[ به بۆنه‌ی سێزده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی کۆچی دوایی مامۆستا ئه‌حمه‌دیان ]
شک و گومان ده‌وه‌ی‌دا نییه، تا ئێستا هیچ ئامرازێک نه‌یتوانیوه وه‌ک رادیۆ، تله‌ویزیۆن و ساتێلایت، له‌باری په‌روه‌ده و بارهێنان، پاراستنی زمان و داب ونه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، کاریگه‌ری هه‌بێ، به پێچه‌وانه‌ش هه‌ر ئه‌و ئامێرانه ئه‌گه‌ر باشیان که‌ڵک لێ وه‌رنه‌گیرێ هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی مه‌ترسیدار ده‌بن که ده‌توانن فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌یه‌ک ته‌رت و تونا که‌ن و بیتوێننه‌وه.
له ساڵانی به‌ر له ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران (به‌ر له 1357ی هه‌تاوی) رادیۆ نه‌خشی یه‌که‌می له کار و باری راگه‌یاندن – به هۆی ده‌ست پێ ڕاگه‌یشتنی هاسان – هه‌بوو، به‌ڵام دوایه دوو غه‌نیمی پڕ له وێنه‌ی دڵڕفێنی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و پڕ له نه‌خش و نیگاری سیحراوی، وه‌ک تله‌ویزێون و ساتێلایت پاشه‌کشه‌ی به‌ر چاویان به رادیۆ کرد.
له‌و ساڵانه‌دا ڕادیۆکانی کوردیی کرماشان، به‌غدا، سنه، مه‌هاباد و ئیلام نه ته‌نیا کوردستانی ئێران، به‌ڵکوو زۆربه‌ی شار و ئاوه‌دانییه‌کانی کوردستانی عێراق و تورکیاشیان داپۆشیبوو. میلیۆن میلیۆن گوێگر و بیسه‌ریان هه‌بوو، که ده‌توانم بڵێم هه‌ر کام له‌و ڕادیۆیانه، نه‌خشی زانکۆیه‌کی پڕ لایه‌نگری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان ده‌گێڕا.
ڕادیۆی مه‌هاباد ڕۆژانه نیزیک به شه‌ش کات‌ژمێری به‌رنامه‌ی کوردی، له بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و هه‌واڵ بۆ ناوچه‌ی کوردستانی موکریان بڵاو ده‌کرده‌وه، دیاره پشتیوانیی به هێزی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه، هێنده‌ی تر، نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی لێهاتووی هان ده‌دا که ڕۆژ به ڕۆژ، نێوه‌رۆکی به‌رنامه‌کان پڕ بایه‌ختر و ڕازاوه‌تر ئاماده‌که‌ن و پێشکێشی گوێگرانی ئه‌مه‌گناسی خۆیانی که‌ن، ئه‌گه‌رچی هیچ‌کات نه‌یانده‌توانی وڵامی سێڵاوی نامه‌کانی خه‌ڵک بده‌نه‌وه.
