستا حەسەن زیرەک چۆن هەڵسووکەوتی لەگەڵ کرد؟
تەنیا لە گۆرانییەکانی حەسەن بەهرەیان وەرگرت، دەنا بە وجودی خودی وی ئەو جۆرە بایەخ دانەندرا بە قەولی مامۆستا هێمنی: "بزانە تۆ ئەوەی ئەهلی هونەر بێ، دەبێ یا دەسبەسەر یا دەربەدەربێ / هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە، هونەرمهند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە".
· لە سەر شوێنی لەدایک بوونی مامۆستا حەسەن زیرەک هەر دەمە قسەیەک هەیە، مامۆستا لە کوێ بەدنیا هاتووە؟
حەسەن لە گەڕەکی پشت حەوزێی بۆکان لە دایک بووە، حەتا ئەو مامایەی کە حەسەنی بە دنیا هێناوە ئەویشم دیتووە و قسەم لەگەڵ کردووە، ئەوەی کە دەڵێن لە هەرمێلە لەدایک بووە، نەخێر وانێ، لە هەرمێلە لە تەمەنی 7 ساڵی لە لای خانانی وێ کاری کردووە و لەوێ بەدنیا نەهاتووە.
· لە ڕادیۆ کوردی تاران چ کەسانێک لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک هاوکارییان کردووە؟
ڕێزداران شوکروڵڵای بابان، کاک ئەحمەد موفتیزادە، خسرەو شێخ کانلوو بوون کە بەڕاستی بەڕێز بابان زۆر بە حەسەنەوە ماندوو بوو، بەڵام دواتر بە چەشنێکیتر هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد.
· پەیوەندی نێوان مامۆستا حەسەن زیرەک و مامۆستا محەممەدی ماملێ چۆن بووە؟
پەیوەندی زۆر باش و خۆشیان بە یەکەوە هەبوو. هەر قسەیەکی نەحەز و ناڕەوا کە لە سەر پەیوەندیی ئەو دوو هونەرمەندە دەگووترێ، هەمووی پووچ و بێمانایه و با ئەوەش بڵێم کاتێک کە مامۆستا ماملێ کۆچی دوایی کرد، من هەوەڵ کەس بووم کە لە ڕادیۆ کۆچەکەیم ڕاگەیاند و بەڕاستی هەواڵێکی دڵتەزێن بوو.
· قسەی کۆتایتان بۆ گەنجان چییە؟
من داوام لە سەرجەم گەنجانی کورد هەیە، لە هەمبەر فەرهەنگ و فۆلکلۆری خۆیاندا، هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ئەوەی کە بە تۆزقاڵێک گەلی کورد دەگرێتەوە، دەبێ حەولی پاراستنی بۆ بدرێ.