یوونس ره‌زایی
هێدی لە ریزی شاعیرانی سەردەمی کۆمار و پاش کۆمار‌دا دوایین شاعیر بوو کە هەڵگری بیری نەتەوایەتی و ئەدەبی بەرگری پێکەوە بوو. لە باسی تایبەتمەندی شاعیرانی ئەو سەردەمە‌دا چەند بابه‌ت هەیە کە هەموویان پێکەوە کۆ دەکاتەوە. لە سیاسی بوونی شیعر پێ بە پێی کۆمەڵگاوە بگرە تا یەکیەتی بەخشینێکی رێژەیی بە بابەتی شیعرەکان و پێکهاتەمەندی غەزەل و کەڵک وەرگرتن لە قالبە نوێباوەکانی شیعری کە کەم و زۆر لە لایەن شاعیرانی سنوور بەزێن و بزۆزی فارسه‌وه تاقی کرابوونەوە.
لەو نێوەدا ئەو ناوانەی لە زۆربەی باسەکاندا ئاماژە بە دەق و زمان و شیعریان کراوە، دەتوانین ئاماژە به کەسانی وەک "سەیفوڵقوزات" و "هێمن" و "هەژار" و "مەلامارفی کۆکەیی" و "خاڵەمین بەرزەنجی" و "ئاوات" و "حەقیقی" بکەین. ناوێک کە هاوکات لەگەڵ ئەو شاعیرانە و لە سەردەمی کۆمارەوە دەقی لێ بڵاو بۆتەوە و هەڵبەت کەمتر لە هەمووان ئاوڕی لێدراوەتەوە "هێدی"یە.
پرسیارێک کە دەتوانین لێرە بیهێننە ئارا و سۆراغی وڵامه‌که‌ی لە ناو دەقەکانی هێدی بگرین و بە بۆنەی ئەوەوە ئاوڕ لە دەقی شاعیرانی ناوبراویش بدەینەوە ئەوەیە؛ کە ئایا تێکڕای ئەو شاعیرانە کە بە شاعیرانی "قوتابخانەی راسان" ناسراون، لە نووسینی شیعردا لە باری شێوازناسییەوە تەواو لێک نزیکن و زمان و ئاراستەی شیعری‌یان رێک وەک یەک وایە؟ یان رەنگە ئەو پرسیارەش بێتە ئارا کە؛ دووری و نزیکی ئەزموونی زمانی و واتایی شیعری ئەو شاعیرانە لەگەڵ یەک تا چەندە؟
لە ناو ئەو شاعیرانەدا "سەیف" و "مەلا مارف" وەک دەستپێکەری ئەو رەوتە، بێ ئەوەی دەقی پەخشانیان بە زمانی کوردی لە پاش بە جێ مابێ، زمانیان لە شیعردا لە چەند ئاست‌دا تاقی کردووەتەوە.
ئه‌لف: ئاستی نەریتیی تۆخ، کە زمان و ئەزموونی شاعیرانە لە کەش و هەوای شیعری پێشوودا دەژی.
ب: ئاستی زمانی بەرپرسی کۆمەڵایەتی و راگەیەنەیی، کە لەو ئاستەدا ئەرکی رۆشنگەریی کولتووریش دەکەوێتە ئەستۆی و لە راستیدا زمان و شیعر ئەرکی وتاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کەوتۆتە ئەستۆ. شیعر لێرەدا دەوری فێرکاری دەگێڕێ و لەهەمان کات‌دا بەشێک لە ئەدەبییەتیشی تێدا دیارە، بەڵام قورسایی دەق لەسەر ئەو لایەنەیە. هەموو ئەو دەقانەی باسی فێربونی زانست و فەننی تازە و بەراوەردی دونیای پیشەسازی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و دواکەوتوویی کۆمەڵگای کورد دەکەن لەو دەستە دەقەن. زمانیش لەو دەقانە‌دا زمانێکی نێونجی‌یە کە لە زمانی نەریتی شیعری "نالی" و "مەحوی"یەوە بگرە تا "وەفایی" تێی‌دا رەنگی داوەتەوە و لە لایەکی دیکەوە حەولێکی بەرچاو بۆ بژاری ئەو زمانە لە بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندی‌یەکانی زمانی پێشوو لە دەقەکان‌دا دەردەکەوێ.
ج: ئاستی دابڕان لە رابردوو؛ ئەو دەقانە دەگرێتەوە کە کەمترین پێوەندی واتایی و زمانی لەگەڵ شیعری پێش‌و هەیە و لە ئەرکی راگەیەنەییش دوور کەوتۆتەوە.
