تاریخ: ۱۳۹۶/۴/۱۹
وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ نووسەر و موفەسیری قورئان "دکتور مستەفا خوڕڕەم دڵ"

لە هەر چوار سوچێکی ئەم کوردستانە‌دا زۆرن ئەو گەورە نووسەر و وەرگێڕ و موفەسیرانەی کە تیشکی وشەی پێنووسیان ڕووناکی بەخەشی ڕێگای دین و ئایین و ئەوین بە خاک و نیشتمان بووە.

نووسەرانێک کە تەمەنی پڕبایەخیان له سەر ڕێچکەی خودا و قوڕئان و شڕۆڤە و لێکدانەوەی زانستیی تەفسیر و ڕێبازی وەحدانییەت و خێر بۆ کۆمەڵگای بەشه‌ر بەدیاری هێناوە.

خزمەتێک کە شەوگاری تاری کردۆتە مانگەشەو یا لە ئاونگی زەردەپەڕی بەیانیان‌ خۆری لە دەم کەڵ دەرکەوتووی لە سوێنگەی تەمەنی زێڕینیان‌دا حەول و تەقه‌لایان بۆ داوە و بۆی تێدەکۆشن.

پێنووسێک کە تاپۆی خۆشەویستی بۆ وڵات و زرینگەی دنیای دیکە دەکاتە سەرقافڵەی خۆی و دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە بەختەوەری هەر دوو لا بۆ خۆی و سەرجەم مڕۆڤایه‌تی مسۆگەر بکات.

یەکێک لەو ڕێزدارانە، بەڕێز "دوکتور مستەفا خوڕڕەم‌دڵ"ە کە لە مێژ ساڵە خەریکی چالاکی بێ‌بڕانەوەی نووسین و وەرگێڕانی کتێبەکانی کەڵە نووسەرانی جیهانە کە چۆنیەتی قسە کردن و شڕۆڤە کردنی نیشانەی خاوەن ئەزموونی و کارامەیی بەڕێزیان دەگەیەنێ.

پێگەی هەواڵی هاژە وێڕای تەمه‌نای لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ جەنابیان و ئاواتی پڕبەرکەتی خەلە و خەرمانی ئەدەبیان وەک پێزانینێک بۆ خزمەتی ماندوونەناسانەیان، بە پێویستی زانی وت‌ووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان پێک بهێنێ کە سرنجی سەرجەم خوێنەران بۆ ئەو دانیشتنە ڕادەکێشن.

 

هاژه ـ مامۆستا وێڕای بەخێرهاتنتان تکایە بیوگڕافێک لە سەر خۆتان بفەرموون؟

بسم اللە الرحمن الرحیم الحمدللە رب العالمین الصلات و السلام علی محمد و آل اجمعین

ئەمن بەرابەری ناسنامە ساڵی 1315 لە گوندی "دێبۆکر" سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووم کە لەوێڕا ماڵمان بەرەو گوندی "لاچین" و "چەقەڵ مستەفا" باری کرد و لە تەمەنی 5ـ4 ساڵی‌دا بوو کە ماڵمان هاتە مەهاباد.

خولی خوێندنی  سەرەتایی هەتا دواناوەندیم هەر لێرە تەواو کرد و  لە ساڵی 1342 لە لەقی "ئەدەبیاتی عەڕەب"ی زانکۆی تاران دەرچووم. ساڵی 1343 گەڕامەوە بۆ مەهاباد و لە خولەکانی دواناوەندی قوتابخانەکانی شاردا دەستم بە وانە گووتنەوە کرد.

بۆ تێپەڕاندنی خولی ماستێڕ گەڕامەوە تاران و لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی تاران توانیم لە لەقی "ئەدەبیاتی عەڕەب"دا بڕوانامە بەدەست بێنم و ساڵی 1354 بۆ دوکتورای لەقی (فرهنگ عربی و علوم قرآنی) کۆلێژی (الهیات و معارف اسلامی) تاران وەرگیرام.

