تاریخ: ۱۳۹۶/۴/۲
" شەڕی مەزن " و داڕووخانی هاوسەنگییەکان
 ئەرسەلان بورنا

شەڕی نێوخۆیی سووریا دەربازی قۆناغێکی نوێ لە ململانێیەکان بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم شەڕە کاولکارانە دەبێ. گۆڕانکارییەکانی ئازاد کردنەوەی شاری ڕەقا لە سەر دەستی " هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک " کە کورد بەشی سەرەکی ئەو پێک دەهێنن دژکردەوەی توندی وڵاتانی هەرێمی و دەرەکی لێ کەتووەتەوە. کاریگەرییەکانی " شەڕی مەزن " ڕەنگدانەوەی لە سەر کۆی سیاسەتەکان لە هەمبەر گەلانی ئەم وڵاتە دادەنێ کە بە شێوەیەک پێشەڕۆژی هەموو یاریچییەکانی بەشداری بووی شەڕی نێوخۆیی سووریا لە گۆڕەپانی سیاسی دەست نیشان و دیاری دەکات. وڵاتی قەتەر و تاقمە تیرۆریستییەکانی نزیک لە ئەو بە جۆرێک یەکێک لە قوربانیانی ئەم پرسەنە و لە ئاستێکی هەستیارتر شایەتی چۆنایەتی تێکچوونی هاوسەنگییەکانین.

ستراتیژییەتی کورد لە سەر بنەماکانی گەمارۆدانی ناوەندی یاری لە کردەوەدا باندۆرێکی ئەرێنی بۆ وەدی هێنانی دۆخێکی گونجاوتر بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان ڕەخساندووە. هەوڵدانی وڵاتانی وەک تورکیا وێڕای سەرنجدان بە شەڕی مووسڵ یا داگیرکردنی جرابلۆس کار بۆ بە چۆک داهێنانی ئیرادەی ئازادی گەلان بووە. ئوپراسیۆنی تووڕەیی فڕات پێناسەی دەستکەوتەکانی هەر سێ کانتۆن و سەقامگرتوویی سیاسی و ئابووری ئەوان دەکات. هەر وەها، بابەتێک کە یاریچییە نێودەولەتییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا، بەریتانیا و ... لێکدانەوەی وردتری بۆ دەکەن خووڵقاندنی دۆخێکی کراوەتر بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی دیمۆکراسییە خۆماڵییەکانی هاوشێوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە. مژارێک کە ئەمەریکا لە سەر ناوی دیمۆکراسی هاوردەکراو لە ئەفغانستان و عێراق تێدا سەرکەوتوو نەبوو و لە سەرچەشنی ئیسلامی میانەڕەو ئاکەپەیی بە دیکتاتۆری تاکەکەسی ئەردۆغان گەیشتووە.

واباشترە، کورد ئەم هاوسەنگییە بپارێزێ چونکوو ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شاری " دیروزوور " و ڕۆژئاوای ڕووباری فڕات ستراتیژییەتی درێژخایەنی ئەمەریکا لە هەمبەر فێدراسیۆنی باکووری سووریا دیاری دەکات. پەیماننامە سیاسی، ئابووریی و نیزامییەکان بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی پاش " شەڕی مەزن " دەبن و ئەگەری پەراوێزخستنی کورد هاوشێوەی باشووری کوردستان لە سەردەمی " هێنری کیسێنجێر " دوور لە چاوەڕوانییە. بە واتایەکی دیکەوە، کاتێک زێدەتر لە ٣٠٪ خاکی سووریا لە ژێر ڕێوەبەرایەتی خوسەریی دیمۆکراتیک وێڕای بەشداریی کورد، عەرەب، مەسیحی و ... دێتە ئاراوە دیمۆکراتیزاسیۆنی سووریا بە بێ بەشداریی هەمەلایەنەی کورد کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

کاربەدەستانی کانتۆنەکان بە لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان بۆ ئازاد کردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و بە تایبەت ڕەقا گۆڕەپانی سیاسی و نیزامی سووریا تووشی گۆڕانی بەربڵاو دەکات. لەم ڕوانگەوە، بژاردەکان بۆ یاریچییەکان و ئەمەریکا وەک هاوپەیمانی کورد یەکجار دژوار و هەستیار دەبنەوە. ئەم وڵاتە گرینگایەتی پێشخستنی ئەزموونی کانتۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە باشی تێگەیشتووە تاکوو بتوانێ لە کارتێکەری ڕووداوەکان کەم بکاتەوە. ستراتیژییەتی ئەمەریکا بە شێوەیەک پشتی بە سیاسەتی کانتۆنەکان بەستووە و وێدەچێ، ئەم تێکەڵاوییە بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان ئاسەوارێکی ئەرێنی بەرچاوی لە سەر وڵاتانی ناوچەیی ببێ.

قۆناغی پاش " شەڕی مەزن " لە ڕەقا ناوەندی دەوڵەتی ئیسلامی سەرچەشنێکی دیمۆکراتیک بە بەشداریی هەموو گەلان لە نێو پرسە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە بەر دەستەوە. ئەم دۆخە لە ئاستێکی بەربڵاوتر وەدی هێنەری کۆمەڵگایەکی کراوەتر و دیمۆکراتیکتر دەبێ کە ئیرادەی ئازادی ئەوان پێناسە دەکات. ڕوون و ڕاشکاوەیە کە ئاکام و دەستکەوتەکانی ئەم ئوپراسیۆنە یەکجار گرینگە و چارەنووسی گەلانی هەرێمی گرێدراو بە سەرکەوتنی ئەم شەڕەیە. کەوابوو، سەقامگرتوویی سیاسی ناوچە، مافەکانی مرۆڤ، پرسی ژنان و پێوەرە دیمۆکراتیکەکان بە سەرکەوتنی شەڕڤانان گرێدراوە ئەگەرنا بەردەوامی قەیرانی سووریا بە شێوەیەکی مەترسیدارتر دوور لە چاوەڕوانی نییە.