شاعیرانی وەک "هێمن" و "هەژار" لە ئاستی دووهەمی کاری "سەیف" و "مەلامارف"ەوە دەستیان بە بەرهەم‌هێنانی دەقی شیعری کرد. واتە هەر کامیان چەند دەقی وایان هەیە کە ئەرکی راگەیەنە و فێرکاری تێیان‌دا بەرچاوە. ئەزموونە سەرەتایی‌یەکانی هەر دوو شاعیر کە زیاتر لە رۆژنامەکانی "نیشتمان" و "کوردستان"دا بڵاو بوونەوە لەو دەقانەن. بەڵام ئەو کۆمەڵە دەقە بەشێکی کەم لە بارستای شیعری ئەو دوو شاعیرە دەگرێتە خۆ. دواتر هەژار چ لە دووبەیتی‌یەکانی‌دا و چ لە "بەرەو موکریان"دا زمانێک تاقی دەکاتەوە بە تەواوی وشەبژێر کراوە لە وشە و زاراوەکانی تایبەتی شیعری پێشوو. لە هەر دوو کۆمەڵە دەقیش‌دا هەژار ئەزموونێکی تایبەت بە خۆی دەخاتە روو. "بەره‌و موکریان" چ پێکهاتەکەی بەو دابەشکاری‌یە وردەی بۆی کراوە و چ لە باری واتایی‌یەوە هەست کردن بە بوونی ئینسانی دەوروبەری کورد وەکی ئەو دیتوونی، دەقێکی تایبەتە. بەشێكی دیش لە دەقەکانی بە جێی ئەرکی فێرکاری، ئەرکی ئایدیۆلۆژیکیان لەسەر شانە. هەموو ئەو دەقانەی لە دژایەتی لایەنێکی سیاسی و لاواندنەوەی لایەنێکی دیکەی سیاسی‌دا نووسراون لەو دەقانەن. کە لێرەش‌دا دوور کەوتنەوەی هەژار لە هەرێمی شیعر بەرەو هەرێمی ئایدۆلۆژی بەرچاوە. لە نێوان ئەو دوو ئەزموونەش‌دا زۆر دەقی وەک لەگەڵ چۆمی راین و ...ی هەن کە شیعری بە تەواو مانان و لە ئەزموونی زمانی و دەربڕین‌دا، تەنانەت هەنگاوێک لە بەره‌و موکریانیش تێدەپەڕێنن.
هێمن لە ناو ئەو پۆلە شاعیرە‌دا بە پێی بارستای ئەو شیعرانەی کە له قالب و بواری واتایی جۆراوجۆردا هۆنیویه‌ته‌وە لە هەمووان چاوکراوەتر پێی ناوەتە سووچە نائاشناکانی شیعرەوە. هەم زمان و هەم قالبەکان جوداوازترن لە ئەزموونی هاو کاروانەکان. بۆ وێنە وردبینی هێمـن لە دەربڕینی لە زۆر دەقی وەک "ئێوا‌ره‌ی پاییز" و "ناڵەی جودایی"دا ئەو راستییە دەردەخا. بەڵام بیری کوردانە و کایە لە مابەین واتا سیاسی‌یەکان و شیعرییەت لە دەقی ئەودا کایەیەکی هاوسەنگە و هیچ کام قوربانی ئەوی دیکە نەکراوە.
کەسانی وەک "ئاوات" و "حه‌قیقی"ش کەم و زۆر بەشێک لە حەولی شاعیرانی باس‌کراویان تاقی کردووەتەوە. بەڵام شیعری ئەوان تەنانەت ئەو کاتەی لە مابەین سیاسەت و شیعرییەت‌دا لە هەڵکشان و داکشان دایە، زیاتر مەیلە و کلاسیکە تا مەیلەو نوێبوونەوەی واتایی و لە تاقی‌کردنەوەی قالبە نوێباوەکانی عەرووزیش‌دا بە پارێزەوە هەنگاویان ناوە، یان بێ پەردە دەتوانین بڵێین هەر ئەو واره‌یان تاقی نەکردووەتەوە. هۆکاریش بۆ ئەو بابەتە زۆرن کە گرینگ‌ترینیان ئەو سەرچاوانەن زەین و زمانیان لێی پاراو بووە. بۆ وێنە دەتوانین دەقی شاعیرانی وەک "شاتر عەبباسی سەبووحی" و "پەروین ئیعتسامی" و ... لە کارەکانی "ئاوات" و "سەعدی" و "ناسر خوسرەوە" لە کارەکانی "حەقیقی"دا بەشێک لەو هۆکارەکانن. بەشێکیش کە بەشی گرینگ‌تری باس نەکراوە، خاوەن گوتار نەبوونی شیعری ئەو دوو شاعیرە و هەموو ئەو شاعیرانەیە وەک ئەوان لە گەڵ شیعر سات و سەودایان هەبووە. هەڵبەت لە باری تاک شیعرەوە هەم ئاوات و هەم حەقیقی شیعری وایان هەیه لە هەموو بەشەکانی پێشوودا جێ بگرێ و تەناتە دەق گەلی وەک "خاسەکەو"ی ئاوات و "پەیکی ئازادی" حه‌قیقی لەو دەقانەن، زیرەکانە لە کایەی سیاسی و شیعرییەت‌دا سەرکەوتوون. بەڵام ئەو تایبەتمەندی‌یە نەبووەتە بەشێک لە بیری شیعری ئەوان لە کۆی دەقەکانیان دا.
