تاریخ: ۱۳۹۶/۵/۲۰
لە شەقامەکانی پاریسەوە تا چیاکانی کوردستان

سەلاحەددین ئاشتی

 

وەکوو دیارە کریس کۆچێرا (۱۹۳۸ - ۲۰۱۷)، یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسە خوێندەوار و وردبینانەی وڵاتی فەرانسه، کە توانیویەتی بەشێک لە تەمەنی تەرخان بکا بۆ گێڕانەەی چیرۆکی ژیان و بەسەرهاتی کارەساتباری نەتەوەی کورد.

   کتێبی "جووڵانەوەی نەتەوەخوازیی کورد" بە قەڵەمی کریس کۆچێرا، کە ساڵی ۱۹۷۹، هاوکات لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی پادشایەتیی ئێران، بە زمانی فەرانسەوی چاپ کراوە، ڕەوانشاد د. برایم یۆنسی کردوویەتە فارسی و ساڵی ۱۹۹۴ بڵاو کراوەتەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە لە ئێران توانی ئاسۆیەکی نوێ بەرەوڕووی سیاسەتمەداران و وەچەی تازەپێگەیشتووی کورد لە لایەک و پێشەنگانی حکوومەتی ئێران و خوێندەوارانی نەکورد بکاتەوە. ئەم دوو بەرەیە هەرکام لە گۆشەنیگایەکەوە کتێبەکەیان بە دڵەوە نووسا؛ بەڵام ئەوەندەی بزانم بایخ پێدانی لە نێو سیاسەتی کوردی‌دا گەرچی ڕەنگ دایەوە، بەڵام پەل‌وپۆیەکی وای پێ نەدرا؛  لە لایەکی دیکەوە هەل‌ومەرجی ویشک‌وبرینگی سیاسی و کەشی نالەباری ئێران هەلێکی وای نەڕەخساند هەتا وەچەی نوێی کورد بەوردی پێی‌دابچێتەوە و بیخاتە نێو تای تەرازووی هەڵسەنگاندن و بەئاشکرا لە ڕۆژنامە و گۆڤاران‌دا بینرخێنێ و شەن و کەوی کا. لە باڵەکەی دیکەوە دەبێ پیاوانی سیاسەت لە ئێران تێکڕای خاڵە بەهێز و  لاوازەکانی بزووتنەوەی نەتەوەخوازانەی کوردیان لێ هەڵێنجابێ و بۆیان بووبێتە ئەزموونێک و  خوێندەوارانیش بەپێی کرانەوەی ڕوانگەیان تا ڕادەیەک کێشەی کوردیان بۆ ڕوون بووبێتەوە.

   هیچ شکی تێدا نییە سیاسەتمەدارانی کورد بە دۆزینی ئەم بەرهەمە ئەوەندەی دیکەیان هەوراز و لێژی ڕابوون و سیاسەتی نەتەوەیی‌ و چۆنیەتیی دەسکەوتی خەباتیان لا ئاشکرا بووە، بەڵام تا کوێ کەوتوونە سەر ڕێ و ڕچەی بە خۆداچوونەوە و خۆناساندن بە خەڵکانی ئازادیخوازی دنیا و یەکلایی‌کردنەوەی کێشەکانی نێوخۆ، هەتا ئێستاش جێگای پرسیارە.

   وەک باسم کرد، وەچەی تازەجەوانی کورد بەپێی بارودۆخی تاڵ و گرژی سەردەمەکە لە نێوخۆی وڵات نەیتوانی هەڵوێست و بیروڕای خۆی بەئاشکرا دەرببڕێ، بەڵام ئەوەندەی بزانم چونکە بە چەشنێک هەوێنی نەتەوەخوازییانەی داخراوی خۆماڵی گۆش کرابوو، بەشێک لە ڕاستییەکانی ئەم کتێبەی چاک بە دڵەوە نەنووسا؛ گەرچی ئەم شێوە تێڕوانین و لێکدانەوەیە تێکڕای بەرەی نوێی نەگرتەوە و ئەوانەی خاوەنی ئەزموون و ڕوانگەیەکی کراوەتر بوون بە دەسکەوتێکی باشیان دانا.

   بەندە کە جاری یەکەم خوێندمەوە، بە بەشێکی گەشامەوە، بەڵام دەرخستنی بەشێک لە کەم‌وکووڕییەکانی ژیانی سیاسیی کوردم بە کەیفێ نەبوون، لام وابوو یان هەر وا نین یان زۆریان خراوەتە سەری؛ بەڵام کە ماوەیەک دواتر سەرلەنوێ چوومەوە سەری و هێندێک لە هەوای تەمەنی کاڵی و کرچی تەکیمەوە، پڕ بە دڵم دەسخۆشیم لێ کرد و بە ئازا و زانا و دڵپاکم هاتە پێش چاوی. بەڕاستی لێی فێرە دەربڕینی ڕادەربڕینی بوێرانە بووم. تێگەیشتم کە شاردنەوەی دەرد مرۆڤ لە دۆزینەوەی دەرمان دەترازێنێ و هەتا وا بێ جووڵانەوەی هەقخوازانەی ئێمە هەر بە بناوبێری دەیگوزەرێنێ و نایدرکێنێ و لە ئاکام‌دا دوورە چارەسەر دەکەوێتەوە.

   کریس کۆچێرا قۆناخەکانی جووڵانەوەی نەتەوەخوازیی کوردی هەتا ئەندازەیەک ڕوون کردۆتەوە و کەمی خۆ لە شی‌کردنەوەی مێژوونووسانە داوە و ئەوەندەی بۆی لواوە خاڵە بەپێز و بێ‌پێزەکانی خستوونەڕوو. نووسەر بە بیر و دڵێکی پاکەوە خەم و ئاواتی لەمێژینەی میلیۆنان مرۆڤی چەوساوە دەخاتە بەرچاو و خۆی لە داتاشینی بوت بۆ کۆمەڵگایەکی نە هێندە پێشکەوتوو دەپارێزێ و لای وایە هەر کەس چەندی دێنی و شانی هەڵدەگرێ با هەر ئەوەندەی بایی پێ بدرێ.

   ڕوحی شاد بێ کریس کۆچێرا کە بە نووسینی کتێبی بەڵگەمەند و داڕشتنی گەلێک ڕاپۆرتی مرۆڤدۆستانە و کوردخۆشەویستانە، لە دنیادا توانی بەشێک لە نەهامەتییەکانی ئێمە بە گوێی خەڵک ئاشنا بکا و دەوری نامرۆڤانەی دەوڵەتان سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسینی کوردان بخاتە بەر باس و پەردەی حەشاری لە ڕوو داماڵێ.