هەر لە ساڵی 1354 لە کۆلێژی ڕاهێنانی مامۆستا (تربیت معلم) لە شاری سنە کە سەر بە وەزارەتی علووم بوو دەست بە وانە گووتنەوە بکه‌م، لە ساڵی 1358 وەک سەرۆکی کۆلێژ هەڵبژێردرام و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو پۆستەدا لە ئەرک دا بووم و بە گشتی هەتا ساڵی 1376 لە زانکۆی کوردستان بووم.

دواتر له سەر داوای خۆم خانەنشین کرام و بەرەو زێدی خۆم مەهاباد گەڕامەوە. دیسان لە زانکۆی ئازادی مەهاباد سەر له نوێ وەک مامۆستایەکی زانکۆ دامەزرامەوە و دەستم بە وانە گووتنەوە و نووسین و وەرگێڕانەکانی دیکە کرد تا ئەوەی کە لە ساڵی 1394 کڕیانیینەوە (باز خرید) و خانەنشین بووم. دوای ئەوه لەگەڵ خودای خۆم بەڵێنم دا کە ئەوەی کە فێری خەڵکی دەکەم، پێیان بڵێم و  بۆشیان بنووسمەوە.

هاژه ـ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە لە زانکۆی کوردستان بوون، خۆشترین بیرەوەری بۆ ئێوە چییە؟

من لە ماوەی ئەو 22 ساڵەی [1376ـ1354] کە لەوێ بووم خۆشترین بیرەوەری بۆ من ئەوەیە کە ئەو دەم زانکۆی کوردستان تەنیا کۆلێژی ڕاهێنانی مامۆستا (دانشکدە تربیت معلم) بوو.

کاتێک مەقامی مەزنی ڕێبەری هاتە شاری سنە، مامۆستاکانی کۆلێژ منیان وەک نوێنەری خۆیان بۆ بەخێرهێنانی بەڕێزیان و ئەو داواکارییەی ئەوان بگەیەنم کە شاری سنە ناوەندی پارێزگایە و کۆلێژی ڕاهێنانی مامۆستا (دانشکدە تربیت معلم) کە ڕۆژێک سەر بە وەزارەتی علوومە و یا ڕۆژێک ژێر باڵی زانکۆی ڕازی کرماشانە، ئێمە ئەو کارە بە شیاو و جوان نابینین هەر بۆیەش داواکارین کۆلێژ لەو بارودۆخە بێتە دەرێ و وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ چالاکی بکات.

بەڕێزیان زۆری پێ‌خۆش بوو هەر بۆیە نامەیەکی لە من وەرگرت و هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە زانکۆی کوردستان بناغەکەی دارێژرێ و ئێستاش خەڵک وەدەزانن کە من کۆلێژەکەم کردۆتە زانکۆ و ئەوە بیرەوەرێکی خۆشە بۆ من کە توانیم ڕۆڵێکی سەرەکیم لەو کارەدا هەبێت.

هاژه ـ چۆن بوو کە خولیای ئەدەبیاتی عەڕەب و زانستی قوڕئانی بوون؟ ئایا لە ناختان‌دا بوو یا بۆ لایەنی بنەماڵەیی دەگەڕاوە؟

بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەکی ئایینی بوو، ڕۆژێکی مامۆستایەکی ئایینی لە مزگەوتێ‌دا قسەی دەکرد گوتی: "هەرچی سەر ڕووتە دەچێتە جەهەنەمێ".

ئەمنیش بڕیارم‌دا کە نەچمە قوتابخانەی و گوتم ڕوو لە حوجرە و فەقێیەتی دەکەم. بۆ ماوەیەکی لە لای هەمزاوا و لاجانێ دەرسم خوێند. چون "ئه‌وینی دینی"م هەبوو دەمەویست "زمانی دینی" کە هەمان قوڕئانە فێری بم. هەر بۆیە ئەدەبیاتی عەڕەب یارمەتی دام کە لە فارسی و عەڕەبی و کوردی‌دا بە چەشنێکی جوان کارێ بکەم.