لەو نێوەدا هێدی وەک شاعیرێکی خاوەن هەڵوێست و بیری سیاسی تایبەت، شیعری دیار و ناسنامەداری خۆی خوڵقاندووە و لەو مەجالەدا هەندێک لە تایبەتمەندی‌یەکانی بەرهەمی شیعری هێدی دەخەمەڕوو.
یەکێک لە حەولەکانی هێدی بریتی‌یە لە گۆڕینی باری واتایی و ئاراسته‌ی سه‌ره‌کی مه‌سنه‌وی که له‌ودا زۆرتر چیرۆکیک ده‌گێڕدرێته‌وه که پڕ له رووداوی دڵداری، حه‌ماسی، عیرفانی و ...ه‌یه. له مه‌سنه‌وی "دایک و کوڕدا" هێدی رووگه‌ی مه‌سنه‌وی له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێکی رووته‌وه ده‌گۆڕێ بۆ چیرۆکێک له پێناو گوتارێکی تایبەت‌دا. وه‌سفی شاعیرانه و دیالۆگی که‌سایه‌تی‌یه‌کانی چیرۆکه شیعری "دایک و کوڕ" له پێناو هاندانی خوشک و دایکێکه بۆ برا و کوڕه‌که‌یان تاکوو بچێته ریزه‌کانی شۆڕشێکه‌وه که به ڕه‌وای ده‌زانن. گه‌لاوێژ و سمکۆ و رووناک، سێ که‌سایه‌تی ئه‌و کورته چیرۆکه‌ن و هه‌تاو بینه‌ر و شاعیر راوی ئه‌و رووداوه‌یه.
له مه‌سنه‌وی "باز و که‌و"دا هێدی دەقێکی دەخوڵقێنێ بۆ خۆ بواردن له نووسینه‌وه‌ی "هه‌ڵۆ"یه‌کی دیکه. هەڵۆیەک له گوێن هه‌ڵۆی "هه‌ژار" و "سواره" و شاعیرانی دیکه‌ی که هه‌ڵۆ وه‌ک سه‌مبولێک بوو بە که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئافراندنی شیعری‌یان. هەموو ئەو شاعیرانە دەیهانهەوێ لەو رێیەوە بە خستنه رووی که‌سایه‌تی‌یه‌کی خوێڕی و که‌سایه‌تی‌یه‌کی ئامۆژگار، به گشتی باری سیاسی ناوچه و جۆری له‌به‌ریه‌ک راوەستانی هێزه سه‌رده‌ست و بن‌ده‌سته‌کان، سووژه و بواری واتایی تایبه‌تی خۆیان بخەنە روو. هەژار و سوارە لەو رێیەوە دوو دەقی پتەو و دەوڵەمەندیان خوڵقاند، دوای ئەوان زۆر شاعیری دی هه‌ر کام ده‌قێک به ناوی هه‌ڵۆ ده‌خوڵقێنن. هێدی له‌و ناوه‌دا وەک کەسێکی که له‌و کاروانه دایه و ره‌نگه له زۆربه‌شیان به گوڕتر هه‌ڵگری ئه‌و بیره‌یە و لەگەڵ ئه‌و کێشه‌یه ده‌سته‌وئێخه‌یە، که‌سایه‌تی و پێکهاته‌ی ئه‌و واتا و گێڕانەوە که‌ڵه‌یه ده‌گۆڕێ. له مه‌سنه‌وی "باز و که‌و"دا که‌ڵه گێڕانه‌وه‌ی "خه‌یانه‌ت و خۆخۆری نه‌ته‌وه‌یی" نه‌ک له پاییزدا که له شیعری زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانەدا پاییزە، ئه‌و خاکه‌لێوه و سه‌ره‌تای خه‌مڵینی مه‌ڵبه‌ندیکی خۆشی کورده‌واری ده‌کاته کات/شوێنی چیرۆکه شیعرە‌که‌ی. له‌وێش‌دا "که‌و" وه‌ک باڵنده‌یه‌کی داهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ند و جوان که‌وتۆته خزمه‌ت راوچی‌یه‌ک که:
ئه‌گه‌ر رۆژیکی که‌و نه‌کرێن قه‌ڵاچۆ،
ده‌بێ لێی داڕنن باڵ و په‌ڕ و پۆ". (هێدی:١٥٧)
بازیش که‌سایه‌تی ئه‌رێنی و هان‌ده‌ره و له کۆتایی‌دا ئه‌وه بازه ده‌ڵێ که:
هه‌موو ده‌شت و چیا پاوانی تۆیه
ئه‌گه‌ر تێی‌دا نه‌ژی تاوانی تۆیه
به‌سه‌ر به‌رزی له ناو هێلانه مردن
نه‌وه‌ک تۆ خزمه‌تی بێگانه کردن. (هێدی:١(
