تاریخ: ۱۳۹۶/۳/۲۷
ڕه خنەی ئەدەبی ئێمە و پێویستی بە "کۆندرا"

کاوان محەمەدپوور

 میلان کۆندرا لە بەشی (کافکالۆژی) کتێبی (وەسییەتە چەواشەکراوەکان)دا، هەرچی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی سەر بەرهەمەکانی کافکایە بە دوور لە ڕوانگەی شیاو بۆ ناسینی کارامەی و پسپۆری چیرۆک‌نووسی کافکا دەزانێ. کۆندرا پێی وایە ڕوانگەگەلی فەلسەفی و مارکسیستی و دەروونشیکارانە توانستی هەڵسەنگاندنی ئەدەبیات لە مەڕ چەمکی جوانیناسیی ئەدەبیات و خوێندنەوەی لایەنە نادیارەکانی داهێنانی هونەرییان نییە، کە واتە "ئەدەبیات" دەبێت بە "ئەدەبیات" هەڵسەنگێندرێت نە زانستێکی‌تر. تۆدۆرۆف لە کتێبی (بووتیقای پێکهاتەخوازی) دا ئەم قسەی کۆندرا بە چەشنێکی‌تر پاتەدەکاتەوە " ڕەخنەی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسیی و ... لە ئەدەبیات تەنیا دەبێتە هۆی پێشکەوتنی  ئەم زانستانە، نەوەکوو پێشکەوتنی ئەدەبیات"!!. لە تاوتوێی ئەم باسەدا دەبێت ئاماژەکەم، زانستگەلی فەلسەفی و مارکسیستی و دەروونشیکارانە و.. هتد، بۆیە لە لایەن نووسەرانی ئەدەبی و ڕەخنەگەرانی ئەدەبی دێتە بەر ڕەخنە کە ئەم زانستانە بەهیچ روو لە داهێنانی ئەدەبی و لایەنە جوانیناسانەی ئەدەبیات نادوێن، هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییەکە ئێمە بۆمان نییە کە ئەدەبیات بەم چەشنە بخوێنینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئەم زانستگەلە، لایەنە بە هێزەکانی دەقی ئەدەبی پێناسە ناکەن و تەنانەت ئەگەر دەقێک هیچ لایەنی ئەدەبی شایانی نەبێت ئەوە دیسان دەتوانین بە هەر کام لەو زانستانە تاوتوێی کەین و مانایەی دەروونناسانە یان فەلسەفی تێدا بدۆزینەوە. بەڵام ئەوەی کە دیاری دەکات چ دەقێک داهێنانی ئەدەبی و هونەری تێدایە و بۆ نموونە بە باشترین شێوە "تراژێدی" یان "کۆمێدی" وەک چەمکێکی ئەدەبی پێشان دەدات، پرسیارێکە کە لە گریمانەی ئەدەبی دێتە دەرێ نە لە زانستی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە، ڕەخنەی ئەدەبی بەشێک لەم گریمانەی ئەدەبییە. کاتیک دەڵێن "هاملێتی" شێکسپیر بەرهەمێکی تراژێدیک و بەهێزە بەو مانایەیە کە تراژێدی ئەدبی و لایەنە هونەریەکانی یەک دەقی شانۆیی بە باشترین شێوە نیشان داوە، کە واتە بە مانایی دەقێکی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە نییە- پرسیاری کۆمەڵناسانە لە ئەدەبیات پرسیار لە تراژێدی یان کۆمێدی نییە-. واتە ئێمە ناتوانین ئەم دەقە لە ریزەی دەقی ئەفلاتوون یان کانت و دێکارت دانێین. ڕوانگە و شێوەی بەرەووروو بوونەوەی فەلسەفە و کۆمەڵناسیی لە گەڵ ڕوانگەی ئەدەبیات بە جیهان جیاوازی بنەڕەتی هەیە. شێوەیەک کە سێروانتێس بە دۆن‌کیشۆت جیهان ئەبینێت جیاواز لە شێوەی دێکارتە. هەر دووک مرۆڤ وەک پێشەنگی ناسینی جیهان دەزانن، بەڵام – بەڕای کارل لۆس فۆئنتێس- دۆن‌کیشۆت بەرهەڵستی جیهانێک دەبێتەوە کە خەریکە بە واقعییەت نزیک دەبێتەوە!!