ڕزگار بەهاری
حزب مێژوویەکی دووری لە ژیانی سیاسی وڵاتانی ڕۆژاوا ھەیەو ھەندێک وەک دوایین ھەنگاوەکانی مۆدێرنیزمی سیاسی لە ڕۆژاوا پێناسەی دەکەن. ئەمڕۆکە جگە لە ڕۆژاوا زۆربەی وڵاتان خاوەنی حزبنو بوونی حزب لەھەر وڵاتێکدا سەوای سەرجەم کاریگەریە ئەرێنیەکانی، ئەگەر پیشەییانە کار نەکات ھەندێک کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بۆ نموونە کۆمەڵگەیەکی حزبی پێک دێنێت کە ھەموو ژیانی تاک ڕەنگو بۆی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێت.
لە ساڵی 1992بەملاوە حزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان پشکی سەرەکیان لە دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان ھەبووە و ئەگەر ساڵی 2017 وەک ڕەنگدانەوەو کۆی بەرھەمی بیستو شەش ساڵ حوکمڕانی نرخاندنو لێکدانەوەی بۆ بکەین، دەبینرێت کارنامەیەکی سەرکەوتوویان لە شێوازی حوکمڕانی نەبووە. لەمێژە پێوەندیەکانی ئەو دوو حزبە لەگەڵ یەکتربو ھەردووکیان لەگەڵ خەڵک پڕناکۆک بووە؛ زۆرکات بەھۆی ناکۆکی، پێوەندیەکانی ھەردوو حزب تاڕادەیەکی زۆر کەوتۆتە مەترسیەوەو ئەگەر بەرژەوەندیی ھاوبەش نەبوایە ڕەنگە ڕەوشی ھەرێم ئاقارێکی نەخوازراو بڕۆشتایە.
تا ئێستاش لە وڵاتی عێراق بەگشتیو ھەرێمی کوردستان بەتایبەت، ھۆز و عەشیرەت جێگەو پێگەی بەرزی ھەیەو زۆربەی پرسو گرفتەکان لەچوارچێوەی عەشیرەگەراییو ھۆزایەتی چارەسەر دەکرێتو تەنھا لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 70عەشیرەتی گەورەو بچووک بوونی ھەیە. خەسڵەتی عەشیرەت لە بڕگەو دەمارەکانی دەسەڵاتی عێراقو ھەرێم چێ بووە بەجۆرێک کە ڕێسای عەشیرەت شوێنی یاسای گرتۆتەوە. وەک نموونە دوای ھەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ناکۆکی لەسەر پۆستە باڵاکان، حزبەکان بە یاسا کار ناکەنو ھەر حزبێک ھێز و داھاتی زیاتری لەبەر دەستا بێت (جگە تۆمارکردنی زۆرترین دەنگ) باشترین پۆستەکان دەستەبەر دەکات کە وشەی نالۆژیکی «سازان»یان بۆ دابین کردووە؛ لە عێراقو بەتایبەت ھەرێمی کوردستان یاسا سەروەر نیەو لەبری یاسا، سازان جێی گرتۆتەوە کە کارتێکەری عەشیرەتو ھۆزایەتیە.
بەگشتی دوای شەڕی براکوژی و تا پێش 16ی ئۆکتۆبەر بە تایبەت کە سوپای عێراقو حەشدی شەعبی ھاتنەوە سنوورەکانی 36دەرەجە، ھاوشێوەی ئێستا مەترسی چێبوونی دووئیدارەیی باڵی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا نەکێشابوو. لەچەند ساڵی ڕابردوودا ناکۆکیەکان لە میدیای سێبەر لە فەیسبووکو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕەنگدانەوەی ھەبوو بەڵام دوای چۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکیەکان، ھێرش کردنەکان گەشتە ڕادەیەک کە بووە مژاری پەخشی سەرەکی میدیا حزبیەکان و ھەرکام یەکتریان بە خیانەت تۆمەتبار دەکرد. چونکە لە بابەت پڕوپاگندە دژی یەکتر و ھێرشی میدیای سێبەر و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یاسایەک پەیڕەو نەدەکرا کە ھێرشەکان سنووردار بکات، کلتووری نەشیاوی نەسازانی حزبو یەکتر قەبووڵنەکردن زیاتر لەجاران تەشەنەی کردە ناو خەڵک و زۆربەی لایەنگرانی حزبو کۆمەڵگەی تەنیەوە. پرۆسەی بەحزبیبوونی تاکی کۆمەڵگەی ھەرێم بووە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیو ئاکامەکەی، ھەرێمێکی تاسەر ئێسقان حزبی بوو.
