تاریخ: ۱۳۹۶/۹/۲۴
ئێوارە کۆڕێکی پاییزی بۆ شاعیر و ڕەخنەگری کورد "کەماڵ شەنگالی"

به پێی هەواڵی هاژه، "کافە کلاسیک مەریوان" لە درێژەی زنجیرە کۆڕە ئەدەبیەکانیدا سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 22ی سەرماوەز کاتژمێر 4 و نیوی ئێوارە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەی بۆ شاعیر و نووسەری نوێخوازی هاوچەرخ  "کەماڵ ئەمینی" (شەنگالی) ساز کرد.

کۆڕەکە بە بەشداری شاعیران و نووسەرانی مەریوان و هۆگرانی شیعر و ئەدەب بە ڕێژەیەکی بەرچاو، بە کۆڕگێڕی  نووسەر و شاعیر، " حەمەی کەریمی" دەستی پێکرد. سەرەتا  کۆڕگێڕ کورتە باسێکی  گشتی دەربارەی شیعر و ئەدەبیات و به‌کارهێنانی زمانی شیعر لە گێڕانەوەی کارەساتدا  بە  ئاوڕدانەوە و گەڕاندنه‌وە به شیعرەکانی " چارەکێ بۆنسیان"  کاری تازە چاپکراوی شاعیر،  پێشکەش کرد.  دواتر لە لایەن شاعیرەوە چەند شیعر لە  کتێبی تازە چاپکراوی "چارەکێ بۆ نسیان و ئەسپایی کەوتن"  [وەرزی نیلوفەر، وەرزی کەوتن بە پێوەری با، خەمۆک بە جاڕی زماندا گوم] ئەو شیعرانە بوون کە شاعیری نوێخواز " کەماڵ شەنگالی"  لە نیو کاژێردا بە خوێندەوەیان چێژێکی تایبەتی بەخشی بە بەشداربووانی  کۆڕ، دوابەدوای خوێندنەوەی شیعرەکان،  لە لایەن نووسەری گەنج  " هێمن ڕەحیمی"  وتارێکی کورت سەبارەت بە کتێبی "چارەکێ بۆ نسیان" خوێندرایەوە، دەرئەنجامی کۆڕەکە بە دەسخۆشی و سپاسی فراوانی  شاعیر " کەماڵ شەنگالی"  لە هەردوو  شاعیر و بەڕێوەبەری کافە کلاسیک، " بێهزاد کوردستانی و دانا مەنووچەهری"  کاتژمێر 6 ئێوارە کۆتایی پێهات.