- وەلی دیکارت هەوڵی تەواوکۆ بۆ نزیک بوونەوە لە واقعیەت ئەدا. دۆن‌کیشۆت بە خەیاڵ و ئیمان ئەچێتە پێش و دیکارت بە عەقڵانییەت. کە واتە دەقی ئەدەبی زانست و ڕوانگێکی جیاوازی بە جیهان هەیە. هەڵبەت بۆ نووسینی ئەدەبیات ئەندێشە و بیر کردنەوە پێویستە بەڵام ئەندێشە بەشی بەربڵاوتر لە فەلسەفەیە- لێرەدا مەبەستی من لە فەلسەفە ئەوەی کە لە مێژوویی فەلسەفەدا باس دەکرێتە نە ئەدندێشە و ڕامان-، بێ گومان ڕۆمان نووس بۆ ئەوەی چیرۆکێکی شیاو و کاراکتێرگەلێکی تایبەت بخۆڵقێنێت، ئەوە دەبێت ئەندێشە و بیرێکی تایبەتی هەبێت بەڵام بە مانای ئەوە نییە کە دەبێت وەک فەیلەسووفەکان لەسەر چەمکەگەلی فەلسەفی و بە مێتۆدی فەلسەفەی بیرکاتەوە. کاتێک لە فلۆبێر ئەپرسن (مادام بوواری کێیە؟) ئەوە دەڵێت خۆمم!!، ئیتر ئیستدلالی عەقڵانی بۆ ئەم پرسیارە ناهێنێتەوە. نووسەری ئەدەبی لە هەوڵی نیشاندانی جیهانەکانی مرۆڤە. ئەم کارەش بە خەلقی کاراکتێر و ڕوانگەگەلی جیاوازیە کە هیچکامیان بە زمانێکی فەلسەفی نادوێن. بەڵکوو بە زمانی ئاسایی جیهانی خۆیان بەرەو پرسیار ئەکەنەوە. بۆ روونکردنەوەی ئەم مەبەستە وا باشە ئاماژە بە بیرەوەریەکی کۆندرا کەم، کۆندرا لە ڕۆمانی (میوانی خوداحافزی)دا فەزایەکی پڕ لە گوشار و ناکۆکی دەخوڵقێنێت،  ئەو لەم فەزایەدا باسی پزشکێک دەکات کە بە "تەزریقی ئیسپێرمی" پیاوانەی خۆی، بەو خێزانانەی کە مناڵیان نابێت توانایی مناڵ بوونیان پێ ئەدات و لە سەرئەنجام عەشق و خۆشەویستی بە خێزانەکان  ئەبەخشێت. هیچکام لەو خێزانانە ئاگاداری کاری ئەم پزشکە نابنەوە و تەنیا بەوەی کە بەچوون بۆ لای ئەو پزشکە مناڵیان دەبێت خۆشییەکەی تایبەت لە ناو ژیانیان دەکەوێت. کۆندرا لە کتیبی (وەسییەتە چەواشەکراوەکان)دا دەگێڕێگتەوە، "کاتێک ئەم ڕۆمانەم بڵاوکردەوە هێستا زانستی پزشکی بەم دەسکەوتە نەگەیەشت بوو کە بە "تەزریقی ئێسپێرم" ئەو خێزانانی مناڵیان نابێت مناڵداریان کات، هەر بۆیە رۆژێک پزشکێک لە فەڕەنسە پێوەندی پێوەگرتم کە من رۆمانەکەی تۆم خوێندۆتەوە و پێم خۆشە بتبینم. منیش لە ڕاستی دا بەم دیدارە خۆشحاڵ بووم. کاتێک چوومە لای بە سەر سامییەوە وتی: ئێمە تازە بەم ئەنجامە گەیشتووین کە زانستی پزشکی دەتوانێت تەزریقی ئیسپێرم بۆ منداڵ بوون بکار بێنێت، تۆ چۆن چەند ساڵ لەوەپێش  ئەمەت