تاریخ: ۱۳۹۶/۳/۹
ڕۆمانی کۆبانێ هاته‌ بازاڕی کتێبی کوردی ‌
دوای نزیکەی ۲۰ مانگ نووسەری بەناوبانگی كورد جان دۆست، رۆمانێکی بەناوی كۆبانێ بڵاو كردەوە.

به‌ ڕاپۆرتی هاژە بە گێڕانەوە لە مێهر لە ڕێوڕەسمێکدا كە لەلایەن دەزگای میدیایی "باس" لە ئه‌ستەنبۆڵ رێكخرابوو، جان دۆست بە واژۆی خۆی كتێبەكەی پێشكەش بە زۆرێك لە ئامادەبوان كرد.

رۆمانەكە وەك یەكەم بەرھەم لەبارەی شاری كۆبانێیه‌ و شەڕی ئازاد كردنەوەی شارەكەیە و ئێستا وەك بەرھەمێكی چاپكراو گەیشتووەتە دەست خوێنەرانی.

تێکۆشان و بەرخودانی کچان و کوڕانی کورد بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە کۆبانێ و ئازادکردنی وەک مژارێکی سەرەکیی ڕۆمانی "کۆبانێ"ی جان‌دۆست دێتە ئەژمار.

جان دۆست لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕۆمانەکەیدا وتی "من وەک کوردێک و هاووڵاتییەکی شاری کۆبانێ کە ۳۵ ساڵی تەمەنی خۆم لەو شارە تێپەڕاندووە، وەک ئەرکێکی سەرشانم لەبەر ئەوەی نەمدەتوانی شەڕ بکەم و بەرگری لەو شارە بکەم، بۆیە دەتوانم بنووسم."

باسی لەوەش کرد "نووسینی ڕۆمانی (کۆبانێ) گەلێک ئەستەم و دژوار بوو، چونکە کاتێک مرۆڤ باسی ئێشی خۆی و گەلەکەی بکات، سەختە، منیش لەم ڕۆمانەدا باسی ئێش و ئازارم کردووە."

جان‌دۆست ساڵی ۱۹۶۵ لە شاری کۆبانێ لەدایک بووە لە شاری حەلەب بایۆلۆژیی خوێندووە و لە ساڵی ۲۰۰۰ەوە لە ئەڵمانیا دەژی و یەکێک لە نووسەر و ڕۆماننووسە ناسراوەکانی کوردە کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چەندین بەرهەمی ناوازەی خولقاندووە کە بەرهەمەکانی "مژاباد، میرنامە، مارتینی بەختەوەر" و چەندین بەرهەمی دیکە بە زمانی عەرەبی و کوردی لە نوسینەکانی ئەم نووسەرە کوردەن.

بەرهەمەکانی جیا لەوەی بە زاراوەی سۆرانی وەرگێڕدراون، بە چەند زمانی دیکەش وەرگێڕدراون.