سەلاحەددین ئاشتی
چەند ڕۆژ لێرەوبەر دۆستی خۆشەویستم کاک عەلی پاسبار مانا و شێوەی چاپی تاقە شێعرێکی مامۆستا "هێمن"ی لێ پرسیمەوە. دیارە هەردکمان لامان وابوو ئەوەی چاپ کراوە هەڵەیە، بەڵام بەندە لێبڕام بە شوێن دەنگ یان دەسخەتی شاعیردا بگەڕێم هەتا بزانم خۆی خیچاوە یان چاپخانە لێی تێکچووە. پەنام برد بۆ خاتوو "نەسرین جەعفەری"ی خوشکەزای مامۆستا هێمن، کە سەرقاڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی شوێنەوارەکانییەتی. ماڵی ئاوەدان بێ، بۆچوونەکەی لێ وەرگرتم و دەسنووسەکەی دۆزییەوە و ڕوون بۆوە هەڵە باوەکە دەگەڕێتەوە سەر چاپەکە و مەبەستێکی تازەیە و دێتە بەر باس. هەڵبەت مامۆستا لەو شاعیرانەیە کە لە گۆڕینی شێعرەکانی خۆیدا دەست و دەوری هەیە و بابەتێکی دیکەیە و لێرەشدا بەئاشکرا دیارە، بەڵام بەپێی دەسنووسەکە خودی هێمن زانیویەتی دەڵێ چی و ئەم هەڵەیە نایگرێتەوە؛ مەگین ئەوەی کە دەسخەتێکی دیکەی پەیدا بێ و لە نووسینەوەدا هەڵەکەی بە سەردا تێپەڕیبێ.
ئەم هەڵە زەقە کەوتۆتە شێعری " یادگاری شیرن"، لە "تاریک و ڕوون"دا و بەم شێوەیە هاتووە:
نایەڵێ گۆشەی برۆکەت دەرکەوێ چارشێوەکەت
ئەی لە دەس ئەو چڵکەهەورە مانیعی مانگگرتنە!
وەکوو ئاشکرایە چارشێو مانیعی مانگ دیتنە و شاعیر بە چڵکەهەوری شوبهاندووە، نەک مانیعی مانگ گرتن.
بەگوێرەی دەسنووسەکەی خودی مامۆستا هێمن، شێعرەکە ئاوا هاتووە:
نایەڵێ گۆشەی برۆشت دەرکەوێ چارشێوەکەت
ئەی لە دەس ئەو چڵکەهەورە مانیعی مانگ دیتنە!
بەم شێوەیە مانای بەیتی دووهەم تەواوە و هیچ گرێی تێدا نامێنێ، گەرچی لەبری "دەرکەوێ" بە هەڵە نووسیویەتی"دەردەکەوێ" ؛ بەڵام لە بەیتی یەکەمدا گۆڕانێکی جوان و بەجێ ڕووی داوە هەتا کاتێک شاعیر باسی مانگ دەکا، جارێک بیر بچێتە سەر هیلالی برۆی یار و جارێکیش سەر ڕوخساری و بەم شێوەیە ئیهامێک ساز بێ؛ واتە هەم ڕووی یار دەتوانێ مانگ بێ و هەم هیلالی برۆی و فێڵوفرتێکی زیرەکانەی زمانییە.
ئەمەش دەسخەتەکەی خودی مامۆستا هێمن: ۱۲ / ۹ / ۹٦ مەهاباد