باس کردوە. منیش لە وەڵام دا گوتم: من ڕۆمان نووسم!!" کۆندرا دەڵێت هەر چی ئەم پزشکە پرسیار دەکات من دەمگووت: من تەنیا رۆمان نووسم!!. ئەم بیرەوەریەی کۆندرا -و دەیان بیرەوەریتری چیرۆک نووسەکان- ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نووسەری ئەدەبیات تەنیا بە شوێن گێڕانەوەی جیهان دایە نە شیکردنەوەی فەلسەفی و باسکردنی دەروونشیکارانە لە کاراکتێرەکانی. هەر بۆیەش نووسەری ئەدەبی وەها باشە  خۆی لەقەرەی ئەم باسانە نەدات و مەجال بدات بەردەنگ و ڕەخنەگەر ئەم لایەنانە شاراوانە بدۆزنەوە. هاوتەریت لەگەڵ خوڵقاندنی کەسایەتی و بەرهەمهێنانی "ئەدەبییەت" لە دەقی ئەدەبیدا، نووسەر خەریکی پێکهێنانی فەزایەکی هونەری و جوانیناسانەیە، واتە شێوەیەک لە دەق بەرهەم دێنێت کە یان لەمە پێش بوونی نەبووە یان تا هێستا بەم شێوە نواندنی نەبووە!، لێرەدایە کە ڕەخنەی ئەدەبی لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو لایەنە نادیارانی ئەدەبیات بۆ پێش بردنی ئەدەبیاتە.

 ئەم پێشەکییە کورتەم بۆیە باس کرد کە دەرفەتێک بۆ ورووژاندن و تاوتوێی فەزای ڕەخنە لە ئەدەبیاتی کوردی بدۆزمەوە. بێگومان هەرکام لە ئێمە بە دەیان جار لەگەڵ دەقێک لە ژێر ناوی (ڕەخنەی ئەدبی) بە زمانی کوردی بەرەوروو بووینەوە کە ئەوەنە باسی فەلسەفی و هێنانەوەی ڕستەی فەلسەفی تێدا بووە کە دەڵێی لەگەڵ دەقێکی فەلسەفی بەرەورووی تا دەقێکی ئەدەبی. ڕەخنەگەرانی ئەدەبی ئەم شێوە ڕوانین بە ئەدەبیات وەک خەسار ئەناسن و هیچ شوێنەوارێکی ئەدەبی بۆ نادۆزنەوە. ئەم شێوە ڕوانیینە جێگە و پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە مەڕ ئەدەبیات‌دا دیاری ناکات و زیاتر ناوەڕۆکی دەقەکە دێنێتەبەر باس. بێگومان هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک بە زانستگەلی جیاواز پێویستە بەڵام بەو مانایە نییە کە ڕەخنەی ئەدەبی- کە خۆی بنەما و پێوەر و دەستەواژەی تایبەتی هەیە- لەبیر کەیەن. مێژوویی ئەدەبیات ئەوکات دەقێ بە شاکار دەزانێ کە لە ئاستی بەرهەم هێنانی ئەدەبی، داهێنانی هەبێت، نە ئەوەی کە تەنیا کاراکتێرەکەی هێمای کەسایەتی شۆرشگێرە یان کەسایەتییەکەی لە قەیرانێکی دەروونی مرۆڤ دەدوێت و زمانی فڵان شاعیرە زمانێکێ شارستانی یان لادێییە!!. تا هێستا هەزاران چیرۆک لەسەر کێشەی مرۆڤی مۆدێڕن نووسراوە بەڵام تەنیا کەسانێک وەک کافکا و کامۆ و هاروکی مۆراکامی ناسراوان، لێرەدا ڕەخنەی ئەدبی دەڵێت تەنیا باس کردن لەو کێشە بە مانای بەهێزبوونی بەرهەمی ئەدەبی نییە بەڵکوو تەکنیکی ئەم گێڕانەوەیە کە کافکا و کامۆ و... ئەکاتە نووسەرێکی بەتوانا.