کلتووری داکۆکیو پشتگیری «ھەمەلایەنە» لە حزبو دژایەتیکردنی یەکتر، سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی تێپەڕاند و لەئێستادا کوردانی ڕۆژھەڵاتیشی گرتۆتەوە. بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێرەش بە ھەمان چەشنی دانیشتوانی ھەرێم لەدۆخی سیاسیو چارەنووسی داھاتووی ھەرێمی کوردستان دەڕوانێتو خۆی لە ھەژموونی یەکێک لە حزبەکانی یەکیەتی، پارتی یا ئۆپۆزسیۆن دەبینێتەوە. بە ھەمان شێوە کە ھەژموونی حزب باڵی بەسەر ھەریمی کوردستاندا کێشاوە و پیر و گەنج، کچو ژنو منداڵی بەحزبی کردووە، بە ھەمان شێوە لە ڕۆژھەڵات لایەنگری لەوحزبانە پەرەی سەندووە و ھەرکام لای خۆیەوە داکۆکی لە لایەنێک دەکات.
ھەڵوێستگرتنەکانی زۆریەک لە تاکی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵات لەسەر دۆخی ھەرێم ھەمبەر یەک لەژێر کارتێکەریی راگەیاندنەکان بەرزو نزم دەبێتو لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی میدیای حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بەرەوڕووی یەک دەبنەوە. «پەتای حزبی» کۆمەڵانی ئەمپارچەی کوردستانیشی تووش کردەوە و جگە لە خەڵکانی ئاسایی، ھەندێک لە ڕووناکبیرانو بیرمەندانی گرتەوە و بێئەوەی ھەستی پێ بکەن بوونە بەشێک لە کلتووری پشتگیری ھەمەلایەنە لە یەکێک لەو حزبانەی دەسەڵاتدار کە ھەرێمی کوردستانیان بەم ئاقارەی ئێستادا بردووە. ھەرێمی کوردستان باجی تەجرەبەی 26ساڵ دەسەڵاتی حزبیو ئۆلیگاریشی دایەوە کە دەشیا حکومەتێکی چوارچێوە بۆ داڕێژراو جێی بگرتایەوە، کەچی تا ئەمکاتەش کۆمەڵانێک خەڵک داکۆکی لەو شێوازە حوکمڕانیە دەکەنو پاساو بۆ کەموکوریو ناڕاستی و کەلێنەکانی دەسەڵات دەھێننەوە.
خزمایەتی، پێوەندیو تێکەڵایەتی کوردانی ھەردوو دیوی سنوور لە زۆربەی بوارەکاندا ھۆکارێکە بۆ ھاوسۆزیو بەدواداچوونی رووداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام چەندین ھۆکار ھەیە کە دەبێتە ھۆی پێچەوانە تێگەشتن لە پێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان:
یەکەم: کاریگەریی ڕاگەیاندنی حزبی. ھەرکام لە میدیاکان لەڕوانگەی حزبی شیکاری بۆ مژارەکان دەکاتو ھەواڵەکان لە بەرژەوەندی خۆی پەخش دەکات کە ئەم بابەتە جۆرێک سەرلێشێواوی لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری ساز کردووە. جێی باسە لە ھەرێمی کوردستان میدیای حکومی بوونی نیەو ڕوانگەی حکومەت لە ڕاگەیاندنی حزبی بڵاو دەکرێتەوە لەکاتێکدا شیاوتر بوو ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستو بەیانی خۆی بەرانبەر وڵاتان لەڕێی میدیای حکومی پەخش بکردایە نەک میدیای حزبێکی دیاریکراو. ھەروەھا زۆرکات دەبینن ھەواڵو زانیاری ئەمنی کە نابێ پێشوەخت بڵاو بکرێتەوە لەڕێی میدیای سێبەر ھاوشێوەی سەدان پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بە مەبەستی حزبی بڵاو دەکرێتەوە کە ھەرکام ئەجیندای تەسکی تایبەت بە خۆی پەیڕەو دەکات.
دووھەم: نەبوونی زانیاری ورد لەسەر ژینگەی سیاسی ھەرێمی کوردستان. ڕەنگە تاکی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵات کە بەرانبەر یەکتر ھەڵوێستی حزبی دەگرن ئەگەر زانیاری قووڵیان لەسەر ژینگەو مێژووی سیاسیو کارەکتەرەکانی ئەو پارچە ھەبوا، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەو مژارە دەبوو. دەوترێت تا مێژووی دوورتری لایەنێک بزانیت، خوێندنەوی ڕاستەقینەترت لەسەر سیاسەتەکانی دەبێت.