هاژه ـ کۆی گشتی بەرهەمەکانتان بە نووسین و وەرگێڕانەوەکانتانەوە چەند کتێبن؟

ئەو کتێبانەی کە بۆ خۆم نووسیومن و لە چاپ دراون بریتین لە (نماز فرمان خدا)، (مکالمە روزمرە زبان کوردی)، (صرف دستور زبان کوردی) کە لە ئێرانێدا کەس نەینووسیبوو و من ساڵی 1347 بە چاپم گەیاند، (گلبن دانش)، (نحو زبان فارسی)، (گنجینە صرف زبان عربی)، (گنجینە نحو زبان عربی)، (نگاهی گذرا به اعجاز علمی قرآن)، (تفسیر نور/ بە زمانی فارسی)، (تفسیر المقتطف/ بە زمانی عەڕەبی)، (تەفسیری شنەی ڕەحمەت/ بە زمانی کوردی)، (در پرتو نور/ چەند مەقالەن کە خڕکراونەوە)، (درس‌ها و پندهایی از قرآن) و هەروەها ئەو کتێبانەی کە وەرمگێڕاونەوە بریتین لە: (اللە)، (عنایت یزدان؟ یا غریزەی حیوان؟!)، (تفسیر فی ظلال القرآن/ 15 بەرگ)، (فقە بە زبان سادە)، (مفصل فقه اسلامی مستدل/ بەرگی یەکەم)، (گردن‌بندهای زرین/ سەد نەسیحەت و ئامۆژگارێک لە خۆ دەگرێ) و ئەوانەی کە بە دەستمەوەن و کاریان لە سەر دەکەم: (ترجمە قرآن‌ به فارسی روان)، (مفصل فقه اسلامی مستدلّ/ کە ئی عەبدولکەریم زەیدانە کۆی گشتی 12بەرگە و من تا بەرگی حەوتەمیم کار کردووە).

هاژه ـ یەکەم بەرهەم کە لە چاپتان دا کێها کتێب بوو؟

هەوەڵین بەرهەمم (نماز فرمان خدا) بوو لە ساڵی 1347 چاپ بوو کە پێشتر بە چەشنی "جوزوە"وە دەمدا بە قوتابێکانم کە دواتر وەک کتێبێک هێنامانە دەرێ.

هاژه ـ بێینە سەر ئەو تەفسیرانەی که نووسیوتانن، ئایا تەفسیرەکانتان قوڕئان بە قوڕئانن یا قوڕئان بە حەدیسن؟

تەفسیرەکانی [المقطتف، نوور، شنه‌ی ڕەحمەت] تایبەت بە قوڕئان و حەدیس ڕەوایەت نین، لە پێشدا مەعناکەیانم کە لە تەفسیرێک‌دا پەسەند دەکرد لەوێدا دەرم دێنا ئەو جار شتە زیادییەکان "ئیزافات" لە نێو پەڕانتێزدا داناوە و دواتر وشەکان و خاڵەکانی سەرفی و نەحویم لە ژێرەکەی‌دا هێناون.

ئه‌گەر کەسێک بیهەوێ بیخوێنێتەوە بۆ وی وەک "خۆ فێر کردنی قوڕئان" وایە جا ئەگەر ئەوە کوردە ئەوە "شنەی ڕەحمەت"، ئەگەر فارسە ئەوە (تفسیر نور)، ئەگەر عەڕەبە ئەوە (تفسیر المقطتف).

نووسینی تەفسیری شنەی ڕەحمەت نزیکەی 3 ساڵ، تفسیر نور نزیکەی 6 ساڵ و المقطتف 4 ساڵیان گرتووە تا بەرهەم هاتوون.

هاژه ـ لە سەر وەرگێڕانی تەفسیری (فی ظلال القرآن)ی سه‌ید قوتبی ڕەحمەتی بۆمان بدوێن وەرگێڕانی وەها کتێبێکی چەند بەرگی بۆ  که‌سێک چەتوونه و زیاتر وا باوه پڕۆژەیەکی زانکۆیی لە پشت بێ بەڵام ئێوە چۆن بوو توانیتان ئەو کارە سەرکەوتووانە ڕاپەڕێنن؟