 بۆ نموونە کاراکتێر و رووداوەکانی ئەدەبی زارەکەی و فۆلکلۆری هەر نەتەویەک شایەد کەمترین پێوەندی بە جیهانی واقع هەبێ واتە کاتێک "ئیلیاد و ئۆدیسە" یان "مەم و زین" یان بەیتێک وەک "قەڵای دم دم " ئەخوێنینەوە بە باشی دەزانین پێژیار و نووسەر بەشێکی زۆری لە ڕووداوەکان و هەڵسووکەوتی قارەمانەکانی پێوە زیاد کردوە. کاتێک هۆمێر باس لە چیرۆکی ئۆدیسیووس، "تاڵکین" باس لە جیهانە فانتێزیەکان و بەیتی کوردی باسی خۆشەویستی ئەکات، ئەوە –یەکێک- لەلایەنە گرینگەکانی دەگەرێتەوە سەر "ئەدەبییەتی" نووسراوەکان، واتە چەشن و شێوەگێڕانەوە و چۆنییەتی پێکهێنانی رووادو و نەقشاندنی فەزایەکی جوانیناسانە- کە بۆ دیاری کردنی ئەم بەشە بێگومان پێویسمان بە "ڕەخنەی ئەدەبییە"! نەک تەنیا "ڕەخنە لەسەر ئەدەبیات"!. کە واتە، ئەوە ڕەخنەی ئەدەبییە کە توانستی دیاری کردنی و دەستنیشان کردنی شاکارەکانی ئەدەبی و هەڵسەنگاندنی ئاستی نووسەرێک لەمەڕ ئەدەبیاتەوە هەیە. مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبییە کە ڕیگە و پێگەی شیاو بۆ تاوتوێی ئەدەبی دیاری ئەکەن. چیرۆکێک کە لە چوارچێوی ئەدەبی ریالیستی‌دا نووسرابێت بێگومان نیشاندەری هەڵسووکەوت و رووداوەکانی واقعییە بەڵام ئایا هەر کارێکی ریالیستی شاکاری ئەدەبییە؟!. یان چۆنە کە لە ریالیسمی سیحراوی دا ڕۆمانەکانی گارسیا مارکێز لە چیرۆکەکانی "ماریۆ بێندێتی" ناسرواتر و شاکارترن؟. ئەمە لە حالێک دایە هەر دوو لەو نووسەرانە هەر لە یەک شێوە بۆ نووسین کەڵکیان دەگرت و هەر دووکیش گەورەبووی یەک فەزای کۆمەڵایەتی –سیاسی بوون. بێ‌گومان ڕەخنەی ئەدەبییە کە بە ئێمە دەڵێت مارکز لە ئەدەبیاتدا بەهێزتر لە  ماریۆ بێندێتیە.

