تاریخ: ۱۳۹۶/۶/۳۱
توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی په‌ندێكی كوردی پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
به پێی هه‌واڵی هاژه، ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌کی‌ ئه‌مه‌ریكی و په‌ندێكی كوردی یه‌كده‌گرێته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیی دركاندنی نهێنییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "زگم ئه‌مباری بابی كه‌س نییه‌".
ده‌سته‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت: "پاراستنی نهێنی و نه‌دركاندنی، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ هه‌یه‌".
تیمی توێژه‌ران له‌ زانكۆی كۆلۆمبیا له‌ نیویۆرك، سامپڵێكی 600 كه‌سیان وه‌رگرتووه‌ و توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌نجامداون، ده‌ركه‌وتووه‌ 96 %یان، نهێنییان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی نهێنییه‌كانیش، سۆزداریین.
ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری توێژینه‌وه‌كه‌یان كردووه‌، پرسیاری ئه‌وه‌یان لێكراوه‌، له‌ ماوه‌ی مانگێكدا چه‌ند جار بیرییان له‌و نهێنییانه‌ كردووه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامه‌كانیان: دووجار بووه‌ و نهێنییه‌كانیش بوونه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ بۆیان.
توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانییه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكی نهێنییه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌ی پارێزگاریكردن له‌ نهێنییه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه‌كه‌یه‌.
توێژینه‌وه‌كه‌ دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی به‌شداربووانی توێژینه‌وه‌كه‌ كه‌ وه‌ك سامپڵ وه‌رگیراون، دووچاری ئازاری ویژدانی و ده‌روونی ده‌بن كاتێك ئه‌و نهێنییه‌ ناخۆشانه‌یان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ و نه‌یاندركاندووه‌.
 سەرچاوە:کوردستان24