تاریخ: ۱۳۹۶/۵/۱۳
له‌هه‌رێمی شێعردا...ئاڵاکان به‌ ره‌شی هه‌ڵکه‌ن...تا سبه‌ینێ
یوونس ره‌زایی

  

کۆتایی ته‌مه‌نی خاچێکم به‌ باوه

سه‌ره‌تای ته‌نیایی خاکێکیش ... به‌ په‌یڤی ژانێکی سه‌ره‌ڕۆ

             ئه‌و له‌شه‌ له‌ مه‌رگا نیشتمان به‌ کۆڵه‌ و ده‌ئاژوێ

                            ده‌ئاژوێ ره‌وه‌یه‌ک باڵنده‌ی نووسراوه‌    

                                         به‌ باڵی ساماڵ و ته‌مه‌وه‌       ""ئۆقره‌م بزر تا کازیوه‌""

 

مه‌رگ به‌ خێرایی گه‌یشتێ و ئه‌و رۆیی...رۆیی به‌ره‌و حه‌سانه‌وه‌یه‌ک له‌ سای ئه‌و شاخه‌ی له‌ واتا بۆ ئێستا و داهاتووی زمانێک و شوناسێک بنیاتی نابوو. خێرا به‌ مه‌رگ خه‌ریکه‌ بگات! له‌ گه‌ڵ کێ ده‌دوێ ئه‌و مه‌زنه‌ شاعیره‌ی که‌ په‌له‌یه‌تی؟ له‌گه‌ڵ خۆی که‌ دوا پڕۆژه‌ی بۆ نووسین به‌ر له‌ گه‌یشتنی مه‌رگ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌ست هۆگرانی شێعری کوردی و خشتێکی تر وه‌سه‌ر ئه‌و بینایه‌ بنێ که‌ خۆی رۆڵی کاریگه‌ر و چاره‌نووسسازی له‌ به‌رز کردنه‌وه‌ی باڵای و له‌ پته‌وکردنی بناخه‌کانی دا بووه‌. ئه‌و به‌ سه‌ر مه‌رگ دا زاڵ بوو، چون به‌ر له‌وه‌ی مه‌رگ پشوو سوار بیگاتێ، په‌یامی خۆی و دوا کتێبی خۆی گه‌یانده‌ ده‌ست به‌رده‌نگانی شێعری جیهان. ئه‌و واتایه‌کی دیکه‌ی خسته‌ سه‌ر واتاکانی شێعری جیهان و جا ئه‌و جار دڵنیا؛ له‌وه‌ی که‌ مه‌رگ ئه‌گه‌ر بشگات هیچی له‌ ده‌ست نایه‌ و ته‌نیا ده‌توانێ جه‌سته‌ی ماندووی ئه‌و به‌ره‌و حه‌سانه‌وه‌یه‌کی ئه‌به‌دی به‌رێ، رووی له خه‌ڵک کرد و وه‌سیه‌تی بۆ کردن. وه‌سیه‌ت بۆ  هاوڕێیان و هاووڵاتیان و هاوشارییه‌کانی. ئه‌و شار و خه‌ڵکه‌ی،  ئه‌گه‌ر  سه‌رده‌مێک ئه‌و و هاوڕێیانی وشه‌ی ئه‌و نه‌بان، له‌ ژێر دووکه‌ڵی بۆمباران و کیمیابارانی به‌عس‌دا له‌ خنکان نزیک بوون. سه‌ره‌تا به‌ زریانی تووڕه‌ی ناخ و وشه‌ی، دووکه‌ڵی له‌ سه‌ر لادان و پاشان به‌ شنه‌ی هێمنی په‌یامی، ورده‌ ورده‌ په‌نجه‌ره‌ی جیهانی به‌روو دا کردنه‌وه‌ ، تا چیتر له‌ ژوورێکی داخراودا هه‌ناسه‌سوار، چاوه‌ڕوانی مه‌رگ نه‌که‌ن. واته‌ شێرکۆ و شێعری شیرکۆ "له‌ پاڵ کۆمه‌ڵه‌ فاکته‌رێکی تر" بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دار و به‌رد و باڵنده‌ و ئینسانی وڵاته‌که‌ی، هه‌وای تازه‌ به‌ ناخیان وه‌ر بێ، شێعری ئه‌و و "کۆمه‌ڵه‌ فاکته‌رێکی تر" بوونه‌ باڵ بۆ ئه‌و ئینسانانه‌ی ده‌سته‌وه‌ستان له‌ چوارچێوه‌ی داخراوی وڵاتێک‌دا مه‌جبوور بوون گازی سارین و بۆنی ساخته‌ی سێو هه‌ڵمژن و هه‌ناویان به‌ ژار دابرزێ و هیچیش نه‌ڵێن. ئه‌و وه‌زمان هات به‌ کرداری رووبارێکی بێ بڕانه‌وه‌ و به‌ خوڕ. زمانی پاراو و ده‌نگی دلێری شێعری شێرکۆ؛ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ خه‌ریک بوون له‌ مه‌رگ و رۆژه‌ره‌شی خۆیان دا له‌ بیر ده‌چوونه‌وه‌، وه‌بیر جیهان هێناوه‌ و شوناسێکی بۆ زیندوو کردنه‌وه که‌ ورده‌ ورده‌ خه‌ریک بوو له‌ بیر ده‌براوه‌‌. شوناسێکی که‌ هه‌بوو، به‌ڵام هێور هێور حه‌ول بۆ توانه‌وه‌ی درابوو. به‌ڵی شێرکۆ زیندووکه‌ره‌وه‌ی به‌شێک له‌ شوناسی زمانی وڵاتی خۆیه‌تی.