بەداخەوە ئەم شێوەڕوانینە بە ڕەخنەی ئەدبی لە ناو کورددا زۆر دەگمەنە، و بە ناوی وتار و کۆڕی ڕەخنەی ئەدەبی، خەریکی ڕەخنەی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسیی و هتد...ین. بێگومان ڕەخنەی ئەدەبی پسپۆری تایبەتی دەوێت و وەک زانستەکانی تری زانستەمرۆیەکانی هەڵگرای ڕوانگەی تاکی و هێنانەوەی ڕەستە لەم‌لاولەولا نییە. هەڵبەت ڕەخنەی کۆمەڵناسیی لە ئەدەبیات یان- دەروونناسیی- شێوەیەکی بەتوانا لە ڕەخنەیە و ناتوانین لەپەراوێزی خەیەن بەڵام بەو مەرجە کە بەجێ و لەشوێنی خۆی بەکار بێت. بۆ نموونە ڕەخنەی کۆمەڵناسیی لە دەقێکی ئەدەبی پێویستی بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی گشت کارکێردەکانی ئەدەبیات و هەڵسووکەوتی مەدەنی و مێشکی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی ئاسایی  و دەیان چەمکی تری دیکەی کۆمەڵایەتی هەیە تا بتوانین دەقێک کە بەرهەم هاتووی کۆمەڵگایەکی تایبەتە، بە ڕوانگێکی کۆمەڵناسانە بخوێنینەوە!! نە ئەوەی کە تەنیا دەقەکەمان بە دەستەو بێت و ئیتر بێ هیچ کارێکی توێژینەوەی لەسەر هەڵسووکەوت و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دەقە تەنیا و تەنیا بە دوو سێ کتێبی گریمانەیی کۆمەڵناسیی و چەند ڕستە لە لوکاچ و گۆڵدمەن بڵێن ئەوە خەریکم هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵناسانە لەسەر ئەدەبیات دەکەم. دیسانەکە وا چاکە ئاماژە بدەم کە ئەم ڕەخنە کۆمەڵناسیی (یان زانستەکانی تر) ئاستی هونەری ئەدەبیات دیاری ناکات واتە نابێتەوە ئەم هۆیە کە بە ناوی شاکارێکی ئەدەبی بیناسین ، مێتۆدی زانستەکانی‌تر نە پرسیار، نە شێوەی توێژینەوەیان لەسەر چەمکەکانی ئەدەبی نییە بەڵکۆ لە هەوڵی تاوتوێی ناوەڕۆک دەقی ئەدەبی لەمەڕ جیهانن ئەویش بە ڕوانگێکی تایبەت، واتە دەرفەتێک بە ڕەخنەگەر نادەن کە لە لایەنە هونەری و نوێگەریەکانی دەق بدوێن. بۆ نموونە سارتر کەسێک وەک "فلوبێر" بە نووسەرێکی بەتوانا نازانێت چوون کاراکتێرەکانی شۆرشگێر نیین بەڵام "ژاک رانسییێر" وەک باشترین نموونەی نووسەری بەتوانا دێنێتە ئەژمار چوون کاراکتێرەکانی هێمایی ئالۆگۆڕی مرۆڤ و "دابەشکردنی ئەستێتیکە"!، بەڵام هیچ یەک لەم دووانە لایەنە ئەدەبییەکانی فلۆبێر باس ناکەن، واتە لە شێوەی جیاوازی گێڕانەوەی چیرۆک و نەقشاندنی رووداوەکان و پێکهێنانی کاراکتێر و لایەنە جوانیناسانەی چیرۆکی فلۆبێر نادوێن، ئەمەش بەم هۆیەیە کە خەریکی ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر فلۆبێر نیین و ڕوانگە و مێتۆدی ڕامان لە ئەدەبیات بۆ ئەوان شتێکی‌ترە.

