تاریخ: ۱۳۹۴/۱۲/۲۶
هەڵەبجە هێمای مردنی وێژدان، لێکدانەوەیەکی فەلسەفی ـ جیۆپۆلەتیک

 ئەحمەد(شوان) غەمپەروەر

خوێندکاری دکتورای جیۆپۆلەتیک

سالی ١٩٨٨.ز تەنیا ساڵێک نییە بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانە لەم سۆنگەیەوە: بۆ لە خەو ڕاچڵەکاندنی ویژدانی مرۆڤی ڕۆژهەڵات. کاتێک ویژدان خەونووچکە دەیباتەوە، ژیان تووشی مەترسی و دڵەڕاوکێ دەبێ، ئەمە پرەنسیبەو شتێکی حاشاهەڵنەگرە.

ویژدانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی زۆردەمێکە تووشی ئەم دۆخە هاتووە. بەڵام هەڕەشەکانی بۆ سەر ژیان زۆر کەم بوو تا ئەم دواییانە کە مۆدێرنیتە سەری هەڵدا و کۆمەڵێک چەمکی هەڕەشە ئامێزی بە دوای خۆ هێنا، یەکێک لەوان نەتەوایەتی بوو. دیارە لە ئاخێزی خۆیدا، ئەم چەمکە ماوەیەک تێگەیشتن و دەسکەوتی باشی هەبوو، وه¬کوو ڕێزلێگرتن لە جیاوازیی کلتوری و زمانی و... بەڵام لە کانگای خۆشیدا ئاکامیشوڤێنیزم و فاشیزمی لێکەوتەوە. بەڵام ویژدانی بەئاگای رۆژئاوایی بۆ دەربازبوون لەم زۆنگاوە ڕێگەچارەیەکی گونجاوی دەستەبەر کرد و ڕەزگاری هات.
بەڵام گوایە ویژدانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی‌تر دایە. لەم جوگرافیایە¬دا لەمێژ ساڵە ویژدان و عەقڵ پەکیان کەوتووە. ئەم دیاردە زۆر نامۆیە بۆ جوگرافیایەک وا سەردەمانێک لانکی مرۆڤایەتی بوو. بۆ جوگرافیایەک شارستانیەت و زۆر دەسکەوتی‌تری وەک کشتوکاڵی پێشکەش بە جیهان کردووە. کاتێک هێزی هزر جێ پێی لێژ دەبێ، بێ‌گومان دەبێ چاوەڕوانی نەهامەتی وەک هەلەبجەش ببین. هەلەبجە تەنیا پێنج هەزار کیمیاباران نییە، لە جێی خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ مردنی ڕوح و وێژدانی مرۆڤی ڕۆژهەڵات. هەڵەبجە بێگومان ئاماژەیەکە بۆ مردنی پرسیار، مردنی پرسیاریش هاوواتای مردنی مرۆڤ و فەلسەفە دێت. بەڵام ئەم مردنە و بەم قوڵاییە لە کەیەوە سەری هەڵداوە؟ هەروەک ئاماژەم پێدا زۆر دەمێکە ئەم مردنە بوونی هەیە بەڵام بە جلی زیندوو خۆی حەشارداوە. بە تەئکید خاڵی وەرچەرخان بۆ ناسین و شارەزابوونی ئەم مردنە دەگەرێتەوە بۆ لەدایکبوونی ناسیۆنالیزم و ده‌سه‌ڵاتی مۆدێرن، دوو فاکتەری سەرەکی و وزەبەخش کاتێک لەگەڵ داهێنانی پێشەیی ئاوێتە بن و بواری جیۆپۆلەتیکیشیان بۆ بڕەخسێ – مەبەست کێبەرکێی دەسەڵات یا کێبەرکێ بۆ بەدەست هێنانی ئەوپەڕی بەها دەسەڵاتەبەخشەکان – بێ دوودڵی ئاکامەکەی هەڵەبجە دەبێ. بۆیە ئەمە پێناسەی هێمایی هەڵەبجەیە: خاڵێکی وەرچەرخان و سەرەخۆشییەکی دڵته‌زێن بۆ جوگرافیایەک وا مرۆڤەکانی دەستەوەستان لە پرسیار و فەلسەفەن، و بە تین و گوڕ و باوەشێکی کراوە بەرەو جیۆپۆلەتیک هەنگاو دەنێن.