لە شیعرە دیارەکانی دیکەی هێدی چامه‌ی "به‌هاری کوردستان"ە که 60 ساڵ له‌وه پێش نووسراوه، ئەو بەرهەمە یه‌کێک له جوان‌ترین چامه‌کانی شاعیرانی سەر بەو قوتابخانه‌یەیە. له‌و شیعره‌دا هێدی هه‌مان کار ده‌کا که هێمن تێی‌دا چازان و ناسراوه؛ ئه‌ویش ئاوێته کردنی چه‌ند بواری جودای شیعری‌یه له قالبێکی شیعری‌دا که پێش‌تر زیادتر وه‌سف و ئه‌وین و پێداهەڵگوتن ئەو رۆڵانە بوون پێی بەخشراون. لە به‌رهه‌می سه‌یف و مه‌لامارف دا؛ ئەو ئەرکە بۆ وه‌خه‌به‌ر هێنانی گشتی و ئه‌رکی فێرکاری و ره‌سانه‌یی دەگۆڕدرێ. له به‌رهه‌می ئاوات و حه‌قیقی دا باسی سروشت و بابه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ورده چیرۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی و هەندێک وردە بابەتی دیکەشی پێ زیاد دەبێ، به‌ڵام "فرمێسکی رنوو"ی هێمن و ئه‌و چامه‌یه شتێکی دیکه‌ش وه‌سه‌ر ئه‌و ده‌ورانه ده‌خه‌ن که چامه گێڕاوییه‌تی، ئه‌ویش هه‌ڵگرتنی چه‌ند گوتار له ناخی یه‌ک قالب دایه. ئه‌وین له سه‌ره‌تا و ده‌ستپێکی شیعر وه‌ک "به‌رایی نه‌خشاندن"ی چامه. وه‌سفی سروشت و جوانیی وه‌رزه‌کان؛ به جه‌خت له‌سه‌ر سروشتی شوێنێکی تایبه‌ت که کورده‌واری‌یه، له پارچه‌ی سه‌ره‌کی و دوور و درێژی چامه‌دا، تا خوێنه‌ر به ته‌واوی بچێته ناو دونیای خه‌یاڵاوی و جوانی چامه‌وه و له ئاکام‌دا "ئه‌نجام نه‌خشاندن"ی چامه و هه‌ڵبه‌ت وه‌ک زه‌ربه‌ی سه‌ره‌کی شیعر موتوربه کردنی بابه‌تێکی سیاسی پێوه‌ندی‌دار به کورد و دۆخی کورده‌وه ده‌بێته کۆتایی چامه‌که.
هێدی زۆر به توانا و به زمانێکی دارماڵ له ره‌سه‌نایه‌تی و پته‌و، ئه‌و بابه‌ته‌ی له چامه‌ی "به‌هاری کوردستان"دا ره‌چاو کردووه و سه‌رکه‌وتوانه ئه‌وینێکی به ئه‌وینێکی دیکه‌وه گرێداوه. ئه‌وینی"به‌ژنی به‌رزی یار" له گه‌ڵ "ئه‌وینی نیشتمان". توانایی و پته‌وی کاره‌که‌شی له‌و ورده‌کاری‌یانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که له پێکهاته‌ی چامه‌که‌دا باس کراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه له چه‌شنه ته‌مهیدێکی تایبه‌ت که‌ڵک وه‌رده‌گرێ که نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به قالبی چامه‌وه، به‌ڵکوو پێوه‌ندی هه‌یه به داهێنه‌رێتی و زه‌وقی شاعیره‌که‌وه.
له "به‌هاری کوردستان"دا هێدی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستێک ده‌دوێ که "که‌س ته‌ماشای وی نه‌کردووه پێی نه‌کوتبێ ئافه‌رین".(هێدی:١٧٤) که‌واته یه‌که‌م دیالۆگی شاعیر له‌و ده‌قه‌دا، که راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگ/دڵداری خۆی ده‌دوێ، ده‌بوو سڵاو بێ. سیسته‌می نیشانه‌یی زمان و دوانی ئاسایی له کورده‌واری‌دا وایه. به‌ڵام هێدی ئه‌و باسه راده‌گرێ بۆ کۆتایی چامه‌که‌ی و ئه‌و کاته‌ی له باسی جوانی یار و جوانی کوردستان و میرات‌دارانی ئه‌وین و کولتووری کورد بوه‌وه، ئه‌وجار بابه‌ته سیاسی‌یه به‌رباس و مه‌به‌سته‌که‌ی خۆی ده‌درکێنێ و له ئاکام‌دا کۆتا به‌یتی چامه‌که‌ی ده‌کاته ده‌رفه‌تی سڵاوێکی ئاگرین.