لە بەرهەمەکانی کەسانێک وەک _کۆندرا، کاڕلۆس فوێنتێس ، تۆدۆرۆف ، ژرارژێنت ، بارت ، روورتی ، ئێمبێرتۆ ئێکۆ و... هتد، ئەم باسە بەدەیان جار پاتەکراوەتە و بە چەشنێکی زانستی مێتۆدی ڕەخنەی ئەدەبییان دیاریکردوە. بەداخەوە فەزای رۆشنیری ئێمە هیچ کات (ڕەوتی زانستی) ڕەخنەی ئەزموون نەکردوە و هەر کات کە ڕووی لە ڕەخنە هێنا، "بنەما فەلسەفییەکانی" ڕەخنەی ئەدەبی هەر وەک مێتۆد وشێوەی تاوتوێی ڕەخنە بەکار دێنێت!!. واتە فەزایی ڕۆشنبیری ئێمە لە سەرەتا و ئێستاشی لەگەڵ بێت وەها بیردەکاتەوە کە بە هێگل و هایدیگەر و ئادۆرنۆ ڕخنەی ئەدەبی دەکرێت و ئەتوانین ئاستی ئەدەبی دەقێک هەڵسەنگێنین و بێ خەبەر لەمەیە کە ئەم فەیلەسووفانە و دەیان فەیلەسووفی‌تر تەنیا وەک "بنەماکانی ڕەخنە" ئەناسرێن! نە ڕەخنەگەری ئەدەبی!، ئەوەش بەو مانایەیە کە فەلسەفە وەک بنەما چەشنێک لە ڕوانین و تاوتوێ، لە ناو پارادایمێکی تایبەت پێک دێنێت کە ڕەخنەگەر وەکوو چەمکی زانستی بۆ دیاری کردنی مانا و دەرک و فامی لە گشت چەمکەگەلی جیهان و مرۆڤ بەکاری دێێت، نەوەک مێتۆدێک بۆ تاوتوێ بەرهەمی ئەدەبی. بێ‌گومان هەر زانستێک بنەمایەکی فەلسەفی بۆخۆی دیاری دەکا، تا شێوەڕوانینی لە ڕوانینەکانی‌تر جیاکاتەوە و لایەنەکانی‌تری ژیان و مرۆڤ بناسێ. بەڵام دیاری کردنی بنەمای فەلسەفی بەمانای بەکار هێنانی مێتود و دەستەواژەی فەلسەفی بۆ تاوتوێی چەمکێکی تایبەت نییە. فەلسەفی مێتود دۆزینەوەی بنەما فەلسەفییەکانی مێتودە، واتە فەلسەفەی مێتود پێمان دەڵێت کە کام مێتۆد و زانستە، توانستی هەڵسەنگاندن فەڵان چەمک و کێشەیی هەیە و توێژەر مەجالی کام پرسیارەی هەیە. فەزای ئەدەبی کوردی-بەتابەتی لە کوردستانی ئێران- بە بێ ئەزموون و ناسینی ئەم بنەڕەتانە، بنەما فەلسەفییەکان وەک مێتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی بەکار دێنێت، شایەد ئەم خەسارە وەک دەیان خەساری زانستی ئێمە بگەرێتەوە سەر پاژبەپاژ و سیسیتەمی ئەزموون نەکردنی زانستی مۆدێڕنە. لە ڕاستی‌دا ئێمە لە کوردستان هیچ‌کات ڕەخنەی کلاسیک -بۆ نموونە ئەرەستووی-مان ئەزموون نەکرد و لە پڕرا بەبێ ناسینی بنەما و بنەڕەتەکان خۆمان لە قەرەی ڕەخنەی مۆدێڕن دا. هەر بۆیەش نووسەری ئەدبی ئێمە زیاتر خەریکی نەقشاندنی فەزایەکی فەلسەفی -ئەویش زۆر ناکۆک و ساویلکە-یە، تا نووسینی دەقێکی ئەدەبی. دیارە لەم فەزایەش‌دا زیاترین ڕستەی فەلسەفی لە ڕەخنەی ئەدبی دا و زیاترین ئیدعایی نوێخوازی لە ئەدەبیات دا دەقەومێ و هەر کات یەکێک لەم دەقانەت بەرەورووی ڕەخنە کردەوە ئەوە نووسەرەکەی دەڵێت :" کاکی خۆم ئەوە بەرهەمێکی پۆست مۆدێڕنە"!!، یان شاعیر لە هەوڵی شیکردنەوە و ناساندنی داهێنانەکانی خۆی بە زمانێکی فەلسەفی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دێت، ئەوەش لە حاڵێکدا کە تەنیا ڕەخنەگەری ئەدەبی بە مێتۆدی دیاری کراو بۆی هەیە بڵێت ئەم نووسەرە تا چ ڕادێک دەقێکی ئەدەبی جیاوازی بەرهەم هێناوە. بەڕاستی لەم فەزایەدا کەسێکی وەک میلان کۆندرامان پێویستە کە پێمان بڵێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ئەخوێندرێتەوە.

 سەرچاوە:

·         حەوتەنامەی سیروان، ژمارەی 936