تاریخ: ۱۳۹۶/۸/۱۱
ڕێپێوان لە مەهابادەوە بەرەو کانی‌بەرازان

بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی خەزەڵوەری ٩٦ی هەتاوی چالاکڤانانی "کۆمەڵگای سەوزی زاگرۆس" بە مەبەستی پشتیوانی لە تاڵاوی کانی‌بەرازان، ڕێپێوانێکیان لە مەهابادەوە بەرەو ئەم تاڵاوە ڕێکخست.

یەکێک لە پلان‌دانەران و بەرپرسانی ئەو چالاکییە بە هەواڵنێری هاژەی ڕاگەیاند: ئیمە وەک "کۆمەڵگای سەوزی زاگرۆس" بە مەبەستی پشتیوانی لە تاڵاوی کانی‌بەرازان، گەڵاڵەیەکمان لە ژێر درووشمی " ئیمە کانی‌بەرازانین" داڕشت کە بەو پێیە لە مەهابادەوە بەرەو ئەم تاڵاوە بە درێژایی ٣٥ کیلۆمیتر ڕێپێوانمان کرد.

شاهین شاوەلە، ئاماژەی بە ئامانجەکانی ئەم ڕێپێوانە کرد و وتی: ئێمە چەند خاڵێکمان وەک سەرەکیترین داخوازی ئەم ڕێپێوانە دیاری کردووە کە بریتین لە: پاراستنی ژینگەی تاڵاوی کانی‌بەرازان، تەرخان کردنی ئاوی تایبەت و خاوێن بۆ ئەم تاڵاوە، پشتیوانی لە هەموو جۆرە باڵندە و پەلەوەرەکانی ئەم تاڵاوە، بەرەنگار بوونە لەگەڵ ڕاوکردن لەم تاڵاوە، هەروەها جوڵانەوەی بەرپرسانەی خەڵک لەگەڵ ژینگەی تاڵاوی کانی بەرازان.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵگای سەوزی زاگرۆس لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی بە مەبەستی چالاکی ژینگەپارێزی لە مەهاباد دامەزرا و چەندین کار و چالاکی ژینگەپارێزی بەڕێوەبردووە.