له‌و به‌هاره خۆشه‌دا، له‌و شادی‌یه پیرۆزه‌دا
پێشکه‌شی به‌ژنی جوانی تۆ، سڵاوی ئاگرین. (هێدی:١٧٧)
بابه‌تێکی دی که له باسی هێدی‌دا شیاوی ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه که له باری زه‌مانی‌یه‌وه نووسینی شیعری هێدی به پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی زۆر که‌س، به پێی مێژووی شیعره‌کانی ناکه‌وێته دوای ئه‌زموونی هێمن و هه‌ژراه‌وه، به‌ڵکوو هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وان له ساڵه‌کانی 1324ی هه‌تاوی و پاش ئه‌ویش به نازناوی "شێواو"ه‌وه شیعری بڵاو کردووه‌ته‌وه. یه‌کێک له ناسراوترین و له‌هه‌مان کات‌دا ناسک‌ترین شیعره‌کانی ئه‌ده‌بی ئه‌و چه‌ند ده‌یه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان شیعری "بۆ براکه‌م"ه، که هه‌ڵوه‌سته و روون‌کردنه‌وه‌یه‌کیشی پێویسته. ئه‌و شیعره که له قالبی ته‌رجیع‌به‌ند‌دا نووسراوه و له ده به‌ند پێکهاتووه. سه‌ربه‌ندی ناسراوی شیعره‌که که ئێستا هه‌موو کورد زمانێکی ئه‌ده‌ب دۆست ده‌یزانێ ئاوایە:
"چاوه‌کانم چاوه‌کانم به‌سیه غوربه‌ت بێره‌وه
چۆن بژیم من تۆ له‌وێ و من لێره‌وه." (هێدی:١٨٥)
هێدی ئه‌و شیعره‌ی 71ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به نازناوی "شێواو" بۆ برایه‌کی په‌ڕیوه‌ی خۆی ده‌نووسێ. به پێی باسی پێشه‌کی‌یه‌کەی خۆی ده‌بێ هه‌مان دکتۆر حه‌سه‌نی برای بێ که له وڵاتی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت دەرسی خوێندووە.
ئه‌و شیعره بۆ هه‌ر که‌س نووسرابێ و هانه‌ی شیعره‌که هه‌ر چی‌یەک بووبێ، وه‌کی کوتم یه‌کێک له ناسراوترین و له هه‌مان کات‌دا له بواری شیعری شاعیرانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌دا، له به هیزترین شیعره‌کانه. ئه‌گه‌ر بۆ برایه‌کیش نووسرابێ ئه‌وه ره‌نگه خوێنه‌ر هیندی دی داچڵه‌کێنێ. چون لێواولێوه له هه‌ستێکی ئه‌ویندارانه و پڕ سۆز که که‌م‌تر له شیعری غه‌یره ئه‌وینداری‌دا، شاعیر ده‌توانێ بیخاته روو. زمانی ئه‌و شیعره زمانێکی پاک و له که‌و دراوه. قالبی شیعر ئه‌گه‌رچی ته‌رجیع به‌نده، به‌ڵام هیچ به‌ندێکی له دوو به‌یت زیاتر نییه و به سه‌ربه‌ندی ناسراوی باس کراو، هه‌ر دووبه‌یتێک له دووبه‌یته‌کانی دیکه جودا ده‌کاته‌وه. یه‌کیه‌تی بابه‌ت له شیعره‌که‌دا پارێزراوه و نامه و وڵامی نامه و غوربه‌ت و غه‌می غوربه‌ت و نۆستالیژیا ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌و یازده به‌نده‌ن که به درێژایی ئه‌و 71 ساڵه و تا ئێستا خودی ئه‌و ده‌قه بۆته نۆستالێژیا و وێردی سه‌ر زاری هه‌موو هێدی و برا و خۆشه‌ویسته لێک ترازاو و لێک دابڕاوه‌کانی کورد. چون هێدی ته‌نانه‌ت ئه‌و نامه برایانه‌یه‌ش له کۆتایی‌دا ده‌کاته بیانوویه‌ک بۆ ئاوڕدانەوەیەک لە گوتارێک کە لە نووسینی سه‌ره‌کی خۆی دا بەردەوام زەینی پێی راهاتووە ئەویش هه‌مان ده‌ردی خاک و نیشتمانه.
"سه‌یری کوردستانی چۆڵ که‌م یا ته‌می کوێستانی دڵ"(هێدی:١٨٦) ئه‌و راستی‌یه ده‌درکێنێ. "شێواو"ی 71 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که دواتر ده‌بێته هێدی، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی یه‌که‌می شاعیرانی کۆمار بوون و ده‌قی بووه و له کۆمار‌دا رۆڵی گێڕاوە و ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌و کات بڵاو کردووه‌ته‌وه که شان له شانی هه‌موو ئه‌و ده‌قانه ده‌دا ئه‌وکات به‌رزه شاعیرانی وه‌ک هێمن و هه‌ژار بڵاویان ده‌کرده‌وه. به‌و پێیه له باری زه‌مانی و زمانیشه‌وه به‌و به‌ڵگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین چ راوێژی ئه‌و ده‌قه و چ پێکهاته‌کی و چ جۆری په‌روەرده کردنی واتا‌که‌ی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن شوناسی تایبه‌ته.
