تاریخ: ۱۳۹۶/۶/۱۶
وت‌‌وێژی هاژه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ، ته‌له‌ویزیۆن و سینه‌ما "ڕەحیم نه‌غه‌ده"

 

هاژه ـ وێڕای سپاس که له دیمانه‌ی ئه‌مڕۆماندا بەشدار بوون، تکایه کورته‌یه‌ک له سەر ژیانی هونه‌ری خۆتان بۆ خوێنه‌رانمان بدوێن.

ئه‌من ئه‌حمەد نه‌غەده که به ڕەحیم نەغەده دەمناسن، ساڵی 1336 له شاری مەهاباد له دایک بووم. له ساڵی 51ی هەتاوییه‌وە دەستم به کاری هونەری و ئه‌کته‌ری و شانۆ کردووە، هۆگرایه‌تییه‌کی زۆرم به کاری هونه‌ری هه‌یه. ئه‌و مامۆستایانەی لێره کاری هونەریان لەگەڵ کردووین بریتی بوون له قاسم پوور شەکیبا، حاجی عەلی عەسکه‌ری، ئاتەش تەقی پوور، هورموز هیدایه‌ت و لەم دواییانەشدا دکتور قوتبەدین سادقی.

هاژه ـ چۆن ڕووتان له کاری هونەری کرد؟

پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بووم، له تیمی هەڵبژارده‌ی مه‌هاباددا یاریم دەکرد، به‌و هۆیه که هەستم کرد له دەرسەکانم وەدوا دەکەوم وازم لێ هێنا. له منداڵییه‌وە ئه‌دا و ئه‌تواری دەورووبەرم دەردێنا، لاسای خاڵ و مامم و جیرانم دەکردەوە، دەورووبەریشم قاقا پێدەکه‌نین، کوتم نه‌خێر، شتێکی باشه، وەختێک خەڵکی شآد دەکه‌م ئه‌وە بۆ من زۆره. هۆگری سینەماش بووم، له مەهاباد تالارێکی لێبوو نێوی فەرهه‌نگ بوو، ئێستا بۆته خانه‌ی موعه‌لیم، سینه‌مایه‌کی لێ بوو که چەند کەس به شەریکایه‌تی دایاننابوو، چوون جیران بووین زوو زوو دەچووم چاوم له فیلم دەکرد. دواتر چوومه فەرهه‌نگ و هونه‌ر و له وێ مێشکم کراوە. له کلاسەکانیدا بەشداریم دەکرد، دیپلۆمم که وەرگرت له دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد دامەزرام.

هاژه ـ یه‌که‌م کاری شانۆیی ئێوە چ بوو و له چ ساڵێکدا بووە؟

ساڵی 52ی هەتاوی شانۆی "مستمسک" بەرهه‌می بەڕێز قاسم پوورشەکیبا که ئه‌فسەر وەزیفه‌یه‌ک بوو خەڵکی شیراز هاتبوو بۆ ئێره دەرسی پێ دەکوتین. بۆ ئه‌و کاره چووینه شاری ساری له نێوان گشت خانه‌ی جەوانانی ئێران من پلەی یه‌که‌می ئه‌کته‌ریم وەدەست هێنا. پاشان "وەزیر خانی له‌نکران" نووسراوەی فەتحعه‌لی ئاخووندزادە‌ به دەرهێنه‌ری قاسم پوورشەکیبامان کار کرد که زۆرم دڵ بەو کارەوە بوو و پتر هۆگری هونه‌ری نمایشی کردم.

هاژه ـ لەگەڵ کام گرووپ کارتان کردووە؟

زیاتر ئازاد بوون وابه‌سته به فەرهه‌نگ و هونه‌ر. له‌و دواییانه‌شدا له‌گه‌ڵ گرووپی شانۆی ئه‌هوورا که کاک ئومید خاکپوور دایناوە، دەمهه‌وێ هەر لێرەوە دەستی ماندوونەناسانه‌ی بکوشم و پڕ به دڵ سپاسی بکەم، کەسێکی زۆر چالاکه و زۆر زەحمه‌ت دەکێشێ.

هاژه ـ ئه‌و سەردەمی که ئێوە دەستان به کاری هونه‌ری کرد، ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه‌کان چی بوون سەبارەت به ئێوە و کارەکەتان؟

ئه‌و دەمی ڕاحه‌تتر بوو. له بواری ماڵییه‌وە ناڵێم، له بواری مەعنه‌وی. ماندووبوونمان نەدەناسی، ئه‌گه‌رچی زۆر زۆر کەم خانمەکان کاری هونەریان دەکرد، بەڵام ئەو کات زیاتر کچی ئه‌و ئه‌فسەرانه‌ی دەهاتنه مه‌هاباد کاری شانۆیان دەکرد، دواتر که چووینه ته‌له‌ویزیۆن له‌وێش هەروابوو، بەڵام ورده ورده خەڵک به متمانه به ئێمه و هاوکارانی دیکەمان خاتوونەکانیان دەنارد.

