تاریخ: ۱۳۹۶/۴/۸
پەیکەرەی‌ شاعیری گەورەی کورد، ئەحمەدی‌ خانی ڕووخێنرا
قەیومی‌ دانراوی‌ حکومەتی‌ تورکیا لە شاری‌ بازیدی‌ پارێزگای‌ ئاگری‌ لە باکوری کوردستان، پەیکەری‌ ئەحمەدی خانی شاعیر و نووسەری‌ کوردی‌ سەدەی‌ 17ی‌ زایینی‌، ڕووخاند، ئەوەش دەبێتە هەشتەمین پەیکەر و مۆنۆمێنتی‌ کوردانی‌ باکوری‌ کوردستان کە لە ماوەی‌ ساڵ و نیوی‌ ڕابردوودا لەلایەن قەیومەکانەوە ڕووخێنراون.
به پێی هەواڵێ هاژه، لە دوای‌ ئەوەی‌ حکومەتی‌ تورکیا هاوسەرۆک شارەوانییەکانی‌ دەبەپەی‌ لەسەر کارەکانیان لابرد و زیندانیکردن، قەیومی‌ لە شوێنەکانیان دانا، یەکێک لەو قەیومانە ئۆڵاش ئاکهانە کە بۆ بەڕێوەبەردنی‌ شارەوانیی‌ بازید لە پارێزگای‌ ئاگریی‌ باکووری‌ کوردستان دانراوە. ئەو قەیومانەش بەشێک لەکارەکانیان ڕووخاندنی هێما و رەمزەکانی‌ کوردە. 
ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆڵاش ئاکهان، قەیومی‌ دانراوی‌ حکومەتی‌ تورکیا لە شاری‌ بازیدی‌ پارێزگای‌ ئاگری‌ بڕیاریدا پەیکەری‌ ئەحمەدی‌ خانی‌ لە پارکی‌ ئەحمەدی‌ خانی‌ لە شاری‌ بازید بڕوخێنن و لە دوای‌ ئەوەش پەیکەرەکەی‌ ڕووخێنرا.
ژمارەی‌ ئەو پەیکەر و مۆنۆمێتانەی‌ کورد لە باکوری‌ کوردستان کە تائێستا لەلایەن قەیومەکانی‌ حومەتی‌ تورکیاوە روخێنراون گەیشتووەتە 8 پەیکەر و مۆنۆمێنت.
ماوەیه‌ک لەوە پێش مۆنۆمێتی‌ منداڵێکی‌ کوردی‌ تەمەن 12 ساڵ لەلایەن قەیومی‌ شارەوانیی‌ قۆسەر لە پارێزگای‌ مێردین لابرا، کە بە 13 گولـلەی‌ هێزە ئەمنییەکانی‌ تورکیا و لەگەڵ باوکیدا لە ساڵی‌ 2004دا و لە پاڵ ئۆتۆمبێلەکەیاندا شەهیدکرابوون.
ئه‌مه‌ جگه ‌له‌ په‌یكه‌ره‌كانی پەیکەری‌ لاماسوس لە شاری‌ ئامەد، ئۆرهان دۆغان لە جزیرە، مۆنۆمێنتی‌ ڕۆبۆسکی‌ لە پەیاس، مۆنۆمێنتی‌ مەروانی‌ لە یەنیشەهیر و پەیکەری‌ ئەحمەد عارف لەلایەن قەیومەکانی‌ حکومەتی‌ تورکیاوە ڕووخێنراون، یان لابراون.
ئه‌حمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم ناسراو بە ئەحمەدی‌ خانی‌ نووسەر و شاعیری‌ کورد لە ساڵی‌ 1650 لە شاری‌ جۆلەمێرگی‌ باکووری‌ کوردستان "ناوچەی‌ بۆتان" لە دایکبووە و ساڵی‌ 1707 لە دۆغو بایەزیدی‌ پارێزگای‌ ئاگری‌ کۆچی‌ دوایی‌ کردووە و هەر لەوێ به‌خاكسپێردراوه‌ و تائێستاش گڵکۆکەی‌ لە بایەزید ماوە.
ئەحمەدی‌ خانی‌، کە هاوکات وەک فەیلەسوف و گەردونناسیش دەناسرێت، یەکێک لەو کەسانەبووە، کە لە نوسینەکانیدا هەوڵی‌ پێشخستن و فێرکردنی‌ زمانی‌ کوردیی‌ داوە.
مەم و زین کە کتێبی‌ شیعرە لە ساڵی‌ 1692ەوە لەلایەن ئەحمەدی‌ خانییەوە نووسراوە، مەم و زین بە شێعر چیرۆکی‌ خۆشەویستی نێوان مەم و زین دەگێڕێتەوە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی‌ بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی‌ ئەو خۆشەویستانە بەیەکتری‌ لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی بەکۆوە. 
کتێبی‌ مەم و زین یەکەمجاریش لە ساڵی‌ 1919دا لە ئه‌سته‌نبوڵ لە چاپخانەی‌ مۆدێڕنی‌ ئەمڕۆیدا چاپکراوە.