تاریخ: ۱۳۹۶/۸/۲۰
ژنان و دەسەڵاتداریەتی

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤەکاری سیاسی

 

باسوخواسەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ئازادی ڕەگەزیی سەر لە نوێ دەستی پێ کردووە. ئەم بابەتە کاتێک زێدەتر دەکەوێتە بەر سەرنجەوە کە پاشایەتی عەرەبستان مافی چوونەنێو ستادیۆمەکانی بۆ ژنان بە ڕەوا زانی و هەر وەها، بەڵێنی دامەزراندنی چەندین ستادیۆمی دیکە لە داهاتوودا بۆ بەشداریی ئازادانەی ژنان و پیاوان لە تەنیشت یەکتر بۆ دیتنی کێبەرکێیەکان دەرکردووە. ئەمە لاپەڕەیەکی نوێ بەڵام بەبێ ناسینی پرسی ژنان و ئازادییەکانی ئەوان هەڵ دەداتەوە. پاشایەتی عەرەبستان کە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی لە لایەن چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافە مرۆڤییەکان ڕەخنەیەکی زۆری لێ دەگیردرێ لە ڕێگەی چاکسازییە ئاماژەپێکراوەکان تەنیا خۆی لە بەرپرسایەتییەکانی دزیوەتەوە. لە ڕاستیدا، چاکسازییە پەیوەندیدارەکان بە ژنان کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا کەوتووەتە بەر سەرنجی دەسەڵاتداریەتی سەعوودییەوە؛ زێدەتر هەڵوێستێکی لاوەکییە و هاوکات کۆمەڵگای ژنانی ئێرانی دەخاتە ژێر گوشارەوە.

سەرەتا، بەر لە ئەمەی کە ئاماژە بە مافە سرووشتی، مرۆڤی و ڕەواکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بنەماڵە و جڤاتەکان بکەین پێداویستە لە سەر شێوازی بەشداریی ژنان لە پاشایەتی عەرەبستان سەعوودی و ئێران لێکدانەوە بکەین. دەستکەوتە وەدی هاتووەکان یا باشتر بڵێن دەستکەوتەکانی کە دوو حکوومەت بە شێوەیەکی سنووردار بۆ ژنان لە بەرچاویان گرتووە چەندین قۆناغی هەستیاری تێپەڕ کردووە. سەرەڕای ئەمەی کە، قۆناغەکان لە عەرەبستان لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی پێ کردووە بەڵام ساڵی ٢٠١٨ قۆناغێکی هەستیار و پڕ کێشە وێڕای سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکان؛ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت پاشایەتی سەعوودییەش درووست دەکات. بە باوەڕم کاتێک شایەتی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی پەیهاتە ڕاستەقینەکانی پووەنە پێدراوەکان دەبین ـ و ڕەنگە دوور لە چاوەڕوانی ژنانیش ببێ ـ کە بابەتی ئازادی و مافەکانی ژنان لە ئیرادەی حکوومەتەکان دەردەچێ.

ڕەگەزیی مێینە دوابەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە پاشایەتی عەرەبستان لە ئاستێکی زۆر کەم و سنووردار لە نێو کۆمەڵگای خۆیان وەرگیراون. ئەمڕۆکە، سەرەکی ترین مافەکانی ئەوان وەک پێدانی ناسنامە، هەڵوەشاندنەوەی بەشوودانی زۆرەملێ، لێخوڕینی دووچەرخە، ئەندام بوون لە شۆڕای ڕاوێژکاری پاشایەتی عەرەبستان یان وەدەست هێنانی مافی دەنگدان لە لایەن حکوومەت و کۆمەڵگای پیاوسالارانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم بابەتە لە ئاستی ئێرانیش وەڕاست دەگەڕێ. جیا لە خاڵە هاوبەشەکان لەمەڕ وەپشت گوێ خستنی مافەکانی ژنان لە دوو وڵاتی ئاماژەپێکراو و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵام گرینگە چاوپۆشی لە جیاوازییە چاندییەکان نەکەێن.

سەبارەت بە پرسی ژنان ڕەخنەیەکی زۆر ڕووبەڕووی حکوومەت، تێڕوانینی زاڵی پیاوسالارانە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگاکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتەوە. هەمگە، تێڕوانینی کۆمەڵگاکان لە گشتییەتی خۆیدا لەهەمبەر ژنان و ناسینی ئەوان بە بیرۆکەی زاڵی سەر ئەوان گرێدراویی هەیە کە بەدڵنیایی، لانیکەم ژنان لە ئێران بارستایەکی باشتر و کارتی گوشاری زۆرتریان بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە بەردەست دایە. پرسی ژنان و ئازادییەکانیان لە هەر کۆمەڵگایەک کێشە و گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە. لە ڕاستیدا، ئێستاکە جڤاکەکان لە ئاستی ئێران خۆیان لە دژایەتی زۆرتری ژنان بە دوور دەگرن بەڵام لە پاشایەتی عەرەبستان کۆمەڵگا و دەسەڵاتداریەتییەکی دەسەڵاتخواز هێشتا خاوەندارێتی ژنان دەکات.

هەر چەند، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی ئێران کێشە و لەمپەڕی زۆری لە بەردەمە بەڵام لە ڕووی مێژوویی و ئەخلاقی پێگەی کۆمەڵایەتی و چاندی خۆیان بەڕادەیەکی باش پاراستووە. کەواتە، دیتن و تێپەڕ بوون لە تەنیشت ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دژ بە ژنان؛ هاوکات کە ناخۆشە بەڵام پێداویستە ژنان ئەم قۆناغە هەستیارە کە ڕژێمی دەوڵەت ـ نەتەوە وێڕای بیرۆکەیەکی ڕووتی پیاوسالارانە ڕێبەرایەتی دەکات بەباشی هەڵسەنگێنن کە زێدەتر لە هەر قۆناغێکی دیکە لە سەر داهاتووی ئەوان کاریگەرایه‌تی دەبێ.

یەکێک لە خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکان بۆ ژنان ئەمەیە کە، کۆمەڵگاکانی سنووری جوگرافیایی ئێران لە ڕووی چاندی و پێناسەیی لەئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگری فرەڕەنگییەکی زۆرترن و ئەمە دەتوانێ یارمەتی بە پێشڤەچوون و پێشکەوتنی ئەوان بکات. ئەمڕۆکە، لەمپەڕی جۆراوجۆر لە بەردەم بەشداریی کردنی ژنان لە بەستێنەکانی کۆمەڵگا درووست دەبێ بەڵام پیاوان گرینگە ئەم حەقیقەتە مێژوویییە تێبگەن کە ئازادی ژنان یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیکە. لەم ڕوویەوە، بەبێ دوودڵی دەتوانین باس لەوە بکەین ژنان لە ئێران وێڕای سەرنجدان بە بارستا چاندییەکانی خۆمان دەرفەتێکی گونجاوتریان بۆ گەیشتن بە ماف و داواکارییەکانی خۆیان لەبەردەست دایە کە ئەمە خاڵی وەرچەرخان و ئەرێنییە.