هاژه ـ گرفتی ئێستاتان چییه؟

ئه‌گه‌ر چاو له هونەری نمایش بکه‌ین زۆربەی هونه‌رمەندان له نەبوونی ساڵۆن ناڵەیان دێ و جێگای تەمرین نییه، ئه‌و ساڵۆنانەی هەن ناتوانین بەردەوام و به شێوەیه‌کی ته‌خەسووسی کەڵکیان لێوەرگرین چوون بۆ هەموو بۆنه و مەڕاسمێک که‌ڵکیان لێوەردەگیرێن. له ته‌له‌ویزیۆنیش بوودجه کەمه و نووسەرمان نییه، ئه‌گه‌ر هەشبێ به‌و حەقوزەحمه‌یه حازر نین کار بکه‌ن.

هاژه ـ تا ئێستا چەند بەرهه‌می شانۆیی، ته‌له‌ویزیۆنی و سینەماییتان هەبووه؟

میان پەردەکان له هەزاری تێپەڕیوە، 8 کاری سینمایی و 46 کاری نمایشی.

هاژه ـ کاری دوبڵەشتان کردووە، وابزانم گرینگترینیان فیلمی حەزرەتی یۆسف بوو.

بەڵێ، بۆ ئه‌م کارە که مودیری دوبڵاژ خۆم بووم و کاک برایم بوومی سینکی دەنگه‌کانی دەکرد، کەڵک له 80 که‌س وەرگیرا بۆ دووبڵه، ئه‌و کاره 2 جار له کاناڵی سەراسەری بڵاو بۆوە، له هەرێمی کوردستانیش پێشوازێکی زۆر باشی لێکرا. خۆم دوبڵەی دەنگی ئانخ ماهۆ (عەباس ئه‌میری)م وەئۆده گرتبوو.

هاژه ـ گرینگترینی ئه‌و بەرهه‌مه شانۆییانه‌ی دەورتان تێدا گێڕاوە له ڕوانگه‌ی خۆتانه‌وە کامەن؟

3 دانه بوون هەر سێکیشیان سەیدەوان بوون. یه‌کیان بەڕێز محەممەد کەریمی نووسیبووی و دەرهێنه‌رەکه‌ی کاک مه‌ناف ئیرانپەنا بوو که ساڵی 1374 له تالاری وەحدەتی تاران ئیجڕا کرا، کارێکی دیکه که هەر پێوەندی به سەیدەوان هەبوو بەرهه‌می کاک شەهرام میکاییلی بوو به نێوی "کیش و دیش" که ساڵی 89ی هەتاوی که فێستیواڵی پارێزگایی له مەهاباد بەڕێوە چوو خەڵاتی وەرگرت. دوایین کاریش چریکه‌ی چیای هاڵۆز بەرهه‌می کاک بەختیار پەنجەیی بوو که له فێستیواڵی نێودەوڵه‌تی فەجری تاران بەشدار بوو و درەوشایه‌وە.

هاژه ـ یه‌که‌م جار له مێژووی شاری مەهاباددا ئێوە خەڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاوتان له فێستیواڵی نێودەوڵه‌تی فەجری تاران وەدەست هێناوە؟

بەڵێ، ئه‌وە شانازییەکی گەورەبوو بۆ شار و هونه‌ری شانۆیی ئه‌م شارە. له نێوان 450 ئه‌کته‌ر 7 که‌سیان وەک باشترین هەڵبژارد که من یه‌کێک لەو 7 که‌سە بووم.

هاژه ـ ئێستا چ کارێکتان به دەستەوەیه؟

سەرقاڵی "تله تئاتر"یک بوون که کاک شەهرام میکاییلی دەیهه‌ویست بەڕێوەی به‌رێ، ئه‌ویش جارێ به هۆی نەبووی ساڵۆن وەدوا که‌وتووه. هەروەها بڕیار بوو بۆ شانۆیه‌کی کاک بەختیار پەنجەیی بچینه ئه‌و دیو که ئه‌ویش بەداخەوە جێبەجێ نه‌بووە.

ئێستاش چاومان له ئه‌نجومه‌نی شانۆی شارەکەمانه و به پێی بەرنامەکانی که دایاندەڕێژێ وەک شانۆ و نمایشنامه‌خانی و... دەچینه پێش.

هاژه ـ پێوەندی نێوان هونه‌رمەندانی بەشی شانۆ له مەهاباد چۆنه؟ به تایبەت تازەلاوان لەگەڵ ئێوە که تەمەنتان له سەر هونه‌ر داناوە.

