بە پێ هەواڵی هاژە چوارشەممە 14ی پووشپەڕی 1396 کۆڕێک بۆ یادکردنەوەی کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت لە هۆڵێ سیمۆرغی بۆکان بەڕێوە چوو. ئەم کۆڕە که که کاتژمێر 9ی شەو دەستی پێکرد لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵکی بۆکان رووبەروو بووەوە و تا کاتژمێر 12ی شەوی خایاند.
کۆڕەکه لەچەند بەش پێکهاتبوو:
بەشی یەکەم به نمایشی فیلمی بەڵگەیی "سپیدە دەمی که بوی لیمو میداد" له دەرهێنانی خاتوو ئازادە بیزارگیتی دەستی پێکرد.
لە بەشی دووهەم دا؛ پەنێڵێکی زانستی به بەشداری بەرێزان ئەحمەد غوڵامی دوکتورای کۆمەڵناسی، جەلال حاجیزادە دوکتوڕای زانسته سیاسییەکان و خاتوو لەیلا مروەتی دوکتوڕای مافە نێونەتەوەییەکان بەڕێوە چوو که لەودا چەمکی کارەسات له سێ گۆشەنیگای کۆمەڵناسیی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی و یاسای نێونەتەوەیی شەن و کەو کرا و درایه بەر باس و شیکردنەوە.
بەشی سێی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ رێزدار "یونس رەزایی" شاعیری نوێخوازی بۆکانی کە تێی دا دوو شیعری درێژی " سروودی شاربەدەرێکی خنکاو" و " ئامادهم له ریزی خوێن دا... گهر تینووبێ کات به ناوم"ی پێشکەش ئامادە بواانی کۆڕەکە کرد.
پاژی کۆتایی بەرنامەکەش تەرخان کرابوو بۆ گرووپی موسیقیی شاخەوان که بریتی بوون له بەرێزان فواد یارە (گۆرانیبێژ)، عەزیز کەنگەرلوو (تونبەکژەن) و سیاوەش موقتەدیری (سەنتوور).
جێی ئاماژەیه ئەم کۆڕه به هەوڵ و هیممەتی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی بۆکان پێک هاتبوو.