له ساڵی 1352ی هه‌تاوی له تارانێ‌ڕا به هۆی کوردیزانی ڕاگوێزی ڕادیۆ تله‌ویزێونی مه‌هاباد کرام و بوومه به‌رپرسی به‌رنامه‌کانی رادیۆ و واحیدی«خه‌به‌ر»ی ناوچه. بێ هیچ خۆ هه‌ڵکێشانێک ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بدرکێنم که زۆر لاو و خاو بووم و به ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌و هه‌مووه کاره، بۆ من قورس و گران بوو، به‌ڵام به‌ڵێنیم دابوو به هه‌ر قیمه‌تێک بێ خۆ ڕاگرم و ئاره‌زووی خزمه‌ت به هاووڵاتییان به شانازییه‌وه وه‌ئه‌ستۆ گرم. ڕادیۆ مه‌هاباد ئه‌وده‌می نیزیک به دوو ساڵی له ته‌مه‌نی تێپه‌ڕ ده‌بوو، گیر و گرفتی فه‌ننی و ئیداری و بی ئه‌زموونی له هه‌موو جێگایه‌ک وه‌به‌ر چاو ده‌که‌وت، ڕۆژێک نووسه‌ر و بێژه‌ر وازیان له کار ده‌هێنا، ڕۆژێک ده‌م و ده‌زگای فه‌ننی که‌م و کورتیان دێنا. شه‌وێک نووسه‌رانی خاووخێزان و به‌ره‌به‌یان و به‌رنامه‌یه‌کی‌تر به هۆی هێندێک گیر و گرفتی تایبه‌تی نه‌یانتوانیبوو تێکستی وتاره‌کانیان، که قه‌رار بوو سبحه‌ینێ له ستۆدیۆ تۆمار کرێن، بۆ ئیداره بێنن؛ مابوومه‌وه چ‌بکه‌م، چ‌نه‌که‌م، به وته‌ی مه‌شهوور، سه‌ری هه‌موو کێوانم لێ وێکهاتبوونه‌وه، به‌و شه‌وه‌ش خۆ نه‌مده‌توانی ده‌س به داوێنی که‌س بم، نووسینی به‌رنامه‌ش تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه و له توانای هه‌موو که‌س دانیه. جا با مرۆڤ خوێنده‌وار و زاناش بێ، هه‌ر له‌و بێده‌ره‌تانی و ئاڵۆزییه‌دا مابوومه‌وه که ڕوانیم جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌دیان ته‌شریفیان هێنابووه وه‌تاغه‌که‌ی من، یه‌ک پێ له به‌ری هه‌ستام، دیاره پیاوێکی بلیمه‌ت و هێژا بوو، زوو زانی ئه‌من گرژ و تێک‌سڕماوم، فه‌رمووی چییه؟ بۆ وا په‌رۆشی؟ کوتم حاڵ و نه‌قڵێکی وایه، فه‌رموووی کوڕه ترسام، وه‌مزانی شتێکی گه‌وره‌ت لێ قه‌وماوه، جا ئه‌وه چییه؟ هه‌ی له منت نه‌که‌وێ! ئینشاڵڵا به‌یانی هه‌رسێک تێکسته‌که‌ت له پێش داده‌نێم، مامۆستا‌م به سواری ماشێن برده‌وه ماڵێ و بۆخۆشم، به‌ره‌و ماڵ تێهه‌ڵبووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هه‌ر نیگه‌ران بووم، بڵێی هه‌ر ئه‌وشۆ بتوانێ بێجگه له دوو وتاری ئایینیی و ئه‌ده‌بی خۆی، سێ به‌رنامه به چه‌مک و شێوه‌ی جیاواز به ماوه‌ی دوو کات‌ژمێر و نیو بنووسێ؟ به‌یانی له کاتی ئیداری‌دا چوومه‌وه سه‌ر کاره‌که‌م، پاش تاوێکی مامۆستا هات و ده‌سته‌وارێک ده‌قی به‌رنامه‌کانی که له دوو نووسخه‌دا ئاماده‌ی کردبوون، له سه‌ر میزه‌که دانا، که چاوم به وتاره‌کان داخشاند، هه‌مووی به خه‌تی خۆش و نێوه‌ڕۆکی پڕ تام و چێژی ئه‌ده‌بی ڕه‌سه‌نی کوردی نووسیبوون. تێکسته‌کانم دان به ده‌ستی وێژه‌ر و تۆمارکه‌ر، که هه‌موویان له کاتی دیاریکراو دا بڵاو بوونه‌وه.