سێھەم: زۆربەی خەڵکی ڕۆژھەڵات زانیاری سەر ژیانی دانیشتوانی ھەرێمیان لەڕێی میدیاکان، یا بە زارەکی پێ گەشتووە و ژیانی نالەباری دانیشتوانی ھەرێمیان نەچێشتووە. بە ژیانکردن لەناو کۆمەڵگەی ھەرێمی کوردستان ئەوکات دەتوانرێت ھەست بە ئاکام و ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی حزب لەسەر بوارەکانی ژیانی تاکو بنەماڵەکان لە ھەریم بکرێت.
چوارەم: وەھم و خۆ دزینەوە لە ڕاستیەکان. بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردەواری توانای بیستنی ڕاستیەکانیان نیەو بەرەنگاری ئەو کەسانە دەبنەوە کە بەردەوام ڕەخنە دەگرێت یا ڕاستیە تاڵەکان دەدرکێنێت. سەرەڕای دیتن و بیستنی ڕاستیەکان، پشت بەو ھەواڵانە دەبەستن کە دڵخۆشکەرنو لە زاری کەسانی پۆپۆلیستو میدیای حزبی دێتە دەر کە ڕاپۆڕت و ھەواڵەکان بە مەبەست دەشێوێنن.
پێنجەم: سەربەخۆ نەبوونی بیرمەند و ڕووناکبیر. لەڕاستیدا ڕووناکبیر و بیرمەند دەبێت سەربەخۆ بێتو لەبری پیرۆزکردن، پیاھەڵدانو ستایش، ڕەخنەگر بێت، بەڵام ھەندێکیان پاساو بۆ ناڕاستیی لایەنێک دەھێننەوەو پاڵپشتی یەکئالی دەکەنو دەربڕینو لێدوانیان تەنھا دژی یەک لایەنە. دیارترین تایبەتمەندیەکانی ڕووناکبیر و بیرمەند ئەوەیە کە سەربەخۆ بێتو نەکەوێتە بەر شەپۆلە کۆمەڵایەتیکان؛ پێویستە جگە لەوەی خاوەن پڕنسیب و مۆڕاڵ بن، پێش خەڵک بکەونو تارمایی لەسەر پرسە ناڕوونەکان ھەڵبدەنەوە. ھەروەھا دەبێت ڕێ بە پیرۆزکردنی کەسو لایەنێک بگرن چونکە لەئەگەری ھەر پیرۆز کردنێک، ئیدی ھەڵە و ناڕاستیەکانی ئەو کەس و لایەنە پیرۆز کراوە بە باشەو خزمەتی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت.
یاسا و ڕێسا لە حزبایەتیدا بەو شێوەیە کە پاش ھەر ھەڵبژاردنێکی پەڕلەمانیو سەرۆکایەتی، حزبی شکستخواردوو ڕێز لە یاسا و دەنگی دەنگدەران دەگرێتو پیرۆزبایی لە حزبی براوە دەکات. لە میدیاکان دەبینین کە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری وڵاتانی دیموکرات پاش بژاردنی دەنگەکان دیان بە شکستی خۆیان دەنێنو بەبێ ھیچ گرژێک سەرلەنوێ ژیانی ئاسایی سیاسی خۆیان دەست پێدەکەنەوە.
لە ستراتیژیەکانی حزب ئەوەیە پیشەییانە کۆمەڵگە ڕابھێنێت؛ بۆ نموونە جگە لە سیاسەت، پێویستە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای کلتوور و زانستی کۆمەڵایتیو سەقامگیری ڕاھێنان بکات کەچی بەھۆی نەبوونی ڕوانگەیەکی نیشتمانیو ھەبوونی بیری تەسکی حزبی نەک نەتەوەیی، کەسانی پاوانخواز حزب دەکەنە ئامرازێک بۆ گەشتن بە پۆستو دەسەڵات و بەرژەوەندی ماددیو مەعنەوی. ھەروەھا حزب دەبێ لەسەر حکومەت کاریگەر بێت نەک خۆی حکومەت بکات، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان دوو حزبی ڕکابەر بە شەراکەت حکومەتیان دەکرد و ئاکامەکەی لە بواری کۆمەڵایەتیدا، لێکترازانی خەڵک ھاوتەریبی خۆیان بوو کە ئەگەر کۆمەڵگەی ئێرەش ئەو نەریتو ڕێچکە بگرێتە بەر، تووشی لێکترازانی کۆمەڵایەتی ھاوشێوە دەبێتەوە.