ئه‌گه‌ر بڵێم خراپه درووست نییه. ئه‌گه‌ر بڵێم باشیشه هەر درووست نییه. هێندێک نێوانیان له‌گه‌ڵ نه‌سلی ئێستا کەمتره. بۆ وێنه من وەک پیشکسوەتێک چاوەڕوانیم هەیه لاوێک ڕێ‌وشوێنی من له‌به‌رچاو بگرێ و بڕواته پێش، بەڵام جاری وایه دەبینم هێندێک کار دەکا که زەدەم دەبم.

هاژه ـ چۆن؟ وەک چی؟

بۆ وێنه نمایشی مولیێر لێره کەمتر جواب دەداتەوە، ئاوڕدانه‌وەمان له سوننه‌ت و فەرهه‌نگی خۆمان هەبێ، دوور که‌وتنه‌وە له فەرهه‌نگی خۆمان مه‌ودا دەخاته نێوان نەسلی ئێستا و ڕابردوو. ئێمه پێمان خۆشە پێوەندی هەبێ یه‌کتر دەرک بکه‌ین و به پێشکه‌وتن بگه‌ین. ناکۆکی ئاساییه و هەر دەبێ بەڵام به خۆ به کەم زانین و تەبایی هەموو کێشەکان چارەسەر دەبێ.

هاژه ـ بارودۆخی شانۆی کوردی چۆن دەبینن؟

زۆر باش چۆته پێش، دکتور خسرەو سینا کتێبێکی باشی له سەر ئه‌م ڕەوته بڵاو کردۆته‌وە. هەموو ساڵێ شانۆی سەر شەقام به شێوەی نێودەوڵه‌تی له مه‌ریوان بەڕێوە دەچێ، له سەقز ئه‌و ڕووداوە بەردەوامه و خەریکه دەبێته نێودەوڵه‌تی.

هاژه ـ له مەهاباد چی؟ له بیر بەرنامەیه‌کی ساڵانه‌دا نین؟

بەداخەوە نووسەرمان کەمە، زۆربەی نووسراوەکانیش به کاری ئێستا نایه‌ن. ئه‌وانه‌ی باش دەنووسن مەودای زەمانیان پێویسته تا بەرهه‌مه‌که‌یان دەگاته قۆناغی ئیجڕا. کاری مەهاباد زۆرتر بۆته فێستیواڵی، مەگه‌ر ئه‌ویکه کاک ئومید خاکپوور خۆی زەحمه‌ت بدا له گۆشەی ئیدارەی ئیڕشاد لەگەل چەند کەسان تەمرین بکا و کارێک بێنێته سەر سەحنه یان وەکوو کاک مه‌ناف و کاک فەرهاد ئیرانپەنا و کاک مه‌سعوود شەریفی بێن کارێکی منداڵان بکه‌ن که ئه‌و ساڵ بەرەو ڕووی پێشوازی منداڵان بۆوە. ئه‌گه‌ر دوو سێ گرووپی شانۆ له مەهاباد هەیه خۆش بوو ساڵێ هەر گرووپەی دوو کاری کردبا، بەڵام ساڵۆن کەم و نووسەر کەم، ئاکامیش کاری شانۆیی کەمتره له شارەکەماندا.

هاژه ـ پێشنیارتان بۆ ئه‌و کەسانەی دەیانهەوێ بێنه ناو دنیای شانۆ...

ئه‌گه‌ر کاری شانۆ به عەشق و عەلاقەوە درێژه پێ بدەن خوێندنی تە‌خەسووسیان ته‌واو بکه‌ن و که‌ڵک له ئه‌زموونی پیشکسوەتان وەرگرن و باشترین فیلم و شانۆکان ببینن ئاکامی زۆر باشتری دەبێ، هەروەها سەردانی ئه‌نجومه‌نی شانۆ بکه‌ن و که‌ڵک له زەرفییه‌ت و ئیمکاناتی ئەو شوێنه وەرگرن دەتوانن زۆر سەرکه‌وتوو بن.

هاژه ـ زۆر سوپاستان دەکه‌ین، له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر شتێک ماوە بۆ کوتن تکایه بیفەرموون.

سەرکه‌وتنی زیاترتان بۆ ئاواتەخوازم، به ڕاستی هاژه پێگه‌یه‌کی زۆر به هێزه که توانیویه‌تی له ناو دڵی جەماوەردا جێی خۆی بکاته‌وە و هەموو لایه‌ک لێی ڕازین، ئارەزووی سەرکه‌وتنم هەیه بۆ هەموو گرووپەکانی شانۆیی شارەکەمان.