هێدی له‌و شیعره‌دا جودا له تاقی کردنه‌وه‌ی زمانی پاراو و هه‌ستی به‌رزی شاعیرانه و قالبێکی که‌م‌تر تاقی کراوه له نێو شاعیرانی کورد، له به‌راورد له‌گه‌ڵ قالبێکی وه‌ک غه‌زه‌ل‌دا، له نه‌ریتی گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌ی شیعری لای‌داوه که که‌م‌تر وه‌ک ده‌قی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن بایه‌خ ئاوڕیان لێدراوه‌ته‌وه. ده‌یان نموونه له نامه گۆڕینه‌وه‌کانی شاعیران، که ته‌نیا وه‌ک ره‌سانه‌یه‌ک که‌ڵکیان له شیعر وه‌رگرتووه، نموونه‌ی ئه‌و ده‌قه شیعری‌یانه‌ن که که‌م‌ترین راده‌ی ئه‌ده‌بییه‌ت و جوانکاری‌یان تێدایه و زیادتر له قالبی غه‌زه‌ل یان مه‌سنه‌وی‌دا ئه‌حواڵی یه‌کیان پرسیوه و هه‌ندێک له جوانکاریی و سه‌نعه‌ته شیعری‌یه‌کانیان تاقی کردووه‌ته‌وه. له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا و هه‌ر له‌و نه‌سله نامه شیعری‌یه‌کانی ئاوات و حه‌قیقی، حه‌قیقی و سه‌ید قادر سیاده‌ت، سواره و ئاوات و ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی وا هه‌ن که خوێنه‌ر زیادتر وه‌ک پێوه‌ندی‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و که‌م‌تر وه‌ک ده‌قێکی ئه‌ده‌بی بۆیان ده‌ڕوانێ و تێ‌یان ده‌ڕوانێ. به‌ڵام له‌و ده‌قه‌دا هێدی ئه‌و نه‌ریته ده‌گۆڕێ و قالبی نامه نووسین دەکاتە مه‌جالێک بۆ ده‌ربڕینێ شیعر، نه‌ک شیعر بکاته ده‌رفه‌تێک بۆ نووسینی نامه. ئه‌وه هه‌م تازه‌گه‌ری هێدی‌یه بۆ حه‌وت ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر و هه‌م باڵای ئه‌ده‌بی ئه‌ویش به‌رز ده‌کاته‌وه له به‌رانبه‌ر هاواڵه شاعیره‌کانی هاو رێگای. به‌ڵام دیاره به‌ربڵاوی بواره‌کانی چالاکی مامۆستایان هێمن و هه‌ژار له به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ کاری ئه‌ده‌بی ئه‌و، که تا ئه‌و دواییانه‌ش هه‌ر به شیعره‌وه به‌سترابۆوه، ئاسایی‌یه که ناو و به‌رهه‌می ئه‌وان ناسراوتر و به‌رباس‌تر بێ.
لایه‌نێکی دیکه‌ی کاری هێدی که زیادتر به‌و لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌وه ناسراوه غه‌زه‌له‌کانی‌یه‌تی. غه‌زه‌لی هێدی وه‌ک غه‌زه‌لی هێمن له چه‌ند باره‌وه دابڕاوه له نه‌ریتی پێشوو. گرینگ ترینیان زمان و ناوه‌رۆکه. به‌ڵام ئه‌وه به‌و واتایه نییه ئه‌زموونی غه‌زه‌لی ئه‌وانه یه‌ک شته. هێمن زیادتر ناوه‌رۆکێکی مه‌یله فه‌لسه‌فی به تێمێکی ئه‌ویندرانه و سیاسی‌یه‌وه مۆرکی غه‌زه‌له‌کانی‌یه‌تی و هێدی غه‌زه‌لی ئه‌ویندارانه و له هه‌مان کات‌دا به ناوه‌رۆکی ساکارتر و هه‌ڵبه‌ت هه‌ستێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ده‌نووسێ.
