تاریخ: ۱۳۹۶/۳/۹
بەربژێران، کۆمەڵگای مەدەنی و داواکارییەکان

ئەرسەلان بورنا
هەڵبژاردنەکان بە پێچەوانەی تەواوی گەڵاڵە و سیاسەتەکانی دەوڵەت و حکوومەتی ناوەندی هەڵگری زۆر خاڵی ئاوارتە و ئاسەواردانێر بووە. ئەم بژرادەیە لە ئاستی ئێران و کۆمەڵگای مەدەنی هەردەم وەک کارتێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە دۆخی سیاسی بە تایبەت لە ئاستی نێوخۆیی ڕەخساندووە. لێکدانەوەیەکی ورد و لۆژیکی لە دۆخی کۆمەڵگا و پێگەی دەوڵەت دەرفەتی جۆراوجۆر دەخاتە بەر دەستەوە کە کەڵک وەرگرتن لە ئەوان سادەتر دەکات. قۆناغی پاش هەڵبژاردن ئەگەر وێڕای هەستیارییەکی زۆرتر مامەڵە لە گەڵ بکرێ گەیشتن بە دەستکەوتەکان دوور لە چاوەڕوانی نییە.
چۆنایەتی بەشداریی کردنی سیاسی و بە کارهێنانی دەنگەکان لە چوارچێوەی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە شێوە تێڕوانینی ئێمەوە هەبوو. جیا لە ئەمە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئێمە لە ڕووداو و بابەتەکانی گرێدراو بە تاک، جڤات، کۆمەڵگا و حکوومەت یەکجار شپرز و سنووردارە. خوێندنەوەیەکی عەشیرەیی یا گەڕانەوە و پشت بەستن بە هیندێک پێوەری ناتەبا لە بەربژێر و کۆمەڵگا؛ خەسارێکی گەورەی لە داهاتووی شار و لە ئاستێکی گەورەتردا لە وڵات داوە. هەر وەها، نزیکایەتییەکی لەم چەشنە ڕێگە لە بەردەم هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگا و تاک لە ژێر ناوی دروشمە خەڵک پەسەند و پۆپۆلیستییەکان خۆش کردووە. هەر بۆیە، داخوازی یا پێداویستییە گشتییەکان تەنیا هاوشێوەی بەڵێنێکی دەمکی لە سەردەمی بانگەشەکانی هەڵبژاردن مامەڵەی لە گەڵ کراوە.
لە ڕاستیدا، بەربژێران گرینگە هاوتەریب لە گەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و داواکارییە ڕەوا و یاسایییەکان ئەرکی خۆیان لە ئەستۆ بگرن. لەم ڕوانگەوە، پێداویستە پارادایمەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتییەکان نەک تاکەکەسییەکان شی ببنەوە کە تێدا ڕێگە چارەسەرییە گونجاوەکان بۆ دیاردە، کێشە و دواکەوتوویییەکان بدۆزنەوە. داواکارییە سیاسی، چاندی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد کە بە شێوەیەکی یاسایی لە " یاسای بنچینەیی وڵات " تۆمار و مسۆگەر بوونە پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لە لایەکی دیکەوە، وێڕای سەرنجدان بە خاڵە یاسایییەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی مرۆڤی کوردان لە ئاستە جیاوازەکاندا دەکرێ یارمەتییەکی باش بە گەیاندنی داواکارییەکان و کردەوەیی بوونی ئەوان بکات.
بەربژێران لە هەر دوو ئاستی سەرکۆماری و شۆڕاکان بە هۆی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بایەخێکی ئەوتۆ بە "دەنگەکان" یا "ڕێژەی بەشداریی سیاسی" نادەن. هەر چەند، تاکوو ئێستاکەش بەرزی و نزمییەکی زۆر بە دروشم و کردەوەکانی بەربژێرانەوە دیارە بەڵام ڕای گشتی وشیارتر و وردبین تر لە خولەکانی پێشوو ڕاوەستە لە سەر وەها بابەتێکی چارەنووسساز و پەیهاتەکانی دوای ئەو دەکات. کۆمەڵگا سەرەڕای کەموکووڕییەکانی هەتا ڕادەیەکی باش ئەرک و بەرپرسایەتی ئەوان دەست نیشان و دەزانێ. لەم ڕوویەوە، بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە دەست تێوەردانی پێکهاتەی هەبووی بە مەبەستی گۆڕانکاری هەنگاو بە هەنگاو و بنەڕەتی کردووە.
هەڵسوکەوت و کردەوەکانی بەربژێران دەبێ بە شێوەیەکی کاریگەردانێر هاوتەریب لە گەڵ ویست و داخوازییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا ببێ. بە واتایەکی دیکەوە، ئەوان دەبێ هەوڵ بدەن تاکوو دەرنجامێکی باش بۆ داواکارییەکان مسۆگەر بکەن و لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و نهێشتنی کەموکووڕییەکان هەنگاو هەڵگرن. کەواتە، پێداویستە ڕێگە نەدرێ هێزی بزۆزی کۆمەڵایەتی تووشی ڕاوەستان ببێ و بەربژێران لە هەمبەر جووڵانەوە مەدەنییەکان جێگە بگرن کە، ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرەتایەکی باش دەخووڵقێنێ.