ئه‌و شته‌ی که بۆ من زۆر جێگه‌ی ڕامان و سه‌رسووڕمان بوو، هێژایی و زانایی مامۆستای نه‌مر بوو، وامده‌زانی ئه‌و هه‌ر له بواری ئایینی‌دا شاره‌زایه و به‌س؛ که‌چی له دوایی‌دا لێم ڕوون بۆوه ده‌سه‌ڵاتێکی قورس و قووڵی له ئه‌ده‌ب و داب و نه‌ریت و هونه‌ری کوردی‌دا هه‌یه و ته‌نیا که‌سێک بوو که له وتاره‌کانی‌دا له هونه‌ری ته‌نز و ته‌وس که‌ڵکی وه‌رده‌گرت. زۆر جار له به‌رنامه‌کانی «به‌ره‌به‌یان» و «ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی»دا ته‌وس و تانه و تانووت و تۆپ و ته‌شه‌ری له زمان «ماشه‌ڵڵا خان» که قار‌مانی ڕه‌خنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وی بوون به‌یان ده‌کرده‌وه. مامۆستا به‌و شێوازه هه‌موو که‌مایه‌سی و ناله‌بارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ده‌رده‌خستن و به ڕاستی بزه‌ی دێنا سه‌ر لێوان و فرمێسکی ده‌خسته سه‌ر چاوان.
من و هاوکارانم، له‌و ده‌مییه‌وه له هه‌موو بوارێک‌دا دڵمان به بوونی مامۆستا خۆش بوو و وه‌ک پاڵپشتێکی قورس و قایم، هه‌موو پرس و مه‌شوه‌ره‌ته‌کانمان به وی بوو، که ئه‌ویش به‌و په‌ڕی لێهاتوویی و هێژایی بیروڕای خۆی ده‌رده‌بڕی.
وا باشه هه‌ر لێره‌دا ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ش له بیر نه‌که‌ین که به هۆی هۆگری و برپرسایه‌تیی مامۆستا ئه‌حمه‌دیان سه‌باره‌ت به کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی، چه‌ند نامه‌مان به خه‌تی خۆش و رازاوه و به په‌خشان و نوسراوه‌ی که‌م وێنه‌ی مامۆستا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و سه‌رده‌می ڕادیۆ – تله‌ویزیۆنی تاران، سه‌باره‌ت به ته‌عمیری گڵکۆی«بداغ سوڵتان»ی ڕه‌حمه‌تی و یارمه‌تی به «گولانی به‌سری و سیاقۆڵ» و ڕه‌وتی کردنه‌وه‌ی«پارکی ئوستاد مه‌جدی» له مه‌هاباد، نارد. له ئاکام‌دا، له لایه‌ن گه‌وره به‌رپرسانی وه‌ک«ڕ‌ه‌زا قوتبی» و «مه‌حموودی جه‌عفه‌ریان»ده‌ستوور هات که هه‌ر سێ مانگ جارێک سه‌همییه‌ی«خوارده‌مه‌نی» بنه‌ماڵه‌ی گولان وه‌ک کارمه‌ندانی ڕادیۆ -تله‌ویزیۆن بدرێ. هه‌روا له‌باتی دانی به‌شێک له زه‌وییه‌کانی دارستانی ده‌ستکرد(= جنگل مصنوعی) بۆ په‌ره‌پێدانی دام و ده‌زگای فێرکاری و په‌روه‌رده‌یی، ده‌نگ و ڕه‌نگی مه‌هاباد یه‌کسه‌د و په‌نجا هه‌زار تمه‌ن به شووڕای شاری مه‌هاباد بده‌ن، هه‌تا«پارکی ئوستاد مه‌جدی »پێ لێده‌ن؛ ئه‌و جێگه‌یه‌ی که ده‌پێش‌دا به«دۆڵی خڕێ» ناسرابوو و وه‌ک که‌لاوه‌یه‌کی گه‌نده‌ڵ باری بێهداشتی و ته‌ندروستیی شاری خستبووه مه‌ترسییه‌وه.