مه‌رگ به‌ هه‌موو دزێوییه‌کانییه‌وه‌ گه‌یشته‌ لای. به‌ جه‌سته‌ له گه‌له‌که‌ی دوور کرده‌وه،‌ به‌ڵام به‌ رووح و به‌رهه‌م میراتێکی بۆ گه‌له‌که‌ی به‌ جێ هێشت که‌ تا هه‌تایه‌ وشه‌ و وێنه‌ی له‌ زه‌ین و زمانی خه‌ڵک ناشۆرێته‌وه‌. شێرکۆی مه‌زن که‌ نه‌ریتێکی له‌ نووسینی کوردی دا تێک‌شکاند و نۆڕمیکی نوێی هێنایه‌ کایه‌وه‌. پاشان ئه‌و نۆڕمه‌ زمانی‌یانه‌، ئه‌و فۆڕمه‌ شێعری‌یانه‌ی ئه‌و، له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ی‌دا زمان به‌ زمان کوترانه‌وه‌ و زه‌ین و زمانێک که‌ خۆی دایهێنابوو، باڵی وه‌سه‌ر زه‌ین و زمانی به‌شێکی زۆر له‌ شاعیرانی گه‌له‌که‌ی کێشا. که‌م کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌بوو، باسی زمانی شیعری شیرکۆیی و زه‌ینییه‌تی شێرکۆیی بۆ شێعر و وێنه‌ی شێعریی شیرکۆ ئاسای تێدا نه‌کرێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌باز بوون له‌و زمانه‌ به‌ هێز و هه‌یمه‌نه‌یه‌ و دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌و شێوه‌ وێنه‌سازی و فۆڕمه‌ شێعرییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، کارێکی ئه‌سته‌م ئه‌گه‌ر نا، به‌ راستی دژوار بوو. شێرکۆ رۆیشت به‌ڵام شێعری شێرکۆ، زمان و وێنه‌کانی خۆی و وێنه‌ شێعرییه‌کانی له‌ زمانی کوردی‌دا زیندوون. زیندوو نه‌ک هه‌ر بۆ خوێندنه‌وه،‌ به‌ڵکوو به‌رده‌وام ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی ئیلهام‌به‌خش بن بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووی شێعری کوردی. که‌واته‌ به‌ کورتی ده‌ڵیم شێرکۆ دیارده‌یه‌کی بێ وێنه‌ بوو له‌ ئه‌ده‌بیاتی نوێی کورددا ... هه‌م به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که‌ باس کرا و هه‌م به‌ کاریگه‌ری‌یه‌ک که‌ له‌ سه‌ر پته‌وکردنی زمان و ئه‌ده‌ب وه‌ک یه‌کێک له‌ سازده‌ره‌کانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بوویه‌تی. کاتێک هه‌واڵی مه‌رگی شێرکۆ بڵاو بوویه‌وه، وه‌ک شاعیرێک ده‌بوو هه‌ستم به‌ نیسبه‌ت که‌سێکی که‌ به‌رده‌وام به‌رهه‌می به‌خشه‌نده‌یم خوێندۆته‌وه‌ و شانازیم به‌ بوونی کردووه‌ ده‌ربڕم. هه‌ر بۆیه‌ به‌ سوننه‌تی خۆی قه‌سیده‌یه‌کم بۆ نووسی و بڵاوم کرده‌وه‌ به‌ ناوی "ئۆقره‌م بزر ... تا کازیوه‌"، پاشان وه‌ک که‌سێک که‌ به‌ نووسین له‌ سه‌ر ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌کانی شوناس‌ساز کارم کردووه،‌ به‌ دوای ئه‌و پرسیاره‌‌ دا چووم، که‌ ئه‌گه‌ر بوونی که‌سێک و به‌رهه‌می ئه‌و که‌سه‌، له‌ پڕ پیت و به‌هره‌ بوون و زه‌نگینکردنی شوناسی وڵاتێکدا کاریگه‌ر بووبێ و له‌ ناساندنی‌دا رۆڵی گێڕابێ، ئه‌ی بڵێی مه‌رگی هیچ کاریگه‌رییه‌کی بۆ ناساندنی ئه‌و شوناسه‌ نه‌بێ؟ ‌به‌ وردی سه‌رنجم دایه‌ ئه‌و راگه‌یه‌نه‌ و هه‌واڵده‌ری‌یانه‌ی باسی مه‌زنه‌ شاعیرێک ده‌که‌ن. به‌شێک له‌ سه‌ردێڕی رۆژنامه‌ و سایته‌ هه‌واڵی‌یه غه‌یره‌ کورده‌کان ئه‌وانه‌ بوون؛ "ماڵئاوایی له‌گه‌ڵ ئیمپڕاتۆڕی شێعر" ، "ئیمپڕاتووری شێعری دونیا کۆچی دوایی کرد" ، "کۆچی دوایی یه‌کێک له‌ زنجیره‌ لووتکه‌کانی شێعری جیهان" و... و ...  دوا به‌ دوای ئه‌وه‌ش چاوێکم به‌ سه‌ر هه‌واڵی هه‌واڵده‌ری‌یه‌کانی جیهان و ئێران‌دا خشاند، هیچ کامیان نه‌بوون که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاو نه‌کردبێته‌وه‌. ئه‌و جار دڵپڕ و دڵنیا له‌وه‌ی که‌ شێرکۆ له‌ مه‌رگیش‌دا ناو و زمانی گه‌له‌که‌ی ده‌خاته‌وه‌ به‌ر چاو و سه‌ر زمانی خه‌ڵکی جیهان ، هه‌ر وه‌ک له‌وه‌ پێش به‌ به‌رهه‌مه‌کانی، ئه‌و کاره‌ی کردبوو و رۆلێ خۆی وه‌ک کاراکته‌رێکی کارا، بۆ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی له‌ پانتای جیهانیبوون‌دا گێڕابوو. حوزووری شێرکۆ له‌ کۆبوونه‌وه‌ جیهانییه‌کانی شێعر وه‌ک شاعیرێکی کورد، وه‌رگێڕانی شێعری شێرکۆ به‌ زمانه‌ جیاوازه‌کانی جیهان، ناسرانی شێرکۆ له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی ئه‌ورووپایی و ئامریکایی وه‌ک شاعیرێکی کورد که‌ به‌ زمانی کوردی شێعر ده‌نووسێ و ئه‌ندێشه‌ و بیر و وێنه‌ی شاعیرانه‌ی بۆ خه‌ڵکی وڵاتانی دیکه‌ش جوان و چێژ به‌خشن... به‌ شێعری به‌رز و داهێنه‌رانه‌وه‌، که‌ تێیان‌دا ژانری تاقانه‌ی رۆمانه‌ شێعریش مۆری و ئیمزای تایبه‌تی ئه‌وی پێوه‌یه‌، هه‌موویان ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ نازناوی ئیمپڕاتووری شێعر بۆ که‌سایه‌تێکی وا نێوبه‌ده‌ره‌وه هه‌م ره‌وایه‌ و هه‌م مایه‌ی شانازی بۆ وڵات و زمانه‌که‌ی. شێرکۆ ئه‌و به‌رزه‌ شاعیره‌ بوو که‌ هیچ خه‌مێکی گه‌له‌که‌ی نییه‌ له‌ شیعری ئه‌ودا گیانی وه‌به‌ر نه‌هاتبێ و هیچ دیارده‌یه‌کی ئینسانیش نییه‌ له‌ شێعری‌دا شه‌پۆلی نه‌دابێته‌وه‌، ئه‌و له‌و سه‌ر هه‌تا ئه‌و سه‌ری وڵاتی شێعری به‌ رووح دیوه‌، ئه‌و له‌وبه‌ر تا ئه‌وبه‌ری رووحی ئینسانی سه‌رده‌می هه‌ست پێکردووه‌، ئه‌و شێوه‌ دوورگه‌کانی ئه‌فسانه‌ و که‌نداوه‌کانی ئوستووره‌ و ده‌ریاکانی مێژوو و ئوقیانووسه‌کانی زمانی یه‌که‌ یه‌که‌ به‌ سه‌ر کردۆته‌وه ‌... به‌ داب و ره‌سمی ئیمپڕاتۆرێکی مه‌زن ... ماڵئاوا ئیمپڕاتۆر ... ماڵئاوا ... ئێستا به‌ حورمه‌تی شان و شه‌وکه‌تی تۆ...ئاڵای نووسینمان له‌ هه‌رێمی هه‌ست به‌ ره‌شی... تا نیوه‌ هه‌ڵده‌که‌ین ... ماڵئاوا.

