تاریخ: ۱۳۹۴/۱۲/۲۰
لە ڕێوڕەسمێکی شیاودا لە کتێبی کڕاکە پەردە لادرا

 کۆڕی پەردە لادان لە کتێبە شێعری کڕاکە، نووسینی ڕەزا عەلی پوور؛ شاعیر و نووسەری کورد  بەڕێوە چوو.

به پێی هه‌واڵی هه‌واڵنێری هاژه، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕەشەمە، بە ئامادەبوونی ڕەخنە گران ، ژماریه‌کی بەرچاو لە شاعیرانی سنە و شارانی دەروبەر و هۆگران، کۆڕی پەردە لادان  لە دوایین بەرهەمی شاعیر ڕه‌زا عه‌لی پوور بەڕێوە چوو.

ئەم دانیشتنە ئەدەبییە، بە ئامادەبوون و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانی ناسراو؛ دوکتور مەسعوود بینەندە، دوکتور محەمەد ڕەحیمیان هەروەها کەمال ئەمینی و یونس حسەینی شاعیر لە سینەما بەهمەنی سنە بەڕیوە چوو. سەرەتا کەمال ئەمینی کە بەڕێوەبەردنی کۆرەکەی لە ئەستۆدا بوو، لە رەزا عەلی پوور و کاریگەریەتی دانانی لە سەر شێعری کوردی و بە تایبەت پرۆفیشناڵ بوونی ئەم شاعیرە باسی کرد. پاشان بە وتنی ئەوەی کە ڕەزا عەلی پوور لە سێ کۆمەڵە شێعری "ئم"،  "قاڵییەک دەناسم لە هەرچی گوڵیەتی ماندووە"  و "کڕاکە" دا پێشنیارگەلێکی تایبەتی ئاراستەی شێعری کوردی کردووە، هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی شێعری ڕەزا عەلی پووری باس کرد. پاشان بەیان عەزیزی، لە لایەن ناوەندی کاڵ و کافە کتێبی کاڵەوە، هەندێ باسی ئاراستە کرد.

ڕەزا شەجیعی وەک بەڕێوەبەری بڵاوکەرەوەی گوتار، چاپی  کڕاکەی وەک ڕووداوێکی تازە وەسف کرد و بە شانازییەکی ئەدەبی بۆ  بلاوکەرەوەی گوتار ناوی برد و هەروەها مژدەی چاپی چەند دەقی بە نرخی دیکەی لە لایەن ناوەندی گوتارەوە دا.  لە بەشێکی دیکە لەم  پرۆگرامەدا، پانێلێکی پسپۆڕانە لە سەر کتێبی کڕاکە بەڕێوە چوو کە سەرەتا دوکتۆر مەسعوود بینەندە باسێکی خێرای لەسەر ڕەوتی مێژوویی شێعری نوێی کوردی لە کوردستانی ئێران ئاراستە کرد تا گەیشتە شێعری ڕەوتی بەرەی چوار. بینەندە پێیوابوو کە پاش شێعری سوارە و دەسپێەکارانی نوێخوازی، شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا تووشی بەربەستگەلێک و بنبەست بوبوەوە کە دوابەدوای هەندێ گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتا و سەرەتای دەیەی هەشتای کۆچی، لە چەند لایەنەوە ئەو داخرانە کرایەوە ئەو بنبەستە تێکشکێنرا و بەرهەمی ڕەزا عەلی پوور و کتێبی "قاڵییەک دەناسم لەهەرچی گوڵیەتی ماندووە"  لەم بوارەدا لە پێشەنگ و کاریگەرترین ئەزموونەکان بووه.

بینەندە لە درێژەدا گوتی بە داخەوە ماوەیەک بوو کە دیسان تووشی جۆرێکی دیکەی داخران ببووین لە سۆنگەی زمانی و بەردەنگەوە، کە کڕاکە بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە هەندێ پێشنیاری جیددی پێیە.  پاشان دوکتۆر بینەندە بە ڕوانگەیەکی لاکانییەوە باسی لە پێرسۆناکانی نێو کڕاکە، پێوندەییە نێوان- گوتارییەکان، دەنگە جیاوازەکان و هەندێ لایەنی دیکەی کتێبی کراکە کرد. لە درێژەدا دوکتۆر محەمەد ڕەحیمیان بە ئاماژە بەوەی کە لەم بەرهەمەدا لەگەڵ دەقێکی بزۆز و دینامیکدا بەرەوڕووین سەرنجی ڕەهەندە جیاوازەکانی کڕاکەی دا و گوتی کە زمان لەم دەقەدا توێگەلی جیاوازی مانایی هەیە و بە نیگایەکی نوێوە ئیمکانەکانی زمانی جیاوازی شێعری نوێ و تەنانەت کلاسیکی بە شێوەی داهێنەرانە سەر لە نوێ ئافراندووەتەوە. بە وتەی ڕەحیمیان ئەم دەقە هەموو شتێک لە ڕێگەی فۆڕمێکی تازەوە دەگوازێتەوە بە چەشنێک  کە لە کۆتاییدا لەگەڵ چێژێکی فوڕمیک و گێرانەوەیەکی شیعریدا بەرەوڕوو دەبین. پاشان بە هەندێ لایەنی جوانیناسانەی دەقەکە ئاماژەی دا و پرسی جوانی و جێژی لە سەنتەری باسەکانیدا سەبارەت بەم بەرهەمە ئاراستە کرد.

لە درێژەدا یونس حسەینی باسی لە جیاوازیی نێوان کتێبی کڕاکە و کتێبە شێعرییە پێشووەکەی عەلی پوور کرد و وتی سەرەڕای کەڵک وەرگرتن لە تەجرەبە پێشووەکان لە هەر کامیاندا جوانی و چێژی تایبەتی شێعری وەردەگرین و لە هەناوی کراکەدا کۆمەڵێک پیشنیاری شێعریی و زمانیی  نوێ بوونی هەیە. لە نێوان باسەکاندا کەمال ئەمینی،  وێڕای باس کردن لە ڕیتم و تۆناژە جیاواز و داهێنەرانەکانی کڕاکە،  باسی لە رەوتی شێعری بەرەی چوار کرد و وتی ڕەوتێک کە ساڵانێک لە گەڵ هەڵویست گرتنەکانی هەردوو لایەنی هاوڕا  و نەیار بەرەوڕووبووە وەک پێگە و بەرەیەکی  بزۆز و سەربەخۆ ، هەندێ تایبەتمەندیی گرنگ و تایبەتی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە. لە درێژەی پرۆگرامەکەدا شاعیری کڕاکە، بەشێکی لە کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە کە پێشوازی گەرمی لێ کرا و لە درێژەدا لە "کڕاکە" ڕوونوێنی کرا.

لە کۆتایی پڕۆگرامەکەدا ڕەزا عەلی پوور کتێبەکەی بۆ خوازیاران ئیمزا کرد. پێویستە بگوترێ کتێبی کڕاکە دووەم کتێبە شێعری ڕەزا عەلی پوور و شەشەمین کتێبی ئەم نووسەر و شاعیرەیە. کتێبی یەکەمی ئەم شاعیرە بە ناوی "قاڵییەک دەناسم لە هەرچی گوڵیەتی ماندووە" ڕەوتێکی جیاوازی لە شێعری کوردیدا بە ناوی بەرەی چوار و پێگەی چوار ساز کرد.