ئه‌و غه‌زه‌لانه‌ی هێدیش دوو ده‌سته‌ن. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی له راونینێکی گشتی‌دا دوانه‌ی ئه‌وین/سیاسه‌ت جودا له ورده‌کاری‌یه شیعری‌یه‌کان تێیان‌دا رۆڵیان هه‌یه و له ئاکامیش‌دا هه‌م ئه‌وین و هه‌م سیاسه‌ت له روانگه‌ی شاعیره‌وه به‌ره‌وه ئاقارێکی ئه‌رێنی و دڵ‌خواز ده‌چن، یان بۆ هەرێمێک پەل و پۆ دەهاون کە شاعیر ئاواتیان بۆ ده‌خوازێ. ئه‌وە پلانێکی گشتی‌یه بۆ بینینی به‌شێکی زۆر له غه‌زه‌له‌کانی هێدی. ئه‌و غه‌زه‌لانه و کۆی چامه و ورده شیعره‌کانی دی هێدی، که هه‌ڵگری گوتاری "به‌ربه‌ره‌کانی بن ده‌ست/ سه‌رده‌ست-ن و به گستی ده‌ق گه‌لێکن به پێناسه‌یه‌کی شوناس خوازه‌وه له ژێر چه‌تری گوتاری کۆماره‌وه گۆش کراون و ئه‌گه‌رچی هه‌م هه‌ژار و هه‌م هێدی دواتر به جوغڕافیا له موکریان دوور که‌وتنه‌وه و له ریزبه‌ندی سیاسیش‌دا چوونه ریزێکی دیکه‌ی سیاسی‌یه‌وه، به‌ڵام له کۆی ده‌قه جیدی‌یه شیعری‌یه‌کانیان‌دا، بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌ندێشه‌یان هه‌مان راسته رێی گوتارێکه که زمان ساز و زه‌مینه‌سازی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رده‌می لاوه‌تی ئه‌وان بووه.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستی‌یه ده‌توانین ئاماژه به کۆتایی ده‌یان نموونه غه‌زه‌لی هه‌ر سێ شاعیر هێمن، هێدی و هه‌ژار بکه‌ین. هه‌ڵبه‌ت له کاری هه‌ژاردا قالبه‌کانی دیکه‌ی شیعری زیادتر ئه‌و ئه‌رکه ده‌که‌وێته سه‌ر شانیان، چون له بنه‌ڕه‌ت‌دا قورسایی کاری شیعری هه‌ژار ناکه‌وێته بواری غه‌زه‌ل نووسی‌یه‌وه. بۆ نموونە شاکاری شیعری ئەو "بەرەو موکریان"ە. هه‌موو غه‌زه‌له‌کان ئه‌و بیره تێیان‌دا پڕ ڕه‌نگە و هیوایه‌کش جاری وایه دوای بێ هیوایی له خه‌یاڵ‌دانی شاعیره‌وه خۆ ده‌خزێنێته ناو شیعره‌وه.
هێمن له کۆمەڵە شیعری "ناڵه‌ی جودایی"دا و هەڵبەت لە دەقەکانی جودا لە ناڵەی جودایی، لادان له‌و گوتاره و خزان به‌ره‌و هه‌رێمیکی دیکه‌ی بیری ئه‌ده‌بی و شیعری به دوای چه‌ند ئاڵ‌وگۆڕ له ژیان و کاری‌دا لە بەرهەمەکانی‌دا دەنەخشێنێ. ده‌ق گه‌لی وه‌ک "سازی ناساز" لەو دەستە دەقەن. به‌ڵام له بەرهەمی ئەودا بێ هیوایی‌یه‌که زیاتر بێ هیوایی‌یه‌کی تاکه که‌سی‌یه نه‌ک پێوه‌ندی‌دار به زه‌مینه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی فکری و سیاسی یان بۆ تانه لێدان له‌و زه‌مینه‌یه.
هێدیش له به‌شی یه‌که‌می غه‌زه‌له‌کانی‌دا هه‌مان چاره‌نووسی هه‌یه، به‌ڵام له به‌شێک له دوایین شیعره‌کانی‌دا، که له ده‌یه‌ی 90ی زایینی‌یه‌وه نووسراون هه‌ست به کەش و هەوایەکی جودا لە باقی غەزەلەکانی هێدی دەکرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش وه‌ک گۆڕێنی ریزێک ده‌رده‌که‌وێ که بۆ بردنه سه‌ری ئاواته‌کانی هه‌ڵیبژاردووه. بیرێک که هه‌ژار تا ما بۆی ژیا و هێدی له دوایان ساڵه‌کانی ته‌مه‌ن‌دا لانیکەم لە چەند دەق دا ره‌خنه‌ی لێگرت. ئه‌و دیارده‌یه له چه‌ند غه‌زه‌لی به‌رزی وه‌ک "په‌یام"، "بێ وه‌فایی"، "په‌رێشانی" و "هه‌ڵه"دا ده‌رده‌که‌وێ. کولتووری ره‌خنه‌گرتن له خۆ و خۆشکاندن لەو بەرهەمانە دا دیارده‌یه‌کی سه‌رنج راکێشە.