 

..." له‌ ئێسته‌ به‌ دواوه‌ ... دارستان نوستووه‌  له‌ خۆفی بێشه‌یه‌ک رێبه‌ندان

           حه‌ڵه‌بجه‌ برینی ماندووه‌ ... به‌ دێڕی وشکه‌ساڵ

           وه‌ هه‌زاران هه‌زار مه‌زاریش ... ره‌ش پۆشی جووڵه‌یه‌ک

          "ده‌لاڵۆ... رابه‌وه‌"...

               به‌ جه‌سته‌ی نیشتمان بسپێره‌ نیگات و

               به‌ دێڕی هه‌میشه‌ی رۆژ ژومێر ... شێعرێکی سه‌ره‌ڕۆ."..    "ئۆقره‌م بزر...تا کازیوه‌"

 

ئۆقره‌م بزر ... تا کازیوه

بۆ ئاوا بوونی شێرکۆی مه‌زن

  

کۆتایی ته‌مه‌نی خاچێکم به‌ باوه

سه‌ره‌تای ته‌نیایی خاکێکیش ... به‌ په‌یڤی ژانێکی سه‌ره‌ڕۆ

ئه‌و له‌شه‌ له‌ مه‌رگا نیشتمان به‌ کۆڵه‌ و ده‌ئاژوێ

ده‌ئاژوێ ره‌وه‌یه‌ک باڵنده‌ی نووسراوه‌

به‌ باڵی ساماڵ و ته‌مه‌وه‌

به‌ هێلانه‌یه‌ک له‌ وشه‌ی دڵپڕ و خه‌مه‌وه‌

کۆتایی ته‌مه‌نی بایه‌کم ... به‌ ده‌شتی شاره‌زوور دا سه‌رشێت

خۆش مروور هه‌رگیز ...  نا

به‌ شمشاڵێکی لێڵ ... له‌ دوێنێ و له‌ ئێستا

 

خه‌می شار به‌ شار و گوند به‌ گوند

گه‌رایان  پاییزه‌ ...  له‌ خه‌زه‌ڵوه‌رێنی هه‌ستت دا

برینی سات به‌ ساتی سبه‌ی ... که‌؛ ونن ...