له بیرمه ساڵێکی مامۆستایه‌کی که ده‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌دیان ڕۆژناڕۆژێک به‌رنامه‌ی ئایینی‌یان بڵاو ده‌بۆوه، به هۆی هێندێک کار و باری شه‌خسی نه‌یتوانی چیدیکه هاوکاریمان بکا، دبوو مامۆستایه‌کی ئایینی له جیاتی وی بدۆزینه‌وه. پارتی بازی ده‌ستی پێ کرد، لایه‌نگرانی ڕێژیمی شا دوو سێ که‌سیان ده‌ست نیشان کردبوو.مامۆستا ئه‌حمه‌دیان ته‌شریفی هێنا بۆ لای من و زۆر به چڕوپڕی و پێداگری فه‌رمووی: ده‌بێ هه‌ر جۆرێک بێ «مه‌لا مه‌حموود سالکی» له جێگای وی دامه‌زرێنی؛ کوتم مامۆستا دوو سێ ڕۆژه له لایه‌ن«مودیر مه‌رکه‌ز»ی مه‌هاباد جێ‌نشینی بۆ داندراوه، مامۆستا فه‌رمووی: «نه‌خێر ئه‌تۆ ده‌بێ غه‌یری مه‌لا مه‌حموود که‌سێکی‌تر نه‌هێڵی بێته سه‌ر کار، ئاخر مه‌لا مه‌حموود تازه دوو ساڵه له ته‌بعیدی کاشمه‌ر و ساڵ و نیوێکه له زیندانی فه‌له‌کولئه‌فلاکی خوڕڕه‌م‌ئابادێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌ستی وه هیچ کوێ ڕاناگا، ئه‌گه‌ر ئێمه ئاگامان له‌و که‌سایه‌تییانه نه‌بێ، ئه‌دی ئه‌وان چ‌بکه‌ن؟ ده‌بێ هه‌ر جۆرێک بێ، مه‌لا مه‌حموودی بێنی بۆ ڕادیۆ و یارمه‌تی بده‌ی تاکوو ژیانی پڕ سه‌خڵه‌تی هه‌ڵسووڕێ.» هه‌رواشم کرد، مه‌لا مه‌حموود هات و تا چه‌ند سا‌ڵێک به‌رنامه‌ی خۆی تۆمار ده‌کرد و بڵاو ده‌بۆوه.
له دوایی ئه‌و وتاره‌دا پێویسته جارێکی‌تر سه‌ری ڕێز و حورمه‌ت بۆ ڕووناک‌بیری و زانایی مامۆستا«دکتۆر مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌دیان»ی خۆشه‌ویست دانه‌وێنم، چونکه بیر و ڕای فه‌لسه‌فی و زانستی و ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی و فارسی و عه‌ڕه‌بی‌دا و تێکه‌ڵاویی ده‌گه‌ڵ ده‌رد و خه‌می کۆڕ و کۆمه‌ڵانی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی کورد، که‌سایه‌تییه‌کی کاریزماتیکی وای لێ ساز کردبوو که به‌و زوانه جێگه و پێگه‌ی پڕ نابێته‌وه. به ڕاستی حه‌یف و سه‌د مخابن که کۆچی ناوه‌ختی داخ و که‌سه‌رێکی گه‌وره‌ی خسته ناو کۆڕی زانایان و ڕووناکبیرانی وڵات.
ئێستاش خۆم زۆر به به‌ختیار ده‌زانم که له‌و ساڵانه‌دا من و سه‌رجه‌م هاوکارانی به‌ڕێزی ڕادیۆ -تله‌ویزیۆنی مه‌هاباد، به تایبه‌ت کاک مه‌حموودی شکاک نژاد، وه‌ک قوتابییه‌ک له خرمه‌تیان‌دا بووین. متمانه‌م هه‌یه که بیر و ڕا و زانست و هونه‌ر و کتێب و ئاسه‌واری بۆ هه‌میشه ده دڵی میلله‌تی کورددا ده‌مێنێته‌وه.