تاریخ: ۱۳۹۶/۹/۱۱
نێچیرڤان بارزانی: لە چوار خاڵ‌دا ڕای هەرێمی کوردستانمان بە سەرۆکی فەرەنسا گەیاند

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە چوار خاڵدا ڕای هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکی فەرەنسا گەیاندووە و پاریس دەتوانێ رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا دەتوانێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بگێڕێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆچوونی خۆیان لە چوار خاڵدا بە سەرۆک کۆماری فەرەنسا داوە و پابەندیی هەرێمی کوردستانیان بە عێراقێکی یەکگرتووی فیدرال کە ڕێز لە دەستوور بگرێت، دووپات کردووەتەوە. گوتیشی: ”بە سەرۆک کۆمارمان ڕاگەیاند کە هیچ کێشەیەکمان نییە بەپێی دەستووری عێراق لە بابەتی دەسەڵاتی فیدرالی لە خاڵە سنوورییەکاندا، هەروەها پێمانڕاگەیاند کە ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی بونیادنەر بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشتر ڕای خۆیان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدرالی دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێز لە بڕیاری دادگای فیدرالی دەگرن.

لە بارەی ڕیفراندۆمیشەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”لەبارەی ڕیفراندۆم لە قۆناغێکی نوێ داین، ئەو بابەتە تەواو بووە و وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای خۆمان دەربڕیوە و ڕێزمان لە ڕای دادگای فیدرالی گرتووە، پرسیارەکە ئەوەیە کە دەمانەوێ سەقامگیری لە عێراقدا هەبێ یان نا؟ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەین لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو کێشەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین. ئەو پابەندبوونەشمان بە سەرۆکی فەرەنسا ڕاگەیاندووە کە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی بەغدا بەپێی دەستوور لە بابەتی بوونی ئەوان لە خاڵە سنوورییەکان“.

 باس‌نیوز