مرۆڤ ئەگەر بڕیار بدات دەتوانێ لە زەین و بیری خۆی بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرێ. با لێرەدا شتێکت بۆ بگێڕمەوە، کوڕێک دەیهەویست لەگەڵ پۆلی هەواڵانی بچێتە سەیرانێ، دایکی کوڕەش، بێ‌ئەوەی کە کوڕە خەبەری هەبێ تەواوەتی پێداویستیەکانی بۆ لە جانتاکەی نابوو. ئەو کات کوڕە لەگەڵ هاوڕێیەکانی گەیشتنە شوێنی دیاری کراو، هەموویان کەره‌سەکانی خۆیان دەرهێنا، بەڵام چون کوڕە بۆخۆی هیچی تێنەنابوو و بێخەبەر لەوەی کە دایکی شتەکانی بۆ تێهاویشتووە، زۆر ناڕاحەت بوو تا ئەوەی یەکێک لە دۆستەکانی گوتی دا بزانم ئەو جانتایە هیچی تێدا نییە، ئەگەر چاو لێدەکەن پڕ لە شتە.

من هەوەڵەکانی تا (فی ظلال القرآن)م دەخوێندەوە هەر خەوم دەهات، ئەو کتێبە لە سەر مەعنای سەرەکی داکۆکی دەکات و ناوەرۆکی قوڕئانی بە چەشنێکی جوان بەیان دەکات هەر بۆیەش ئەویندارانی ئەو کتێبە  بەنرخە هەمیشە بوون و دەبن، من چون تەمام گرتبوو و بە پشت بەستن بە خودای گەورە توانیم هەر 15 بەرگەکەی وەرگێڕمەوە. وەرگێڕانێک کە 11 ساڵ کاتی منی گرت،11 ساڵێک کە ئەگەر هەموو بەیانیان بۆ نوێژێ دەچوومە مزگەوتێ، ئەگەر دەگەڕامەوە ماڵێ نەدەنووستم و خەریکی وەرگێڕان دەبووم تا دەچوومە زانکۆیە.

ئەو جار لە زانکۆیە ئەگەر کاتی بەتاڵ یا دەرسم نەدەبوو لە دەفتەرەکەی خۆم خەریکی (فی ظلال القرآن) دەبووم. بۆ کاتی نەهارێش کە دەهاتمەوە ماڵێ ئەگەر کاتی یەک یا نیو کاتژمێریم هەبایە بۆ ئەو وەرگێڕانە کەڵکم لێ‌وەردەگرت، کاتی ئێوارێش بێ گەڕان و چونە دەرێ یەک پشوو لە سەری دادەنیشتم، لە هەڕەتی نان خواردنی شەوێش هەتا نووستنی ماڵ و منداڵی هەر خەریکی ئەو دەبووم. 11 ساڵی وەرگێڕانی (فی ظلال القرآن) ئاوا بۆ من تەواو بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر 11ساڵی دیکەشی گرتبایە قەت لێی سارد نەدەبوومەوە و بە ئاکامم هەر دەگەراند.

زۆر کەس لە ئێرانێ‌دا حەولیان دا تا ئەو کتێبە وەرگێڕنەوە، وەک مەقامی مەزنی ڕێبەری تەنیا توانی بەرگێک وەرگێڕێتەوە بەڵام بە هۆی گیر و گرفت و پێڕاگەیشتنی وڵات نەیتوانی درێژەی پێبدا، یەکێکی‌تر ئەحمەد ئارام بوو کە کورتکراوەیەکی لە (فی ظلال القرٱن) بە نێوی (در سایەی قرٱن) تا ڕووبەرگی 12 وەرگێڕابۆوە کە بەداخەوە سێ چوارەمی کتێبەکەی وەلا نابوو و کەمێکیشی دەستکاری تێدا کردبوو، هەروەها ئێبن عابدین ناوێکیش ڕووبەرگێکی لە ئاخری ڕا وەرگێڕابۆوە. بەڵام شوکری خودای من توانیم لە ماوەی ئەو 11 ساڵەی‌دا بە ڕێک‌وپێکی وەریگێڕمەوە و بە ئاکامی بگەیەنم.

هاژه ـ لە سەر بڕیاری وەرگێڕانی کتێبەکان بۆمان بدوێن، بۆ وێنه لە پێشەکی کتێبی (اللە) دەفەرموون کە لە ڕێگای تاران دا بووم کە ئەو کتێبەم دەخوێندەوە و هەر ئەو کات کتێبەکەم پێ باش بوو و بڕیاری وەرگێڕانیم دا، سەبارەت به وەرگێڕانەکانی دیکەشتان بۆمان بدوێن.

زۆربەی ئەو کتێبانەی کە وەرمگێڕاونەوە لە کتێبخانەی خۆم‌دا هەمبوون و خوێندبوومنەوە. هەر بۆیەش پێم کتێبێکی باش بوون و وەرمگێڕاونەوە و بۆ نموونە کتێبی (الفقە میسر) ئی "محەممەد تەنتاوی" پێشنیاری دۆستان بووە کە وەریگڕمەوە.

هیچ کات نێوی کابرای نووسەر بۆ من گرینگ نێ، ئه‌گەر زانیم کتێبەکە بەکەڵکە و لە سەر ڕێچکەی ڕەوشتی فکری ئیسلامی دایە جا یا وەریدەگێڕمەوە یا ئەگەر نیوەچڵ بوو بە شێوەیەکی نووسینی (تالیف)ی دەکەم و وەک سەرچاوەیەک کەڵکی لێ‌وەردەگرم.

 

هاژه ـ کاری تازەی دیکە بێجگە لەوانەی کە لە سەرەتادا ئاماژەتان پێکرد، چی دیکەتان بەده‌ستەوەیە؟

من دوو کاران وێکڕا ناکەم، بەداخەوە زۆربەی دۆستان کە وەپاش دەکەون دەبینی کە دوو کاران وێگڕا دەکەن یانی هەم کتێبی وەردەگێڕنەوە و لە هەمان کاتیش‌دا کتێب دەنووسن.

من بۆخۆم واناکەم، کەسانێکیش کە وا دەکەن من پێم باش نێ، چوون ماندوو دەبی و هەر دوو لات نیوە چڵ دەبێت.

ئێستا خەریکی (مفصل فقه اسلامی مستدل)م تا ئه‌وی تەواو نەکەم، کاری دیکە ناگرمه دەست، بەڵام لە نەزەر دەگرم کە فڵان کتێب ئەگەر تەمەن باقی کاری لە سەر بکەم.

هاژه ـ چ هەستێکتان لە هەمبەر کارەکانتان هەیە؟

بەرهەمەکانی من لە ڕێبازی دین و ئایین دان، هەرچی دەیکەم "دەمەوێ ڕەزای خودا وەدەست بێنم"، چون قوڕئان دەفەرمێ: [و رضوا من الله ‌اکبر] ڕەزای خودا باڵاتر لە هەموو شتێکە. من بۆیە لە ڕێگای خودا دا هەنگاو هەڵدێنم کە لە دوای خۆشم بەرهەمەکانم لە خزمەت ڕێبازی ئەو دابێ.

هەر یەک لە کتێبەکانم جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو دا هەیە، بەڵام لە گشتی بەرهەمەکانم کە بۆخۆشم هەمیشە پێویستیم پێیەتی و لە هەموویانم زیاتر خۆش‌دەوێ کتێبی (تفسیر نور)ە، کتێبی (تفسیر نور) و (نماز فرمان خدا) زۆرترین پێشوازی لە لای خەڵکەوە لێکراوە.

هاژه ـ کام یەک لە سووڕەکانی قوڕئان زۆرتر لە سەر ئێوە شوێندانەرە؟

هەموو سووڕە و ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز لە سەر من شوێندانەری تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام من لە هەوەڵێ ڕا کە دەست بەکار بووم، زۆرتر سووڕەی بەقەڕە ئەمنی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا.

هاژه ـ قوڕئان توانیوێتی چ شوێنێک لە سەر ژیانی دوکتور خوڕڕەم‌دڵ دانێ؟

من هەمیشە شوکرانە بژێری خودام کردووە و لەسەر ئەو بڕوایەم کەسێک کە خۆی بە موسوڵمان دەزانێ دەبێ بەرابەر بە دەستوراتی قوڕئان کار و کردەوەی هەبێت. قوڕئان کە لە شەوی قەدردا هاتۆتە خوارێ دەستوراتی خودای گەورە بە ئێمە دەڵێت. ئێمە ناتوانین لە ڕووی یاسا و ڕێسایەک کە بە دەستی دایدەمەزرێنین ژیان بکەین، بەڵکو هەموومان دەبێ گوێڕایەڵی دەستوراتی قوڕئانی بین.

قوڕئان هەر ئەوە نێ بڵێی پیرۆزە و لە سەر تاقەی دانێ، قوڕئان دەبێ بیخوێنینەوە و لە مەعناکەی تێبگەین. من خۆم بەرەو ڕێگای قوڕئان‌دا هەنگاو ده‌نێم و خۆم بە فیدای ئەو دەزانم یانی کاتێک دەڵێم موسوڵمانم دەبێ "گوێڕایەڵی دەستوراتی قوڕئان بم".

 

هاژه ـ لە پشت هەر کەسێکی سەرکەوتوو، بنەماڵە و خاوخێزانێکی سەرکەوتووش هەیە، بنەماڵە چ شوێنێکی لە سەر کارەکانتان هەبووە؟

شوکری خودا من سێ کچ و کوڕێکم هەیە، کە دوو دانە لە کچەکانم "کارناسی بالای یاسا"یان هەیە، یەکیانیش "کارناسی باڵای ئەدەبیاتی عەڕەب"ی هەیە و کوڕەکەشم پزیشکە و لە سەر زمانی عەڕەبی شارەزایە و هەر یەک لەوان توانیویانە لە ژیانی خۆیان‌دا سەرکەوتووبن. خێزانم لەو ڕێگایەدا زۆری زەحمەت لەگەڵ کێشاوم و هەمیشە هانده‌ر و پاڵپشتم بووە، هەر بۆیە باوەشی گەرمی بنەماڵە توانیوێتی گوڕ و تین و هێزێکی تایبەت بۆ به‌رەوپێش چوونی کارەکانم بێ.

هاژه ـ لە ئێستادا ئایا وانە و تەفسیر لە مزگەوتەکاندا دەڵێنەوە؟

ئەمن کە لە ساڵی 1394 دوبارە کڕاوینەوە و خانەنشین کرام، ئیدی من دەرسم نەگوتۆتەوە. تەنیا ڕۆژانی سێ‌شەممە چەند مامۆستایەکی ئایینی لە مزگەوتی حاجی ساڵح شاتری ژمارە 2 کتێبێکیان پێ‌دەڵێم کە ئێستا کتێبی (حطیم سمنکه) دەڵێمەوە ئەگەر ئەویش تەواو بوو لە بەرنامەم دایە کتێبی (من هنا و هناک)یان پێبڵێم.

هاژه ـ دوا وتەتان بۆ خوێنه‌رانی ئێمه چییه؟

مڕۆڤ دەبێ لە ڕێگای خێر و حەسەنات‌دا کێبەرکێ بکات هەر وەکوو قوڕئان دەفەرمێ [والسابقو الی مغفرە من ربکم والجنە] کێبەرکێ بکەن لە ڕێگای لێبوردنی (اللە) و گەیشتن بە بەهەشت، ژیانی دنیا یەک کاتژمێرە لە هەمبەر قیامەت‌دا، ژیانی ئەم دنیایە وەک پێغەمبەری خودا (د.س) دەفەرمێ: "ئەو دنیایە مەعبەرە کە پێیدا دەڕۆن"، بەرەو کوێ؟ بەرەو "بەهەشتی خودا".

مڕۆڤ دەبێ خۆی خۆش بوێ، پێیان دەگوتن: "تەمەن زێڕە"، ئەگەر مڕۆڤ زێڕینگەرێکی باش نەبێ دەیدۆڕێنێ، دەبێ لە هەلەکان کەڵک وەرگری و ژیانت ئامانجدار بێ کە هەمان ڕەزایەتی خودایە.

بۆیە ئەگەر پرسیارت کردبایە چت لە هەموو شتێک پێ‌خۆشترە، دەمگووت: "بەهەشتی اللە" و کاریشم هەر ئەوەیە تا ئاخرین کاتی ژیانم هەر لە سەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە دەڕۆم.

ئەوە باش بزانین کەسێک کە بەدڵ تەمای بە کارێک گرت، خودا بەرابەری ئەوی پاداشی دەداتەوە.

لە کوردەواری دا دەگوترێ: "خودا و خورما دروست نێ"، بەڵام نەخێر وانێ، دەتوانی نێعمەتیشت هەبێ و ڕەزای خوداش بۆخۆت مسۆگەر کەی.