تاریخ: ۱۳۹۶/۳/۲۲
ته‌ماشا خانه‌ی قوتبه‌دین سادقی له‌ سه‌قز ده‌کرێته‌وه‌
گرووپێکی شانۆی سه‌قز به‌ مه‌به‌ستی ڕێز گرتن له‌ ژیانی هونه‌ری دوکتور قوتبه‌دین سادقی، هونه‌رمه‌ندی ناسراوی کورد ته‌ماشا خانه‌یه‌ک بە ناوی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌که‌نه‌وه‌.

به‌ ڕاپۆرتی هاژە بە گێڕانەوە لە مێهر، گرووپێکی شانۆی سه‌قز به‌ مه‌به‌ستی ڕێز گرتن له‌ ژیانی هونه‌ری دکتور قوتبه‌دین سادقی، هونه‌رمه‌ندی ناسراوی کورد ته‌ماشا خانه‌یه‌ک له‌ ژێر ناوی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌که‌نه‌وه‌.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، گرووپی شانۆی یۆنا به‌ زوویی ئه‌م ته‌ماشا خانه‌یه‌ له‌ سه‌قز ده‌کاته‌وه‌. ئه‌م ته‌ماشا خانه‌یه‌ ۲۴۰ مه‌تره‌ و هۆڵێکی ۱۲۰ مه‌تری بۆ نمایش کردنی شانۆ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ژووری گریم، ژووری فه‌رمان، ژووری جل و به‌رگی هه‌یه‌.

ته‌ماشا خانه‌ی دوکتور قوتبه‌دین سادقی زیاتر له‌ ۸۰ کورسی تێدا جێگیر کراوه‌ که‌ بۆ بینه‌رانی شانۆکان به‌ کار دێت.

هه‌روه‌ها ته‌ماشا خانه‌که‌ ژوورێکی بۆ کافه‌ و حه‌سانه‌وه‌ی بینه‌رانی شانۆکان ته‌رخان کردووه‌.

شایانی باسه‌ که‌ گرووپی شانۆی یۆنا له‌ سه‌قز چالاکی ده‌کات و له‌ چه‌ندین فستیڤاڵی ناوخۆیی و بیانی به‌شداری چالاکی هه‌بووه‌.

ناولێنانی ته‌ماشا خانه‌ی سه‌قز له‌ ژێر ناوی دوکتور قوتبه‌دین سادقی به‌ مه‌به‌ستی ڕێز گرتن له‌م که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌ی بواری شانۆی کوردی بووه‌.

هه‌ر ساڵ له‌ سه‌قز فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی کوردی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکی سه‌قز پێشوازی باش له‌ نمایشی شانۆ بکه‌ن.