 له سازی وشه‌ت دا

بارانه‌...

وه‌ جه‌سته‌ی نیشتمان ده‌ژنی

له‌ سه‌ر نۆتی هۆن هۆن ...  په‌ژاره‌ و دڵپڕی

سه‌ره‌تای ئاوازی وشه‌کان ... لێڵه دار

زاراوه‌ی کام سازم به‌ گه‌ڵای بسپێرم

وه‌ روونه‌ دارستان به‌ تیشکی نیگایه‌ک ...

که‌ دڵۆپ دڵۆپ گوڵ ... به‌ خوێنی وه‌ر بووه

تاریکه‌ پێنووسێک ... ده‌بیستین ده‌سپێکی کاکۆفۆنییه‌کی[1] شڵه‌ژاو‌

وه‌ زوڵاڵ سه‌مفۆنیای شێعرێکت ... گڤه‌ گڤ ...

 به‌ سییه‌ی ده‌شته‌وه‌ ... داگیرساو

کۆتایی کام نۆتت بژه‌نێ لاپه‌ڕه‌ی رۆژژمێر

ئه‌ی باڵات له‌ ساڵی ئوقیانووس پڕ ئاوتر

سروودت ته‌مه‌نی مانگێک بوو ... چارده‌ نا ... شازده‌ی مانگ

وه‌ شێعرت هه‌بوونی متمانه‌ی هه‌تاو بوو

بۆ جه‌نگه‌ڵ ... که‌ تاڵانی تیشک و ئه‌ستێره‌.

 

کازیوه‌ ...  به‌ شێعری کانیله‌ی عاشقان ... راده‌بووی

هه‌تاکوو ته‌نیایی "هه‌ڵۆیەک "[2] ... که‌ په‌نجه‌ت باڵی بوو

تینووویه‌ نیشتمان به‌ جه‌سته‌ت

که‌ خه‌ونی ده‌ریابوو

وه‌ ده‌فته‌ر به‌ وشه‌ت

که‌ ته‌ونی بێ نه‌خشه‌ی مه‌ینه‌تی

"له‌ ئێسته‌ به‌ دواوه"‌... من ئیترشارێکم ...

بێ نیگا و چه‌مه‌ری شاخێکی سه‌ربه‌ته‌م

من ئیتر نیشتمان ... بێ ئه‌وه‌ی برینم بچێنێ ...

 پێنووسێک له‌ جه‌سته‌ی سنووردا

من ئیتر ... مه‌زارێک ... که‌ خوێنم نه‌به‌دی

بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر یه‌ک راچڵه‌کێ به‌ وشه‌ی شاعیرێک ...

 ته‌نیایی برینی باوانم

"له‌ ئێسته‌ به‌ دواوه"‌...دارستان نوستووه‌ له‌ خۆفی بێشه‌یه‌ک رێبه‌ندان

حه‌ڵه‌بجه‌ برینی ماندووه‌ ... به‌ دێڕی وشکه‌ساڵ

وه‌ هه‌زاران هه‌زار مه‌زاریش ... ره‌ش پۆشی جووڵه‌یه‌ک

"ده‌لاڵۆ"... رابه‌وه‌... به‌ جه‌سته‌ی نیشتمان بسپێره‌ نیگات و

به‌ دێڕی هه‌میشه‌ی رۆژ ژومێر ... شێعرێکی سه‌ره‌ڕۆ.