لێی گه‌ڕی وام لێ بێ مافی خۆمه ده‌ستی تێ مه‌ده
لێی گه‌ڕێ با تێک شكێم، چی تر نه‌ڵێم من ناشکێم
چه‌ند له کرده‌ی خۆم په‌شیمانم له ناکرده‌ش پتر
سه‌ر چلۆن ده‌رکه‌م له ده‌س ئه‌و چاره‌نووسه چۆن هه‌ڵێم
من که بازی سه‌ر چیا بووم و هه‌ڵۆی که‌وشه‌ن به‌زێن
ئه‌وڕۆ هه‌ر وه‌ک کوندێ هاتووم له‌و که‌لاوه نیشته جێم
حه‌ز ده‌که‌م ده‌ردێکی بگرم که‌س سه‌ری لێ ده‌رنه‌کا
به‌ڵکوو ئه‌و ئاهۆیه هۆیه‌ک بێ که جارێ بێیه سوێم
وای هیلاک و ماندوو کردووم باسی کورد و باسی گه‌ل
ئێسته کاکۆڵ و که‌زی و په‌رچه‌م نه‌بێ لێی نادوێم. (هێدی:406)
به‌ڵام لووتکه‌ی ئه‌و هه‌ست به غه‌ریبی کردنە، له غه‌زه‌لی "بێ وه‌فایی"دا ده‌رده‌که‌وێ. هێدی له‌و غه‌زله‌دا وه‌ک باڵنده‌یه‌کی دایک، ته‌نیا شتێکی که له وڵاتێک پێی ماوه، ماڵی سیاسه‌ت نا، به‌ڵکوو هێلانه‌ی ئه‌ده‌بیات و داهێنانه به زه‌ڕنه‌قووته‌ی شیعره‌وه. لێره‌دایه هێدی ره‌خنه له خۆی و بژارده‌ی خۆی ده‌گرێ و جارێکی دیکه خۆی؛ لانی‌که‌م داماڵدراو له‌و بابه‌تانه چاو لێده‌کا و ئه‌و وێنه‌یه ده‌بینێ و بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ریشی ده‌نه‌خشێنێ:
من که وه‌ک بولبول چریکه‌م کورده‌واری پڕ ده‌کرد
ئێسته وه‌ک له‌گ له‌گ له سه‌ر بێچووی شێعر ده‌ڕشێمه‌وه. (هێدی:٣٦٦)
خستنە رووی ئەو باسە رەنگە کێشە لەدوا و راڤە هەڵگر بێ. بۆ وێنە رێی ئەو پرسیارە ئاواڵەیە کە ئایا هێدی دابڕا له ویسته‌کانی هه‌شتا ساڵه‌ی خۆی؟ نا. هێدی دانه‌بڕا. به‌ڵام ره‌خنه‌گرانه لێی ڕوانی. بۆیه وێده‌چێ ئه‌گه‌ر هێدی شاعیر ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنێکی دیکه‌ی با، به پێی ئه‌و چه‌ند ده‌قه شیعری‌یه‌ی، رەنگە بژراده‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ هه‌مان ئامانج به جوغڕافیایه‌کی جوداوه هه‌ڵبژرادبا. بێ گومان ئه‌و جوغڕافیایه موکریان ده‌بوو که نه به زیندووی تێی‌دا حه‌ساوه و نه به مردوویی بۆی گه‌ڕێندراوه. غه‌زه‌لی "بێ‌وه‌فایی" دوا هەڵوێستی شاعیرێکی ماندوویە و له هه‌مان کات‌دا وه‌سیه‌تێکه که هه‌رگیز له لایه‌ن میراتگرانی‌یه‌وه به جێ نه‌هات. بڕیاڕی گه‌ڕاونه‌وه بۆ موکریان به گوتە و بڕیاری ئه‌ده‌بییه‌وه و وه‌سیه‌تی نێژران له موکریان به مێژوویه‌ک ماندوویی و خه‌مه‌وه.
بێ وه‌فایی
ئاشکرا ره‌نگی غه‌ریبی دیاره لێره پێمه‌وه
ئاخری به‌و ده‌رده‌وه تێدا ده‌چم، ده‌توێمه‌وه
هێند له دوی کوردایه‌تی چووم هێز و تینم لێ بڕا
پێم له دوو نایه بڵێم هه‌نگاوی دی داوێمه‌وه
تاوێ دڵ لێدانی تونده، تاوێ خوێنم هه‌ڵده‌چێ
به‌و زووانه به‌و فه‌تا پیسانه‌وه ده‌توڵێمه‌وه
من که وه‌ک بولبول چریکه‌م کورده‌واری پڕ ده‌کرد
ئێسته وه‌ک له‌گ له‌گ له سه‌ر بێچووی شێعر ده‌ڕشێمه‌وه
بوو به پایه و کاخی کێ گه‌رمین و کوێستان کردنم؟
هه‌ڵوه‌دای چم من؟ له جێیه‌ک بۆچی ناگیرسێمه‌وه؟
رۆژی روون چووم بوومه عه‌نته‌ر، بۆ یه‌کی دی هه‌ڵپه‌ڕیم
ئێسته وه‌ک رێوی به شه‌و بۆ سیرمه کۆن ده‌خولێمه‌وه
خۆزگه هه‌ر مردن هه‌با و ده‌ردی په‌شیمانی نه‌با
دیزه هه‌ر بۆیه ده‌ڵێ: بشکێم و نه‌زرینگێمه‌وه
پشت به یاری بێ به‌ڵێن وه‌ک هێدی نابه‌ستم ئیتر
تازه حاشا من له په‌یمان و وه‌فا بدوێمه‌وه
تا له تۆ دوورم موکریان، دڵ به هیچ ناپشکوێ
من خراپ بووم، ئێوه چاک بن، لێم گه‌ڕێن با بێمه‌وه. (هەمان)
*
-هێدی(١٩٩٧) کاروانی خەیاڵ، بەشێک لە شێعرەکانی هێدی، هەولێر: چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین