تاریخ: ۱۳۹۴/۱۲/۲۷
مەم و زینی ئەحمەدی خانی

محەمەد ئاتەشزای

ناساندنی نووسەری مەم و زین

ئەحمەدی خانی شاعیر و نووسەر و رووناکبیری کورد بووە کە ساڵی ١٦٥١ی زایینی لە ناوچەی جۆلەمێرگی کوردستانی تورکیە لە دایکبووە. خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆی و شارەزاییەکی باشی لە بوارەکانی فەلسەفە،شێعر،میژوو،ئایین و زانستەکانی دیکە هەبووە. خانی جیا لە زمانی خۆی کە کوردی کرمانجی بووە،زمانەکانی فارسی،عەرەبی و تورکیشی بە باشی زانیوە و قسەی پێ کردوون. و توانیوێتی بەرهەمی شاعیران و نووسەرانی پێش خۆی وەکوو "عەلی حەریری" ، " فەقێ تەیران " و "مەلای جزیری " بخوێنیتەوە و هەروەها خوێندنەوەی بەرهەمەکانی فێردۆسی و نیزامی گەنجەوی لە لا گرینگ بووە و هەر ئەوانەش بوونە کە کاریگەریان لە سەر داناوە.

خانی خوڵقێنەری بەناوبانگترین شاکاری شێعر و ئەدەبی کوردیە،کە "مەم و زین"ە و ناوبانگی خانیش تا ئەمرۆش هەر بە" مەم و زین"ەکەی گرێدراوە و ئەو جورەی کە باس کراوە دەلێن کە ساڵانێکی زۆری لە عومڕی لە سەر کۆکردنەوە و بە شێعر نووسینی ئەو شاکارە تەرخان کردووە و ساڵی ١٦٩٢ تەواوی کردووە.

هەروەها خانی جیا لە مەم و زین چەند بەرهەمی تریشی هەیە کە یەکێکیان فەرهەنگی عەرەبی-کوردی،ساڵی ١٦٨٣ بە ناوی "نووبەهاری بچووکان"ە و بۆ منداڵانی کوردی داناوە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە.

ئەو کەساییەتە بەرزە ساڵی ١٧٠٧ی زایینی لە شاری بایەزید کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش نێژراوە و ئێستاکە گۆرەکەی بۆتە زیارەتگا و خەڵک سەردانی دەکەن.

سەبارەت بە مەم و زین شاکاری ئەدەبی کوردی

مەم و زین چیرۆکێکی دڵدارانەی راستەقینەیە کە دوو سەد ساڵ پێش ئەحمەدی خانی لە ناوچەی جزیرێ بۆتان ی کوردستانی تورکیە روویداوە و دەنگبێژان ئەو چیرۆکەیان لە قاڵبی ئاواز و حەیران گوتووە و سینگ بە سینگ پاراستویانە تا گەیشتۆتە سەردەمی خانی. و ناوبراویش لە سەدەی هەڤدەی زایینی هاتووە کۆی کردووە و بە شێوەی شێعر بە کوردی کرمانجی نووسیوێتی و بلاوی کردووە.

ئەو بەرهەمە مێژوویە کە تراژیدیایەکی دڵدارانەیە،یەکەم جار بەکوردی ساڵی ١٩١٩ لە ئەستەمبول لە چاپ دراوە و بە زۆربەی زمانە زیندووکانی دنیا وەکوو ئینگلیزی،فەرەنسی،رووسی،ئەلمانی و عەرەبی و زۆر زمانی تر تەرجومە کراوە کە لێرە جێگای ئەوە نییە کە ناوی یەکە یەکی ئەو وەرگێڕانە بێنین. وجێگای ئاماژەیە کە شاعیر و نووسەری پایەبەرز،مامۆستا هەژار مەم و زینی لە کوردی کرمانجی هێناوەتە سەر کوردی سۆرانی بە شێوەی شێعر و زۆر بە رێکوپێکی و بێ ئەوەی کە ناوەرۆکی بگۆردرێت تەرجومەی کردووە و هەروەها ئەوەش بلێین کە مامۆستا هەژار زاراوەی کرمانجی وەکوو سۆرانێکەی خۆی بە باشی قسەی پێ کردووە.

مەم و زینی خانی لە بابەت پەند و ئەندەرز،خوداناسی و عیرفان،ئاوازی خۆش و رێورەسمی زەماوەندی تایبەت بە ناوچەی جزیرێ بۆتان،ڕاو و نێچیر،ئازایەتی و میوانداری کوردان،گەیشتن بە مەعشوق و دور بوون لە وی،راستگۆیی و فیداکاری و بابەتەکانی تر نموونە یەکی کەم وێنە و بێ هاوتایە.

زۆر لە شاعیران،نووسەران،رووناکبیران و ئە کەسانەی لە بواری ئەدەبی کار دەکەن دەلێن کە مەم و زینی ئەحمەدی خانی هاوتەرازی" لەیلی و مەجنوون"ی نیزامی گەنجەوی و "شیرین و فەرهاد"ی وەحشی بافقی و" رۆمێئۆ و ژوولیێت" ی ویلیام شێکسپیێرە و شان لە شانیان دەدات. بۆ نموونە مارگارێت رۆدێنکو کە مەم و زینی ساڵی ١٩٦٢ تەرجومە کردووە سەر رووسی،مەم و زینی پێ گەورەترین شاکاری ئەدەبی دنیایە و دەلێت کە ئەو بەرهەمەی ئەحمەدی خانی هاوسەنگی "شانامە"ی فیردۆسی و "ئیلیاد و ئۆدیسە"ی هومێرە.

کورتکراوەی چیرۆکی مەم و زین

ساڵی ١٤٥١ زایینی بوو،لە ئەیالەتی جزیرێ بۆتان پیاوێک هەبوو بە ناوی "زەیەنەدین" ،کە لە پاش مردنی باوکی بە ناوی میر "عەبدوڵا" ببوو حاکم و میری ئەیالەتی بۆتان،لە دادگەری و پیاوچاکی دا هەر باسی ئەو بوو،میر زەیەنەدین سەری کیسەکەی تۆزێک شڵ کردبوو و دەستی خەڵکی هەژار و نەداری بە باشی گرتبوو. خەڵک لێی رازی بوون و لای وان خۆشەویست و جێگای رێز بوو.

میر زەیەنەدین خاوەنی دوو خوشکی زۆر جوان بوو بە ناوەکانی " ستی " کە خوشکی گەورەی بوو و " زین " کە خوشکی چکۆلەی بوو. ئەو دوو خوشکە زۆر کە م لە کۆشکی میر دەچوونە دەرێ و ئەگەر چووبانە دەرێش جڵ وبەرگی خەڵکی ئاوایی و گووندیان دەبەر دەکرد تا لای خەڵک نەناسرێن.زۆر کەس بەو ئاواتە بوو کە بیانبینێت. جوانی و پاکی و نەجیبی ئەو دوو کچە ببوو وێردی سەر زوانی خەڵکی جزیرێ.

لە دەرباری میر پیاوی ئازا و زانا و جێ متمانەی میر زۆر بوو،لەوانە دوو کەسیان زۆر لە لای میر خۆشەویست و جێی متمانە ی بوون. یەکیان ناوی " تاژدین " بوو کە سەرۆکی پاسەوانانی میر بوو، و باوکیشی بە ناوی ئەسکەندەر یەکێک بوو لە وەزیرەکانی دەرباری میر. ئەوی تر ناوی " مەم " بوو و یەکێک بوو لە پاسەوانانی جێی رێزی میر و باوکیشی دەبیر و مونشی میر بوو. جێگای ئاماژەیە کە تاژدین دوو برای بە ناوەکانی " عارف " و " چەکۆ " هەبوو.

تاژدین و مەم لە براش لە یەکتر نزیکتر بوون و نانیان بێ یەک نەدەخوارد و زۆریان یەکتر خۆش دەویست. هەوەلی بەهار بوو و وڵات سەرسەوز و خۆش بوو، جێژنی نەورۆزیش دەستیپێکردبوو، خەڵک هەمووی چوبوو سەیران و شادی و هەڵپەرێکێ و گۆڤەند. کەس لە ژوورەکان نەدما و خەڵک گشتی چوبوو دەرەوە. لە یەکێک لەو ڕێورەسمە نەورۆزیانە تاژدین و مەم جڵ و بەرگی کچان دە بەر دەکەن و خۆیان وکوو کچ نیشان دەدەن. هەر لەو کاتانە دا دەبێت کە چاویان بە دوو کوڕی جوان و ئازا دەکەوێت کە کە س لە شەر دا ناتوانێت لە بەرامبەریان راوەستێت و لە جوانیش دا بێ هاوتان. مەم و تاژدین کاتێک ئازایەتی و جوانی ئە دوو کوڕە دەبینن بڕیار دەدەن وەدویان کە وەن تا بزانن کێن، تا بۆیان ڕوون دەبێت کە ئەوانە کوڕ نین و بەلکوو کچن. مەم و تاژدین کە ئەو دوو کچە دەبینن شێت و شەیدایان دەبن.

کچەکان هەر زین و ستی خوشکەکانی میر بوون و لە دەرفەتە کە تاژدین و مەم لە تاوان لە هۆش چوونە،ئەنگوستیلەکانیان دەگەڵ ئەنگوستیلەکانی تاژدین و مەم ئاڵ و گۆر دەکەن و بێ ئەوەی کە تاژدین و مەم بزانن. کاتێک کە تاژدین و مەم دێنە هۆش، هیچ کە س لەوێ نەمابوو و بە دڵێکی خەمگین بەرەو ماڵ دەرۆن و نەخۆش و بێ هێز لە سەر جێ دەکەون. هەم و خەمیان ببوو ئەو کچانە و نەیاندەتوانی بۆ یەک ساتیش بیر لەوان نەکەنەوە. کە زانیان ئەنگوستیلەکانیان گۆڕدڕاوە زۆر زوو بۆیان روون بۆوە کە ئی ستی و زینن. و بەلام ستی و زین یش هەمان دەرد و خەمی تاژدین و مەم یان هەبوو و ئارام و قەراریان لێ هەڵگیرابوو. ژنێک هەبوو بە ناوی " هایزبۆن " کە وەکوو کچی خۆی ئاگای لە ستی و زین بوو. هایزبۆن کە دیتی حاڵ و رۆژی کچەکان زۆر شەپڕزەیە و بە تەواوی تێکچوونە،لێی پرسین ئەوە چ بە سە ر ئێوە هاتووە و بۆوا هیلاکن؟ زین گووتی : ئێمە عاشقی دوو کچ بووینە و ئەنگوستیلەکانی ئێمە لە لای وانە و ئیوانیش لە لای مە یە،بچوو بگەرێ و خاوەنەکانیان بدۆزەوە.هایزبۆنیش چوو لای کەسێکی ڕەماڵ و فالگیر، ڕەماڵ گووتی ئەو ئەنگوستیلانە ئی مەم و تاژدینە.هایزبۆنیش چووە لای کچەکان و گووتی حاڵ و جەریانەکی ئاوایە. زین گووتی برۆ بە مەم بڵێ زین تۆی دەوێ و ستی، تاژدینی دەوێت و وڵام بنێرە کە بێنە خوازبێنیمان.

هایزبۆن حاڵ و جەریانەکەی بە مەم و تاژدینی گووت و ئەوانیش کەیخودایان بۆ خوازبێنی ناردە لای میر. میریش قەبوولی کرد و گووتی هەوەل دەبێت زەماوەندی تاژدین و ستی بێت، چونکە ئەوان گەورەترن و دوایەش نۆبەتی مەم و زین دێت. خولاسە تاژدین و ستی بە یەکتر گەیشتن و رۆژگار بە ئیشتیای دڵی وان بوو.

میر زەیەنەدین نۆکەر و خزمەتکارێکی هەبوو بە ناوی " بەکوو " کە پیاوێکی درۆزن و شەیتان سفەت و ڕیاکار بوو. بەکوو کە چاوی بە خۆشی و شادی کەس هەڵنەدەهات، لە لای میر دەستی کرد بە شەیتانی و بوختان هەلبەستن بۆ مەم و تاژدین. گووتی تاژدین کە ئێستا زاواتەو و دەیهەوێت سبەی مەم ی هەوالیشی بکاتە زاوات،دوارۆژ ئە دوو زاوانەت دەست لە ناو دەستی یەک دەنێن و بە چاوی تەماح سەیری دەسەڵاتی تۆ دەکەن و دەرئەنجامێکی باشی بۆ تەخت و دەسەڵاتی بەرێزتان نابێت. میر گووتی مەگەر پیاو نەبم و نانی پیاوانم نەخواردبێت دەنا قەت ناهێلم کە س بێتە خوازبێنی زین،وهەر کەسیش ئەو بریارەی من رەچاو نەکات سزای مەردنە.

زین کە چاوەرێی مەم ە ، رۆژ بە رۆژ لە تاوی مەم کزتر و بێ هێزتر دەبێت و لە عەشق و ئەوینی مەم دەسووتێت،شەو و رۆژ کار و پیشەی دەبێتە گریان و فرمێسک رشتن. مەم یش حاڵ و رۆژی لەوی باشتر نابێت و لە ناخی دا وەکوو مۆم دەسووتێ.

رۆژێک میر لە کەللەی دەدات کە بچیتە ڕاوێ. پیاوەکانی کۆ دەکاتەوە و دەروا. مەم یش لە دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت و دەچێتە باغی کۆشکی میر بۆ ژوان لای زین. مەم و زین ئەوە دەست لە ملان،نازانن کە ئیوارە داهاتووە. هەر لە سەر و بەندە دەبێت کە میر و پیاوەکانی وە ژوور دەکەون بۆ باغی کۆشک. مەم کە دەزانێت هیچ دەرفەتێکی دەربازبوونیان نییە. دێنێت زینیی لە ژێر عەبای خۆی دەشارێتەوە و مە م یش خۆی لە خەو دەدات.

پێش ئەوەی کە میر بێتە ژوورێ،تاژدین چاوی بە وان دەکەوێت و دەزانێت کە زین لە ژێر عەبای مەم خۆی حەشار داوە. بیر لە ڕیگا چارە دەکاتەوە و بە کاتێکی کەم بە براکانی (عارف و چەکۆ) دەلێ بچوون کۆشکەم ئاگر تێبەردەن دەنا مە م و زین گیانیان لە مەترسی دایە. کە میر و پیاوەکانی بە ئاگرەکە دەزانن بە زوویی لە باغ دوور دەکەونەوە بەرەو کۆشکی تاژدین. مەم و زینش لە و دەرفەت دا ڕزگاریان دەبێت.

عەشق و ئەوینداری مەم و زین هەر دێ و زیاتر دەبێت،بەکوو ش کە ناتوانێت هەر وا بە بێکاری دانیشێت دەست دەکات بە شەیتانی کردن لە لای میر. دەلێ بەرێزم تا ئەو جێگەی کە من بزانم هات و چۆی مەم و زین روو لە زیادبوونە و ئەگەر پێشیان پێ نەگری دەبێتە هۆی ئابرووچونی بەرێزتان. میر دەلێ من ناتوانم بە شک و قسەی تۆ و خەڵک باوەر بکەم. بەکوو دەڵێت مەم قەت درۆیان ناکات و دەعوتی کە بۆ کۆشک و شەترەنجی دەگەل بکە و شەرت ئەوە بێت کاتێک بەرێزتان برتەوە داوای لێ بکەی کە حەز لە کێ دەکات و کێی خۆش دەوێت، مەم یش راستیتان پێ دەلێت.

مەم چوو دەعوەتی میر و دەستی کرد بە شەترەنج کردن و هە موو جارێ لە میری دەبردەوە. بەکوو یەک ناگا چاوی کەوت بە زین کە لە پەنجەرەی کۆشک قوماری مەم و براکەی چاو لێ دەکات بەلام مەم پشتی لە پەنجەرەیە.بەکوو دەست بە کار بوو و بە میری گووت کە بەرێزم دەگەل مەم جێگاتان ئاڵ و گۆر کەن شانستان بۆ دێنیت. کە جێگایان گۆری،مەم چاوی کەوت بە زین کە لە سەر پەنجەرە تماشایان دەکات. مەم یش بیر و هۆشی بە تەواوی لە سەر قومار لاچوو و هەر دۆراندی و میریش کە براوە بوو گووتی جا پێم بلێ کێت خۆش دەوێت. مەم یش گووتی جا قوربان چتان لێ وەشارم،من عاشقی کیژێکی نەجیبزادە م کە کچی ئەمیرێکی کوردە و ناوی زین ە. میر کە گوێ لەو قسەیە بوو دینی لە کن خۆی نەما و گووتی بە شەرەفەم هەر لێرە دەتکووژم، کە شمشێری دەرهێنا تاژدین و دوو براکانی عارف و چەکۆ وە ژوور کەوتن. ووتیان ئەگەر قەرار بێت مەم بکوژرێت دەبێ هەر سێی ئێمەش بکووژی. میر لە ناچاری لە کوشتنی مەم پاشگەز بۆوە و فەرمانی دا مەم لە زیندان کەن.

ئەو کەرەتەی مەم لە زیندان و زین لە کۆشک دوور لە یەکتری خەم دەخۆن و دەگرین و دەنالێنن و هەر دووکیان خەو و خۆراکیان لێ حەرام دەبێت. مەم لە زیندان دەست دەکات بە چڵەی نان نەخواردن (نۆعێک ریازەتە کە تا چڵ رۆژ زار لە هیچ خواردنێک نادەی) و بە حەدێک کاریگەری لە سەر دادەنێ کە زینی بە تەواوی لە یاد دەچێت و  لە حالەتێکی عیشقی سەر زەوی روو دەکاتە عیشقی ئاسمانی و جیا لە خودا عاشقی کەس نابێت.

دوایی ماوەیەک بە هۆی بێ تاقەتی و کزبوون و نەخۆشی.مەم لە زیندان دەمرێت. کە زین خەبەری مردنی دڵدارەکەی بە گوێ دەگات لە تاوان نە خۆراکی دەبێت نە خەو، و شەو و رۆژ لە سەر قەبری مەم دەگری و فرمێسک دەبارێنیت تا گیانەکەی دەچێتە لای مەم. ئەوەش بڵێین کە کاتی ناشتنی مەم،تاژدین تووشی بەکوو دەبێت و نایکاتە نامەردی و شمشێر دەردێنت و بەکوو رەوانەی دۆزەخ دەکات.

دوایی مردنی مەم و زین، خەڵک قەبرەکەیان لە راست یەکتر دەنێژن و هەر ئێستاش قەبرەکەیان لە جزیرێ بۆتان،بۆتە جێی سرنجی خەڵک و سەردانی دەکەن.

سەرچاوەکان :

مەم و زین وەرگێردڕاوی سۆرانی مامۆستا هەژار.

کۆمەڵێک وێبلاگ و ماڵپەری کوردی (سۆرانی و بە تایبەت کرمانجی) و فارسی.

ماڵپەری ویکیپێدیا.