له‌ چاوی جوغڕافی کام به‌هاری ون دا... سره‌وتی سه‌ربه‌خۆ

که‌ نیگات باخێکه‌

له‌ نێوان که‌وشه‌نی کام دێڕدا

که‌ شکۆت سێبه‌ری شاخێکه؟‌

نه‌حه‌جمای له‌ به‌ندی ئاوردا

له‌ واتای ده‌ریا دا...ناته‌بای سنوور و تاراوگه‌

نیشتمانی باڵات ... ئازاری وێرانی

به‌یداخی پیرۆزی

شه‌ڕابت؛ دوایین  پێکی تاڵی گاتاکان

وه ئاخر ئایه‌تی ناڕه‌سی ئه‌وێستاش

بوو به‌ سه‌ردێڕی بزه‌ت...

 

به‌هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی کۆتره‌وه‌

په‌نجه‌ی خۆم ده‌خه‌مه‌ ناو هه‌وری چوار دێڕی په‌ڕ‌یوه‌ت

په‌نجه‌ره‌ی ته‌ماشام تابووتت ده‌نێژێ ... له‌دڵ دا

 

لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ... ره‌شاییت ... کیشوه‌ری به‌رامه‌کانه‌

لاپه‌ڕه‌ی دووهه‌می ... ته‌نیاییت ... مه‌مله‌که‌تی ره‌نگه‌کانه‌

لاپه‌ڕه‌ی سێهه‌می ... غه‌ریبیت ... ته‌مه‌نی ره‌شی ئافات و با و بۆرانه‌

لاپه‌ره‌ی چواره‌می ... دوکه‌ڵت ...

مژێکی قووڵ له‌ جگه‌ره‌ی ئاگردانی سه‌ده‌کانه‌

که‌ جه‌سته‌یه‌ک له‌ تاریکی دا گه‌شاوه‌ ... به‌ لێوی ژانه‌وه‌

جه‌سته‌ت پیرۆزه‌ له‌ غوربه‌تی برین دا

ده‌نگت

به‌هه‌زاران لاپه‌ڕه‌وه‌ راده‌ژێ

تا سروودی زه‌رده‌په‌ڕیک

له‌خه‌فه‌تی دڵداران دا

که‌  ده‌وران ده‌وری نیگایان تێل دڕوویه‌

که‌ حه‌د و سه‌دی دڵیشیان هه‌ر تێل دڕوو[3]

وه‌ هه‌رێمی ساڵیان ... به‌رده‌وام ته‌مه‌نی به‌فرانبار

ئاوابوون هات

ئه‌ی جه‌سته‌ت به‌ خاچی خه‌مه‌وه‌...که‌سیره‌

ئاوابوون هات

ئه‌ی خۆره‌تاو....له‌ ئاسۆی پیته‌کانته‌وه‌...

                       ئۆقره‌ی بزر تا کازیوه‌

ئێستاکه‌ش وا ئه‌سپی سه‌ره‌ڕۆی په‌نجه‌ی من

کاتێکه‌ به‌ به‌ژنی لووتکه‌وه‌... قه‌تیس ماو

حیله‌ی دێ له‌ سای دار به‌ڕوویه‌ک ... که‌ سروودێکی لێڵ ده‌خوێنێ

من ئێستاش بزه‌م دێ ... بزه‌یه‌ک له‌ ره‌نگی ساماڵ و

                                     له‌ سیمای نه‌هاتی

 

حیله‌یه‌ک له‌ یاڵی دارستان ده‌سووتێ

چریکه‌ی گۆرانی ده‌بزێوێ ئازارم:

به‌خته‌وه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی له‌ پرسه‌ی مانگ نه‌بوو

به‌خته‌وه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی ... له‌ ساڵی مانگیی دا

نه‌نووسراو به‌ ته‌ختی ته‌وێڵی مه‌رگه‌وه‌...

 

              ئێستاکه‌ش حیله‌ی دێ شه‌وه‌زه‌نگ

                     رووناکیت پیرۆز بێ

 



[1]. کاکوفۆنی: له‌ به‌رانبه‌ر سه‌مفۆنی‌دا. کۆبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌ نالێکه‌کان له‌ په‌نای یه‌ک

[2]. ده‌ربڕینی ناو گیوومه‌کان، هه‌ندێ تێم یا به‌رهه‌می ناسراوی شێرکۆن

[3]. دێڕه‌ شێعرێکی یانیس ریتسووسه‌